چیتر دەربارەی گەندەڵی؟
4/9/2022 12:00:00 PM
لاوک سەلاح
چیتر لە دونیادا ماوە لەسەر
گەندەڵی سیاسی و حکومڕانی نەوترابێت؟ ئایا هەموو نووسین و پەرتوکەکانی پسپۆران و
ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و راپۆرتە بنکۆڵەکانی میدیاکان یارمەتی نەمانی گەندەڵی
دەدەن؟ ئایا هەموو شتێک لە دونیا و لە لای
ئێمە لەسەر ئەم پرسە وتراوە؟ نەخێر، بەداخەوە، هێشتا هیچ نەوتراوە!
ئایا دەکرێت بە زمانێکی
سیاسی جیاواز قسە لەسەر گەندەڵی بکەین؟ زمانێکی سیاسی پڕ زانیاری دروست و ئەزموونی
پتەو و شارەزایی پیشەیی. زمانێک بە ئاگاتر لە کێشەکان و ژینگەکانی گەندەڵی، زمانێک
کاریگەری جیاوازی لەسەر تێگەیشتنی سیاسی ئێمە هەبێت و تیشک بخاتە سەر لایەنە
شاراوە و تاریکەکانی شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ گەندەڵی بە مەبەستی هێنانەکایەی
رێکاری حکومرانی نوێ و خوڵقاندنی هۆشمەندییەکی سیاسی دروست.
ئایا دەتوانیین زاراوەی
گەندەڵی سەرلەنوێ پێناسە بکەینەوە؟ پێناسەکردنێک کە بە وریاییەوە، خۆی لە تەڵەی
سیاسی بپارێزێت و دوور بێت لە بەکارهێنانی قەیرانی گەندەڵی بۆ مەرامی سیاسی
جیاواز. ئایا دەتوانیین سەرکۆنەکردنی " ئیدانەکردنی" گەندەڵی تێپەرێنین
و دیدێکی ئەلتەرناتیفی بیناکەر بە کۆمەڵگە ببەخشین؟ هەموو دەزانیین کە ئیدانەکردنی
گەندەڵی بە تەنیا بەس نییە بۆ رەوابوونی کەیسێک دژ بە گەندەڵی ئەگەر ئیدراکێکی
یاسایی لە پشت دامەزراندنی کەیسەکەوە نەبێت. ئایا دەتوانین پەرە بە ئامرازەکانی
بنکۆڵکردنی "لەعنەتی گەندەڵی" بدەین بۆ ئەوەی بە ویژدان و
بابەتیانە و زانستیانە و پیشەییانە قسە بکەین و مافی خەڵکی بێ تاوان نەخۆین؟ ئایا
دەتوانین لە ئێستادا پێوەرێک بهێنینە دی بۆ ئەو پرسەی پێی دەوترێت ئیدراک لە
پانتایی گشتیدا “Public Perception” بۆ
ئەوەی هۆشمەندیی گشتی پتەوتربێت و بە ئاسانی فڕیو نەدرێت؟ ئەمەش لە پێناو ئەوەی
خۆمان لە فۆبیا و پەتای بڵاوی گەندەڵی لە ئامرازەکانی سۆشیال میدیادا بپارێزین؟
جاران لە زیندانەکاندا، خەڵک لە سێدارە دەدران لە بەرئەوەی ناوی هاورێکانیان
نەدەدرکان، ئێستا بە ئاسانی دوچاری تیرۆری کەسایەتی دەبینەوە. ئەم جۆرە کارانە،
گوزارشت لە نەبوونی زانیاری یاسایی و شارەزایی کارگێری و رەفتاری پیشەیی و ئاستێکی
دیاریکراوی هۆشمەندی و بوونی ترس و رق دەکاتەوە.
گرنگە لەو گێژاوەدا پرسی
چارەسەری گەندەڵی دوانەخرێت و نەشارێتەوە و کارە سەرەکییەکە بکرێت، هەر لەبەرئەوە
دەستنیشانکردنی گەندەڵی لە ئەرکی پزیشکێکی پسپۆر لە بوارێکی تایبەتدا دەچێت کە
تەنیا بە دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە و چارەسەرکردنی تەواو نابێت بەڵکو هەموو
ریسکەکان بەهەند وەردەگرێت بۆ ئەوەی کار نەکاتە سەر بەشەکانی دیکەی جەستە، لە کەیسی
ئێمەدا، کۆمەڵگە مەبەستە، ئەمە بە مانای ئەوەی لەگەڵ بوونی توانای تەکنیکی بۆ
حکومرانی، پێویستمان بە هۆشمەندییەکی سیاسی دامەزراوەیی هەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە
تاوان و خەتاکانی خۆی بپارێزرێت.
با بێینەوە سەر زاراوەکە
خۆی، گەندەڵی، زاراوەیەکی مەنگ و پر ترس و مانای پەنهان و تێگەیشتنی سیاسی و
ئیداری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری جیاوازە، زاراوەیەک لە ئێستادا بەشێکە لەو
غەڵبەغەڵبە و ئاژاوەیەی کە سەرتاسەری دونیای تەنیوە. ئاژاوەیەک دەخوازێت راستی
مەسەلەکە و جەوهەری گەندەڵی بشارێتەوە و زۆر جار لە ململانێی جیاوازی سیاسیدا و لە
کاتی جیاوازدا بەکار دێت، بە تایبەتی لە میدیاکاندا ئەم راستییە بە راشکاوی
رەنگیداوەتەوە. تەماشایەکی خێرا بە میدیا جیهانییەکان و ناخۆییەکاندا بکەن بە
ئاسانی ئەو راستییە دووپات دەبێتەوە کە قسەکردن لەسەر گەندەڵی لەسەر بنەمای بوونی
زانیاری دروست نییە، ئەوەی پێی دەوترێت “Fact
Sheet” بەڵکو ئەوەی
هەیە شیکردنەوەی شەخسییە بۆ مەرامی جیاواز کە بەداخەوە دەست ناپارێزێت لە
پەلاماردان، ئەم کارە، هەر خۆی زیان بە پرۆسە جەوهەریەکەی بەرەنگاربوونەوەی
گەندەڵی دەدات. بنکۆڵکردنێکی سەرپێیانە بەو راپۆرتە میدیایانە مەبەست و مەرام بە
ئاسانی دەردەخات.
بێگومان گەندەڵی بەشێکە
لە دونیا و ژیان خۆی، نەوەک لە بەهەشت، واتە ئێمە لە بەهەشتدا ناژین تاوەکو
گەندەڵی نەبێت، زیادەرۆیی نییە بڵێم گەندەڵی خۆی بەشێکە لە بوونی مرۆڤ، گەندەڵی
هەر دەبێت و هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ناچاربین قبوڵی
بکەین بە تایبەتی کە کاریگەری خراپی لەسەر ئەو کۆڵەکانە دەبێت کە کۆمەڵگە
دەپارێزێت، بەڵام هێنانەکایەی ئەو رێکارانەی کە رێ لە گەندەڵی دەکرێت یان کەمیان
دەکاتەوە ئەرکێکی گرنگە. دیسانەوە، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە ئایا مرۆڤ بۆ
رێکخستنی پەیوەندییەکانی هێز لە نێو کۆمەڵگە و وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی دادوەری
کۆمەڵایەتی پێوستی بەو ئامراز و رێکار و یاسا و فەرمان و رێنمایانە نییە کە وجودی
خۆی لە گەندەڵی دەپارێزێت؟ ئەگەر هەموو
لەسەر ئەم تێڕوانینە هاوڕابین، چۆن ئەو رێکارانە دێنە ئاراوەوە و چۆن پەیرەو
دەکرێن و چۆن دەبنە دەستورێک کە هەموو کۆمەڵگە پابەندیبن؟ لە نووسینەکانی
ئاییندەدا هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەدەین.
لە چەند 'دە"ی
رابردوودا زاراوەی گەندەڵی لە دونیادا زیاتر لە لایەن پارتە سیاسییە ئۆپۆسیسیۆنەکانەوە
بانگەشەی بۆ دەکراو و زۆربەی زۆری مانفێستەکانی ئەو پارتە سیاسیانەی لە خۆدەگرت کە
دەیانخواست گۆرانکاری ریشەیی لە سیستمی حکومڕانیدا بکەن، بەڵام بەداخەوە هەر
ئەوەندەی کە دەهاتنە سەر حوکم مانفێستەکان کاڵ دەبوونەوە، ئەمەش لەبەر نەبوونی
ئەزموونی سیاسی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بێ ئاگای لە شێوازی کاری حکومی شیاو
بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵی سیاسی و نەبوونی مەعریفەی سیاسی لە هێنانەکایەی جیاکاری لە
نێوان کاری پارتی سیاسی ئەو کاتەی لە ئۆپۆسیسیۆندایە و دواتر کە لە حکومڕانیدایە،
هەروەها نەبوونی کەسانی بە توانا کە توانای وەرگێرانی مانفێستە سیاسییەکانیان
هەبێت بۆ کاری رۆژانەی حکومرانی.
لە ئێستادا،
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەنیا موڵکی پارتی سیاسی ئۆپۆسیسیۆن نییە بەڵکو پرۆگرامی
حکومەتەکانی دونیایە، موڵکی رێکخراوە نێودەوڵەتییە فەرمی و نافەرمییەکان و
ناوەندەکانی لێکۆڵێنەوەیە کە پڕن لە کەسانی پسپۆر لە بوارە جیاوازەکانی دارایی و
یاسایی و کارگێری و میدیایی..هتد کە پڕاو پڕن لە ئەزموونی پراکتییک و بەردەوام
یارمەتی حکومەتەکانی دەوڵەتە جیاوازەکان دەدەن لە رێگەی دارشتنی پرۆگرامی گونجاو
بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەی گەندەڵی. پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پرۆسەیەکی
بەردەوامە و سووڕی ژیانی هەیە، تا دونیا هەبێت بەردەوام دەبێت و تەنیا لە بەهەشتدا
کۆتای دێت!
جاران، گەندەڵی،
زاراوەیەکی هەستیار بوو، دەوڵەتەکان خۆیان لێ دەپاراست و خەڵکیان لەسەر بەند دەکرد و دەیانچەوساندنەوە و حوکمیان دەدان،
بەڵام ئێستا ئەم زاراوەیە لە ئەدەبیاتی سیاسییەوە بە تایبەتی هی ئۆپۆسیسیۆنەوە گواستراوەتەوە
بۆ ئەدەبیاتی حکومڕانی و بۆتە بەشێکی
سەرەکی پرۆگرامی حکومڕانی و حکومەت، بەڵکو بەشێکی گرنگی پلانی حکومڕانییە، بێ
بوونی ئەو پلانە، زەحمەتە حکومەت لە ئەرکەکەیدا سەرکەتوو بێت.
بە شێوەیەکی گشتی لە
گرفتە گەورەکانی بوونی گەندەڵی لە وڵاتانی سێهەمدا کارنەکردنە بۆ ئەوەی تواناییەکی
پسپۆر بێتە ئاراوە کە گوزارشت لە ئیرادەی سیاسی بکات تاوەکو لە رێگەی
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پەیوەندییەکانی هێز لە نێو کۆمەڵگەدا رێکبخرێنەوە و متمانەی
سیاسی هەبێت و شتەکان بخرێنەوە شوێنی خۆیان و بەهایان بۆ بگەرێتەوە. بە مانایەکی
دیکە، ئەمە یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی دانەمەزراندنی سیستمێکی حکومڕانی کە بتوانیت
خۆی لە گەندەڵی بپارێزێت، لە کاتێکدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان گەندەڵی لێدانی
سیستمی دامەزراوە بۆ مەرامی کەسی یان گروپێک، بەڵام خۆشبەختانە ئەو کۆمەڵگەیانە
سیستمێکی حکومرانیان دامەزراندووە کە چڕە بە دامەزراوەی فەرمی و نافەرمی و رێگە بە
رەفتاری سیاسی تاکە کەس نادات بە ئاسانی سیستمەکە بلەرزێنێت یان لاوازی بکات.
پوختەی قسە: ئەوەی جێی
سەرسوڕمانە، هەر کۆمەڵگەیەک تێگەیشتنێکی جیاوازی بۆ گەندەڵی هەیە ئەمەش لەبەرئەوەی
ژینگەی سیاسی هەر کۆمەڵگەیەک جیاوازە لەوەی دیکە، بۆ نموونە گەندەڵی لە دەوڵەتەکانی
رۆژئاوا زۆر جیاوازە لەوەی لە کۆمەڵگەکانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستییەوە
دەناڵێنن. ئەم بابەتانە بە دیاریکراوی لە نووسینەکانی ئاییندەدا قسەیان لەسەر
دەکەین.