168وتار

بە میدیاکردنی سیاسەت: گەمەی ئایکۆنەکان

2/16/2024 12:08:00 PM
لاوک سەلاح

دیاردەیەکی زەق کاریگەری خراپی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو و هەیە، ئەویش "بەمیدیاکردنی" پانتایی سیاسەتە لە بواری ژیانی پەرلەمان و حکومەتدا ئەمەش بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ لەسەر حسابی ناوەرۆک و شارەزایی، بە واتایەکی دیکە، ئایکۆنەکانی نێو میدیا بێشومار دەرژانە نێو مەیدانی سیاسەت، بێ بوونی بەرچاو روونی لەوەی کار و ئەرکی ئاییندە چۆن دەبێت، بۆ نموونە هیچ بیرۆکەیەکی، تەنانەت سەرەتاییش، لە ئارادا نەبوو بۆ پرۆسەی دارشتن و ئامادەکردنی یاسا و چۆنێتی بیناکردنی کۆڵەکەکانی کاری پەرلەمان یاخود چۆنێتی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر کاری لیژنەکان لە پێشبرکێی پارتی سیاسیدا، بۆئەوەی گەوهەری کارەکان بپارێزرێت.

میدیاوانان، نە بواری ئەوەیان هەبوو خۆیان بۆ بەرەیەکی دیکەی کارکردن ئامادە بکەن، نە پارتی سیاسی بەشێوازێکی پیشەییانە و یاسایانە ئەو ئەرکەی لێ داوادەکردن، بەداخەوە، کەس نەپرژایە سەر ئەو پلانە، لە راستیدا، ئەو توانایە هەر نەبوو، توانای کارکردن لەسەر گەشەپێدانی کارامەیی کاندیدەکانی بواری میدیا بۆ پیادەکردنی بەرنامەی سیاسی پارتە سیاسییەکە، لە بەرئەوەی، لە بنەرەتدا، بڕیاڕی سیاسی لە شوێنی دیکە دەدرا و پێویستی بە کارامەیی ئەمان نەدەکرد! پوختەی ئەم قسەیە ئەوەیە: بە دەگمەن کەسانێک هەبوون خەمی ئەوەیان هەبوو پرۆسەیەکی یاسایی و سیاسی بینا بکەن تاوەکو متمانەیەکی سیاسی جیاواز لەگەڵ دەنگدەر مۆر بکەن.

ئەم شێوازە لە بیرکردنەوە لە لایەن هەموو پارتە سیاسیەکانەوە پەیرەودەکرا، دواتر ئەنجامەکەی بەقوربانیکردنی پرۆسەی دیموکراسی بوو بەوەی توانایەکی پسپۆرانە نەهاتە بەرهەم بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ کێشە سیاسییە مێژووییە گەڵاڵەکراوەکان، لە لایەکی دیکەوە، هەم بووە هۆی بە قوربانیکردنی کەسانی نێو میدیا خۆی کە خاوەنی پاشخانی سیاسەت نەبوون، بۆ ئەوەی مەوداکانی نێو سیاسەت فراوان بکەن و ئیدارەی ململانێکانی نێو دونیای سیاسەت بدەن و شارەزای گەمە سیاسییەکانی کەسایەتییە دەست رۆیشتووەکانبن.

بێگومان ئەم شێوازە لە بیرکردنەوە، پشت ئەستوور بوو بە رووخساری"دەموچاوی" و دەنگی کارمەندانی نێو میدیا، نەوەک بە توانا پیشەییەکانیان، تەرکیز لێرە لەسەر ئەو مەرجە پیشەیانەیە کە بۆ پەرلەمان و حکومەت گرنگە و پێویستن، لێرە رەخنە لە کەسایەتییەکان ناگریین. خۆپاراستن لەم هەڵانە، دەمانپارێزیت لە هەڵەی سپاردنی هەموو شکستەکان بە پەرلەمان و حکومەت، پەرلەمان و حکومەتێک کە خۆمان پێکهێنەری بووین و خۆمان کاندیدەکانمان بۆ ناردن، بە واتایەکی دیکە، با بۆ داهاتوو، وریاتر و شارەزاتر مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی سیاسی بکەین، با کاندیدەکان لەسەر بنەمای شارەزایی لە بابەتەکاندا هەڵبژێرێن، نەوەک لەسەر بنەمای گوێڕایەی کەسەکان، لەبەرئەوەی ئەزموونەکە ئەوەی فێرکردین ئەوانەی کە زۆر خۆیان بە گوێرایەڵ پیشان دەدا، بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان، بە پاساوی جیاواز لە یەکەم ئەزمووندا یاخی بوون. 

 "بەمیدیاکردنی" پرۆسەی سیاسی و "بەئایکۆنکردنی" کەسەکانی نێو میدیا، زۆر لە ئەرکە ستراتیژییەکانی پرۆسەی دیموکراسی سڕییەوە، بەوەی میداوانەکان ئەوەندەی بوون بەبار بەسەر پرۆسەی دیموکراسییەوە، ئەوەندە نەهاتن لێكۆڵینەوەی یاسای و سیاسی ئامادەبکەن و داکۆکی سیاسی بکەن و پرۆژە یاسا ئامادە بکەن. لە دۆخێکدا کە پرۆسە سیاسییەکە لە سەرەتای سەرەتای دامەزراندا بوو، وە پێویستی بە کەسانی شارەزایە هەبوو، نەوەک کەسانێک لە بری ئەوەی لە ژوورەوە قسە بکەن و داکۆکی لە مافە مەدەنییەکان بکەن دەهاتنە سەر سکرینەکان و بوونە بەشێک لە هەڵمەتی هاندانی خەڵک بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا. نەبوونی ئەزموون بۆ ئەو دونیایەی کە هاتنە ناوی وەک پەرلەمان و حکومەت و تەنانەت دەزگاکانی دەرەوەی حکومەت، لە یەکەم بەریەک کەوتندا، روویان بە دونیایەکی دیکە تەقییەوە و شوناسیان نەما.

پارتی سیاسی، دیسانەوە، بەئاگا یان بێ ئاگا، کەسە پاڵێوراوەکانی " بەپاڵەوەن" دەکرد بۆ تێرکردنی چاوەڕوانی دەنگدەران، کاندیدەکان لە یەکەم تاقیکردنەوەی خۆیان لە دامەزراوەی نوێدا تووشی شۆک بوون، بۆ نموونە، ئەرکی دامەزراوەکان پێویست دەکات رۆژانە چەند کاتژمێرێک بابەتی پسپۆرانە بخوێنیتەوە، بە هۆی ئۆلاینەوە ، لە رێگەی زانینی زمانی دیکەوە، سەرقاڵی گەران بیت بە دوای زانیاریدا، بۆ خۆدەوڵەمەندکردن بە زانیاری بە زمانە زیندووەکان و دواتر موتوربەکردنی بە دۆخە لۆکەڵەکە و ئاشانکردنی خود بە تەکنیکی یاسایی و شێوازەکانی داکۆکیکردن لە مافە مەدەنییەکان. بەداخەوە، زۆربەیان بە مەسەلەیەکی دیکەوە سەرمەست بوون، نەوەک بەرنامە سیاسییەکان. ئەم ئەزموونە، لە راستیدا، بۆ هەموو لایەک تاڵە و بەشێکە لە کۆی تێگەیشتنی ئێمە بۆ پرۆسەیەکی نوێ لە کۆمەڵگەدا کە پرۆسە و میکانیزمی هەڵبژاردنی نوێنەری یاسایی و سیاسیی کۆمەڵگەیە. ئەمە تاوانی کەسایەتییەکان نییە، ئەوەندی رەنگدانەوەی تێگەیشتنی سیاسی و کەلتووری سنوورداری ئێمەیە لەم قۆناغەدا، هەر بۆیە مەبەستی سەرەکی ئەم نوسینە ئەوەیە لە پرۆسەکانی داهاتوودا ئەم کەلێنە رەچاو بکرێت و خۆمانی لێ بپارێزین.

بیرکردنەوە سیاسییەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە ئەم میدیاوانانە شەوانە میوانی ماڵەکانن، دەنگدەر بە روخسارییان ئاشنایە، دیوار لە نێوان ئەمان و دەنگدەردا نەماوە بۆ ئەوەی دەنگ کۆبکرێتەوە، لە راستیدا ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە نیوەی کارەکەی بەجێ هێنا، بەوەی بیریان لەوە نەکردەوە کە پرۆسەی سیاسی و یاسایی حەوسەلەی دەوێت و کارامەییەکی پیشەی دەخوازێت، کۆکردنەوەی دەنگ بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانیت فشاری سیاسی بکەیت لە پرسە چارەنوسسازەکانی وەک ئامادەکردن و هەموارکردنەوەی دەستوور یان کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، یان لۆبی کردن لەگەڵ سیاستمەدارەکانی نێو پارتی سیاسی خۆیان و لە نێو پانتایی گشتیدا.

بەداخەوە، پرۆسەی بە پیشەسازیکردنی کەلتوور کە رەنگە ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە، بەئاگا یان بێ ئاگا، کۆڵەکەی ئەو بیرکردنەوەیە بێت و بۆ ژینگەیەکی سەرەتایی ئێمە گونجاو نەبێت، لەبەرئەوەی وەک بینیمان تا نیوەی رێگا بڕی کرد و دواتر کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر لۆبیکردنی یاسایی نەهاتە دی، ئەوەی روویدا ململانێ شەخسییەکانی نێوان پەرلەمانتارەکان کە پاشخانی میدیایان هەبوو جێگەی کارکردن بۆ ئەرکەی نیشتمانییەکانی گرتەوە و لە ئەنجامدا نائومێدیەکی دیکەی بۆ دەنگدەر هێنایە کایەوە.

ئێمە سەردەمێکی زۆر سەرقاڵی بیناکردنی ناوبانگییەکی دروستکراودا بووین، درەنگ تێگەیشتین چۆن مامەڵە لەگەڵ ماسکەکان بکەیین. ناوبانگی بۆ ناودەرکردن بوو، نەوەک ناوبانگی بۆ کارامەیی و توانابەخشین و ئەرک جێبەجێکردن بوو بێت بۆ بیناکردنی کۆمەڵگە، لە ئێستادا، کاریگەری میدیا بەو ئاراستەیەدا ئەوەندە بەهێزە کە رەنگە خوێنەر بەم وشانەی ئێرە نامۆ بێت و بە دوور لە واقیعی دیفاکۆتی بزانێت.

ئەوەی پرۆسەی دروستکردنی ئایکۆنی راستەقینە، لە بەمیدیاکردنی سیاسەتدا، جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئایکۆنە راستەقیینە بەتواناکان لە رەوتی ساغدا کاری سەرەکی خۆیان جێبەجێ دەکەن و دەبنە ئایکۆن، بۆ نموونە، ئەکتەرێکی سینەما، یاخود یاریزانێک لە وەرزشدا، یان وێنەکێشێک یان رۆمانوسێک بە بەرهەمێک، ئەوەی لە نێوان میدیا و سیاسەت روویدا ئەوە بوو کە میدیاوانەکان هەم پیشەی سەرەکی خۆیان لە دەستدا و هەم نەبوونە سیاسەتمەدارێکی سەرکەتوو کە بەرنامەی سیاسی لە پارتی سیاسیدا بەڕێوەبەرن.

پوختەی قسە: ئەزموونی کاندیدکردنی گوێڕایەڵەکان سەرکەتوو نەبوو، بۆ ئاییندە پێویستمان بە ئیرادەیەکی سیاسی هەیە کە لەسەر بنەمای پۆلینکردنی شارەزایی کەسەکان کاندید بکرێن، ئەوانەی کە دەتوانن بەردەوامی بە پەیمانی نێوان خۆیان و بەرنامەی سیاسی و دەنگدەر بدەن، ئەو کەسانەی کە لە ناوەرۆکی ئەرکە گشتییەکەوە نزیکن، لە لایەکی دیکەوە، پاشخانی کەسەکان شارەزانەتر بەکاربهێنرێت و نوێنەرایەتیکردنی کەسایەتییە سیاسییەکان بۆ ناوچەکان بەس نییە. گرنگە پارتی سیاسی زانیاری تەواوی لەسەر کێشە و پێداویستی و هاوسەنگی پارتە سیاسییەکان هەبێت، بەر لەم فاکتەرانەش، بای ئەوەندە پەیکەر و بەرنامەی سیاسی پتەو بێت کە قەناعەت بە دەنگدەر بکات تاوەکو شەرعیەتی پێ بدات، گەڕان بەدوای رووخساری نوێی گوێرایەڵ لەسەر هەمان میکانیزمی کۆن لە بازنەیەکی داخراودا دەمانهێڵێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە، دیدێکی نوێ لە بری بە میدیاکردنی سیاسیەت بێتە ئاراوە، وزە و توانای میدیاوان لە رەوتی تەواوی خۆیدا، لە پرۆسەی سیاسدا بەکاربهێنرێت، ئەرکی میدیاوان سەرخستنی بەرنامەی سیاسییە گشتییەکەیە، نەوەک شتی دیکە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن