لە غەڵبەغەڵبی دامەزراوەیدا: توانای سیاسی پیشەیی لە حکومڕانی و ئۆپۆسیسیۆندا
11/18/2021 10:28:00 PM
لاوک سەلاح
وتەیەکی باوی گرنگ هەیە دەڵێت: گرنگ نییە کام سەنگەری سیاسی هەڵدەبژێریت، گرنگ ئەوەیە لە ناو سەنگەرە سیاسیەکەدا ئەو ئامرازانەت هەبێت کە بەرجەستەی ئامانجە سیاسییەکان بکات. قسەیەکی باوی دیکەش هەیە کە پەیوەندی بەو پەندە سەرەوەیە هەیە دەڵێت هەمیشە پارتی سیاسی دەبێت خیتابی سیاسی و ستراتیژیەتی سیاسی هەبێت، ئەمەش قسەیەکی ئاسان و ئەرکێکی مێژووی سەختە.
بۆئەوەی داواکاری و خەون و چاوەڕوانییە گەورەکان بێنە دی دەبێت کار لەسەر خوڵقاندنی توانای مرۆیی سیاسی کرابێت، بە مانایەکی فراوانتر هەمیشە کارە ئەسڵیەکە بیناکردن و پتەوکردنی ژێرخانی پرۆژە سیاسییەکەیە، نەوەک چوارچێوە لەرزۆکەکانی کە بە دروشمی بریقەدار گەمارۆ دەدرێت و تەمەنێک فریو دەدات. پرسیاری سەرەکی و جەوهەری هەمیشە ئەوەیە ئایا کەسێک هەیە لە دارشتنی ستراتیژیەتدا پسپۆر بێت تاوەکو ستراتیژیەت بوونی هەبێت، ئەگەر نەبوو ئایا گومان لە سەرکەوتنی پرۆژەکە ناکەیت؟ ئایا کەسانێک هەن کە شارەزای نووسینەوەی خیتابی سیاسیبن؟ ئەگەر نەبوون ئایا گومان لە هەنگاوەکانی ئاییندە ناکەیت؟ ئایا کەسانێک هەن توانای تەکنیکی سیاسیی پیشەییان هەبێت تاوەکو کۆی مانای دروشمە سیاسییەکان لە ساتێکی زیندوودا تەرجەمە بکەن و رۆحێکی زیندوو بە بەریاندا بکەن، بەرلەوەی بە مردووێتی لە دایک ببن؟ ئایا توانای سیاسی بۆ جێبەجێکردنی دروشمە سیاسییەکان هەیە؟ ئەگەر ئەم بۆشاییە هەبوو ئایا گومان لە توانا و ئیرادەی جێبەجێکردن ناکەیت؟ ئایا پێویستی بۆ پێداچوونەوەی ریشەیی نایەتە کایەوە تاوەکو بڕیارەکان تەندروست و دروستبن و هەڵە سیاسییەکان فرێ نەدرێنە دەرەوەی پانتاییە تایبەتییەکان، وەک ئەوەی هەڵەکان لە شوێنێکی دیکەوە هاتبن. لەم وڵاتەدا هەمیشە هەڵە سیاسییەکان لە بێ توانایی سیاسی و نەبوونی مەعریفەی سیاسییەوە دێن، لەبەرئەوە هەمیشە گرنگە کە گومانێکی داهێنەرانە هەبێت تا تێگەیشتنی باشتر لەهەڵەکان هەبێت.
