358وتار

بەدەستهێنانەوەی رەوشت و بەهاکەی: راپرسییەکی ناوخۆی بەرفراوان

7/12/2023 6:19:00 PM
لاوک سەلاح


چیتر، لە ئێستادا ماوە لەسەر رەوشتی گشتی و رەفتاری سیاسی بووترێت؟ هەموو درک بە کێشە و قەیران و پەرتەوازەیی و ئاڵۆزی بوونی کێشەکان و قەیرانی سەرکردایەتی سیاسی لە دونیا و لێرە دەکەین، هەموو درک بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، هەموو درک بە هەرەشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان دەکەین، هەموو درک بەو تەنیای و گۆشەگیرییە کوشندە سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتییە دەکەین کە سەرباری بوونی تەکنەلۆجیا و سۆشیال میدیا بەدەستییەوە دەناڵێنین، هەموو درک بە کاریگەرە بەد و خراپەکانی ناسۆشیال میدیا دەکەین کە درۆیەکی شاخداری پڕ وەهمی بۆ هەموومان هێناوەتە ئاراوە و سەردەمێکی لە بزربوونی راستی و حەقیقەت و عەقڵ دروست کردووە.

لە کۆرۆنادا، هەموومان مەرگمان دی، یان لە مەرگ نزیکبووین، یان لە مەرگ گەڕاینەوە، بەڵام هیچی لە تێڕوانینی شەرانگێزانەی ئێمەی مرۆڤ نەگۆڕی. هەموو درک بە ناشرینی و قێزەوەنی سەردەمێک دەکەین کە جوانییەکان، نەوەک کاڵ دەکاتەوە، بەڵکو زیندەبەچاڵ دەکات و دەخوازێت هەموومان ناشرین بکات، هەرچەندە هەر نابیین. لەوە قێزەوەنتر نییە کە زۆر چاک درک بەوە دەکەیت کە ناشرینیت و گەندەڵیت بەڵام هەر بەرگری لە ناشرینی دەکەیت، هەوڵ نادەدەیت رۆحێک بشۆریتەوە و پاکژ و بێگەردی بکەیتەوە لە هەموو گوناهە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لە بەرئەوەی بە ویژدانیکی مردووەوە ژیان بەسەر دەبەیت.

هەموو درک بەو راستییە دەکەین کە هەموومان هەموو شتەکان بۆ بەرژەوەندییەکی شەرانگێز بەکار دەهێنین؛ ئایین بۆ دژایەتیکردنی یەکتر بەکاردەهێنین، کرۆکی ئایین چەواشە دەکەین و گوناه و تاوان بە ناوییەوە دەکەین، بودجە بۆ لێدانی یەکتر بەکار دەهێنین، ئامار و ژمارەکان لێڵ و تەڵخ دەکەین، هێز، هێزێک کە لە کارتۆن دروست کراوە، بۆ تێکشکاندنی شکۆی یەکتر بەکاردەهێنین، هێز، میکافیلیانە، بەکار دەهێنین بۆ قڕکردنی یەکتر، خۆێن دەرێژین بۆ مانەوەی ناشرینیمان، زانیارییە چەوتەکان ریز دەکەین بۆ بەئەنفالکردنی خۆمان.

هەموو درک بەو راستییە دەکەین کە تا هێزێکی هاوبەشی سیاسی نەبێت هێزێکی پێشمەرگەی هاوبەشمان نابێت، تاوەکو دوو زۆن بمێنێتەوە هێزی پیشمەرگە بە لاوازی بەسەر دوو زۆندا دابەش دەبێت و دەستتێوەردانی دەرەکی تا بێت زیاتر دەبێت. ئەوە قەد نابێت، بەرد چۆن دێتە گۆ!

هەموو درک بە نەبوونی شوناسی سیاسی و نەبوونی بودجەی حکومەت و پلانی ستراتیژی حکومەت و نەبوونی هاوپەیمانی سیاسی راستگۆ دەکەین، ئێمە هەموو درک بەوە دەکەین کە بودجەی گشتی بۆ مانەوەی پارتی سیاسی بەکاردەهێنرێت، نەوەک خزمەتگوزاری گشتی، ئێمە هەموو درک بە ونبوونی بەهای هاوڵاتیبوون دەکەین، هاوڵاتی لە نیشتمانی مندا لاوازترن بازنەی ژیانە. ئێمە تەنانەت هەستمان بە دووڕیانە سیاسییەکان لاوازە، لە راستیدا وڕیین و شەکەتیین و فێری شەکەتی حکومرانی نیین.

ئێمە ئەدەب و پەیامە قەشەنگەکەی وەک موشەک بەسەر یەکتردا بۆ ئازاردانی یەکتر و سڕینەوەی یەکتر دەبارێنین، لای ئێمە، بەداخەوە، سەنگەرەکان تێکەڵ بە یەکتر بوون و کارێکی سەختە راستی لە درۆ جیابکرێتەوە. ئێمە درک بەوە دەکەین کە دیموکراسی لە نیشتمانی ئێمەدا لە درۆیەکی گەورە زیاتر نەبوو، لە هەموو دونیایشدا و لە لای ئێمە بە تایبەتی،  دیموکراسیەت لە بەرداشی جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەوروپا و جوگرافییەکانی دیکە چی پێدەکرێت، پرۆسەی سیاسی، بووە پرۆسەیەکی رووتی سەوداکردن،  ئاخر لە پاش جەنگە کێوییەکان دیموکراسی بە ئەسپی زێریینەوە نایەتە بەرماڵەکانمان.

ئێمە هەموو درک بە کێشەی قووڵی ناو خێزانەکانمان دەکەین، درک بە پەرتەوازەی ئەندامانی خێزان و توندوتیژی نێو خێزان و هەڵاتنی نەوەی نوێ لە چوارچێوەی خێزان دەکەین کە تا دێت پەیوەندییەکانی نێو خێزان بەرەو نەمان دەچێت. هەڵاتنی گەنجان چەند لەبەرنەبوونی بێکاری و نادیاری ئاییندەیە، دوو هێندە هەڵاتنە لە جەبری مێژوویەکی قورس، لە زنجیرو کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی.

ئێمە هەموو درک بە گەمێ بێ مۆراڵەکانی ناو بازار دەکەین، وا دەزانین کێ فێڵبازتر بێت ئەو سەرکەوتووترە، کێ توانای قۆڵبرێنی هەبێت لە نەبوونی سیاسەتێکی بازاڕ و دارایی راشکاودا، ئەو بلیمەترە، هەر ئەو قومارەیە پەڕیوەتەوە نێو دونیای سیاسەت و وای لە زۆرینەی خەڵک کردووە وابزانیت ئەوە حەقیقەتی سیاسەت و بوونە.

ئێمە هەموو ئەو راستییانەی سەرەوە دەزانین. ئەمانە شتێکی نوێ نییە کەس نەیزانێت. ئەی چی ماوە بیزانین و بکرێت؟

ئەوەی نوێییە و کە نییە، کارکردنە بۆ چۆنێتی گەرانەوەی مۆراڵی مرۆڤدۆستی، درک کردن بە راستی و حەقیقەتەکان بەس نییە بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت و بۆ ئەوەی هۆشمەند بیت و ئەرکی سەرشانت سووک بێت، ئەرکی رۆشنبیر هەر ئیدانەکردن و دەستنیشانکردنی گرفتەکان  نییە، بە قسەکردن لەسەر ئەو خاڵانەی سەرەوە نابیتە فریشتە و ناتخاتە خانە و سەنگەری شکۆ و پەرێزپاکی، ئاخر جێی پرسیارە بۆ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دوو کەس رێک ناکەون؟ بۆ مێژووی پارتی سیاسی لەم وڵاتەدا شوناسی خوێنە؟ بۆ دوو پارتی سیاسی پێکەوە ناتوانن هاوپەیمانیەتێکی سیاسی پیشەییان هەبێت؟  بۆ ئەندامانی تیپێکی وەرزش یان تیپێکی هونەری هەمیشە نیگەرانن لە یەکتر و لە یەک نارازین؟ تا ئەو کاتەی زەمینەی ئەم پەیوەندیانە پەرەدەسێنیت و بنەماکانی بەرجەستە دەبن هەر وا دەمێننەوە.

کۆمەڵگەیەک نەتوانێت "تیم" لەسەر هەموو ئاستەکان پێکبهێنێت دەبێت پرسیاری سەخت و جەوهەری لە خۆی بکات، پرسیار لە توانای بۆ پێکەوەژیان بکات، کۆمەڵگەیەک نەتوانێت رووبەرووی نیفاقی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی ببێتەوە دەبێت سەرسەختانە کار لەسەر بیناکردنەوەی خۆی بکات، دەبێت جوانییە شاراوەکانی پارێزێت و سەرلەنوێ نوێنەرانی خۆی لە هەموو ئاستەکاندا بگۆرێت. لە هەموو ساتێک زیاتر دەبێت کار دژی پەرتەوازەیی و ونبوون و خۆزاڵکردن و دزی و گەندەڵی بکات. دەبێت ئیتر واز لە دەستەواژەی "پێویستە ئەوە بکەین، پێویستمان بەوەیە، پێویست ئەوەیە" بهێنرێت. ئەم دەستەواژانە، نە بڕیار دروست دەکات و نە هەنگاوت پێدەنێت. هەرگیز ژیان بەو شێوازانەی سەرەوە بەردەوام نابێت، دەبێت ئیرادەیەک تەنانەت، لە غەیبیشەوە بێت، دەبێت هەبێت، شتەکان بباتەوە رەوتی سروشتی خۆیان

لاتان سەیر نەبێت، لە نەبوونی ئیرادەی راستەقینە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رێکخستنەوەی پرۆسەی سیاسی و پاراستنی دامەزراوە شەرعیەکانی دیکە، نەوەک پەرلەمان کە بووە قوربانی ململانێی بەتاڵی نێوان پارتە سیاسیەکان کە پاساویان دا بە لایەنی دەرەکی وردە وردە شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێم بەرەو پوکانەوە بەرێت، و لە دەرەوەی هەرێمەوە بە ناوی پڕکردنەوەی بۆشای یاسایی و سیاسی فشار بۆ سەر هەرێم بەرن، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر هەڵمەتێکی فراوان و گشتگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئاستی ناوخۆدا بۆ ئەنجامدانی "راپرسی" گرنگە، بۆ بەتواناکردن و بەهێزکردنەوەی کۆمەڵگە تاوەکو خۆی سەرپشک بێت و رای هەبێت لە رێکخستنەوەی ماڵی سیاسی کوردی. ئەنجامدانی راپرسیەکی ناوخۆی گشتگیر گرنگە بە مەبەستی دیاریکردنی ئەرک و ئەو کەسانەی توانای بەرێوەبەردنی کۆمەڵگەیان هەیە، ئەوەشی بۆ هەر هۆکارێک جێی نابێتەوە و توانای نییە با بەرێزەوە دانیشێت.

راپرسییەک ببێتە ئاوێنە بۆ رووبەرووبونەی خود، بە راشکاوی. ئەم جارە راپرسی بۆ ئەوەی کۆی کۆمەڵگە بێتە قسە، بەمە هەموومان ویژدانمان ئارام دەبێت و بەرپرسیاریەتی مێژووی دەهاوینە سەر کۆمەڵگە خۆی، خۆمان لە تاوان و گازندەی سیاسی و بۆڵەبۆڵ و وتنەوەی پەیامی بێ سوود و پرۆژەی بێ کەڵک دەپارێزین. ئەمە دەبێتە سەرەتایی راستکردنەوەی رەورەوەی مێژوو. بێگومان "باچ"یش دەخوازێت. کێ ئەم ئەرکە ئەنجام بدات؟ دەستپێشخەری لەم جۆرە، تەحەدایەکی مێژووی گرنگە، بەڵام رەنگە ئاسانتر بێت، لە بەرئەوەی بۆ یەکەم جار دەبێت کە سەرتاپای کۆمەڵگە پرسیار ئاراستەی بوون و توانای خۆی دەکات و بە شەڕی لاوەکییەوە سەرقاڵ نابێت. کێ راسپێرین ئەم ئەرکە ئەنجام بدات؟ تا زووە، وەڵام دەخوازێت، بەرلەوەی شەرعیەتی دامەزراوەکانی دیکەی هەرێم بسڕنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن