589وتار

لامەرکەزیەت و خزمەتگوزاری گشتی: مۆدێلێک بۆ جێبە چێکردن

6/19/2020 2:59:00 PM
لاوک سەلاح




لامەرکەزیەت لە ساڵانی ٢٠٠٣ وە، واتە لە پاش رووخاندنی رژێمی رابردووی بەغدا، بەشێک بووە لە ئیرادەی رۆژئاوا لە ژینگەی وڵاتێکدا کە لە سەرەمەرگدا هەوڵی دەدا و هێشتا هەڵ دەدا،  تا ناسنامەیەکی یاسایی و ئیداریی و سیاسی بەدەست بێنێتەوە، بێگومان ئەم قسەیە تاڵ و سەختە، وەک تاڵی دۆخەکە، رەنگە وەسفەکە کەمتر بێت، لەبەرئەوەی مێژووی ئەو واقیع سەخترە.

لە بۆنەی تردا، باسمان لەوە کرد کە ئەم لامەرکەزیەتە بۆ پشتگیری ئۆپراسیۆنە سەربازییە بیانییەکان بووە. لە راستیدا، بەشێک بووە لەو پرۆگرامانە، نەوەک بەشێک بوو بێت لە پرۆسەی پەرەسەندی سیاسی و دیموکراسی ئاسایی، هەموو لایەک ئەم راستییەیان دەزانی، دەیانزانی هێشتا بانگەشە بۆ دروشمی گەورە زووە، بەداخەوە، هەمیشە دروشمەکان لە شوێن و کاتی جیاوازدا، بێ رادە، بۆ مەبەستی جیاواز بەکار دێن.

لامەرکەزیەت لە کاتی گونجاوی خۆیدا پەرەو پیرمان هات، بەڵام بۆ ئەوەی لە شوێنی گونجاو دا رەوایەتی هەبێت، دەبێت رۆبچێت بە زەین و یادەوەریماندا و ببێتە بەشێک لە کەلتوورێکی سیاسی دامەزراو، وەک هەموو زاراوەکانی دیکەی ئەدەبیاتی سیاسیمان، ئەوکات دەبێتە یادەوەری و بوون و زەینمان. ئەو کات، ئیتر پێویستمان بەوە نییە لامەرکەزیەت لەگەڵ ئۆپراسیۆنی سەربازیدا خۆی بە ماڵدا بکات، بەڵکو دەزگا نێودەوڵەتییە ئەکادیمیە ناسراوەکان یارمەتیمان دەدەن خۆمان بینا بکەینەوە و ئێمەش وەک ئیرادەیەکی نیشتمانی ئاراستەیان دەکەین.

وەک بیرهێنانەوە، پێشتر ئاماژەمان پێداوە، دوو پرۆژەی سەرەکی لامەرکەزیەت لە عێراقدا لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکی  لە رێگای USAID  لە عێراق پیادەکرا، یەکەمیان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠٠٧ و دووەمیان لە ٢٠١٧ و تا ئێستا و هێشتا  بەردەوامە، سەرنجی خوێنەر رادەکێشم بۆ تەمەنی پرۆژەکان کە چەند کورتن، هەر لەبەرئەوە، پرۆژەی لەو شێوەیە، کاریگەریەکی وا لە کۆمەڵگەدا بەچی ناهێڵێت. کۆمەڵگەیەک تەمەنێکی زۆری لە ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی بەسەر بردبێت، پرۆژەی تەمەن کورتی لەو جۆرە کاریگەری نابێت.

ئەم نووسینە زۆر تەکنیکی وپیشەییە، هەوڵ دەدات  سوود لە میتۆدی ئەزموونی دووەم وەرگرێت، ئەوەندەی پەیوەندەی بە لامەرکەزیەت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەوە هەیە، تاوەکو شارەزای دیدی ناواخنی پرۆژەکان بین و بزانین بنەماکانی لامەرکەزیت چۆن ورد کراوەتەوە بۆ پرۆژە و چ مۆدێل و فۆرمێک جێبەجێکراوە. ئەم نووسینە تەواوکەری هەموو ئەو پێناسە و پۆلینکردن و ئاست و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لامەرکەزیەتن کە پێشتر کارمان لەسەر کردووە و دەخوازێت فۆرمێک/مۆدێلێکی پراکتیکی پوخت پێشکەش بکات تاوەکو یارمەتیمان بدات چۆن لامەرکەزیەت بکەینە پرۆژەی عەمەلی نیشتمانی فراوان، بۆئەوەی لە بازنەی دروشم و تیۆر و قسەکردنی سیاسی  بگوازرێتەوە  بۆ ئەرک و کار، گرنگە بەر لەوەی پرۆژەی دیکە جێبەجێ بکەین، باز بەسەر لامەرکەزیەتدا نەدەین. با پرۆژەکان نەبنە خەوی پچر پچر.

چەند لامەرکەزیەت پێداویستییەکی ناوخۆی عێراق و هەرێم بووە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە جارێکی دیکە دیکتاتۆریەت سەرهەڵنەداتەوە، ئەوەندە لە دیدی رۆژئاواوە گرنگ بووە عێراق بە سیستم و دامەزراوەکان و شێوازی کارکردنی ئیداری و دارایی و حکومڕانی نێودەوڵەتییەوە ببەسترێتەوە، ئەمە بەشێوەیەکی گشتی، بۆ نموونە، دەبوایە عێراق بیسەلمێنێ کە کار لەسەر بە دیموکراسیکردنی کایە سیاسییەکان و دامودەزگا دەستووری و یاساییەکانی دەکات تاوەکو بانگی نێودەوڵەوتی و سندوقی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ بکات و بۆئەوەی لە رووی یاساییەوە دان بە بوونی دەوڵەتی عێراق بهێنرێت دەبێت مەرجەکان جێبەجێ بکات. دانپیانانی ئەم دەزگایانە، دانپیانان بووە بە شەرعیەتی دەوڵەت خۆیدا لە عێراق و هەرێم. دیسانەوە، ئەم راستییانە سەختن بەڵام بوونیان هەبوو.

هەربۆیە عێراق هەوڵی دەدا، بە یارمەتی رێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان کار لەسەر دارشتنی سیاسەتێکی فراوان بکات کە لامەرکەزیەت یەکێک بێت لە کۆڵەکاکانی. هەر بۆ ئەم مەبەستە، دەزگایەکی تایبەت لە حکومەتی عێراقدا دامەزرا و وەزیرێک بەرەچەڵەک تورکمان بە پلەی وەزیر کرایە  سەرۆکی ئەو دەزگا گرنگە و ئەرکی جێبەجێکردنی بنەماکانی دیموکراسیەتی پێ بسپێرا. ئەم دەزگایە پشتیوانی رێکخراوە نێودەوڵەتییە سەرەکییە گەورەکانی هەبوو، ئەوانەی کە کاریگەرییان لەسەر دارشتنی ستراتیژیەت هەیە و بڕیاردار پرۆسەی شۆرکردنەوەی دەستەڵات بۆ پارێزگاکان لەو دەزگا وەزارییەوە جێبەجێ بکرێت. هەموولایەک هاودەنگ بوون لەسەر ئەوەی لامەرکەزیەتی ئیداری بە حکومەتە خۆجێیەکان و پارێزگاکان بدەن بۆ ئەوەی، لانی کەم، بتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتییان بکەن.

 بۆ ئەم مەبەستە پرۆگرامێکیان بە ناوی پرۆژەی "بەرپرسیاریەتی ئادا و حکومرانی لە عێراقدا" دارشت، بەر لە ئامادەکردنی پرۆژەکە راپرسییەکی مەیدانی بەرفراوان لەسەر هەموو ئاستەکان کرا، هەر لە دەزگاکانی دەوڵەتەوە تا رێکخراوە مەدەنییەکان و تا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشداربوون بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندێکی تەواو بۆ پێداویستییەکانی پرۆژەکە و بە لۆکاڵکردنی لامەرکەزیەت بکەن. بەرپرسانی پرۆژەکە هەر زوو ئەو راستییە  سادەیە تێگەیشتن کە لامەرکەزیەت لە عێراقدا رابردوو و پێشینی نییە و تێگەیشتنێکی مێژوویی و کەلتووری کەم هەیە، ئەوەی کە هەبوو تێگەیشتن و شارەزایی تەکنیکی  تیمەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بوو بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزیەت وەک تەکنیک بەر لەوەی چەمکێک و پێناسەیەکی سیاسی و یاسایی هەبێت بۆ حکومڕانی. بەڵێ، ئاگاداری ئەو راستییە بوون کە ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەکی سیاسی زۆر هەستیارە و بەوە چارەسەر نابێت تەنیا بڵێیین لامەرکەزیەت شۆرکردنەوەی دەستەڵاتە لە سەروە بۆ خوارەوە و بەشداربوونی خوارەوەیە لە بڕیارەکانی سەرەوەدا. ئەم میکانیزمە تەکنیکیە و پێویستی بە تێگەیشتن و متمانە و پاڵپشتی سیاسیی و یاسایی نیشتمانی هەیە.

ئەم پرۆەژەیە بە ئەنجامدانی رووپێوێک و راپرسیەکی فراوان لە هەر نۆزدە پارێزگاکەی عێراقدا ئەنجامدارا وەک بەشێک لە پرۆسەی شیکردنەوەی دۆخی سیاسی و ئابووری. ئەم راپرسی و رووپێوە زیاتر لە ساڵێکی برد و نەخشەیەکیش بۆ هاوبەشەکانی ئەم پرۆژەیەش دارێژرا تاوەکو بزانرێت کێ لە چ بوارێکدا کار دەکات. پرۆژەکە لە چوار بەش پێهکاتبوو، یەکەمیان:  ناساندنی ئاستی تێگەیشتن و رەنگدانەوەی دیدی دامودەزگا رەسمی حکومییەکان بۆ ئەوەی بزانرێت چ جۆرە ریفۆرمێک پێویستە و توانای تەکنیکی حکومەت لە کوێدایە، بەشی دووەم: بە چری تەرکیزی لەسەر تێڕوانینی هاوڵاتی بوو تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری چاوەڕوانیییەکانیان لە حکومەتبن، حکومەت چی پێشکەش دەکات؟ چۆن پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و حکومەت رێکدەخرێت و بەشی سێهەم: پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ گروپە بێ دەرامەتەکان و پێداویستە تایبەتەکان و بەشی چوارەم: روونکردنەوەی ئەنجامەکانی راپرسییەکان لە هەر ١٩ پارێزگاری عێراقدا بۆ دەستنیشانکردنی تایبەتمەندێتی هەر پارێزگایەک، بۆ زانینی چی زۆر پێویسترە.

ئەم لێکۆڵینەوە مەیدانییە بووە بنەمای پرۆژەیەکی پێنچ ساڵەی USAID و لە ساڵی ٢٠١٧ وەک هەیکەل و میتۆد، کاری لەسەر چاوپێکەوتن و گفتوگۆی نێو نوێنەرانی گروپەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەنجامەکانی رووپێووی ناو هاوڵاتیان کرد و  مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە هەرەشە و مەترسیەکان و بایەخی جواگرافیا شارەکان و لایەنە تەکنییکییەکان و مەسەلەی بوونی پرسی ئیرادەی سیاسی و شێوازەکانی لامەرکەزیەت و ئاستەکانی هاوکاریکردنی رێکخراوەکان و سروشتی پەیوەندییەکانی ناو حکومەت خۆی و لامەرکەزیەتی دارایی و ئینجا لامەرکەزیەتی خزمەتگوزاری  لە خۆگرتبوو. لەبەشێکی دیکەدا تیشک خرابووە سەر توانای تەکنیکی پیشەیی  بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی پرۆژەکە یاخود شێوازی دابینکردنی توانای تەکنیکی.

پوختەی پێشنیار: بۆ ئەوەی پرۆژەی لەو جۆرە لەگەڵ پێداویستییەکانی رۆژ و گۆرانکارییە سیاسییەکانی ئەمرۆ بگونجێت دەبێت:
•           ئەنجوومەنەکانی هەر سێ پارێزگاکە جۆرە راپرسییەک ئەنجامبدەن کە گرفتەکان و ئالنگەریەکانی ئێستا دەستنیشان بکەن و پێداچوونەوە و چارەسەر پێشکەش بکەن لە چوارچێوەی یاسا و دەستور و رێکەوتنامانەی کە مۆر کراون. رای هەموو دەزگا و رێکخراوێکی پەیوەندیداری تیا تۆمارکرابێت. کۆبوونەوەی رەسمی پارتە سیاسییەکان و دەزگا رەسمییەکان تینوویەتی ناشکێنێت. کرۆکی پرۆسەکە دەبێت رەنگدانەوەی رای هاوڵاتی بێت بە هاوکاری دەزگا رەسمییەکان.
•           پرۆسەیەکی لەم جۆرە پێویستی بە تەرخان کردنی بودجەیەکی تەواو دەبێت. خاوەن بودجەکە دەبێتە خاوەن پرۆژە و پرۆسەکە و کاریگەری بەسەر سەرتاپا پرۆسەکە و پرۆژەکەدا دەبێت. ئایا ئەنجومەنی پارێزگاکان یان حکومەتی خۆچێی ئەو توانا داراییەیان هەیە کە ئەم پرۆژەیە بگرنە ئەستۆ؟ کارمەند دامەزرێنێت و کاروباری لۆجستیک بگرێتە ئەستۆ و لۆبی بۆ کارەکان بکات و راپۆرتەکان ئامادە بکات.
•           هەمیشە پلاندان بەشێکی گرنگی ئەم جۆرە پرۆژە تەکنیکیانە، هەر بۆیە کاتی تەواو و کۆکردنەوەی زانیاری شیاوی دەخوازێت. ئایا کاری کردەیە، لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە تیمێکی پسپۆر دامەزرێنرێت کار لەگەڵ حکومەتی خۆچێی  وپارێزگاکان بکەن و ئەرکی ئەم پرۆژەیە بگرنە ئەستۆ.

•           گرنگە، ئەنجومەنەکان کار بۆ فروانکردنی پێگە و دەنگی هاوڵاتی بکەن نەوەک خۆیان، بۆ نموونە زیاتر کار لەسەر هاندانی چالاکردنی رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن، ئەمەش بە پتەوکردنی ئەو یاسایانەی کە پشتیوانیان دەکات. ئەم کارە دەبێت پەیامێکی سەرەکی بێت لەپاڵ هەڵبژاردنەکانی قەزاکان و ناحییەکان.
•           هەر پێشنیارێک بۆ چالاکردنی رۆڵی پارێزگاکان و قەزا و ناحییەکان دەدرێت دەبێت هاوپێچ بێت بە میکانیزمی هەڵسەنگاندن و چاودێری. راستییەک هەیە کە هیچ کەس و لایەنێک و دەزگایەک ناتوانێت سەربەخۆیانە کار بکات بێ بوونی سەرپەرشتیکردن، سەربەخۆیی ئیداریی و لامەرکەزیەتی کار، بەرپرسیاریەتی یاسایی فەرامۆش ناکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن