528وتار

لامەرکەزیەت و مەترسی وهەرەشەکانی

6/13/2020 6:51:00 PM
لاوک سەلاح


پێشتر، باسمان کرد لامەرکەزیەت ئەو گۆجانە سیحراوییە نییە لە شەو رۆژێکدا دونیای ئێمە بگۆرێت؛ لە نائارامییەوە بۆ سەقامگیری و لە نادادپەروەرییەوە بۆ یەکسانی و لە ناسیستمەوە بۆ دامەزراوەیبوون. هەروەها، باسمان کرد گرفت لە کرۆکی لامەرکەزیەتدا نییە کە بۆتە ئامرازێکی گرنگی گەشەسەندنی سیاسی و دیموکراسی لە رەوتی جیاوز لە جیهاندا. عیبرەت لە پیادەکردن و ئاستی ئادای سیاسی وحکومڕانی و رادەی تێگەیشتنی تەکنیکی و شێواز و خەسڵەتی بیرکردنەوە و تایبەتمەندێتی ژینگە گشتییەکەیە کە لامەرکەزیەت تیایدا سەرهەڵدەدات. 

زۆربەی ئەو بابەتانەی کە تا ئێستا نووسراون باس لە لایەنە باشەکانی لامەرکەزیەت دەکەن و وەک فریادرەس هانای بۆ دەبرێت تا چارەسەری گرفتە دارایی و دەستەڵاتە ئیداری و فروانکردنی پانتاییە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی گەندەڵی حکومڕانی بکرێت، زۆر کەمتر، ئەگەر دەگمەنیش نەبێت، باس لە مەترسی و هەرەشەکانی نەکراوە، کە رەنگە ببێتە ماڵوێرانی، ئەکەر لە سەرەتاوە پلان بۆ هێورکردنەوەی ئەو هەرەشانە نەدرێت.

ئەم نووسینە بۆ رۆشنایی خستنە سەر لایەنە خراپەکانی پیادەکردنی لامەرکەزیەتە لە ناو ئەو ژینگە سیاسی و ئیداریەی کە لای خۆمان سەریهەڵداوە و دەست نیشانکردنی هەندێ هێڵی گشتیی بۆ ناسینەوە و کارکردن لەسەر ئەو هەرەشانە، بێگومان زۆرن. ئێمە لێرەدا، هەر گرنگەکانیان بە کورتی باس دەکەین:

1.       ئالنگارییە سیاسی و دەستوورییەکان: ئەوەندەی چاودێری دیمەنە سیاسییەکەمان کردووە، تێبینی سێ داواکاری سیاسیمان کردووە، ئەم داواکارییە سیاسیانە هێشتا نەبوونەتە "رەوتی سیاسی":

یەکەم داواکاری: داوای هەڵوەشاندنەوەی هەموو پێکهات و ئیدارە و یاسا و رێکارەکان دەکات بەوەی کە گەندەڵییەکی کوشندە هەیە و سەرتاپا مۆرانە لێیداوە و پێشنیار دەکات هەموو هەیکەل و پێکهاتەی ئیداری و پارتی سیاسی و حکومەت لاببرێن. ئەم داواکارییە، داواکارییەکی زۆر دوور مەودایە و پێ و قاچی لەسەر عەردی واقیع نییە، لەبەر یەک راستی زۆر سادە؛ ئەکتەری سیاسی بە توانا و گروپی سیاسی جێگرەوە بوونیان نییە تاوەکو ئەم هەیکەلە سیاسییە رایماڵێت و دانەیەکی دیکە بخاتە جێگەی. ئەم جۆرە داواکاریانە رەنگە بۆ دۆخی وەک بەهاری عەرەبی بگونجێت، بەڵام لە هەگبەیدا نەخشەڕێگایەکی سیاسی و ئیداری فیعلی بوونی نییە بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی بە یاسایی بکات و بۆ ئەوەی گیانی بەرهەڵستکاری دامەزراوە بکات. ئەم داواکارییە ئەوەندەی هاواری گۆرینی سەرتاپای کۆمەڵگەیە، ئەوەندە کارکردن نییە لەسەر دامەزراندنی پرۆسەیەکی میانرەو بۆ هێنانە دی گۆرانکاری سیاسی لەناو ئەو هەیکەلە سیاسی وئیداریانەی کە هەن و کە هەر ئەوەندە لە بارییەتی! مەترسی ئەم داواکارییە ئەوەیە کە بونیادی کۆمەڵگە هەڵدەوەشێنێتەوە بەرلەوەی هەیکەلە سیاسییەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش کارێکی خراپە.
داواکاری دووەم:  داوای بەسەربەخۆیکردنی ناوچەکانی هەرێم دەکات و بەناوچەکردنی دەستەڵاتە سیاسی و ئیداری و سەرمایە و سەرچاوە سروشتییەکان دەکات. ئەم داواکارییە، تۆو و خەیاڵی پرۆژەیە، نەوەک رەنگدانەوەی داواکارییە مەدەنییەکانی هەرێمێکی فراوان کە شەش ملیۆن کەس تێیدا دەژێت. ئەم جۆرە داواکاریانە شوناسی مەدەنی و سیاسی هەرێم و تەنانەت نەتەوەیەک کەرت و لاواز و بنێس دەکات، هەرچەندە هێشتا ئەو شوناسە بوونێکی خۆرسکانەیە و کاری حکومڕانی و دامەزراوەیی زۆر دەوێت. ئەم جۆرە لە داواکاری دەبێتە زەبرێکی کوشندە و ئەوەندی دیکە کۆمەڵکە و ناوچەکان لە رووی سیاسی و ئیداریی و کەلتووری و ئابوورییەوە هەلاهەلا دەکات، ئەم داواکاری و تێروانینە پەرچەکردارە نەوەک چارەسەرێکی ریشەیی بێت بۆ جەبری مێژووی گروپی سیاسی کە زۆر جار گروپەکان خۆشیان دەزانن قوربانی ئەو مێژووەن. ئەم داواکارییە، بە ئاگا یان بێ ئاگا، شوناسی مەدەنی و سیاسی هەرێم دەکاتە قوربانی ئەو ململانێ سیاسییە کە لە مێژووەوە درێژ بۆتەوە. بەداخەوە هەرێمی کوردستان سویسرا و تەنانەت 'دوبەی'ش نییە!

داواکاری سێهەم: هەوڵ دەدات لەسەر ئەرزی واقیع  کار لەسەر بنەما جەوهەری و سەرەکییەکانی شوناسی هەرێم بکات و مەترسی و هەرەشەکان بە هەند وەربگرێت  و داواکاریی و خۆزگە و خەونەکان وەرگێرێتە سەر پلانێکی سیاسیی و حکمڕانییەک کە قابیلی مانەوە بێت، دەکرێت ئەم داواکارییە ببێتە رەوتێکی سیاسی کە قابیلی پیادەکردنە. ئەم داواکارییە داوای کۆدەنگی سیاسی دەکات و بەرژوەندییە سیاسییەکان ناسڕێتەوە و بەڵام هەوڵ دەدات لە هەنگاوی یەکەمدا سەرلەنوێ رێکخرێنەوە دواتر پەرەیان پێبدرێت، دەخوازێت لە پانتایی و ئەو مەودایەی کە لە ئێستادا شیاوە کار بکات و ململانێ سیاسییەکان و بەرژوەندییە ئیقلیمییەکان و نێودەوڵەتییەکانە بە هەند وەردەگرێت. ئەم داواکارییە دەخوازێت کۆمەڵگە لە بوومەلەزە و بورکان و شپرزەیی سیاسی و شۆکی زیاتر بپارێزێت، خۆی دەپارێزێت لە دارشتنی پرۆژەیەک کە بە کۆمەڵگە نامۆ بێت، هەروەها، خۆی لە توندرەوی دەپارێزێت و بەئاگایە کە هیچ پرۆژیەک لەم ناوچەیەدا ناتوانێت سەرهەڵبدات ئەگەر پشتگیری سەرتاسەری و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی نەبێت. بۆ ئەوەی ئەم داواکارییە ببێتە رەوت و پرۆژەی سیاسی دەبێت لە بەردەم هەموو ئالنگارییە دەستووریەکان و پێکهاتە ئیداری و پێکهاتەی خێڵکەی ناو عێراق و هەرێم خۆی بپێوێت. با هەمیشە هەرەشەکانی سەر پرۆژەی بە هەرێمکردنی بەسرە و جیاکردنەوەی موسڵ و ئەنبار و هەموو پرۆژەکانی دیکەمان لە یاد بێت کە وەک سەراب و تارمایی لە زەین و یادەوریماندان.

2.       ئالنگەرییە ئابووریەکان و جیاوازی سەرمایەی ناوچەکان: بێگومان، دابەشکردنی سەرمایەی ناوچەکان دەبێت بە پێی یاسا و دەستوور رێکخرێن و هیچ ناوچەیەک بێ بەش نەکرێت لە خزمەتگوزاری و نوێنەرایەتی سیاسی و ئیداری، ئەمە لە رووی تیۆرییەوە کرۆکی لامەرکەزیەتە، بەڵام زۆر جار ئەوەی لە پیادەکردندا روودەدات پێچەوانەی ئەم تیۆرەیە، لە بری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دۆخەکە ئەوەندی دیکە ئالۆز دەبێت و گروپی دیکە کۆنترۆڵی سەرمایە و سەرچاوە سروشتییەکان دەکەن. ئەوەی لێرەدا گرنگە بووترێت، جیاوازی دەوڵەمەندی ناوچەکان لە رووی سەروەت و سامانەوە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، لەبەر یەک هۆکاری سادە ئەویش ئەوەیە ئەو سامانانە، سامانی نیشتمانین و پەیوەندی بە سەروەری هەرێمەوەیە، ئەگەر میکانیزمێکی نیشتمانی دامەزراو نەبێت و چوارچێوەیەکی یاسایی نیشتمانی نەبێت کە بشکێتەوە بەسەر دەستەڵاتی گروپی سیاسیدا، دەبێتە مایەی پتەوبوونی گروپ و لۆردانی جەنگی زیاتر و گەندەڵی زیاتر و کەرتبوون و لێکترازانی زیاتری ناوچەکان و دەستتێوەردانی دەرەکی هەر وەک ئەوەی  لە باشوری عێراق روویدا، دونیایەک میلیشیایی سەربازی و سیاسی و ئیداری هەن کە نوێنەرایەتییان لە ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان هەیە، لە بری ئەوەی خزمەتی ناوچەکان بکەن، کار لەسەر ئەجندای سیاسی دیکە دەکەن. ئەزموونی شاری بەسرە باشترین بەڵگەیە، ئەو سەرمایەی کە شارێکی وەک بەسرە هەیەتی بۆ مەبەستی تر بەکار دێت. بەداخەوە، بوونی ئەنجومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێی بەسەقەتی لەگەڵ بوونی حکومەتێکی لاواز لە بەغدا، دابەشکردنی سەرمایە و سامانی نیشتمانی بە شێوەیەکی نایەکسان و نادادپەروەرانە بۆ ماوەی ١٧ ساڵی پاش رووخاندنی رژێمی رابردووی عێراق بەردەوام بووە. ئەوەندەشی پەیوەندی بە هەرێمی خۆمانەوە هەیە، بڕوام وایە کەسانی دڵسۆز، خۆیان و هەرێمەکەیان  لە ئەزموونی شکستخواردووی وەک ئەوەی شاری بەسرە و موسڵ دەپارێزن.

3.       ئالەنگارییە داراییە ناوچەییەکان: نموونەیەکی ئاشکرا، هەموو کەم تا زۆر، ئاگاداریی دۆخی سەختی سنوورەکان و کۆکردنەوەی باج و شێوازی بازرگانی و ڕێکارەکانی هاتوچۆین. بۆ ئێمە لەم دۆخە لە لامەرکەزیەت باشتتر هەیە؟! ئایا ئەم دۆخە پێویستی بەهەڵسەنگاندێکی ریشەیی نییە بۆ ئەوەی بنەماکانی لامەرکەزیەتێکی پتەوەی خۆماڵی نیشتمانی دامەزرێت.

با راستگۆبین لەگەڵ خۆماندا تا چەند حکومەتی نیشتمانی هەرێم و خۆجێی شارەکان رۆڵیان لە ئیدارەدانی سنوورەکانی ناوچە جیاوازەکان هەیە؟ تا چەند داهاتی سنوورەکان لە ژێر رکێفی حکومڕانییەکی نیشتمانیدایە؟ ئایا لامەرکەزیەت رۆڵی هەردوو حکومەتی نیشتمانی هەرێم و حکومەتی خۆجێی چالاک دەکاتەوە لە دابەشکردنەوەی یەکسانی داهاتی سنوورەکان و کۆکردنەوەی باج وەک یەک یەکەی ئیداری؟ ئایا گروپیە سیاسیەکان دەتوانن خۆدی مێژووی خۆیان تێپەرێنن بەوەی ئامادەبن داهاتی هەر زۆنێک بە یەک سیستمی دارایی شەفاف کۆبکرێنەوە و داهاتەکان لە سندوقێکی نیشتمانی رێکخرێن؟ ئایا داهات و باجی ناوچە جیاجیاکان بەهۆی یەک سیستمی کۆمپیوتەری نیشتمانییەوە رێکدەخرێن؟ ئایا بەر لەم هەنگاوە، چەندان هەنگاوی دیکە پێویست نین کە گروپە سیاسییەکان پەیرەوی بکەن، بۆ نموونە، بیانکردنی متمانە و دانپیانانی سیاسی بە ئیداریەک و حکومەتێک کە گروپی سیاسی خۆی بەشێکە لێی. 

خاڵێکی دیکەی پەیوەندیدار ئایا مەسەلەی دارایی و باج و سەروەت و سامانی ناوچەکان مەسەلەیەکی سەربەخۆن؟ ئایا پەیوەندی بە عێراقەوە نییە کە داوای زانیاری لەسەر داهاتی هەرێم و سنوورەکان و کێڵگە نەوتییەکان بە تایبەتی دەکات و بەشێکی گرنگی گفتۆگۆکانی هەرێم و بەغدان؟ ئایا داواکاری بۆ لامەرکەزیەت تا چەند پارسەنگی سیاسی و ئەمنی وئابووری ئەم مەسەلەیە لەسەر ئاستی ناوچەکان و هەرێم و عێراق رادەگەرێت کە رەنگدانەوەی جەوهەری ئەو ئەرک و مافانە بێت کە لە دەستووری عێراقدا دەستنیشانکراون؟

دوا پرسیار: چۆن لامەرکەزیەت لە بەرداشی دوو زۆنی سیاست قووتار بکەین نەوەک زیاتر کەرتی بکەین؟ ئەگەر ئامانج لە پیادەکردنی لە لامەرکەزیەت دابەشکردنەوەی داهاتی هەرێم بێت بە یەکسانی بۆ هەموو ناوچەکانی هەرێم دوور لە جیاوازی بەرژەوەندی سیاسی، ئەوا دەبێت هەموو ئەو مەترسی و هەرەشانەی باسمان لێوە کرد بە هەند وەربگرین. لە بەر رۆشنایی هەموو ئەزموونەکانی دیکەی مێژوو دەڵێم ئەگەر نەتوانین خەونی سیاسی بکەینە پرۆژە و پلانی سیاسی، با لێگەرێیین تا کاتی خۆی دێ، لانی کەم، با خەونەکە  لە پەرتەوازەیی بپارێزین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن