357وتار

پەتای گەندەڵی سیاسی لە پەرلەماندا

12/26/2022 7:49:00 PM
لاوک سەلاح

لە کتێبی بەندە "دامەزراوە و ریفۆرم: دیدێکی سیاسی پیشەیی"  چاپتەرێکی تەواو باس لە میکانیزمی ریفۆرمکردنی سەرتاپا پەیوەندییەکانی پەرلەمان بە کۆمەڵگەوە دەکەین و پێشنیار دەکەین کە پەرلەمان لە ئێستادا لەسەر دوو کۆڵەکە ریفۆرم بکرێت، کۆڵەکەی یەکەم، بنەمای مافە مەدەنییەکان کە تشرینییەکان بانگەواز و خەباتیان بۆ کرد، کۆڵەکەی دووەم: بنەما دامەزراوەییە نێودەوڵەتی و گەردوونییەکان کە پشت ئەستوورە بەو مافە ستاندەردانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیلتیزامی پێوە دەکەن و بۆ رێژەی سەرکەتووی هەر پەرلەمانێک لە دونیادا وەک پێوەری هەڵسەنگاندن بەکاری دەهێنن.

لەم نووسینەدا بەردەوامی بەو دید وتێڕوانینە دەدەین کە یارمەتی پەرلەمان دەدات کاریگەرتر بێت تا ئەو کۆڵەکانەی سەرەوەش باشتر بەرجەستەببن. بۆ ئەوەی پەرلەمان لە عێراقدا ببێتە نموونە بۆ پەرلەمانەکانی دیکەی ناوچەکە و نەبێتە پانتاییەک بۆ زۆرانبازی پارتی سیاسی، بێگومان زۆرانبازی لە پێشبڕکێ و ململانێی سیاسی جیاوازە، بۆ ئەوەی پانتایی پەرلەمان نەبێتە پانتایەکی دیکتاتۆریانە و مۆنۆپۆل بکرێت، لە بری ئەوە، پەرلەمان وەک یەکەم ئامرازی بەرجەستەکردنی پرۆسەی دیموکراسی، یارمەتی پرۆسەی سیاسی بدات بۆ ئەوەی سروشتیانە گەشە بکات و بکرێتە پێوەرێکی دادپەروەرانە و شەرعیەت بە رەفتاری سیاسی بەدی لۆکەڵ نەدات کە لەسەر بنەمای گروپ گروپێنە و تەکەتولی سیاسی، بێ بوونی بەرنامەی سیاسی، بیناکرابێت.

گرنگە لە سەرەتادا، پێناسەیەکی سەرەکی و سەرەتایی بۆ ئەو جۆرە لە گەندەڵییە بکەین کە باسی لێوە دەکەین، گەندەڵیەک کە بەم دواییە "سکاندڵی سەدە"ی لێکەوتەوە کە هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمان بەشداربوون یاخود عەقڵرێژی سکاندڵەکە بوون. ئەم جۆرە لە گەندەڵییە جیاوازە لە گەندەڵی تاکەس کە بە مەبەستی دەوڵەمەند بوون روودەدەن، "سکاندەڵی سەدە"  بە پلەی یەکەم گەندەڵییەکی سیاسی رێکخراوە و بۆ مەرامی سیاسییە و بە گروپ ئەنجامدراوە. بەمانایەکی فراونتر، ئەم جۆرە لە گەندەڵییە سیاسییە سیستماتیکە و بڕیاری دەستەجەمعییە بۆ بەکارهێنانی سەرمایەی دەوڵەت بۆ مەرامی سیاسی.

بە گوێرەی پێناسەی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، گەندەڵی سیاسی مۆنۆپۆڵکردنی سیاسەت ‘Policies’ و دامەزراوەکان و رێکارە “Procedures” یاساییەکانە لە لایەن بڕیاردە سیاسییە سەرەکییەکانەوە کە پێگەی خۆیان بەکار دەهێنن بۆ پتەوکردنی هەژمونیان لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە و داراییەوە. هۆکاری سەرەکی بەردەوامی گەندەڵی سیاسی لە پەرلەمان بە تایبەتی و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەگەرێتەوە بۆ سەرەتاکانی دامەزراندنەوەی حکومەتی عێراق پاش ٢٠٠٣، واتە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر! ئەو ژینگە سیاسییە، فاکتەری سەرەکی بوو لە روودانی هەموو سکاندڵەکان، لەو کاتەوە تا ئێستا. ئەوکات، دەبوایە دەوڵەت و دەوڵەتداری لەسەر بنەمایەکی پتەو دامەزرابایە و کاتێکی باشتر بۆ هاتنەکایەی پرۆسەیەکی سیاسی دیموکراسی دادپەروەرانە لە لایەن هێزە سیاسییەکانی هاوپەیمانانەوە تەرخان بکرابایە، بەداخەوە هاوپەیمانان، لە نەبوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت، یاخود بوونی دامەزراوەی لاواز، یاخود رووخاندنی ئەو دامەزراوانەی کە هەبوون، بە دەستێک عەشیرەتەکانی باشووریان بە سەقەتی دەژیاندەوە، پێکهێنانەوەی عەشیرەت بۆ هێنانەدی ئامانجی سیاسی هاوپەیمانان بوو کە بە بونیادی عەشیرەتەکان نامۆ بوو، ژیاندنەوەیان دوور بوو لەو بنەما سەرەکییە باوانەی کە عەشیرەت خۆی پابەندێتی، و بەدەستێکی دیکەش، هاوپەیمانان یارمەتی پارتە سیاسییە عێراقیەکانیاندەدا وەک عەشایر خۆیان دامەزرێننەوە، نەوەک وەک پارتی سیاسی کە بەرنامەی سیاسی نیشتمانی هەبێت. باشترین ئاماژە لەم بارەیەوە پەیوەندی نێوان عەشیرەتەکان و هاوپەیمانان بوو کە لە رێگەی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانانەوە بوو، نەوەک راوێژکارە سیاسییەکان، لە بەرئەوەی کاریان لە دۆخێکدا دەکرد کە خەسڵەتی هیستریای جەنگ و دەستبەجێی پاش جەنگ باڵا دەست بوو. ئەوان، راوێژکارە سیاسییەکان، کاریگەرییان نەبوو، ئەمە سەربارەی ئەوەی هاوپەیمانان وەک بڕیاری سیاسی پەلەیان بوو بە خێرایی لە وڵاتەکە دەربچن بە بێ ئەوەی دڵنیابن، لانی کەم، چەند کۆڵەکەیەک بێنە کایەوە یارمەتی پرسی دامەزراندنی حکومڕانی و دەوڵەتداری بدات، هاوپەیمانان بە بڕیار و یاسای نەتەوەیەکگرتووەکان بەرپرسیاریەتی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی و مرۆییان لەسەر شان بوو. بەداخەوە، لە ئەفگانستانیش، کەم تا زۆر، هەمان ئەنجامی لێکەوتەوە.

لەم کاتەدا، پارتە سیاسییە عێراقییەکانیش نەدەپرژانە سەر ئەوەی کە دەستبەجێ لە پاش رووداو، لە پاش رووخاندنی دەوڵەت و دیکتاتۆریەت، جۆرە مۆدێلێکی بەدیل بۆ حوکمێکی ناجێگری سەد ساڵە، لە ماوەیەکی کەمدا، کە کاری پێنەکرابێت بێننە ئاراوە و ئیشی پێبکەن. عێراقییەکان متمانەیان بە یەک نەبوو، لە سەنگەری جیاواز بە یەکتر بوون، هێشتا تارمایی براکوژی لە برەودا بوو و کەسیش مێژووی رۆژانی کوشتنی سیاسییان لە بیرنەکردبوو. گەرانی ئەوان، عێراقییەکان، بەر لە دامەزراندنی پرۆسەی سیاسی، گەڕان بوو بەدوای شوناس و ناسنامەیەکی نوێ بۆ جوگرافیایەک کە هەموو بە ترس و نامۆبوونەوە هەستیان بە ئینتیما بۆی دەکرد.

دۆخێکی هیستیریای لێڵ بوو، قۆناغی گواستنەوەی لە ئەنقسەت بوو لە تۆتالیتاریەتی دەوڵەتەوە بۆ پەرتەوازی جومگە سیاسییەکانی دەوڵەت و ناجێگری بارودۆخی ئەمنی و ناسەقامگیری سیاسی کۆمەڵگە و بەخشینی جوگرافیایەک بە هێزە توندرەوەکان تاوەکو گەمێ بە مێژوو بکەن. وەک شەهادەتێکی مێژوویی جوانترین پێشبینی سیاسی لە رێگەی ئەدەبەوە بۆ ئەو دۆخە سیاسیە ئەوە بوو کە چیرۆکنووس کاک "شێرزاد حەسەن" لە چیرۆکی "عیزرائیل"دا کە لە کۆتایی هەشتاکاندا نووسی، پێشبینی شڵەقاندن و پەشێوی سەرتاپا کایە و جومگەکانی کۆمەڵگەی کرد، لە پاش کوشتن یان مەرگی ئەو کەسەی هەموو پانتاییەکانی خێزان و کۆمەڵگەی داگیر کردبوو، تەنانەت خەونی نەوەکانی ئاییندەشی مۆنۆپۆڵ کرد بوو، هەر بۆیە ئەوانەی کە هاتنە سەرحوکم نەیاندەویست دوور لە ئیرادەی خۆرسکی خۆیان، وڵاتەکە بدەنە هەر هێزێکی لۆکەڵی تری  بەشدار.

لە پاش دەستنیشانکردنی دۆخە سیاسییە مێژوویەکە، با هەندێ رێکار دەستنیشان بکەین، کە رەنگە رۆژێک بێت و ببنە کرۆکی کاری پەرلەمان، رۆژێک بێت بواری گەندەڵی سیاسی نەبێتەوە و ئەگەر کرا بێ سزا تێپەر نەبێت، بۆ ئەو مەبەستە، ئەم پێشنیارانەی خوارەوە کە خۆیان لە رێکارە ناوخۆییەکانی پەرلەمان دەبیننەوە بە کورتی و پوختی تاوتوێ دەکەین:

1.پێداچوونەوە بە یاساکانی رێکخستنی کاری پەرلەمان: پێشووتر باسمان لەوە کردووە کە دوو جۆر ریفۆرمکردن لە سیستمی سیاسیدا هەیە، یەکەمیان ریفۆرمکردنی کۆی سیستمی سیاسییە و دووەمیان ریفۆرمکردنی کار و ئادای سیاسییە، بەداخەوە لە عێراقدا، هەردوو سیستمەکە پێویستی بە چاکردن هەیە و پێداچوونەوە بە یاساکانی رێکخستنی پەرلەمان دەکەوێتە خانەی چاکردنی ئادا و یاسا و رێکاری کاری پەرلەمان، ئەمە سەرباری چۆنێتی و میکانیزمی دەرچواندنی بڕیار و پرۆسەی بڕیارکردنی پرۆژە، کە چەندان پرسیار لە خۆی دەگرێت، روونترین نموونە لەم بارەیەوە، "سکاندڵی سەدە" بوو کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری عێراق، نەوەک تێوەگلا بوون، بەڵکو دارێژەری پلانی سکاندەڵەکە بوون.

2.پێداچوونەوە بە کاروباری دارایی و ئیداری پەرلەمان: لە کەڵێنە گەورەکانی پەرلەمان ئیدارەدانی کاروباری ناوخۆ و داراییە، هێشتا پەرلەمان دامەزراوەیەکی تۆکمە نییە، یاخود نایانەوێت تۆکمە بێت، کە ئەندامەکانی دیسپلین بکات و پابەندی یاسا ناوخۆییەکانی بێت، بەداخەوە، زۆربەی ئەندامەکان خۆیان لە پەرلەمان گەورەتر دەزانن، ئەمەش خەسڵەت و سیفەتێکی پارتی سیاسیە کە ناتوانێت ئادای ئیداری و پەرلەمانتاری بکاتە بەشێک لە مێژووی سیاسی پارتە سیاسییەکە. بەمانایەکی فراوانتر، زۆربەیئەندامانی پارتی سیاسی دان بە پارتی سیاسیدا دەنێنن وەک شەرعیەتی کاری سیاسی نەوەک کاری دەوڵەتداری، بەداخەوە کە نەتوانرێت مێژووی سیاسی بە ئەزموونی دەوڵەتداری دەوڵەمەند بکرێت، ئەو مێژووە سیاسییە کاڵ دەبێتەوە و چاڵ بۆ مەرگی خۆی هەڵدەکۆڵێت.

3.پتەوکردنی سیستمی چاودێری و هەڵسەنگاندن: بە هەمان شێوەی سەرەوە، لە بوونی دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا، بوونی سیستمێک بۆ چاودێری و هەڵسەنگاندن دەبێتە ئەرکێکی مەحاڵ و بۆ چەندان نەوەی ئاییندە دوادەخرێت. سیستمی چاودێریکردن لە پەرلەماندا، دامەزراندنی کامێرای شاراوە نییە. بۆ وڵاتێک، کە لە کۆی سیستمی ژیانیدا بڕوای بە تاپۆ هەیە، نەوەک میوانی چوار ساڵە، هەستکردنی سیاسی بۆ پتەوکردنی چاودێری و هەڵسەنگاندن وەک بەشێک لە بەهای دامەزراوە لاوازە. بەداخەوە، گاڵتە بە هەموو شتێک دەکرێت. ناکرێت داوا لە پەرلەمان بکرێت چاودێری کاری حکومەت بکات، بەڵام نەتوانرێت چاودێری کارەکانی خۆی بکات! دەبێت لایەنێکی سێهەمی سەربەخۆ هەبێت بەو کارە هەڵسێت.

پوختەی قسە: پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی تەنها بە دابینکردنی ژێرخانی پرسەکە بەرێوە ناچێت، ئەنجامە ستراتیژەکانی پەرلەمان پێویستی بە بوونی رۆحێکی سیاسی زیندوو هەیە کە ئاراستەی پرۆسەکە بکات و ژێرخانەکە بە دروستی بەکار بهێنێت. دامودەزگاکان وەک دیوارێکی بێ گیان دەمێننەوە ئەگەر بڕیاری بوێرانەی سیاسی بۆ بەرجەستەکردنی بنەماکانی پرۆسەکە نەدرێت. پەتای گەندەڵی سیاسی بەردەوام بڵاودەبێتەوە، ئەگەر ریفۆرمێکی راستەقینە بە سیستمی ناوخۆ و رێکارە داراییەکانی پەرلەمان نەکرێت، کاریگەری ئەو کەڵێنانە لەسەر هەموو ئاداکان دەبێت و لە پرسەکانی، بۆ نموونە، بودجە دارشتن و یاسا دەکردن و چاودێری کردن بە روونی رەنگ دەدەنەوە.

تا ئەوکاتەی نارەزاییەکانی تشرینیەکان بەهەند وەردەگیرێن و پرۆژە ستاندەردەکانی دامەزراوەکانی بواری گەشەسەندن "التنمية" دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە بە یەزدانی گەورەتان دەسپێرم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن