چی دەگوزەرێت؟ چەند سەرنجێکی خێرا
2/18/2022 9:57:00 PM
لاوک سەلاح
١. تەوقیتی بڕیاری دادگای فیدرالی پەیوەندی بە پارسەنگی نوێی پەیوەندییە سیاسییەکانییەوە
هەیە کە گۆڕاوە. شیعە وەک جاران یەک سەنگەر نیین، کوردیش بەهەمان شێوە. ئەم
دوو ئەکتەرە سیاسییە سەرەکییە دەستووریان
نووسیەوە و ئیرادەی هەردوولا لە دەستوردا پاش ٢٠٠٣ بەرجەستە کرا. ئێستا هەوڵی گۆرانی
ئەو دوو ئیرادەیە هەیە.
٢. ئەم هەڵبژاردنەی
دوایی جۆرە پرۆڤە و تەمرینێک بوو بۆ بە عێراقیکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەتایبەتی و
پرۆسەی دیموکراسی بە گشتی بە تێکەڵ بوونی هەموو هێزەکان لە سەنگەر و بەرەی جیاوازدا.
هەوڵەکە تا ئێستا سەرکوتوو نییە. رەنگە دامەزراندنی سێ کۆمەڵگەی سیاسی سوننە و شیعە
و هەرێمی کوردستان لە بری گەرانەوە بۆ هەرە
سەرەتاکانی دەوڵەتی نەتەوە چارەسەر بێت، گەرانەوەش سەختە، بەڵام بەداخەوە ئەو جۆرە
چارەسەرانە نەبوونەتە کەلتوورێکی سیاسی پێشکەوتوو. کات و سەردەم و توانای سیاسی
فراوانتر دەخوازێت.
٣. عێراق لە دووریانێکی سیاسی قووڵدایە، نە دەوڵەتی نەتەوەیە، نە کۆمەڵگەیەکی
سیاسیی پێشکەتووە کە ناوچەکان واتە لادێ و
ناحیە و قەزا و گەرەکەکان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن. کۆمەڵگەی سیاسی لەسەر بنەمای
دانیشتوانی ناوچەکان دێتە کایەوە و جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی دەبەخشێتە ناوچەکان بە هەموو
دەستەڵاتەکانەوە، عێراق زۆر بەم ژینگە سیاسییە نامۆییە.
٤. سیستمی حکومڕانی لە
عێراق نە مەرکەزییە، نە لامەرکەزییە، لە پاش کێشەکانی هەرێمی کوردستان، پارێزگاکانی
دیکەی عێراقیش هەمان کێشەیان هەیە و زیاتر.
٥. کاری هەنووکەی؛ پێداچوونەوەی خێرایە بە چەمکە سیاسییەکانی حکومڕانی لەسەر
بنەمای ماف نەوەک هێز و دەستەڵات، لەبەر ئەوەی مافی مەدەنی دانیشتوان مافێکی ئەبەدییە
لەکاتێکدا هێزی پەیوەندییە سیاسییەکان کاتییە و گوزارشت لە جەوهەری ماف ناکات و بەرەو
رژانی خوێن دەمانباتەوە.