1014وتار

کە قەیرانی سیاسی دەبێتە خەسڵەت

12/19/2021 12:57:00 PM
لاوک سەلاح


پتر لە سەدەیەکە ئەم وڵاتە بە قەیراندا تێدەپەرێت و لە نێو قەیراندا دەژێت و ئیدارەی قەیران دەکات، هەموو جۆرە قەیرانەکان؛ سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتووری، رەنگە هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە ئەم وڵاتە هەرگیز عورفی دامەزراوەو رێکارەکانی دامەزراوەی چەسپاوی بە خۆیەوە نەدیبێت بوونی "قەیرانی هەمیشەیی" بووبێت.

کاریگەرییەکانی قەیران لەو ماوە درێژەدا لەسەر هەموو ئاستە جیاوازەکانی گەشەسەندی کۆمەڵگە و دامەزراندنی چوارچێوەیەکی ستاندەر بۆ هەموو کەرتەکانی ژیان بە گشتی هەر لە پەروەردەوە تا دەگاتە سەربازی و بازرگانی.. هتد کوشندە بووە، تەنانەت عەقڵیەتێکی دیاریکراوی بە کۆمەڵگە بە گشتی بەخشیوە. هەر ماوە ناماوەیەک هێزێکی داگیرکەر پەلاماری ئەم وڵاتەی داوە و بە ئازادی رەهای خۆی و بۆ بەرژەوەندی خۆی نەخشەی دامەزراوەیی سیاسی و ئیداری وڵاتەکەی کێشاوە، لە نزمترین ئاستدا، هاوڵاتیانی ئەم وڵاتەی وا لێکردووە لە ئاستی بەرێوەبەردن ئینتمایان نەبێت و بەشداربوونیان لە پرۆسەی بیناکردنی وڵاتدا هەمیشە خەسڵەتی یاخبوونی هەبێت، ئەو یاخبوونەش رەوایەتی و پاساویی سیاسی هەبووە، هەرچەندە خەسڵەتەکانیان لە قۆناغە جیاوازەکاندا جیاواز بووە، رەنگە هەر ئەو گیانە یاخیبووەبووەبێت، بە روویەکدا، کە بڕوای بە بوونی دامەزراوە نەبێت یان ئەستەم بێت لەناو دامەزراوەدا بینا بکرێتەوە و لە یاخیبوونی ئۆپۆسیزیۆنەوە ببێتە یاخبوونی ناو دامەزراوە بە مەبەستی بیناکردن نەوەک سڕینەوە.

کە دەوڵەتی نەتەوە لە ناوچەکەدا سەری هەڵدا، کە بە تەنها بزاڤێکی خۆرسکانەی نێو کۆمەڵگە نەبوو، وە دەستپپێشخەریەکی پەتی کۆمەڵگە و توێژی سیاسیش نەبوو، لە باشترین دۆخدا، ئەوە ئەفسەرەکان بوون بوونە خاوەنی  دەوڵەتی نەتەوە نەوەک توێژە سیاسییە مەدەنییەکان، ئەوە ئەوان بوون سەربازانە دەوڵەتیان بینا دەکرد. ئەوان، ئەو ئەفسەرانە بوون کە خوێندنی سەربازیان لە دەرەوەی وڵات تەواو کرد بوو و بەشێک بوون لە پەروەردەی سەربازی و سیستمی ئیداری و ئایینی دەوڵەتی عوسمانی، ئەو ئەفسەرانە بوون کە دواتر بوونە هاوبەشی ئینگلیز بۆ تێپەراندنی میراتی سیاسی و سەربازیی عوسمانییەکان، بەڵام سەرباری پشتیوانی دەرەکی، ئەو کۆمەڵە ئەفسەرانە نەیانتوانی ئەو دەوڵەتی نەتەوەیە دامەزرێنن کە خەونیان پێوە دەبینی وبەرگری بۆ مانەوەی لێبکەن، ئەوەش لەبەر بوونی کەڵێنێکی فراوان لە نێوان تێگەیشتنی بەرتەسکی ئەوان بۆ کۆمەڵگەو ئارەزووی کەسێتیان بۆ دەستەڵات لە لایەک و ئامادەیی و ئاستی تێگەیشتنی دیاریکراوی کۆمەڵگە بۆ داخوازییەکان، هەردووکیان لە یەک ئاستی یەکساندا نەبوون.

ئەم خەسڵەتە مێژوویە، لە ئێستای سیاسی عێراقدا بە گشتی رەنگیداوەتەوە و ئامادەیی هەیە و سێبەرێکی تۆخی ئەو مێژووەیە، کەڵێنێکی روون و ئاشکرا لە نێوان توێژی سیاسی و هاوڵاتیدا هەیە. لەلایەکەوە، نوێنەرایەتی سیاسی پێویستی بە ئامرازی سیاسی چەسپاوتر هەیە بۆ حکومرانی وپێویستی بە تێگەیشتنی سیاسی و ئینتمای سیاسی و یاسایی هەیە، لەلایەکی دیکەوە، کۆمەڵگە خۆشی پێویستی بە خۆرێکخستنەوە هەیە وەک هێزێکی ئەلتەرناتیڤ تاوەکو خۆی لە تەڵە سیاسییە ئامادەکراوەکان بپارێزێت، بەمانایەکی دیکە هەروەک چۆن لە پاش روخاندنی سیستمی پاشایەتی لە عێراقدا ژێرخانێکی سیاسی پتەو نەبوو تاوەکو هێزێکی مەدەنی بێتە سەرحوکم. لە بری ئەوەی ئەو سیستمە مەدەنییەی کە لە سەردەمی پاشایەتیدا هەبوو، بەهەموو لاوازەکانییەوە، ریفۆرمی تیا بکرابایە، بە پرۆسەیەکی سیاسی و سەربازی زۆر توندرەوانە و بە ئەزموونێکی سەربازی کرچ و کاڵ و بە پاساوی وەدەرنانی "ئیستعمار، داگیرکەر" سیستمێکی بەناو کۆماری بەڵام بە ناوەرۆک جیاوازیان دامەزراند. بەداخەوە،ئەو کات خوێندنەوەی دیمەنە سیاسییەپر ململانێ و کێشمەکێشەکە پڕ هەڵە بوو.

خوێندنەوەی ئێستای ململانێ سیاسییەکان و پارسەنگی هێزەکان و تێگەیشتن لە کاریگەری هێزە ئیقلیمییەکان و نێودەوڵەتییەکان و هەرەشە و ریسکەکانی ناوخۆ دەبێت بە توانای سیاسی کۆمەڵگە و توانای توێژە سیاسییەکان و ئاستی بوونی سەرچاوەی سروشتی ودارایی و سەرماییە مرۆییەکان بپێورێت، بەداخەوە، لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کایەی سیاسی وەبەرهێنان لەسەر کایەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەکات، نەوەک کۆڵەکەکانی کۆمەڵگە دامەزرێنرێت تاوەکو پاڵپشتی پرۆسە و بڕیاری سیاسی بکات.

ئەزموونەکانی مێژوو ناچارمان دەکات، لە هەر بەرەیەکی سیاسیدا بین، بە وردی و بە بەرپرسیاریەتیەکی سیاسی و ئەخلاقیەوە بڕوانینە ئاییندە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، ئەمەش لە راستی و حەقیقەتێکی سیاسی زۆر سەرەتاییەوە دەست پێدەکات ئەویش ئەوەیە کەدەبێت گروپە سیاسییە سەرەکییەکان لەعێراق و هەرێمی کوردستان بەشداری حکومرانی بکەن نەوەک بەشداری حکومەت، بەمانایەکی روونتر دەبێت حوكم بکەن و ئینتمایان بۆ بڕیاری سیاسی هەبێت، نەوەک پاشکۆبن، بۆ بەرجەستەکردنی ئەمەش ئیتر کاتی سەرهەڵدانی توانای سیاسی پیشەیی دڵسۆزە، دوور لە خۆپەرستی. لە هەموو گروپە سیاسییەکاندا ئەو بۆشاییە بەدی دەکرێت.

بوونی ئەو توانا سیاسییە مەدەنییە پیشەییە دەبێتە سەرەتای جۆرێک لە "هەرەوەزی سیاسیی"کە مانایەکی مەدەنی بە پرۆسەی سیاسی دەبەخشێت و سەرەتایی دورکەوتنەوەیە لە قەیران بۆ هێنانەکایەی گۆڕانکاری لەو خەسڵەتە سیاسییە هەمیشەییەی کە مێژووی سیاسی ئەم وڵاتەی ناسەقامگیر و ناجێگر کردووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن