پارتی سیاسی و ناکۆکییەکان: میرات و شوناسنامەی نیشتمانی
2/6/2025 9:35:00 PM
لاوک سەلاح
بونیادی پارتی سیاسی لە
مێژووی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، وەک چەند جارێک باسم لێوەکردووە، لە رۆمانی
"برایانی کارامازۆڤ" دەکات، رۆمانی رۆمانووسی رووسی بەناوبانگ
دیستۆڤیسکی، کوڕەکان بە ئاشکرا، هەڵگری خەسڵەتەکانی باوکیانن، هەر یەکەیان بە
جۆرێک، هەر لە گومانەوە تا تەماح و توندوتیژی و بەرژوەندی دارایی جیاواز و رەفتاری
پڕ موئامەرەوە، تەنانەت ناوی کارامازۆڤ کە بە زمانی رووسی بە مانای پەلە و تەڵخی
گومانە پڕ شەرمەزاریەکان دێت، کوڕەکان ئەوەشیان لە نێو خۆیاندا دابەش دەکەن.
بۆتە میراتی سیاسی، بەداخەو,ە پارتە سیاسییەکان ناتوانن پێکەوە بژێن، پارتە
سیاسییەکان نە لەگەڵ یەکتر، نە لە نێو خۆیاندا هەڵدەکەن، پارتی سیاسی توانای
لێبوردەیی سیاسیان نییە، زۆرجار واهەست دەکەن، چەمکی لێبوردەی لە شارستانیەتی
رۆژئاواوە هاتۆتە نێو کۆمەڵگەی ئێمە و لە مێژووی ئێمەدا بوونی نییە، وا رەفتار
دەکەن کە بەرامبەر توندوتیژییەکانی نێو مێژوو، دەبێت جۆرێکی دیکە لە توندوتیژی هەبێت
بۆ ئەوەی بەرەنگاری توندوتیژی بێتەوە و بەرگری لە بوونی خۆی بکات، کەواتە ئەوە
ئامراز و میکانیزمی توندوتیژییە کە وەک یەک، بەرامبەر بە یەک بەکار دێت.
پارتی سیاسی لە مێژووی
ئەم وڵاتەدا، خۆرسکانە، هەمیشە بە دوای پانتاییەکدا، "نیشتماندا"، گەڕاوە
بۆ ئەوەی بیکەنە مەیانی ناکۆکی سیاسی پڕ وەهم، وەهمێک کە موتلەقە
"رەهایە" و مافێکی یەزدانی پێبەخشراوە، یاخود کە دروشمە سیاسییە
درەوشاوەکان بۆ کۆکردنەوە و چەواشەکردنی کەسەکان بەکار دەهێنن وا لە خەڵک
دەگەیەنن، کە تەنیا شێوازی ژیان هی ئەوانە، بەداخەوە، حەقیقەت قەت لای یەک کەس نەبووە،
بەڵکو تەنها لای یەزدانی مەزن بووە و دەبێت.
پارتی سیاسی لەم وڵاتەدا
ئایاتە پیرۆزەکانی قورئانی بۆ جینۆسایدکردنی نەتەوەیەک بەکار هێنا. پارتی سیاسی لە
دەستەڵاتدا توانای نەبوو گرفتە مێژوویەکان لە رێگەی دایالۆگێکی نیشتمانییەوە
چارەسەر بکات. بەداخەوە، راستی و حەقیقەتی ململانێ سیاسییەکان لە شوێنێکی دیکەیە.
هەر بۆیە، هیوادارم پارتە سیاسییەکانی کوردستان، کوردستان نەکەنە پانتایی بۆ بەرجەستەکردنی
ململانێ سیاسییەکان و رقە کۆنەکانی نێوانیان، بەڵکو بیکەنە نیشتمانێک بۆ پێشبركێی
سیاسی، بۆ بیناکردنی ئەو دیوارانەی کە دەڕوانێتە عەرشی کەلاوە.
بۆ لەسەر پارتی سیاسی
دەنووسین و چاوپێکەوتن دەکەین، لەبەرئەوەی دیاردەی نوێ و رەفتاری نوێی مەترسیدار
دەبینیین کە ئەگەر کار وا بڕوات، نەوەک هەر دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کەلێنی
فراوان لە نێوان پارتە سیاسیەکاندا، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ لۆجێکی سیاسی کۆن بەوەی
پارتی سیاسی هەمیشە خاوەنی" موتلەقە" و لە دۆڵی خۆیدا بە سەلامەتی
مێژوویەکی گۆشەگیر دەنووسێتەوە و پەیوەندی بە مێژووی نیشتمانەوە نییە، پەیوەندی بە
بەرژوەندییە سیاسی و دارایی تایبەتەکانەوە هەیە، ئەو بەرژوەندیانە، دەبێت سەرلەنوێ
بۆ بیناکردنەوەی نیشتمان بەکاربێن نەوەک بۆ مەرامی کەسی.
ئێوە، "رەفیق حەریری"
سەرۆکی وەزیرانی پێشووتری لوبنان و "بێ نەزیر بۆتۆ" سەرۆکی وەزیرانی
پێشووتری "پاکستان"تان لە یادە، رەفیق حەریری دەیزانی رۆژێک دێت و
ئۆتۆمۆبیلەکەی دەتەقێننەوە، "بێ نەزیر"یش دەیزانی رۆژێک دێت لە یەکێک لە
شەقامە هەژارەکانی پاکستان دەکوژرێت. هەردووکیشیان دەیانزانی دیموکراسیەت هەزران
فرسەخ لە وڵاتەکەیانەوە دوورە، بەڵام هەر کاریان بۆ وڵاتەکەیان کرد و گیانی خۆیان،
سەرباری ئەو سەرمایە دارایی و دەوڵەمەندەی هەیانبوو لە پێناوی بیناکردنەوەی پرۆسەی
سیاسی و ئاوەدانکردنەوە و رۆشنکردنەوەی شەقامەکانیان فیدا کرد. ئاشکراترین عیبرەت
لە ئەزموونی سیاسی ئەم دوو وڵاتەوە ئەوەیە کە بوونی رێژەیەکی زۆر لە پارتی سیاسی
مانای دەوڵەمەندی ژیانی سیاسی ناگەیەنێت، بەڵکو پتەوبوونی کۆی سیستمی سیاسی و سیستمی نێو پارتە سیاسییەکە و ئاستی
کارکردنیان، بەرجەستەکردن و ئاماژەن بۆ ئاستی تەندروستی ژیانی سیاسی و بوونی
دیموکراسی.
پوختەی قسە: ئایا کاتی
ئەوە نەهاتووە کە پارتی سیاسی لە حەساری رەهابوون و موتلەق بوونی سیاسی خۆی و کارکردن لە دۆڵێکی سیاسی گۆشەگیردا دەرباز بێت؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە بوونی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ دەرەوەی نیشتماندا بە یاسا
رێک بخرێت؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ناسنامەیەکی سیاسی نوێ بۆ کاری سیاسی بێتە
ئاراوە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە یاسای کاری پارتە سیاسییەکان باشتر و پتەوتر
بکرێت بۆ ئەوەی پارتی سیاسی لە دۆخێکی ئارامدا کاری سیاسی بکات، بەڵام ژینگەی
سیاسی پێشێل نەکات و کار بۆ دەرەوەی سنوورەکانی نیشتمان خۆی نەکات؟ ئایا کاتی ئەوە
نەهاتووە هەرێمی کوردستان نەوەک هەر مەسەلەی دووو زۆنی چارەسەر بکات، بەڵکو
دابەشبوونی کۆمەڵگە لەلایەن پارتی سیاسییەوە چارەسەر بکات؟ لە ئێستادا، پارتی
سیاسی خوێندنگە و خەستخانە و گەڕەك و کۆمپانیا و سەرماییەی دارایی خۆی هەیە کە رێ
لە بەها سیاسییە راستەقینەکان دەگرێت. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە پارتی سیاسی لە نێو
خۆیاندا، سەرباری پەیوەندی خوێن، لەسەر موڵک و زەوی نەبێتە شەڕیان؟ ئایا کاتی ئەوە
نەهاتووە، هێزێکی نیشتمانی هەبێت کۆنترۆڵی شەڕەکە وململانێ سیاسییە داراییەکان بکات تاوەکو جیاوازییەکان نەبنە هەرەشە بۆ سەر
ئاشتی کۆمەڵایەتی و کوێربوونەوەی پرۆسەی سیاسی.
لە راستیدا، کار و
بەرنامەی حکومەتی داهاتوو لەبەردەم دونیایەک ئالەنگەری سیاسیدایە، لەو جۆرانەی
سەرەوە، و چارەسەری راستەقیینە بۆ کێشە سیاسی و ئەمنی و داراییەکان دەخوازێت. ئەگەر بەزووترین کات، چارەسەری ئەو
گرفتانە نەکەین، شتێک نامێنێت بە ناوی شوناسنامەی نیشتمانی و دامەزراوە
نیشتمانییەکان لاواز دەبن. هەر بۆیە، کاری سەرەکی سەرۆکایەتییەکان کۆکردنەوەی
پارتە سیاسییەکانە و بەرپاکردنی دایالۆگێکی ماراسۆنی نیشتمانییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە
سیاسییەکان لە نێوان برایانی کارامازۆڤ!