674وتار

ریفۆرمی پەرلەمانی عێراق: بەستنەوەی یاسادانان بە پرۆژەکانی گەشەسەندنەوە

6/25/2021 10:01:00 PM
لاوک سەلاح


چەند پرسیارێکی هەمیشە زیندوو؛ بۆ خۆپیشاندەرانی "تشرین" لە شاری بەغدا هەڵیان کوتایە سەر پەرلەمانی عێراق؟ بۆ پەلاماری نوێنەرەکانی ناو پەرلەمانیاندا؟ چۆن نارەزاییەکان گەیشتە ئەو ئاستەی کە شوراکانی نێو پەرلەمان بروخێنن و ژیانی نوێنەرەکان بخەنە مەترسییەوە؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم جۆرە کارەساتانە روونەدەنەوە؟ بە تایبەتی لە ئێستادا 'تشرین" تارمایی هەمیشەیی دونیای سیاسەتە لە عێراق و رەنگە لە چەندان لاوە بەکار بێت، هەرچەندە تا ئەوپەری مەودا بەهاداربوو. "تشرین" بۆمبێکی شاراوە و نووستووە هەر کاتێ بێت، سەرلەنوێ، دەتەقێتەوە.

لەوکاتەوە تا ئێستا، واتە لە "تشرین"ەوە، چی گۆڕاوە؟ بە تایبەتی کە عێراق لە بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە. ئایا نوێنەرەکانی پەرلەمان ئەم جارە لەو ئاستەدان نیگەرانییەکانی نارەزایی و یاخیبوونی تشرین بڕەوێنەوە؟ ئایا نوێنەرەکان توانای خوڵقاندنی دونیابینیێکی دیکەی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئابووریان هەیە کە شان بەشان لەگەڵ خەون و فیداکاری تشرینییەکان هەنگاو بنێن؟ ئایا نوێنەرەکان ئەو ئیرادە سیاسییەیان هەیە کە بە تشرینییەکان بڵێن خوێنتان بە فیرۆ ناڕوات؟ ئایا نوێنەرانی نوێ دەتوانن دەستی کۆمەڵگە بگرن بۆ ئەوەی لە ناوچەکانی بەغدا و شارەکانی باشوور لەسەرپێ هەستنەوە تاوەکو بڕوا و متمانە بە پرۆسەی سیاسی و یاسایی دروست بێتەوە؟ ئەگەر بڕوامان وابێت هەموو هێشتا زیندووین و هەناسە دەدەین و ژیان بەردەوامە ئەوا دەبێت پرۆسەی بیناکردنەوەیەکی تەندروست بێتە ئاراوە، دەبێت سیزیڤیانە کار بکەین.

ئەی نوێنەرانی کورد لە تێشوی سەفەرییان بۆ بەغدا چییان لە هەگبەدا هەیە؟ بە تایبەتی کە کۆی پەیامی سیاسی کورد، کەم تا زۆر، بە ئاست و دیدی جیاواز، پێشوازیکردنە لە دەستور و ئاوێزان بوونە لەگەڵ بەغدا، بە مانایەکی دیکە، دەوترێت ئاراستە سیاسیەکە بەرەو بەغدایە و دەستووری عێراق دەمانپارێزێت. گرفت لەمەدا نییە، گرفت کارکردنە لەسەر بیناکردنی ئەو توانا یاسایی و سیاسی و تەکنیکییە کە ئاراستە سیاسییەکە بەرجەستە دەکات. ئایا ئەو توانایە لە ناو دەستوور و لە ناو ئەو ئاراستە سیاسییەدا هەیە، خۆ نابێت لە دەوری دروشمە سیاسییەکاندا بمێنینەوە؟ ئایا پلان و کاری بۆ دەکرێت؛ چ وەک پارتی سیاسی و چ وەک نوێنەرانی پەرلەمانی نوێ؟

ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتوو وەچەرخان بێت لە مێژووی یاسایی و پەرلەمانی و نوێنەرایەتی سیاسی، بەوپێیەی یاسای هەڵبژاردنەکە نوێیە و شێوازی هاوپەیمانیەتییەکان جیاواز و نوێ دەبێت و پێشبركێی شەخسی کاندیدەکان جیاواز دەبێت هەرچەندە تا ئێستا سیمای نادیارە و کۆی چوارچێوەی پرۆسەکە لە رابردوو جیاواز دەبێت، ئەگەر ئەمە دۆخەکە بێت، چۆن وەچەرخان لە ئاستی ئادای نوێنەرەکاندا بکەین. بوون و خوڵقاندنی توانای سیاسی و یاسایی کاندیدەکان سەری مەحەکە. ئەمە یارمەتی ئەوە دەدات کە ژینگەیەکی سیاسی نوێ لە ناو پەرلەماندا بێتە کایەوە، بەداخەوە پەرلەمان تەنیا شوێنی رێکەوتنە ئابووریەکان نییە، ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا روویدەدا بەوەی کە یاسا بە پێی بەرژوەندییە ئابوورییەکان دەگونجێنرا و پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی دیموکراسی بووە قوربانی ئەجێندای سیاسی، لەکاتێکدا دەبوایە پەرلەمان دارشتنی یاسایی " الصياغة القانونية" بۆ ئەجێندای سیاسی هەبوایە. لەم هەڵبژاردنەوە، دەبێت پەرلەمان ببێتە پێگەی لە دایکبوونی ئەو چەمکە گرنگەی کە ئێستا هەموو لایەک کاری بۆ دەکەن ئەویش سەروەری عێراقە، بەڵام دەبێت وریا بین سەروەری عێراق مانای شاراوەی هاتنەوەی دەوڵەتێکی مەرکەزی توندرە و رەگەزپەرست نەگەیەنێت، بەڵکو دەبێت لە نێویدا هەرێمێکی بە‌هێزی کوردستان بوونی هەبێت تا ژیان و شکۆ و بەرژوەندی هاوڵاتیان پارێزارو بێت و رێ لە جینۆسایدێکی دیکە بگرێت.

لەو بڕوایەدام وەڵامدانەوەی ئەو کۆمەڵە پرسیارانەی سەرەوە چەند خولێکی پەرلەمان و چەندین سەردەم و ژینگە دەخوازێت لەگەل توانایەکی سیاسی داهێنەرانەی نوێ، بەڵام گرنگە لە ئێستاوە دەستنیشانی خەسڵەتەکانی "ئاراستە سیاسییەکە" بکەین تاوەکو نوێنەرانی کورد سەنگیان هەبێت. بۆ دەرخستنی ئەو توانایانە پێشنیار دەکەم هەر پارتێکی سیاسی لە پاڵ پرۆگرامی سیاسی خۆیدا کار لەسەر سێ تەوەرەی سەرەکی بکات کە ئەوانیش "حکومڕانی باش" و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان پەرلەمان و کایە و کۆڵەکە و پرۆژەکانی بواری گەشەسەندنی ئابووری و خزمەتگوزاری و "لامەرکەزیەت"ە کە فۆرمێکە یارمەتی رێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا دەدات. ئەم سێ تەوەرەیە دەبێت لەم بوارانەی خوارەوەدا بە روونی رەنگبدەنەوە:
- کارکردن لەسەر نەهێشتنی هەژاری و بێ دەرامەتی و دابینکردنی ئاسایشی خواردن.
- دەستەبەرکردنی پەروەردە و خوێندن بۆ هەموو ئاستەکان و تەمەنەکان.
- بەرجەستەکردنی یەکسانی لە نێوان هەردوو رەگەزی نێرو مێ لە هەموو بوارەکاندا.
- کارکردن بۆ دابینکردنی ئاوی پاکژ و دامەزراندنی پرۆژەکانی ئاو.
- کارکردن بۆ پاراستنی ژینگە و دامەزراندنی تۆرەکانی وشیاری بۆ پاراستنی ژینگە.
- کارکردن بۆ دامەزراندنی پرۆژەی ئابووری بچووک و گەورە و بەردەوام بە باشترکردنی یاساکانی وەبەرهێنان.
- کارکردن لەسەر دامەزراندنی ژێرخانی پیشەسازی.
- کارکردن لەسەر یاساکانی پرۆژەکانی داهێنان و بەرهەمە جیاوازەکان.
- باشترکردنی یاساکانی رێکەوتنی ئابووری هاوبەش.
- کارکردن لەسەر چاکردنی پرۆسەی پلاندان و ئەنجامدانی سەرژمێری پێویست.
- کارکردن لەسەر چاکردنی یاساکانی پرۆژەکانی نیشتەجێ بوون.
- کارکردن بۆ خوڵقاندنی هەلی کار لە رێگەی دامەزرانی پرۆژەکانی پتەوکردنی ژێرخانی ئابوورییەوە.
- کارکردن لەسەر دامەزراندن و پتەوکردنی ژێرخانی کەرتی تەندروستی و ئیدارەدانی خەستەخانەکان.

سەرنجێکی خێرا بەو خاڵانەی سەرەوە، شوناسی کاری پەرلەمان و پێشینەی کار دەردەخات کە ئەویش گەشەسەندنی سیاسی و ئابوورییە "التنمية السياسية والإقتصادية". بۆ ئەوەی نوێنەرانی کورد بەوە تۆماتبار نەکرێن کە تەنها بۆ پارە دێنە بەغدا، دەبێت لێهاتویی بنوێنن لە پێشکەشکردنی پرۆژە بۆ سەرتاپا عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی. لۆبی سیاسی سەرسەخت ئەنجام بدەن، رەوایەتی نوێنەرانی کورد لە دەرخستنی توانای یاسایی و سیاسیی و تەکنیکی بەم جۆرە دەردەکەوێت و رەوایەتی بە مافی بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان دەدات و لە دیدی بەغدا و هێزە سیاسییە جیاوازەکان ئەو مافە رەوایانە بەرجەستە دەکات. بە مانایەکی دیکە، گرنگە نوێنەرانی کورد توانای خۆیان بسەلمێنێن کە شارەزان لە بوارەکانی گەشەسەندن و ئابووری و ریفۆرمکردنی رۆڵی پەرلەمان. شارەزابوون لە زمانی عەرەبی و کەلتووری ئیسلامی و ژینگەی سیاسی عێراق و ململانێی تایفی و تەشکیلات و میلیشیایە سیاسییەکانی عێراق و سەرمایەی ناوچە جوگرافییەکان و کاریگەری هێزە ئیقلیمییەکان بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانن لە بەغدا کاریگەریان هەبێت، لەپاڵ ئەمانەشدا، دەبێت نوێنەرانی کورد شارەزای تەکنیکی و پیشەیییان لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی گەشەسەندی ئابووری و دونیای کۆمەڵگەی مەدەنی و بوارەکانی مافی مرۆڤ و جەندەر و حکومرانی بسەلمێنن، نەوەک هەر پشت بە میراتی سیاسی پارتەکەیان ببەستن، نوێنەرانی کورد دەبێت خۆیان ئیزافەیەکی نوێیان هەبێت بۆ ئەو میراتە سیاسییە، لەبەرئەوەی ئەم جارە هەڵبژاردن بریتییە لە پێشبرکێی توانای کاندیدەکان، ئەمە ماهییەت و جەوهەری هەڵبژاردنی داهاتووە، ئەگەر چەواشە نەکرێت. بەم جۆرە بەهای سیاسی نوێ دەبەخشرێتە ئەو ئاراستە سیاسییەی کە هەموو کاری لەسەر دەکەن و بەمە نوێنەری کورد، خۆی، وەک موڵکی خۆی، سەنگی خۆی دەردەخات و یار ونەیار سەرسام دەکات.

پوختەی قسە:  ئەرکی پەرلەمانی داهاتوو، تەرجەمەکردنی داواکارییەکانی تشرینییەکانە بۆ پرۆژە یاسا و لۆبیکردنی سیاسییە لە ناو پارتە سیاسییەکانی خۆیان پاشان لە دونیای دەرەوەی پارتە سیاسییەکان، ئەمەش لە پێناو هێنانەدی دادەوری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. پەرلەمان تەنها پلاتفۆرمێک نییە بۆ"سەفەقاتی ئابووری" بەڵکو دڵنیابوونە لەوەی ئەو رێکەوتنانە زیان بە ژیان و مافە سەرەکییەکانی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان ناگەیەنێت. ئەوەی هاوسەنگی بەرژەوەندی نێوان ئەم دوو لایەنە رادەگرێت بڕوا بوونە بەوەی کە هەردوولا مافی سیاسیی و مێژوویی و مەدەنی خۆی هەیە و لە هەمان کاتدا دەبێت میکانیزمێکی دادپەروەرانە لە دابەشکردنی سەرمایەکانی عێراق هەبێت نەوەک وەک ئاوڕشێنی ئێوارەی بەردەمی ماڵان بە خەیاڵی بابردووەوە ئاو بە فێرۆ بدرێت!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن