410وتار

راوێژکارانی حکومەت: رۆڵ و کاریگەری

3/2/2023 5:04:00 PM
لاوک سەلاح



خوێنەری بەرێز، تکایە ئەم وتارە وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتی بخوێنەوە واتە وەک “Job Description”. ماوەی زیاتر لە دە ساڵە ئێمە وەک بەشێک لە پرۆژەی حکومرانی باش کار لەسەر چەمک و میکانیزم و شێوازەکانی راپەراندنی پرۆژە دەکەین. ئەمرۆ، باس لە دیاردەیەکی گرنگ دەکەین کە یەکێکە لە کرۆکەکانی پرۆژەی "حکومرانی باش"ە، ئەویش رۆڵی راوێژکارانە لە نێو حکومەتدا.

لە راستیدا، قسەیەکی زۆر لەسەر ئەرک و بەرپرسیاریەتی راوێژکاران لە هەموو حکومەتێکدا دەکرێت.  لە هەندێ وڵاتدا، ئەوە راوێژکارانن کە پۆلیسی واتە سیاسەت و پرۆژە دادەرێژن و ئاراستەی سیاسی و پیشەیی کاری حكومەت دیاریدەکەن، و لە پشت پەردەوە کاریگەری تەواویان لەسەر بەرنامە و تەنانەت بیرکردنەوەی سەرۆک وەزیران و وەزیر و دامەزراوەکان هەیە. ئەرکی راوێژکار لەو وڵاتانەدا هەم ئەرکێکی سیاسی و هەم پیشەیییە، و یارمەتی پرۆسەی بڕیاری سیاسی دەدات. لە مێژوودا، راوێژکار ئەو کەسە بووە کە سەرۆک وەزیران یاخود وەزیر لەبەر نزیکی و متمانە لە خۆیەوە ئەو ئەرکەی پێ بەخشیوە، ئەوجا ئەگەر لە پارتە سیاسییەکی خۆی بوایە یاخود کەسێکی لێهاتوو بووایە و چاوەڕوانی ئەرک و گۆڕانکاری لێبکرابایە، بەڵام لە ئێستادا، کاری راوێژکار بەشێکە لە کار و بەرنامەی دامەزراوە و بەشێکی گرنگی بەدامەزراوەکردنی ئەرکەکانە، ئەمەش لەپاش ئالۆزبوونی کاری سیاسی و حکومی و فراوانبوونی ئەرکەکان.

ئایا، لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان، راوێژکار هەمان متمانەی سیاسی هەیە وهەمان ئاست لە ئەرکی پێدەسپێردرێت، بێگومان دیمەنە سیاسییەکە جیاوازە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ چەندان هۆ، کە لەپێش هەموویانەوە پەیوەندی بە هەیکەلی حکومەت و ئاستی مەعریفەی سیاسی و جۆری بەرنامەی پارتی سیاسی هەیە، سەرباری ئەوەی بڕوایان بەوە هەبێت کە هەرچەندە ئەرکیراوێژکار ئەرکێکی راپەراندن و جێبەجێکارنییە، بەڵام راوێژکار ئەو کەسەیە کە فیکری سیاسی و پرۆژەی حکومڕانی و کارگێری بینا دەکات و بەرنامەی سیاسی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتی ئامادە دەکات.

لە زۆر بۆنەدا، بەرگوێم کەوتووە کە راوێژکاران دەڵێن پرس بە ئێمە ناکرێت، یاخود دەڵێن ئێمە هەست ناکەین بەهای پیشەیی خۆمان هەیە، یاخود دەڵێن هیچ فایلێک نادەنە ئێمە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەین. بەداخەوە، ئەم گرفتە وەک دەڵێن دووسەرەیە! یەکەمیان پەیوەندی بە ئاستی راوێژکاران و رادەی دەستپێشخەری و کواڵیتی ئەو خوێندنی کە خوێندوویەتی، لە سیستمی پەروەردەی ئێمە کە بەشێکە لە "تەلقین کردن"، خوێندکار ئامادە ناکرێت تاوەکو مامەڵە لەگەڵ شێوازەکانی بیرکردنەوەی رەخنەیی بکەن، لە بری ئەوە، هەر چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە فەرمان لە سەرەوە دەربچێت و لە خوارەوە جێبەجێ بکرێت، بەداخەوە زۆرجار، راوێژکارەکە خۆی دەستپێشخەری ناکات، لە رێگەی خوێندەوەی بەردەوام و چاودێریکردنی دیاردەکان لە پسپۆری خۆیدا و ئامادەکردنی پرۆژەی گونجاو و لۆبیکردنی سیاسی بۆ پرۆژەکەی لە حکومەت و میدیاکاندا، بەڵام، لەم خاڵەش گرنگتر، ئەوەیە کە ئەرکی سەرشانی دامودەزگاکانی حکومەتە کە تواناکانی راوێژکار لە کاتی بوونیدا بەکاربهێنن بۆ خزمەتی کاروباری گشتی و هاوڵاتیان.

گرنگە وەزارەتاکان پلانێک دارێژن کە راوێژکاران و فەرمانبەران پێکەوە کار بکەن لە رێگەی ئامادەکردنی پرۆژەی هاوبەش، ئەمە بەشێکە لە پرۆسەی گەشەپێدانی وەزارەتەکان و فراوانکردنی ئەرکەکان و بەرجەستەکردنی دید و ستراتیژیەتی وەزارەت. هیوادارین وەزارەتەکان، هەر لە نووسینەوەی ئەرک و پەرپرسیاریەتی راوێژکارەوە دەستپێبکەن و کەلتوورێکی سیاسی و پیشەیی نوێ بهێننە ئاراوە کە بەها بۆ کاری راوێژکار بگەرێنێتەوە. ئەمە بێگومان ئەرکی سەرۆکی دامەزراوەکەیە و بە دەستپێشخەری راوێژکار خۆی.

دەکرێت راوێژکار لەسەر دوو ئاست کار بکات، یەکەمیان لەگەڵ کەسی یەکەمی دامەزراوەکە و دووەمیان پشتیوانی کاری فەرمانبەران بکات نەوەک خۆی بە گەورەتر بزانێت. لێرەوە کاریگەری راوێژکار لەسەر دوو ئاست بەرجەستە دەبێت. لە راپەراندنی ئەم ئەرکەدا، گرنگە راوێژکار وریای رەوتی کارەکان و پاشخانی فەرمانبەران بێت لەبەرئەوەی هەر ئامانجێکی ستراتیژی پرۆژەیەک خەسڵەتی خۆی هەیە.

پوختەی قسە: بۆ ئەوەی ئەرک لە دامەزراوەدا باشتر جێبەجێ بکرێت، پێویست دەکات رۆڵی راوێژکار کاریگەرتر بکرێت، ئەمەش کاری دوولایەنەیە، هەم راوێژکار دەبێت دەستوخەتی رۆشنتر بێت و کارامە بێت لە لێکۆڵینەوە بەشێوەیەکی گشتی وشارەزای زمانی بیانی بێت و شارەزای بوارەکەی خۆی بێت، هەروەها، پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکەی، هەم دامەزراوەکە ئەگەر وەزارەت بوو دەبێتلەهەموو روویەکەوە  پشتگیری بکات تا وەکو ئەو خزمەتەی لێ چاوەڕوان دەکرێت پێشکەشی بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن