میدیا و وەرگێران: چەواشەکردنی ئایدیۆلۆجی
12/16/2023 6:41:00 PM
لاوک سەلاح
دەبوایە زۆر زووتر لەسەر ئەم بابەتەم بنووسیبایە، لەبەرئەوەی بابەتی سەرەکی بڕوانامەی ماستەرەکەم بوو لە زانکۆی ویستمسنتەر لە لەندەن، ساڵی ٢٠٠٢، دواتر، لە پاش ٢٠٠٥، بۆ نزیکەی سێ ساڵ لە زانکۆی سلێمانی، لە بەشەکانی ئینگلیزی و زانستە سیاسییەکان، ئەم بابەتەم بە قۆناغی چوار و سێ دەوتەوە، بابەتی شێوازەکانی " دارشتنی هەواڵ و وەرگێرانی بابەت" لە رۆژنامەی ئینگلیزییەوە و وەرگێرانی هەواڵ و بابەت بۆ کوردی و عەرەبی و کاریگەری کەلتووری سیاسی بەسەر دارشتنەوەی بابەتەکاندا و بەراوردکردن و رەنگدانەوەی شێوازەکانی بیرکردنەوەی سیاسی لە رێگەی راڤەکردنی کەلتووری جیاواز ببونە کرۆکی وانەکان و لە هەمان کاتدا، ستراتیژیەتی فێربوون ئەوە بوو کە بە متمانە و بە مەعریفەی گونجاوەوە دەست بدەینە قەڵەم و تاوان بە پرۆسەی وەرگێرانەوە نەکەین و ناوەرۆکی بابەت نەکەینە قوربانی و بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگێران، پانتایی و ئاسۆکانی بیرکردنەوە فراوان کرابێت و کەسی وەرگێر ترسی شکا بێت، وەک کابتنی پاپۆرێک پەی بە هاژە و شەپۆلەکان بدات و خوێنەر بە ویژدانەوە بگەیەنێتە کەناری تێگەیشتن و توانای هەبێت خۆی لە کێڵگە مینێژەکان بپارێزێت و بزانێت چۆن ناوەرۆکی بابەتەکە نزیک دەکاتەوە لە تێکستێکی خۆماڵی، بێ ئەوەی پێوەرە سەرەکییەکان پێشێل بکات.
لە یادمە، جارێکیان لە قۆناغی زانکۆدا، مامۆستایەکی بە توانامان هەبوو دەیووت بۆ ئەوەی لە رۆمانوسی ئێرلەندی "جەیمس جۆیس" بگەیین پێویستمان بەوەیە کە سەردانی ماڵەکەی بکەین و ئاشنای وردەکارییەکانی ژیانی ببین و "زاکیرەیەک" بخوڵقێنین تا بتوانین لە ئەدەبە مەزنەکەی تێبگەیین، هەڵە نەبم "ئاری کەمال رەفعەت" هاوڕێی تەمەنم، ئەو کارەی کرد و ماستەرنامەکەی بەو شێوەیە لەسەر ئەو نووسەرە مەزنە ئامادەکرد. ئەم کارەی "مامۆستا ئاری" شایانی ئاوڕدانەوەیە.
لە وەرگێرە لێهاتووەکانی عەرەب، بەرەچەڵەک فەلەستینی-عێراقی "جەبرا ئیبراهیم جەبرا"یە کە سەرباربەوەی رۆمانووسێکی بە توانا بووە، وەرگێرێکی ئەدەبی مەزن بووە، "جەبرا" لە زانکۆکانی هارڤەرد و کامبرج، لە کۆتایی چلەکانی سەدەی رابردوو خوێندویەتی، چەند ئاشنای دونیای "موتەنەبی شاعیر" بووە، دوو ئەوندە "شکسپیر". لە مستیدا، هەردوو شارستانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای کۆدەکردەوە، توانای جەبرا هەرگیز لە توانای نوسەری کتێب کەمتر نەبوو. خوێنەر بە رێزەوە هەست بە توانای دەکات کە نەوەک توانای مەعریفی بەسەر دونیای نووسەرەکدا دەشکێتەوە، بەڵکو ئەو لە تەواوی ژینگەی لە دایکبووی نوسەرەکە دەگات، نووسەر سڵی لێ دەکردەوە، ئەو مەلەیەکی کوێرانەی نەدەکرد، بەڵکو توانای بەستنەوەی رستەکانی کتێبی وەک مرواری هەبوو، ئەو نەدەچوو ناوەرۆکی کتێب بە ئارەزووی خۆی تێک بدات و خوێنەر چەواشە بکات، بەوەش دونیا وێران بکات.
لای بەندە وەرگێرانی کتێب، نەوەک تەنیا بیناکردنی شارستانیەتە، بەڵكو زیندکردنەوە و پاراستنی رۆحی مرۆڤدۆستییە. لە مێژە، پێشنیاری خەڵاتکردنی وەرگێرە بە تواناکانی خۆمانمان کردووە بەوەی، ساڵانە، بۆنەیەکی رەسمی لە باڵاترین دەستەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هاندان و خەڵاتکردنی باشترین کتێبی وەرگێردراو لە بوارەکانی ئەدەب و مێژوو و ژینگە و کیمیا و جوگرافیا و فیزیا و بەشەکانی زانستی دیکە لە زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و فەرەنسی و بە پێجەوانەوە بکرێت، وەک هەموو وڵاتەکانی دیکە رێز لە داهێنەرانمان بگیرێت، ئەمە دانانی خشتی یەکەمی پرۆژەی رێنیسانی فیکری و رۆشنبیرییە بۆ بیناکردنی کۆمەڵگەیەکی جیاواز کە لە پێزانیینەوە سەرهەڵدەدات و کۆمەڵگە لە تەوژمە فیکرییە دەرەکییە نامۆکان دەپارێزێت.
کاری چەواشەکردن و قسەکردن بە ناوی نووسەر و خەڵکانی دیکەوە دیاردەیەکی دزێوی نێو دونیای ئەدەب بە تەنیا نییە، بەڵکو لە دونیای ئەدەبیاتی سیاسەتدا خراپترە. بۆ نەوەی من و بەر لە ئێمەش، ئەو کات، لە بەرئەوەی پشتمان بە زمانی عەرەبی و فارسی بەستبوو، سانسۆری پارتی سیاسی و دەستەڵات و ئایدیۆلۆجیایی باوی ئەو سەردەمە بەربەرست بوون لە بەردەم ئەوەی تێگیشتنە فیکرییەکان کامڵبن . تەنانەت زۆربەی خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ بڵاوکردنەوەی مەعریفەی گشتی وەک خۆی نەبوو بەڵکو بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ئایدۆلۆجی تایبەت بوو، هەندێکیان گەمێیان بە فیکر خۆی و بە پرۆسەی بیناکردنی فیکر لای خوێنەر دەکرد.
بەندە، ململانێ سیاسییە بێ بنەماکانی نێوان چەپەکان و ناسیونالیستەکانی شارەکەم، سلێمانی، لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە یادە، ئەوەندەی تەرکیزمان لەسەر قسەکەرەکان بوو، ئەوەندە گوێمان بە ناوەرۆک و پەیامەکان نەدەدا، وا باو بوو، وا تێدەگەیشتین متمانە بە کەسەکان، متمانەیە بە ناوەرۆکی بابەتەکان، بەداخەوە لە ئێستادا هەمان هەڵە بەردەوامە، لە یادکردنەوەی کەسەکان، ئەوەندی تەرکیز لەسەر کەسایەتییەکان و هەڵوێستی سیاسییە کە پڕە لە ئایدیۆلۆجیەتی تایبەت، ئەوەندە تەرکیز لەسەر ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بابەتیانە نییە، ئەمە دەردێکی کەلتوورییە. ئەوەش هەموو مەسەلەکە نەبوو، لەبەرئەوەی لە بنەچەدا، گرفت ئەوە بوو بە دیدێکی رەخنەگرانەوە مامەڵەمان لەگەڵ ناوەرۆکی چاپەمەنییەکان نەدەکرد و گومانێکی داهێنەرانەمان لە نوسەرەکان نەدەکرد و وەک خۆیان پەسەندمان دەکردن، ئای کە دونیایەکی داخراو بوو، هەر بۆیە ململانێکان لە بازنەیەکی داخراودا بوو، نە فیکری رەسەنی نوێ هات و نە فیکری خۆماڵی بەرهەم هات، دواجار، دونیایەکی سیاسی و رۆشنبیری پەرتەوازەی بۆ خوڵقاندین کە کەس کەس ناناسێتەوە.
راستە، هەر ناوەرۆکێک یان تێکستێک هەڵگری ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەتە، هیچ ناوەرۆکێک، لەم راستییە بەدەر نییە، بەڵام گرنگە ئەگەر کەسێک بە پاشخانی مارکسییەوە، تێکستە ئایینەکانی وەرگێرا، وەک خۆیان وەریبگێرێت، بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر وەرگێرەکە کەسێکی ئاییندار بوو، پێشوەخت حوکم نەدا و پانتاییەک بۆ دەرەوەی چەمکەکان و بڕواکانی خۆی بهێڵێتەوە. بە مانایەکی سادەتر، نابێت ئایدیۆلۆجیای تایبەتی وەرگێر رێگر بێت لەوەی لە سەنگەری ئەوبەر تێنەگات یان لە ئەنقەسەت بە توولەرێیدای بەرێت. لایەیەکی دیکەوە رەنگە، وەرگێرەکە عاشقی رێبازێکی سیاسی بێت و خۆی ناوەرۆکی بۆ بهۆنێتەوە، خۆشبەختانە ئەو بازنە داخراوە لە مێژە بۆ ئەو مەبەستە نەماوە! وەرگێر ئەو کات بەختەوەرە کە توانای راگرتنی ئەم جۆرە لە هاوسەنگی فیکری لە نێوان خۆی و ناوەرۆک و خوێنەردا هەبێت، ئەمە سەلماندنی بوونی پاشخانێکی فیکرییە کە دوورە لە "مەزاجییەت" و نزیکە لە رۆحی ناوەرۆک.
پوختەی قسە: مامەڵەکردن لەگەڵ ناوەرۆکی میدیا و دامەزراندنی پرۆسەیەکی وەرگێرانی پیشەیی لە نێو میدیادا پێویستی بە توانایەکی پیشەییانەی فراوان هەیە کە رەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی فراوانی سیاسی و کەلتووری بێت، هەروەها شارەزابوون لە ئامرازەکانی گەران بە دوای زانیاری دروستدا. پرۆسەی وەرگێران چەند پرۆسەیەکی تەکنیکی زمانەوانییە، ئەوەندە رەنگدانەوی کەلتوورێکی سیاسی تایبەت و ژینگەی تایبەت و جۆرێک لە ئەدەبیاتی سیاسییە کە بە ئاسانی دەناسرێتەوە. لەم بۆنەیەدا، پێشنیار دەکەم ئەم پرۆسەیە بە بەرپرسیاریەتی مێژووی و ئەخلاقی زیاترەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت لە بەرئەوەی زۆر لە مێژ نییە ئەم سەردەمە ناسراوە بەوەی سەردەمی نەبوونی متمانەی گشتییە و نەبوونی راستگۆیی و بڵاوبوونەوەی زانیاری چەوتە و سەردەمی بەکارهێنانی لابەلای ئامرازەکانی میدیایە کە بە بەکارهێنانی زانیاری دروستکراو تەنراوە.