227وتار

کە میدیاوان دەبێتە قوربانی سیاسەت

8/16/2024 6:27:00 PM
لاوک سەلاح



پەیوەندی نێوان میدیا و سیاسەت لە دۆخی سیاسی ئیستای هەرێمی کوردستان قسە زۆر هەڵدەگرێت لەبەرئەوەی فۆرمی کارکردنی زۆر نامۆ دێنێتە ئاراوە کە لە کار و ئەرکە سەرەکییەکەی میدیا و میدیاوان دوورە. راستە، سیاسەت و میدیا تەواوکەری یەکترن و پەیوەندییەکی بازنەییان هەیە و کەسیان بێ ئەوەی دیکە هەڵناکات! بەڵام، خۆ دەبێت هەریەکەیان شوناسی خۆی هەبێت تاوەکو دۆز و کاروباری گشتی نوێنەرایەتی راستەقینەی لە دەست دەرنەچێت.

ئەم نوسینە دەستنیشانکردنی هەندێ رووخساری ئەو پەیوەندییەیە کە بۆتە دیاردە و کەلتورێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پیشەیی نامۆ بە کاری میدیا. ئەگەر میدیاوانەکان بەو ئاراستەیە کار بکەن بێ ئەوەی هەڵوێستەیەک لە ئادای خۆیان بکەن، ئەوا وەک هەموو بونیادەکانی دیکەی کۆمەڵگە بە ئاراستەی چەوتدا هەنگاو دەنێن، بێگومان، ئەم ئاراستە چەوتە بۆ میدیا هەستیارتر و کاریگەرترە لەسەر کۆمەڵگە، لەبەرئەوەی میدیا و میدیاوان تەواو سێبەرمانن.

ژینگەی سیاسی ئێمە قوربانی زۆرە، لە ئێستادا، میدیاوان زەقترین دیاردە و جۆری ئەو قوربانییەن، رەنگە بژێوی خێزان و بارودۆخی دارایی و ناکۆکی کەسێتی و سیاسی نێو دەزگایەکی پارتی سیاسی ناچاریان بکات لە نێوان سەنگەرە سیاسییەکان و میدیای پارتە سیاسییەکان جۆلانێ بکەن و رابکەنە دەزگایەکی میدیای پارتێکی سیاسی دیکەوە، بێ گوێدانە ناوەرۆکی ئەجەندای سیاسی پارتەکە، بەداخەوە ئەم جۆرە لە کارکردن ئەو مافە لە میدیاوان دەسەنێتەوە کە ببنە نوێنەری خەڵک یان بەرگری لە دۆز و پرسی گشتی بکەن، ئیتر ئەو مافەیان نامێنێت وەک میدیاوانی پیشەیی بە پێی پێوەر و ستاندەردی گشتی هەڵسەنگاندن بۆ کارەکەیان بکرێت، لەبەرئەوە، دواجار بەشێکی دەبن لە ئەجێندا سیاسییەکە و ئەوە میدیاوانەکانن بازاڕەکە گەرم دەکەن.  

بەداخەوە، میدیاوان، لە پاش ماوەیەک، بەئاگا یان بێ ئاگا، خۆی لەو ئەجەندا سیاسییەدا، نەوەک هەر دەبینێتەوە، بەڵکو دەتوێتەوە و ئیتر کارکردن لەسەر کێشە سەرەکییەکان کەم دەبێتەوە، ئەمەش کار دەکاتە سەر ئەوەی هەر وەک هەندێ لە سیاسییەکان کە دەخوازن ببنە پاڵەوانی میدیا و میدیا بۆ مەرامی خۆیان بەکاردەهێنن، ئەمانیش ببنە ئەکتەرێکی سەرەکی ئەو گەمەیە، بۆ لێدانی هەم سیاسییەکان و هەم میدیاوانە هاوکارەکانی پێشوویان، لەم دۆخەکە میدیاوان خۆیان بە قوربانی دەبینن کە دەخوازن تۆڵە بکەنەوە، بە هەر حسابێک بێت، لەبەرئەوەی خۆیان بەڕەواتر دەبینن و پێشبرکێی سیاستوانەکان دەکەن بۆ ئەوەی ببنە پاڵەوانێکی نەمر کە میدیا نەوەک وەک رابردوو لەسەر کاغەز دەیخوڵقاند، بەڵکو ئێستا لەسەر سکرینێکی سەرمەت دەیخوڵقێنێت.

بۆ نموونە، دەزگایەکی میدیا نزیکەی ٣٠ کارمەندی لە دەزگایەکی پارتێکی سیاسی دیکەوە بۆ چووە و بە ئیرادەی هەردوو، دەزگاکە و میدیاوانەکان، کار دەکەن. بێگومان من ئەمە بە جۆرێک لە پێکەوە ژیان و تێکەڵ نەکردنی تێڕوانییە سیاسیەکان لە قەڵەم دەدەم و ئاساییە میدیاوان لە کوێ هەلی کاری گونجاوی بۆ رەخسا کار بکات، بەڵام ئەم کارە لەسەر حسابی متمانەی سیاسی پیشەیی میدیاوانەکەیە، لە باشترین دۆخدا میدیاوانەکە رەنگە ببێتە کارمەندێکی میدیای بە توانا کە ئەجەندای سیاسی لەلا گرنگ نییە، لەمەشدا میدیاوان ئازادە، بەڵام ئازاد نییە، رەخنەی بێ بنەما لە دەزگای یەکەم بگرێت بۆ داپۆشینی پلانەکانی خۆی.

سەرباری ئەوەش، میدیاوان لێرە بەرهەمی شۆرشێکی پیشەسازی و تەکنەلۆجی نییە کە سەربەخۆبن لە ئیرادە و هەڵبژاردەکانیان، ئەو میدیایانە میدیای بازاڕ و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت نیین، ئەو میدیایانە، میدیای پارتی سیاسییە و ساتی خۆی دێت کە میدیاوان هەست دەکات لەگەڵ سیاسەتی پارتە سیاسیەکە کۆک وهاوتەریب نییە، بەڵام ناچارە پەیرەوی بکات، هەربۆیە لەمەشدا ئەوان قوربانین.

میدیاوانەکان، خۆیان باشتر لە خەڵکی دیکە، جیاوازی نێوان تیۆری میدیا و واقیعی میدیا دەزانن، ئەم ئیدراکەش دەیانخاتە بۆسەکەوە، بەمە میدیاوان دەستەڵاتی چوارەم و مافی پرسیار و رەخنەی نامێنێت، ئیتر میدیاوان ناتوانێت دادگایەکی گشتی بۆ ئەکتەرە سیاسییەکان دامەزرێنێت لەبەرئەوەی خۆشیان هەمان رەفتاری ئەکتەرە سیاسییەکە دەکەن و رەنگە خراپتر، لەبەرئەوەی کارکردن لە میدیا سیاسییە جیاوازەکاندا، میدیاوان بێ رووخسار دەهێڵێتەوە و شوناسی خۆی و کەسایەتی دەسڕێتەوە. 

قسەیەکی دیکە، بەڵام پەیوەندیدار، میدیاوان بە گشتی، زۆرجار، بە ئیرادەی خۆیان دەبنە قوربانی ئەجەندای سیاسی پارتە سیاسییەکە، ئەوەی کاری لەسەر ناکەن کاروباری گشتییە و ناچار دەکرێن بکەونە نێو کەلتووری مقۆمقۆی سیاسی و هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی سیاسی کۆنی بێ نرخ کە نە خزمەتی ئێستا، و نە خزمەتی داهاتووی کۆمەڵگە دەکات.

تکایە بڕوانن چەند راپۆرتی جیدی لەسەر دۆخی خەستەخانەکان و ئاستی خزمەتگوزاری و رێگاوبانەکان و هەڵسەنگاندنی ئادای خزمەتی حکومەت..هتد دەبینن، ئەوەی روودەدات لە میدیای پارتی سیاسیدا کە هیوادارم لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی داهاتوودا کەمێک میانرەوی هەبێت، رەنگدانەوەی ململانێی سیاسی کەسایەتییە، نەوەک پێشبركێی پلان و بەرنامەی سیاسی و ئامادەکردنی پلانی حکومەت. تەماشا بکەن سەرۆک لیستەکان خۆیان "موفەکیری" لیستەکانن، کەسێک نییە، هەست بکەیت، بەرنامەی سیاسی ئەو لیستانە دادەرێژێت و پسپۆر بێت لەو پیشەیەدا.

نموونەیەک لەو دەرهاویشتانە: میدیاوان بەو هێزە کۆمەڵایەتی و پاشخانە تەکنیکی و تەنانەت سیاسییەی کە هەیانە بە ئاسانی دەبنە قوربانی ئەجەندانی سیاسی کۆن، ئەو پرۆگرامانەی کە بۆ ئاوڕدانەوە لە مێژوو بڵاودەکرێنەوە کارێکی خراپ لەسەر تێگەیشتنی سیاسی کۆمەڵگە دەکەن، پرسیارەکان نقوومن لە مەوداکانی ململانێ سیاسیەکان و تێناپەرێن و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە لە بازنەیەکی بچووکدا کڵۆم دەکات.

پوختەی قسە: کاری میدیا سەخت و هەستیارە و شارەزایەکی زۆر دەخوازێت، کەم جار و بەدەگمەن روویداوە پارتی سیاسی میدیاوانەکان بنێرنە خولی راهێنان، خۆشیان میدیاوانەکان ئەو توانا داراییەیان بە گشتی و ئەو ئارەزوەیان نەبووە کە فێری ئەوە ببن ناوەرۆکی سیاسی لە دەرەوەی مێژوو و کەلتووری کورد بنووسنەوە یاخود لانی کەم موتوربەی بکەن. وەک بەرنامەی حکومی لە پاش هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، گرنگە پەیوەندی نێوان میدیاوان و ساندیکا و حکومەت وەک بەشێک لە کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەرنامەیەکی سیاسی حکومیدا رێکبخرێتەوە. میدیاوان هەم پێویستیان بە بەرگری کردن لە مافەکانین هەیە، هەم پاراستنیان ئەرکە، بۆ ئەوەی نەبنە بەشێک لە درێژکردنەوەی مێژوویەک کە تەنیا یاسا تیادا یاسای پەرتەوازە و وێڵی بەرگری و موقاوەمە بووە، نەوەک دامەزراندن و بیناکردن. لەلایەکی دیکەوە، چ پارتێکی سیاسی ئەم ئەرکە وەک بەشێک لە بەرنامەی سیاسی خۆی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە ئەستۆ دەگرێت؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن