دایالۆگی ستراتیژی.. دەروازەیەک بۆ بیناکردنەوە
8/21/2020 4:03:00 PM
لاوک سەلاح
*ئەندامی شاندی
هەرێمی کوردستان
رۆژی ١٦/٨/٢٠٢٠
شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دایالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق گەیشتە واشنتۆن
دی سی لە ئەمریکا و تا ٢٣/٨/٢٠٢٠ دەمێنێتەوە.
ئەم دیدارە
ستراتیژییە، دیدار و دایالۆگێکی کراوەیە لە نێوان ئەمریکا و حکومەتی عێراق، مەبەست
لە دیدارەکە بەردەوامبوونی پەیوەندی نێوان دوو دەوڵەتە. یەکەمیان ئەمریکا کە کاریگەریەکی
بەرچاوی لە ناوچەکەدا هەیە لە رووی سیاسی و بوونی بنکەی سەربازیی فراوان، و لە لایەکی
دیکەوە عێراق کە یەکێکە لە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە، هەرچەندە ژێرخانی ئەم
دەوڵەتە و ئەم کۆمەڵگەیە بەهۆی جەنگە بەردەوامەکان و سەرکێشییە سیاسییەکان لە ماوەی
زیاتر لە پەنجا ساڵی رابردوودا بە تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەتی داڕماندوە. بێگومان،
ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەش زەمەنێکی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی بینابکرێتەوە، لەو ساتەی سەقامگیری
سیاسی بەدەست دێتەوە.
سەرلەنوێ، رۆژهەڵاتی
ناوەراست بە عێراقەوە بە توولەرێی نادیارەکاندا گوزەر دەکات، سەرلەنوێ وەچەرخانێک
و دووڕیانێکی سیاسی چاوەڕوانی ئەم ناوچەیە دەکات کە رەنگە هاوکێشەکان بگۆردرێن.
هاوکێشە سیاسییەکان لە مێژووی ناوچەکەدا هەمیشە جێگیر نەبوون، هەر بۆیە کاری بەردەوام
دەخوازێت. هیوادارین ئەم دایەلۆگە، لەم ساتەدا، کە ئاماژەیەکی زیندووی پەیامێکە بۆ
رێکخستنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی ناوچەکە، لاپەرەیەکی نوێ بێت بۆ خزمەتکردنی
هاوڵاتیانی عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی.
وەک پێشتر ئاماژەم
پێدا بوو، ئەم دایالۆگە چەندین رەهەندی سیاسی ستراتیژی هەیە، بۆ ئێمە لە ناو عێراقدا،
و بۆ ئێمە وەک لەناو هەرێمدا. هەموو ئەو ئەکتەرە سیاسیانەی کە لەم جوگرافیایەدا
کار دەکەن ئەگەر دەرەکیی یان ناوخۆبن پێویستیان بەوەیە کە ببنە خاوەنی خیتابێکی سیاسی
میانرەو تاوەکو بەرچاویان روونتر بێت و ناوچەکە لە هەرەشەی ئەمنی زیاتر بپارێزرێت
و توانایەکی سیاسی بەرجەستە بکەن بۆ هێنانەکایەی هاوسەنگی لە رەفتاری سیاسی و پرۆژەی
سیاسی تاوەکو رێ لە جەنگی دیکە و ماڵوێرانی زیاتر و وێرابوونی وڵاتەکە بگرێت. بێگومان،
خەڵکی ئەم وڵاتە، بە هەرێمی کوردستانەوە شایەنی ژیانێکی باشترن کە شکۆیان وەک مرۆڤ
پارێزراو بێت.
ئەم دایالۆگە بۆ
عێراق گرنگە لە بەرئەوەی، رەنگە، دوا فرسەت بێت بۆ رێکخستنەوەی ماڵی خۆی و پاراستنی
سەروەری وڵاتەکە، بۆ هەرێمی کوردستانیش دووجار گرنگە، بۆ پاراستنی هەرێم وەک قەوارەیەکی
سیاسی مەدەنی و بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان لەسەر هەموو ئاستەکان، چ لەگەڵ
عێراق و چ لەگەڵ دەوڵەتەکانی کاریگەر لە ناوچەکەدا. هەر بۆیە پێشنیار دەکەم بۆ قۆناغی
داهاتوو هەوڵی هاوپەیمانیەتی سێ قۆڵی لەسەر بنەماکانی دەستور لە ناو عێراقدا و یاسا
نێودەوڵەتییەکان بدرێت.
رەهەندێکی دیکەی
گرنگی ئەم دایالۆگە بۆ هەرێم ئەوەیە، ئەمە یەکەمین چارە کە شاندێکی کورد بەشداری لە
دایالۆگی نێوان دوو دەوڵەتەدا بکات، پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٨ کە رێکەوتنی ئەمنی لە نێوان
عێراق و ئەمریکا مۆرکرا، کورد هیچ رۆڵێکی وای نەبوو، هەروەها شاندەکە وەک نوێنەرایەتیکردنی
هەرێم گرنگی تایبەتی هەبوو، بۆ یەکەمین جار نوێنەرایەتی هەر سێ لایەنی بەشداری ناو
حکومەت ئامادەی کۆبوونەوەکان بوون لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی و مەدەنی.
لە راستیدا هەر
ئەم بەشداربوونە تینوگوڕێکی چالاکی بە کۆبوونەوەکان داوە، لە گفتوگۆکانی سەبارەت بە
بوارەکانی سەربازی و وزە و ئابووری و تەندروستی و خوێندنی باڵا و بانک و وەبەرهێنان..هتد
بە ئاشکرا رەنگی داوەتەوە. رۆڵی هەریەکە لە ئەندامانی شاندەکە بۆ هەموو لایەک لەوێ
دیار بوو. هیوادارم ئەم هەماهەنگییە بەردەوام بێت و لە کارەکانی ئاییندەدا زیاتر بەرجەستە
ببێت بە تایبەتی لە قۆناغی جێبەجێکردن و دامەزراندنی لیژنە وەزارەییەکان. بێگومان
ئەمە دەبێتە مایەی بەردەوام بوونی دایەلۆگەکە، بە مانایەکی دیکە لێرەوە کاری عێراقییەکان
دەست پێدەکات بۆ بەدواداچوون بۆ یاداشتنامەکانی تێگەیشتن و ئەو رێکەوتنانەی کە لەم
دایەلۆگەدا باسیان لێوەکراوە.
ئەم دایالۆگە، دەکرێت
ببێتە سەرەتایەکی دیکە بۆ بیناکردنەوە، لەو پێناوەدا، لە بری رێکەوتنی دوو ساڵ و سێ
ساڵ، تەنانەت پێنچ ساڵە، رێکەوتنی سیاسی ستراتیژی مەودا درێژ بێتە ئاراوە تا عێراق
باشتر بتوانێت پلانی خۆی بۆ ئاییندە دارێژێت و زیاتر متمانەی خەڵکی بە پرۆسەی سیاسی
بگەرێتەوە. لە هەمان کاتدا هیوادارین ئەم دایەلۆگە ببێتە بنەمایەک بۆ تێگەیشتنی زیاتر
لە نێوان هەرێم و بەغدا. شاراوە نییە لە کەس کە هەموو پێکهاتەکانی عێراق هاوبەشن لە
رووبەرووبوونەوەی هەرەشە دەرەکییەکان و قەیرانە ئابوورییەکان و کێشە ئەمنییەکان.
هیوادارین ئەم
دایالۆگە رێخۆشکەر و نەخشەرێگایەکی نیشتمانی بێت بۆ هەموو لایەک و پابەندبوونی سیاسی
و یاسایی بەردەوام بێت و مەبەستی خۆی بپێکێت
لە خزمەتکردنی وڵاتەکە و خەڵکی وڵاتە بە گشتی. لەو پێناوەشدا، بۆ عێراق گرنگە
دامودەزگاکانی دەوڵەت توندوتۆڵ بکاتەوە و گەندەڵی کەمبکاتەوە. بۆ هەرێمیش گرنگە هەنگاوەکانی
چاکسازی بەرەو پێش بەرێت و ئارامی سیاسی بپارێزێت و متمانەی سیاسی لەسەر ئاستی
ناوخۆ و دەرەکی بەردەوام بێت و باشتر مامەڵە لەگەڵ هەرەشە دەرەکییەکان بکات و
باشتر قەیرانە ئابوورییەکانی وەک دابینکردنی لانی کەم مافە سەرەتاییەکانی وەک مووچە
بکات. دڵنیام خەمخۆران لەهەموو لایەک هەن ئەگەر دیاریش نەبن.
بۆ هەرێم گرنگە،
لەسەر خەت بمێنێتەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی بەشداربووی ئەم دایالۆگە و بەردەوام
چاودێری پێشکەوتنەکانی بوارە جیاجیاکان بکات، تاوەکو مافە دەستورریەکانی خۆی وەک هەرێم
هەمیشە زامن بکات و لە پرۆسەی جێبەجێکردنی رێکەوتنامەکان دوانەکەوێت.