963وتار

سەردەمی بوومەلەرزە و دەمامک

3/23/2020 3:48:00 PM
لاوک سەلاح

سی ساڵ لەمەوبەر، مرۆڤایەتی پەیام و گفتێکی دیکەی بە گوێدا چرپێنرا. گفتی دونیایەکی ئارام و پڕ ئاشتی و ئاسوودەیی و پێکەو ژیان و هارمۆنییەت، دونیایەک کە بیناکردنەوە و پەرەسەندن و گەشەسەندن سیما و خەسڵەتی سەرەکی دەبێت.
 
هەر لە سەرەتایی نەوەدەکانەوە، لە داڕمانی دیواری بەرلین و هەرەسی بلۆکی سۆڤییەتەوە، بانگێشەکانی دونیایی "دیموکراسییەتی لیبرال" هەموو سوچ و پەنایەکی ئەم دونیایەی تەنی. کەم نەبوون ئەوانەی کاریان بۆ دامەزراندن و خوڵقاندنی "گوندە گەردوونیەکە" کرد، هەر لە  دەزگا فەرمییەکانی وڵاتە جیاوازەکانی خۆرئاواوە تا دەگاتە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگا جیاوازەکانی میدیا. ئێمە ، سەرسام و سەرمەست و فڕیودار بەو رووداوانە، وا تێدەگەیشتین کە ئێمەش دەبینە بەشێك لەو نەخشە نوێیەوە و پارچەیەک لە کێکەکەمان بەردەکەوێت، وا تێدەگەیشتن بۆ ئێمە، سەردەمی جەنگەکان کۆتایی هات، ئێمە ئیتر لە فەنابوون قووتار بووین، وا خۆمان هەڵخەڵەتان کە ئیتر سەردەمی دەمامکەکان نەما، ئیتر ئێمە وەک خۆمان و دونیای دەرەوە وەک خۆیان بێ دەمامک دونیایەکی راستگۆتر، زۆر جیاواز لە رابردوو دادەمەزرێنین.
 
بەڵام، بەداخەوە، هەر هاوزەمان بە بانگێشە سیاسییە نوێکان، هەر لەو مێژووەوە دیموکراسیەتی لیبرال زیاد لە زەبرێکی کوشندەی بەرکەوت، ئەوەندەی رووداوەکان پەلکێش و ئاراستەی دەکرد، ئەوندە چەمکە فیکرییەکانی خۆی تیا بەر جەستە نەدەکرد. کە بیر لەو مێژووە نزیکە دەکەیتەوە و دەگەرێیت بۆ هۆکاری سەرەکی شکستبوون، لە خۆت دەپرسیت هەڵە لە چیدا و لە کێ و لە کوێدا بوو؟ بۆ لەوپەری گەشبینییەوە بۆ ئەوپەری رەشبینی و نیگەرانی و قەیرانی کوشندە کەنارمان گرت. رووداوەکانی وەک ١١ سێپتێمبەر و سەرهەڵدانی تیرۆریزمی دەوڵەتی و جەنگە بەناو ئاینییەکانی روسیا و یۆگسلافیای کۆن و نەهامەتییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و کارەسات و بوومەلەرزەکانی ژینگە و کاریگەری کۆچبەری لە وڵاتە ئیسلامییەکانەوە بۆ دونیای خۆرئاوا کە کاریگەرییەکی شاراوەی لەسەر سەرتاپا کۆڵەکەکانی بیرکردنەوەی مەسیحیەت هەبوو، بە تایبەتی ئەو تەوژمە سیاسیە مەسیحیانەی کە پێشتر بانگەشەی لێبوردەییەکان دەکرد و لە بەرنامە سەرەکییەکانیان پاشگەزبوونەوە، با هاتنی توێژ و چینێک لە سیاسەتمەدار لە دونیای خۆرئاوامان لە یاد بێت کە کەمترین شت پێی بناسرێنەوە نەبوونی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقییە بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەروەها قەیرانە داراییە کوشندەکانی ساڵی ٢٠٠٨  و ساڵانی دواتر و برێکست و گەڕانی سەخت بە دوای ناسنامەیەکەی دیکە بۆ پەیوەندییەکانی نێو کیشۆرە پیرەکەی ئەوروپا، ئەمانە بە تەواوی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو پووچبوون و بێ هودەیی و خۆپەرستی و بە ناوەندکردنی خود، زۆر بێ ئابڕویانە، برد. ئەم قەیران و ئەم فۆرمە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەم خەسڵەتانەوە، بوونە تارمایی پەیوەندییە سیاسییە لۆکەڵییەکان بە جۆرێک تەنانەت رەفتارە سیاسییە سەرکێشە لۆکەڵییەکان چیدی پێویستیان بە پاساو نەما بۆ ئەوەی خۆیان بەیان بکەن.
 
هەموو ئەو رووداوانە ئێمەیان گەیاندە ساڵی دوو هەزار و بیست، ساڵی دروستی بەربەریەت، ساڵی تاعون بە بەرگێکی پێشکەوتووەوە کە هەموو مرۆڤایەتی، بە هەموو ئەو پێشکەوتنە پزیشکی و تەکنەلۆجیایەی کە لە ئارادایە، لە بەردەم یەک "پژمین"دا چۆک دەدات و دەستەوەستانە لەبەردەم دۆزینەوەی چارەسەرێ بۆ ڤایرۆسێکی زۆر سەرەتایی. ڤایرۆسێک دەڵێن دروستبوونی هەڵەی مرۆڤ نییە! مرۆڤێک، کە لە هەموو پرۆگرامەکانی خوێندندا وایان تێگەیاندبووین سەرتاپا هەموو سروشتی خستۆتە ژێر رکێفی خۆیەوە.
 
ئایا ئەم ساڵە ساڵی فەنابوونی مرۆڤایەتییە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە فۆبیا و تۆقینی، بەر لە ڤایرۆسەکە، لە ناو هەموو کۆمەڵگەکاندا بڵاکردۆتەوە، هەموو تا سەر ئێسقان شەکەتیین. ئایا ئەم ساڵ ساڵی مەرگی دەستبەجێی ئەو فۆرمە لە ئیدعای دیموکراسیەت نییە کە ساڵانێکی زۆر ئێمەی فڕیودا؟ ئایا ئەم ساڵ ساڵی گەڕانەوەی حەتمی نییە بۆ سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٣٠ کە دواتر بووە خوڵقاندنی پەشێویی سەرتاپای دونیا؟ ئایا ئەو قاتوقڕییەی کە ئەم بوومەلەرزەیە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، دەرهاویشتەکانی ئەوەندەی دیکە شۆکمان ناکات؟ ئایا سەرهەڵدانەوە و باڵا دەستی سیستمە تۆتالیتارییەکانی پەکین و مۆسکۆ نییە کە شانازی دەکەن بەوەی کۆنترۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن؟ شانازی بەوەوە دەکەن کە ئەوان خۆیان باشتر لە وڵاتانی خۆرئاوا بۆ دۆخی ئیمێرجنسی ئامادەکرد بوو؟
 
ئەم بوومەلەرزەیە هەموو دەماکەکانی هەڵدایەوە، لە ساتێکدا هەموو پێویستمان بە جۆرێکی دیکە لە دەمامک هەیە تا خۆمان و گیانمان بپارێزین لە پەتاییەک کە لە یەزدانی مەزنەوە نییە بەڵکو دروستکراوی مرۆڤە، ئیتر بە هەڵە بێت یان بە دەستی ئەنقەست.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن