1096وتار

لە نێوان بەربژێر و هەڵمەتی میدیا: هاوسەنگیەکی پێویست

9/13/2021 11:19:00 AM
لاوک سەلاح

هەمیشە، دەڵێن لە ناو میدیا و بە میدیا جەنگەکان بەرپا دەکەن.

لە پرۆسە و هەڵمەتی هەڵبژاردندا، کارە هەر سەخت و گرنگەکە چۆنێتی بەکارهێنانی ئامرازەکانی میدیایە بۆ گەیاندنی پەیام و ناوەرۆک، چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکانە لە ماوەیەکی کەمدا بۆ گەیاندنی پەیامێکی پوختی سەنگین. ئەم قسەیە لە رووی تیۆرییەوە ئاسانە بەڵام لە ئاستی پراکتیکدا چەندین بەربەست و گرفتی چاوەرواننەکراو دێنە بەردەم پرۆسەکە و کاریگەرییان لەسەر ئاراستەی هەڵمەتەکە بە باش یان خراپ دەبێت.

یەکەم پرسیار کە بەربژێر دەبێت لە خۆی بکات، کێ کێ بەکار دەهێنێت؟ ئایا ئەوە میدیایە پرۆگرامی خۆی پڕ دەکاتەوە و پەیامی ژێر بەژێری هەیە؟ یا خود بەربژێرە دەیەوێت بەهۆی ئامرازەکانی میدیاوە بگاتە زۆرترین دەنگدەر، ئەگەر هەردوو کارەکە لە رەوتی تایبەت بەخۆیان رەوا بێت، پارسەنگ و هاوسەنگیان  چۆن دەبێت بۆ ئەوەی رەوایەتی بەکاری هەردوولا بدرێت.

میدیا هەمیشە بەدوای پرسیارەکان و وەڵامەکانی خۆیدا وێڵە، ململانێ دەکات بۆ ئەوەی ئاراستەی پرۆگرامەکان و چاوپێکەوتنەکان و نووسینەکان هەر لە کۆنترۆڵی خۆیدا بهێڵێتەوە، لە کاتێکدا بەربژێری زیرەک و بە توانا ئەو کەسەیە کە کاریگەری لەسەر ئەو ئاراستەیە دەبێت، نەوەک هەر قەناعەت بە میدیا دیێنێت کە ئەو بەشدارە لە نەخشەی سەرتاپای میدیا، بەڵکو ئەوە بەربژێرە ئەو بەهایانەی کە میدیا بە دوایدا ویڵە ئەم بەرجەستەیان دەکات، ئەوە بەربژێرە کە ئاراستەکانی میدیا فروان دەکات، دواجار ئەوەی کە کارە عەمەلییە سەرەکییەکە دەکات دەبێت زانیاری زیاتری لا بێت، هەرچەندە زۆ جار دۆخەکە بەو جۆرە نییە.

میدیا لە باشترین و راستگۆترین شێوازیدا دەرخستنی خەمی گشتییە، ئەوان نیگەرانییەکانی دەنگدەر دەگوێزنەوە، بەڵام هێشتا مەرج نییە میدیا ئاگاداری هەموو لایەنەکانی نیگەرانییەکانبن، لێرەدا کاریگەری بەربژێر دەردەکەوێت کە قووڵای ئەو نیگەریانە وێنە بکات، بەربژێر دەبێت باشتر موتوربە بێت بەو نیگەرانیانە، بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ئەرکەش بەربژێر پێویستی بەوەیە کە هەمیشە لە نزیکەوە، نەوەک هەر ئاگاداری کێشە گشییەکان بێت بەڵکو ئەرکەکە وا دەخوازێت دیدێکی جیاواز بۆ کێشەکان پێشکەش بکات کە لە بەربژێرەکانی دیکە جیاواز دەرکەوێت، هەروەها لە بەرجەستەکردنی ئەم ئەرکەشدا پاشخانی بەربژێر دەردەکەوێت کە چەند ئاگاداری ئاستی گرفتەکانی کۆمەڵگەیە هەر لە مێژووەوە تا دەگاتە سیاسەت و کەلتوور و گرفتە کۆمەلایەتی و ئابوورییەکان و ئاگاداری لە پرۆسەی دارشتن و ئامادەکردنی یاسا و لۆبی سیاسی. بۆ نموونە رەنگە بەربژێرەکە پارێزەرێک یان پزیشکێک یان ئەندازیارێک یان کەسێکی ناوداری کۆمەڵگە بێت، بەڵام رەنگە ئەو وزە و بڕوا و توانایەی نەبێت کە ئەو کارامایەیی کە خاوەنێتی لە ژینگەیەکی دیکە و لە ناوەندێکی دیکەدا بەرهەم بهێنێتەوە، لەبەرئەوە بەس نییە کە کەسەکە خاوەن ئەزمونێکی تایبەت بێت لە بوارێکدا و راستەوخۆ ئەو ئەزموونە بە شێوازێکی شیاو بەرهەم بهێنێتەوە، بەس نییە ساڵانی خزمەتی لە چاوپێکەوتنێکدا بژمێریت، بەڵکو ئەوەی کە گرنگە ئەو خەرمانەی کە هەیە  بە ئەزموونێکی دیکە دەوڵەمەند و فراوانتر بکات.

ئەگەر هاوڕابین لە سەر ئەوەی میدیا ئامرازی دەنگدەرە و پردی نێوان بەربژێر و دەنگدەرە و یارمەتی بەرنامە و پرۆگرامەکانی بەربژێرەکانیش دەدات، ئەی بۆ بەربژێر میدیا چی دەگەیەنێت؟ گرنگە بەربژێر بە میدیا و بە دەنگدەر بڵێت من لە ریزی تۆدام، لە ئێوە باشتر شارەزای کێشەکانم، ئەوەش بە زمانێکی راستەوخۆ نابێت، هەرئەوەندەش نا، بەڵکو دەبێت بڵێت من ئەرکی خۆم دەزانم کە دەبێت ببمە بەشێک لە چارەسەر، بەربژێر دەبێت تام و رەهەندێکی دیکە ببەخشێت بە وشەکانی وەک "داکۆکیکار" و "نوێنەرتان" و "بەرگری لە مافتان دەگرم" و "مافی دەستووریتان دەپارێزم"، ئەم زاراوانە هەموو بەربژێرەکان دەیڵێنەوە بەڵام لای کێ سەنگی زیاتر دەبێت، ئەوە بۆ دەنگدەر گرنگە، من لەو بڕوایەدام لای ئەو کەسە دەبێت کە دەتوانیت بە پاشخانی زانیاری و ئەزموون و بەوەی بەشێک نەبووە لە ململانێ بێهودەکانی رابردوو، بەمانە رێزو متمانەی دەنگدەر بەدەست دەهێنێتەوە. بەربژێر مێژوویەکی نوێی جیاواز دەنووسێتەوە کە بە پارە و دەستەڵات سەرمەست نەبێت، کە لە سەردەمی ژهر و گەندەڵی و لاوازبوونی هەستی نیشتمانپەروەری هێشتا ئینتمایی بۆ هاوڵاتی و دەنگدەر و مەسەلە جەوهەرییەکانی نەتەوەکەی هەیە و بە هەنگاوی ‌هێور و میانرەو کار لەسەر خۆی و دەورووبەر و ژینگەی سیاسی دەکات و لای ئەو هێشتا ئاوێزانێک لە نێوان رۆمانسیەت و خەیاڵی سیاسیەت و کاری سەختی رۆژانەدا هەیە و بە خۆشەویستییەوە مامەڵە لەگەڵ ئیرەی و خۆپەرستی  دەکات و هەوڵ دەدات ببێتە سەرکردە و نوێنەر بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەو پانتاییانە بکات  کە ونکراون و فەرامۆشکراون و خۆی بۆ شەپۆلی سیاسی شل ناکات بەڵکو دەبێتە چەقی بیرکردنەوەی نێو شەپۆلەکە بۆ بەدەستهێنانی ئاراستەیەکی سەنگین.

پوختەی قسە، هەموو هەڵبژاردنێک هەم تۆمارکردنی مێژووە و هەم رووداوێکی سیاسیی و هەم حیکایەتێکی کۆمەڵایەتیشە. لە دارشتنەوەی رووداوە سیاسیەکەدا هەمیشە شێوازە تایبەتەکانی بیرکردنەوە و نۆرم و ئیدراکە سیاسییەکان و خەسڵەت و کەلتوورە تایبەتەکان بە ئاگا یان بێ ئاگا خۆیان نمایش دەکەن، زۆر جار پانتاییەکانی گۆرانکاری بەرتەسکن، بە مانایەکی دیکە ناتوانین دەستبەجێ لە پرۆسە پێشکەوتوەکانی دونیاوە بە خێرای شتی نوێ بەکار بهێنین بۆ ئەوەی کەلتوورە سیاسیەکان فراونتر بکەین و پرۆسەیەکی دیموکراسی بینا بکەین، چرکردنەوەی ئەزموونەکانی مێژوو لە یەک دوو خولی هەڵبژارندا یارمەتی چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی نادات، بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە مەحکومیین بەوەی کە تەنیا رێگا، دوور لە توندوتیژی، بەشداربوونە لە هەڵمەتی هەرڵبژاردندا و کارکردنە بۆ روونەدانی بۆشاییەکی سیاسی و یاسایی کە بە ئاسانی بە خەڵکی دیکە پڕ دەکرێتەوە وەک ئەوەی لە ئەفگانستان روویدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن