717وتار

رەخنەی سیاسی، بەهایەکی دامەزراوەی

2/10/2022 2:38:00 PM
لاوک سەلاح


چۆن رەخنەی سیاسی پێناسە بکەین؟ چی رەخنەی سیاسییە؟ چۆن نەهێڵیین لە دونیایەک کە پڕ لە غەڵبەغەڵبی سیاسییە چەواشەبین و بەهای رەخنەی سیاسی بپارێزین و بەرجەستەی بکەین؟ کێ توانای نوێنەرایەتی رەخنەی سیاسی هەیە؟ کێ مافی رەخنەی سیاسی هەیە؟ چ رەخنەیەكی سیاسی بۆ چ سەنگەرێکی سیاسی شیاوە؟ ئایا رەخنە تەنیا بۆ سەنگەرێکی سیاسی دیاریکراو کراوە، بۆ نموونە ئۆپۆسیسیۆن؟ جیاوازی نێوان داواکاری ماف و رەخنەی سیاسی چییە؟ پرسیاری هەستیاری ئێستا؛ ئایا دەشێت لە حوکمڕانیدا بیت و رەخنەی سیاسی بگریت؟ ئەگەر دەشێت، پێوەرەکان چیین؟ دوا پرسیاری ئەم نووسینە؛ لە ئێستادا، چ جۆرە رەخنەیەکی سیاسیمان پێویستە؟

ئەم نووسینە کورت و پوختە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە هەستیارە هەنووکەیانەی سەرەوەیە کە هەمووانی سەرقاڵ و شەکەت کردووە، ئەم نووسینە بۆ گەرانە بە دوای بەهایەکی دامەزراوەیی بۆ رەخنەی سیاسی تاوەکو ببێتە بەشێکی زیندوو لە کەلتووری سیاسی و حوکمڕانی تەندروست و بەرپرسیارانە بەکار بێت و نەبێتە سەرچاوەی فۆبیای هەرەشە بۆ سەر وجودی نەتەوەیەک یان کەسێک.

قسیەکی باو هەیە دەڵێت دیموکراسیەت بە بێ بوونی رەخنە مانا و بەهای خۆی بەرجەستە ناکات و دەمرێت. بەداخەوە لە دونیای دیموکراسی ئەمرۆدا تەنانەت لە پرۆسە گەشەسەندووەکانی رۆژئاواش، پرۆسەی دیموکراسی زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە. پۆلینکردن وعورەفە سیاسییەکان بەهۆی تەوژمە ناسیونالیزمە سیاسییە توندرەوە نوێکانەوە و بەهۆی بەربڵاوی تەکنەلۆجیا و خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی میدیا ژینگەیەکی سیاسی نادروستی هێناوەتە گۆرێ کە هەموو کەس لە سەر هەموو شتێک دەدوێن، بێ شارەزابوون لە باکگراوند و پێشین و سروشتی مەسەلەکان.

جاران، گەڕان بەدوای زانیاریدا هەوڵ و کۆشش و تەقەلای زیاتری دەویست بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر بنەمای زانستی و ئەکادیمی هەڵسەنگاندن دەکرا. لە ئێستادا هەرچەندە ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا کارئاسانی بۆ وەدەستهێنانی زانیاری دەکەن بەڵام جۆرێک لەتەمبەڵیشی هێناوەتە ئاراوە، لە بری گەڕان بەدوای زانیاری دروستدا و شەن وکەوکردنیان، سەرپێیانە زانیارییەکان بەکاردێن، بە مانایەکی دیکە لە بری بەکارهێنانی دروستی زانیاری، رای شەخسی، ئەوجا باش یان خراپ بێت، شوێن بە هەڵسەنگاندنی سیاسی تۆکمە لەق دەکات. گرفتێکی دیکەی سەرەکیش هەیە کە پەیوەندی بە پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیاری و راڤەکردنی ناوەرۆکەوە هەیە کە نەزانینی زمانە زیندووەکانی دونیا لە هەرە ئالەنگەرییەکانە بەشێوەیەک وەدەستهێنانی تەکنیکی کۆکردنەوەی زانیاری کورت دێنێت و یارمەتی بیناکردنی رەخنەیەکی سیاسی هەمەلایەنە نادات.