باشە لە کوێوە، ئەم ئیرادە سیاسی و توانا تەکنیکییە سیاسییە پیشەییە سەرچاوە دەگرێت؟ بەتایبەتی کە مێژوویەک لە جەنگ هەبووە و هەرگیز پانتاییەک بۆ پلاندانان نەبووە. بە درێژای مێژووی ئەم وڵاتە، گرفتی سیاسی سەرەکی نەبوونی توانایی تەکنیکی سیاسی و نەبوونی سیاسی پیشەیی بووە، بۆ نموونە، هەموو خەون بەهاتنەوەی "نوری سەعید" ەوە دەبیننەوە کە بێتەوە و دەوڵەت بینا بکاتەوە، بە مانایەکی دیکە، بە دەگمەن سیاسییەک لە ئارادا بووە بە فلتەری ئەکادیمی سیاسی و ئەزموونی سیاسییدا رۆیشتبێت تاوەکو لەسەر بنەمای مەعریفەی سیاسی کاری ئیدارەدانی حکومەت و دەوڵەتی کردبێت، بەشێوەیەکی گشتی، بەداخەوە، لە مێژوودا، سیاسییەکانی ئەم وڵاتە خۆرسک بوون، خۆرسکانە رووداویان بینیوە و ئاراستەیان کردووە، هەر بۆیە بوونەتە قوربانی رووداو، نموونە مێژوویەکانیش زۆرن. لە باشترین دۆخدا ئەوە ئەفسەرەکانی سوپا بوون ئەو بۆشاییە سیاسییەیان پڕکردۆتەوە ئەوەش لەسەر حسابی دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی بووە.
بۆ نموونە، هەر لەسەر بنەمای ئەوەی باسمان کرد، چ پارتێکی سیاسی عێراقی و کوردستانی پەیرەوی ئەنجامدانی راپرسی و لێکۆڵینەوەی مەیدانی دەکات؟ کێ ئەو کەلتوورە سیاسییەی هەیە؟ رەنگە یەک دوانێک هەبن، بەڵام نەبۆتە بەشێک لە کەلتووری سیاسی کە یارمەتی دارشتنی ستراتیژیەت و خیتابی سیاسی بدات، لەبەرئەوەی پیادەکردنی پرۆسەی لەو جۆرە چەند گوێگرتنە لە گرفت و ئالەنگەریەکان، بەهەمان ئاست ئاراستەکردن و دۆزینەوەی چارەسەرە، نەوەک هەر مل کەچ کردن بێت بۆ چەند داخوازییەک کە واقیعی و عەلەمی نیین. پەیرەوکردنی لێکۆڵینەوەی مەیدانی کارمەندی سیاسی و بودجەی تایبەتی و کاتی دەوێت کە سەقامگیری سیاسی گەشەسەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتووری ئاسایی دەیهێنێتە کایەوە. نموونەیەکی ئاشکرا، لەم هەڵبژاردنەوەی دواییدا، هەموو پارتە سیاسییەکان پشتیان بە راپرسی دەزگا بێگانەییەکان بەستبوو، ئەوانیش، بەداخەوە، بە دانپایانانی خۆیان، پێویستیان بە تێگەیشتنی قووڵتر هەبوو بۆ گۆرانکارییە سیاسییە خێراکان.
ئەوەی کە باوە، و هەمیشە پیادە دەکرێت، بریتییە لە 'ئیجتیهادی سیاسی کەسەکان"، بەداخەوە ئەمە کورت دەهێنێت، بە تایبەتی لە کاتی قەیراندا کە پێویستی بۆ شارەزایی پسپۆرانی کاروباری سیاسی ناوچەکە هەیە، هەمیشە "ئیجتیهادە سیاسییەکان" بەرژوەندی تایبەتی لە پشتەوەیە، لە کاتێکدا توانا سیاسییە پیشەییەکان دیمەنە سیاسییەکە باشتر دەبینن و یارمەتی ئەو کەسانە دەدەن کە لە پرۆسەی سیاسیدان بۆ ئەوەی لە ئەزموونەکەدا سەرکەوتووبن، بێگومان ئەمەش پرۆسەیەکی درێژخایەنە.
پوختەی قسە: ئازاد بە لە هەڵبژاردنی هەر سەنگەرێکی سیاسی، بەڵام دڵنیابە کە دروستە، دەبێت دڵنیابیت لە ئامرازەکانی کارکردنت تاوەکو بەرچاوت رۆشن بێت، ئامرازەکانیش ئەو کەسانەن کە ئەجێندانی نهێنیان نییە و گومان لە ئاستی تێگەیشتنی سیاسییان ناکەیت و توانای خوڵقاندنی پرۆسەیەکی سیاسیی تەندروستیان هەیە و بەهای سیاسی ستاندەر بەرجەستە دەکەن و مۆراڵی مرۆڤدۆستیش پەیرەو دەکەن، دوور لە موناوەرەی سیاسی.