دامەزراوەبوونی پارتی سیاسی: لە کوێوە؟
2/28/2025 9:34:00 PM
لاوک سەلاح
زۆر جار ، باس لە، بێ ئەوەی لە ماناکەی شارەزابین، ئیرادەی سیاسی دەکەین بۆ
هێنانەکایەی پرۆسەیەک لە ژیانی پارتی سیاسیدا بۆ ئەوەی خۆی دەمەزەرد بکاتەوە.
ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە پێکهات و بونیاد و پەیکەری هەموو پارتە سیاسییەکانی
رۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو سەرنجەمان لا دروست دەکات کە
پارتی سیاسی وەک چۆن لە دایک دەبێت، بەشێوازە خۆرسکەکەی، بەهەمان شێوە ماڵئاوایی لە
ژیانی سیاسی دەکات. لەو چەند ساڵەی کە پارتی سیاسی دەژێت هیچ وزەیەکی سیاسی نوێ
بەرهەم ناهێنێتەوە بۆ ئەوەی توانای بەردەوامی هەبێت. لە باشترین دۆخدا، وەک
لاشەیەکی بێ رۆح کاری سیاسی دەکات و دەبێتە بەشێک لە مۆزەخانەی سیاسی و هەنسک و
خەفەت بەدیار وێنەی رابردووی خۆی و پاڵەوانەکانییەوە تا رادەی ئەفسانە دەردەبرێت و
ئاییندەش تاریک و داگیر دەکات.
بۆ ئێمە، ئەمە جێی پرسیارە، بۆ
پارتی سیاسی، هاوشان بەو گۆرانکارییە سیاسیانەی کە رۆژانە و بەردەوام و بەخێرای
دێنە ئاراوە توانای دامەزراندنی کایەکانی خۆی نییە؟ ئایا هۆکاری ئەم چەقبەستنە
دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵکە خۆی لەگەشەکردندا نییە؟ یاخود رەنگە پارتی سیاسی
ئەدەبیات و میراتی سیاسی وای نەبێت کە پشتی پێ ئەستوور بێت؟ ئایا گرفت، نەبوونی
سەرکردایەتی سیاسییە کە توانای دەمەزەردکردنەوەی هەموو جومگەکانی پارتی سیاسی نییە؟
نموونەیەک، هەر بۆ راستکردنەوەی ئەم قسەیە، ئەزموونی پارتە سیاسییەکانی فیلپینە،
کە بەدرێژای سەد ساڵ لە مێژووی دامەزراندنی پارتی سیاسی، هیچ پارتێکی سیاسی توانای
گۆرانکاری نەبووە، لای خۆمان خراپتر، لەبەر پەرتەوازەیی سیاسی و زۆری مینبەرە
سیاسییەکان و وەهمە سیاسییەکان کە بە
دەستی ئەنقەست بۆ مەبەستی دیکە بەکاردەهاتن. پارتی سیاسی لای ئێمە لە زۆربەی
وێستگە سیاسییەکان وەک کورەی داخ وابووە خۆی قاش کردووە، زۆرجار ئەوە هەرەشە
دەرەکییەکان بووە ململانێ توندەکانی ناوخۆی نێو پارتی سیاسی شاردۆتەوە یاخود
ململانێکان بۆ کاتێکی دیکە هەڵگیراون.
بۆ پرسی بەدامەزراوەکردنی پارتی
سیاسی بایەخی ستراتیژی هەیە، لەبەرئەوەی متمانە و بەرپرسیاریەتی سیاسی دەبەخشێتە پرۆسەی دیموکراسی بەگشتی و هەڵبژاردن
بە تایبەتی، هەروەها دەبێتە سێبەر و چەتر بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی پتەو و دەبێتە
ئیلهامی دامەزراندنی کۆڵەکە سیاسییەکان. پارتی سیاسی بەهەر ئایدۆلۆجیایەک خۆی بە
کۆمەڵگە بناسێت، دواجار، رێکخراوێکی گشتی و سیاسییە، کە پڕ بەو مانایە دەبێت دۆخی ناوخۆی
خۆی رێک بخات و توانای ئەوەی هەبێت هەمیشە ژینگەی سیاسی بکاتە ژینگەی فێربوون و
گەشەپێدانی توانای سیاسی راستەقینە، نەوەک نمایشکردنی سەرپێیانەی فەیسبووک و
تیکتۆک، بەمانایەکی تر، ئەو ژینگەی کە
هەیە دەبێت گوزارشت لە پەیام و ئەرکی راستەقینەی پارتەکە بکات و نەهێڵێت کەلێنی
نێوان تیۆر و پراکتیک ببێتە عورفی سیاسی و لای هەموو کەس بە ئاسایی وەربگیرێت.
مەبەستمان لە دامەزراوەبوون چییە؟ با نموونەیەکی ساکار بدەین و پرسیار
بکەین پرۆسەی بڕیاردانی سیاسی لە نێو پارتە سیاسییەکان هەر لە چەپەوە تا راست
جیاوازیان چییە؟ بۆ، کەم تا زۆر، شێوازی بڕیاردانی سیاسی وەک یەکە؟ چی بکرێت بۆ
ئەوەی بڕیاری سیاسی گوزارشت لە کۆی ستراتیژیەتی پارتی سیاسی بکات؟ بۆ بڕیاری سیاسی
لە رۆژهەڵاتدا لە دەستی یەک کەسدایە؟ لە کاتێکدا پارتی سیاسی گوزارشت لە کۆی ئامانجەکانی
کۆمەڵگە دەکات و لە پشتەوە ئیرادەیەکی دەستەجەمعی هەیە! بەمانایەکی دیکە، دەبێت بڕیاڕی
سیاسی رەنگدانەوەی کۆی ئیرادەی سیاسی پارتەکە بێت، نەوەک ئیرادە و تێگەیشتنی یەک
کەس. بەداخەوە، پارتی سیاسی لە رۆژهەڵاتدا لەسەر رەمزیەتی سیاسی و هەڵوێستی سیاسی
پڕ سروود دەژێت نەوەک میکانیزمی سیاسی کە سروودەکان بکاتە بەرنامە و پرۆژە.
نموونەیەکی دیکە، چۆن دارایی پارتی
سیاسی رێک دەخرێت؟ لای کێیە؟ بۆ لای ئەوە؟ ئایا هیچ پێوەرێکی یاسایی و دامەزراوەیی
هەیە کە دارایی و بودجە لای کەسێکی دیاریکراو بێت و ئایا هیچ جۆرێک لە ئەرک و
بەرپرسیاریەتی نوسراوەتەوە بۆ کەسێکی دیاریکراو تاوەکو ئیدارەی دارایی بکات، ئایا
کەسەکە شارەزای داراییە یاخود وەک سندوق ئەمین کار دەکات، دواجار، بەداخەوە،
سندوقەکە لە هەلومەرجێکی تەمومژدا دەفڕێت! ئایا دەکرێت دارایی پارتی سیاسی لە ژێر
هەژموونی یەک کەسدا نەبێت و پارتی سیاسی سیستمێکی دامەزراوەی هەبێت دارایی پارتی
سیاسی بە سیستم و بە یاسا لە رەفتاری
کەسیی بپاریزێت، بەداخەوە، لە بری سیستم و یاسا، پارتی سیاسی پەنادەباتە بەر
ویژدان و نزیکایەتی کەسەکان، هەر بۆیە، کەم جار، دارایی پارتی سیاسی نەبۆتە قوربانی
نەبوونی سیستمێکی دامەزراوەیی، ئیدارەدانی دارایی پارتی سیاسیی لە ئیدارەدانی دارایی
تیپەکانی فتپۆل دەکات، کە لە منداڵیدا لە پڕ هەڵدەوەشایەوە و دارایی دیار نەدەما!
نموونەیەکی دیکە، ئایا دەکرێت سێکتەری ئەمنی پارتی سیاسی، وەک دیفاکتۆیەکی
مێژووی، باشتر ئیدارە بکرێت؟ بەراوردێکی خێرا بەم سێکتەرەدا لە نێو پارتە
سیاسییەکان، هیچ جیاوازیەک دەردەخات؟ بێگومان بەدەر لە بودجە و دەستەڵات، بەندە،
باس لە پەیکەر و رەفتار دەکەم. ئایا دەکرێت بەها و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەم
بوارەدا لە بونیادی پارتی سیاسی لۆکەڵدا جێگایان بێتەوە. بۆ نموونە پارتی سیاسی
خاوەنی هێزی ئەمنی نەبێت، گەیشتن بەم ئامانجە، جۆرێکە لە راستکردنەوەی مێژوو، هەر بۆیە
پرۆسەی دامەزراوەکردنی پارتی سیاسی بەشێکە لە راستکردنەوەی مێژووی کۆمەڵگە خۆی،
بەشێکە لە گەشەسەندنی دید و جیهانبینی کۆمەڵگە سەرتاپا بۆ ئەرک و
بەرپرسیاریەتییەکان بۆ ئیدارەدانی ناکۆکییەکان بە سیستم و لە رێگەی بە
رێکخراوکردنی رێکخراوە سیاسییەکان.
رێکخراوی سیاسی، لە بنەچەدا،
رێکخراوی یاسایین، کێن ئەو یاساناسانەی کە شارەزان لە پتەوکردنی یاسا
دادپەروەرەکانی پارتی سیاسی. دیسانەوە، ئاوڕێکی خێرا بە ئادای ئەندامانی پارتی
سیاسی بدەن، ئەوپەری خۆرسکی لە رەفتار و هەڵوێستی سیاسی پەلە بەدی دەکرێت.
داواکاری بۆ دیسپلین و دامەزراوەبوون و یەکسانی کۆمەڵایەتی و هاوسەنگی بەرژوەندی
سیاسی لە کاری رۆژانەدا بەدەگمەن رەنگدەداتەوە. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە بۆ تەواوی
مێژوویەک بەم شێوەیە دەقی گرتووە ناگۆردرێت، چی بکەین بۆ ئەوەی وانەمێنێت؟
لە بۆنەکانی رابردوودا، باسمان لە ریفۆرمی کۆی سیستمی سیاسی و سیستمی پارتی
سیاسی کرد، ئەم نووسینە دەرژێتە ئامانجی چاکردنی سیستمی ناوخۆی پارتی سیاسی. ئایا
کاتی ئەوە نەهاتووە، لە رێگەی دەستەیەکی یاسایی بۆ نموونە نێو پەرلەمان،
هەڵسەنگاندنێک بۆ بونیاد و پەیکەر و رەفتار و شێوازەکانی دیسپلین و پرۆژەکانی
تواناسازی سیاسی بکرێت یاخود کات بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی سیاسی بۆ
بەرێکخراوکردنی پارتی سیاسی نەهاتووە.
پێشنیارێک بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەندێ لەو ناوندە ستراتیژییە
نوێیانە کە دامەزراون :کارێکی دانسقە دەکەن، ئەوەندی کار لەگەڵ هاوڵاتی دەکەن، دوو
ئەوەندە کار لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان بکەن، کار کردن لەسەر کۆکردنەوەی هاوڵاتی
بۆ پێکهێنانی فشاری سیاسی بەتەنیا بەس نییە، ئەمە میکانیزمی گروپی سیاسییە، نەوەک
ناوەندی ستراتیژی کە دەبێت هەوڵ بدات بۆ بەرهەمهێنانەوەی مەعریفەی سیاسی بابەتی تاوەکو
کاریگەریان لەسەر بڕیاری سیاسی هەبێت.