ئەوەندەی پەیوەندی بە ژینگەی سیاسی ئێمەوە هەیە، بەداخەوە ئێمە هێشتا لە سەرەتای سەرەتاکانداین. رەخنەی سیاسی وەک لێکۆڵێنەوەی سیاسی و مەیدانی و بیناخواز و ئەلتەرناتیف کە سڕینەوەی بەها و کەسەکان  ئامانجی نەبێت ماویەتی. ئێمە پێویستمان بە رەخنەیەکی سیاسییە کار لەسەر جەوهەری کێشەکان بکات و ناوەرۆکی کێشەکان سەرسەختانە بە پرۆژە و فیکری نوێ دەوڵەمەند بکات، نەوەک ببێتە پاساوی گەمێی سیاسی لایەنە دژەکان بۆ هێنانەدی بەرژوەندی تایبەت.

سەرەتا، ئەگەر هاوڕابین لەوەی "ئێمە"یەک لە وڵاتێکدا دەژین خاوەنی چەندان سەدە لە ستەم و تۆتالیتاریەت بێت، ئایا نابێت گومان لە توانای سیاسی و پەروردەیی سیاسی و کەلتووری سیاسی خۆمان بکەین تاوەکو باشتر شارەزای توانای گشتی خۆمان بین. هەموو داهێنانێکی نوێ لە گومانی داهێنەرانەوە دەست پێدەکات. ئایا بەر لە بەرپاکردنی هەر هەرەشەیەک و پەلاماردانیک و بەر لە رەها بوونی بیڕورا سیاسییەکان و گەمە سیاسییەکان کە بە بەرگی رەخنەی سیاسی خۆیان نمایش دەکەن پێویستمان بەو گومانە داهێنەرانە نییە کە پرسیار لە سەرچاوەکانی رەخنە بکات؟ پرسیارگەلێک لە گەمە سیاسییەکان بکات تاوەکو بزانێت چیین و لە پێناوی چیدان؟ ئایا ئەوەی وەک ناوەرۆک و پەیام لە ئامرازەکانی میدیادا و بە تایبەتی لە سۆشیال میدیاکاندا دەوترێت بە راست دەچنە خانەی رەخنەی سیاسی و شایانی ئەوەن کە بەهەند وەربگیرێن؟ ئایا هیجیان لێ سەوز دەبێت؟

رەخنەی سیاسی پێبەپێی سەنگەرە سیاسییەکان جێگۆرکێیان پێدەکرێت، بەداخەوە زۆرجار زیان بە پرۆسەی سیاسی و پرۆسەی گەشەسەندی دیموکراسی دەدات ئەگەر وریا نەبین. بێگومان رەخنەی سیاسی لە ئۆپۆسیسیۆندا و لە حکومڕانیدا جیاوازە، بەڵام ئایا ئامانجە ستراتیژەکان نابێت هەر یەکبن؟ ئایا خەمی گشتی هەریەک خەم نییە؟  ئایا گەوهەر و کرۆکی رەخنەی سیاسی هەر خوڵقاندنی شەرعیەتی سیاسی نییە بۆ دید و تێروانینەکانمان؟ ئەمە پەیامی سەرەکی رەخنەی سیاسییە کە خۆی لە خەمڵاندنی فیکری سیاسیدا دەدۆزێتەوە، فیکرێکی سیاسی مەدەنی تەتبیقی کە کردە بێت و بەشدار بێت لە پرۆسەی بیناکردندا، وا نەبێت لە چێ گۆرینی پارتی سیاسی لە ئۆپۆسیسیۆنەوە بۆ ناو حکومرانی کە پرۆسەیەیکی سیاسی ئاسایی و رەوایە ئەو رەخنە سیاسییە کاڵ دەبێتەوە و  دواتر زیان بە خیتابی سیاسی دەگەیەنێت.

لە دونیا و سەنگەری ئۆپۆسیسیۆندا، بەشێوەیەکی گشتی، دوو جۆر رەخنەی سیاسی هەن، یەکەم بە نێگەتیڤ یاخود نەرێنی ناسراوە کە رەخنە سیاسییەکانی لەسەر هەموو کارەکانی حکومەت خراپ نیشان دەدات و یاری بە ئاستی تێگەیشتنی چیینەکانی کۆمەڵگە دەکات بەوەی رەنگە زۆرجار ئاگاداری وردەکاری کێشەکان نەبن یان کاتیان نەبێت ئاگاداری کێشەکانبن، ئەم جۆرە لە رەخنەی سیاسی هەر لە بنەرەتدا ئیعتراف بە دەستەڵاتە سیاسییەکە و حکومرانییەکە ناکات، جا لەبەرئەوەی ئەوەی هێزی نەیارن یاخود خاوەنی مەنهەجی سیاسی جیاوازن یاخود بەرژوەندی سیاسی جیاواز لە گۆرێ هەیە. ئەم جۆرە لە رەخنەی سیاسی مەودای بینینی بۆ کاری سیاسی کورتە، زیاتر تەکتیکە، نەوەک مەبەستێکی ستراتیژی هەبێت کە برژێتە بیناکردنی پرۆسە سیاسییەکە. ئەم جۆرە لە رەخنەی سیاسی پێویستی بەوەیە کە داواکارییە سیاسییە رەواکان وردتر و حیکمانەتر و عەقلانیتر دەستنیشان بکات. گرنگە ئەو کاتەی پارتی سیاسی لە سەنگەری ئۆپۆسیسیۆندایە شارەزایی هەبێت لەوەی داواکاری ماف بکاتە بەشێک لە رەخنەی سیاسی گشتی، گرنگە هاواری دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە رێگەی رەخنەی سیاسی تۆکمەوە بکاتە پرۆژە و توانای تەکنیکی سیاسی مرۆیی بۆ دابین بکات، ئەگینا رەخنەی سیاسی وەک کۆڵەکەیەک لە بیناکردنی خیتابی سیاسی رۆڵی نابێت و نابێتە دیدێکی سیاسی ئەلتەرناتیف.

جۆری دووەمی رەخنەی سیاسی لە ئۆپۆسیسیۆندا، پێشکەشکردنی دیدێکی ریفۆرمخوازە، راستە لە دەرەوەی حکومڕانییە بەڵام هێشتا خۆی بەهاوبەش دەزانێت لە بیناکردنی پرۆسە سیاسییەکە سەرباری هەموو کەڵێن و لایەن لاوازییەکان و تەرکیزی رەخنەی سیاسی بەشێوازێکی بابەتیانە لەسەر کۆڵەکە گشتییەکانە و توانای مرۆیی سیاسی و خیتابێکی سیاسی رۆشنی بۆ کێشەکان هەیە.

شێواز و فۆرمەکانی رەخنەی سیاسی لە ناو حكومڕانیدایە جیاوازە، بێگومان بە حوکمی پێگە و بەرپرسیاریەتی پارتی سیاسی لە حکومڕانیدا رەخنەی سیاسی جیاوازە، بەڵام گرنگە مانەوەی ئەو رەخنە سیاسییە بیناخواز بێت. نەبوونی رەخنەی سیاسی لە ناو پرۆسەی حکومڕانیدا بەهای سیاسی بەتاڵ دەکاتەوە و پرۆگرامی سیاسی لاواز دەکات. رەخنەی سیاسی لە دەستەڵات و حکومرانیدا، بە گشتی، زیاتر میانرەوە و هەڕەشە سیاسییەکان بە ئەولەویەت دەکات، گەورەترین ئەرک کە پارتێکی سیاسی لە حکومڕانیدا بەردەوام کاری لەسەر بکات دەبێت قەڵاچۆکردنی گەندەڵی سیاسی و ئیداری و حکومرانی بێت، گەندەڵی، بەشێوازێکی گشتی، هەمیشە ئالەنگارییەکی باوی حکومرانییە، دونیا بەهەشت نییە تاوەکو شتەکان لە شوێنی خۆیاندابن! بەڵام بوونی رێکاری ئیداری و حکومڕانی لەسەر بنەمای رەخنەی سیاسی بیانخواز شەرعیەتی سیاسی لە ناو حکومڕانیدا دەهێڵێتەوە.

دواتر، گرنگە هەموو شێوازەکانی رەخنەی سیاسی لەهەر بەرەیەک و سەنگەرێکدابن، پێوەر و پۆلین کردنی سیاسیان هەبێت، ئەمەش پەیوەندی بە ئاستی بەرەوپێشجوون و رادەی گەشەسەندنی هۆشمەندیی سیاسی کۆمەڵگەوە هەیە. سەرەتای دامەزراندنی ئەو پەرەسەندنە، پەسەندکردنی مەنهەجەکانی " بیرکردنەوەی رەخنەیی"ە لە پرۆگرامەکانی خوێندن و پەروەردەدا. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن