590وتار

دامەزراوەیبون: دیدێکی سەرەتایی

9/27/2020 10:13:00 PM
لاوک سەلاح

دەستپێکردنەوە لە "خاڵی سفر"ە وە بۆ چەند جارێک هەناسەیەکی قوڵ و بڕوایەکی پۆڵایین دەخوازێت؛ هەمیشە ئەو پیاوە شەکەتە گوندنشینەکەی ساڵی " ١٩٩١"م لە یادە. ئەو کات، کارم بۆ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەکرد، یاریدەدەری مەیدانی بوم و سەرپەرشتی کامپی شانەدەرم دەکرد، زستانێکی سەخت بو، هاوڵاتیانی شارەکانی کەلار و کفری لە دەست تۆپبارانی سوپای رژێمی رابردو ناچاربون زێدی خۆیان جێ بهێڵن.

ئەو پیاوە گوندنشینە، لە پاش رۆژێکی سەخت و شەکەت، سەرنجی راکێشاین، وەستاین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەو سەرقاڵی بیناکردنەوەی خانوەکەی بو، بە سیمایەکی چرچ و پڕ نیگەرانییەوە وتی؛ ئەمە چوارەم جارە خانوەکەم دروست دەکەمەوە و هەر دڵنیانیم تێیدا پشودەدەم و ئەوەی لە تەمەنم ماوە لێرە بە بێدەنگی بەسەر دەبەم، بەڵام هەر بینای دەکەمەوە. ئەمە ماڵی منە.

بیناکردنەوەی نیشتمان و ئاوەدانکردنەوەی بە دەزگا یاسایی و سەروەرییەکان وەک خانوەکەی ئەو پیاوە ردێن سپیەیە. لە دۆخی بەردەوامی قەیران و جەنگدا، پلاندان بۆ بەدامەزراوەکردنی دامودەزگاکان وەک بیناکردنەوەی ئەو خانوەیە، هەندێ جار سەراب و نائومێدیە، هەندێ جار نەشئەی سەرکەوتنە، لەگەڵ هەر جەنگێکدا، سەرتاپا سیما و خەسڵەتەکانن تا دێن خاپور دەبن و زەینیش کۆرە دەبێت و خاڵی دەستپێکردنەوە ون دەبێت، لەگەڵ هەر قەیرانێکدا زیانی زیاتر و هەرەسی زیاتر، بەڵام خۆشبەختانە حیکمەتێک لەو پیاوە شەکەتەوە وەردەگرین و دەبێت کۆڵ نەدەین، تارمایی ئیرادەی گوندنشینەکە ئیلهامبەخشە و بەرجەستەی بزاوی ژیانمانە.

لەم ساڵانەی دوایدا، زاراوەی "دامەزراوەیبون" لە نێو ئەدەبیاتی سیاسی ئێمە بە شێوەیەکی بێشومار پەرەی سەندوە و لە لایەن هەمو لایەکەوە بەکار دەهێنرێت بێ ئەوەی بەدیاریکراوی هەوڵمان دابێت دیدێکی خۆماڵی بە زاراوەکە ببەخشین. لە روری تیۆرییەوە دامەزراوەیبون، یاخود پرۆسەی بە دامەزراوکردنی دەزگایەک بریتییە لە پەیرەوکردن و بەرجەستەکردنی نۆرمێک یان فۆرمێک یان بیڕورایەکی نوێ یان بەهایەکی تایبەتی نوێ لە نێو دەزگایەک یان رێکخراوێک ئەگەر دەوڵەتی یان سەر بە کەرتی تایبەت بێت.

بێگومان تیۆرەکان زۆرن و زانستی سیاسی و کۆمەڵناسی دەوڵەمەندن بەو تیۆرە جیاوازانەی، بۆ هەر رەوت و دۆخێک، لە ئەزمونەوە هاتونەتە کایە و بونەتە تیۆر، نەوەک بە پێچەوانەوە، بە مانایەکی دیکە تیۆر لە پاش گەلاڵەبونی ئەزمون هاتوە و خەسڵەتی ئەزمونەکەی دەستنیشانکردوە و چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ ئەزمونەکە داڕشتوە، ئەم میتۆدە لە پڕۆسەی بەدامەزراوەیکردندا وەک پرۆسەی تازەکردنەوەی هەیکەلێکی ئیداری یان حکومی یان دەوڵەتی بەکارهاتوە.

رەنگە، سەرەتا، پڕۆسەی لەو جۆرە، واتە بەدامەزراوەیکردن، زۆر بە ئاسانی دەربکەوێت، بە تایبەتی لە پاش چەندین دەیەک لە حکومڕانی یەک پارتی سیاسی وەک ئەوەی لە عێراق و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات هەبون، بەڵام لە راستیدا پرۆسەی گواستنەوە بۆ دیموکراسیکردنی دەزگا سیاسییەکان کە پرۆسەی بەدامەزراوەیکردن بەشێکە لەو پرۆسەیە ساڵانێکی زۆری دەوێت لەگەڵ بونی ئیرادەیەکی سیاسی خۆماڵی و توانایەکی تەکنیکی بۆ گۆڕینی سەرتاپا ئەو سیستمە کۆنە. هەربۆیە مەرج نییە روداوی رادیکال دەستبەجێ گۆرانکاری رادیکال لەگەڵ خۆی بێنێت. پرۆسەی گۆرینی سیستمی حکومڕانی لە عێراقدا نمونەیەکی زۆر زیندوە، لە پاش (٢٠٠٣) دونیایەک روداوی رادیکال لە عێراقدا هاتنە بون بەڵام یارمەتیدەرنەبون بۆ هێنانەکایەی حکومڕانییەکی دامەزراو، سەرباری بونی پشتگیرییەکی فراوان لە لایەن دەزگا سیاسی و دارایی و حکومڕانی نێودەوڵەتییەکانەوە، بەڵام هێشتا هەمو ئەو چەمکە سیاسیانەی کە خەڵک ئاواتیان بۆ دەخواست بێنە دی نەوەک تا ئێستا نەهاتونەتەدی، بەڵکو کاتێکی زۆرتری دەوێت تا چەمکەکان ورد دەکرێنەوە و متمانەیان پێدەدرێت. چەمکی بەدامەزراوەیکردن یەکێکە لەو چەمکانەی کە زەمەنێکی زۆرتری دەوێت بۆ ئاوێتەبونی لەگەڵ روداوەکان و تواناکاندا، لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە سەقامگیری سیاسی دێتە ئاراوە.

لە پاش روخاندنی رژێمی رابردو لە ساڵی (٢٠٠٣)، تەنانەت بەر لە روخاندیش، خەونی بەدامەزراوەیەکردنی دەوڵەت ئەدەبیاتی سیاسی و لێکۆڵینەوە سیاسییەکانی تەنی بو، ئەوەندەی خەیاڵمان لەسەر زاراوە و وشەکە بو ئەوەندە پێوەرێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کەلتوریمان نەبو خۆمانی پێ بپێوین، ئاسانتر قسە بکەین لە ژێر فشاری سیستمی یەک پارتی سیاسی و مێژویەک لە بێدەنگی هیچ پلانێکی دەستبەچی نەبو بۆ گواستنەوەیەکی سیاسی بەرەو دامەزراوەیبون، پێشبینیکردن بۆ هەرەشەکان و تەماحە سیاسییەکان لە ئارادا نەبو، هەڵسەنگاندنێک بۆ توانای تەکنیکی و ئیداری هەر لە سەرکردەکانەوە تا دەگاتە فەرمانبەرە ئاساییەکان نەبو. ساڵی (٢٠١٨) کە لە بەغدا لەگەڵ پرۆگرامی (USAIAD) کارم دەکرد و سەردانی ئۆفیسەکانی حکومەتم دەکرد، باشترین ئاماژەیان دەدامێ کە مەسەلەی دامەزراوەیبون هێشتا زۆری ماوە و بودجە بۆ کاری دیکە تەرخان دەکرێت.

دامەزراوەیبون پرۆسەیەکە زەمینەیەکی سەرەتایی دەخوازێت لەوانەش سەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئیداری و گەشەپێدان و حکومرانی باش تا وەکو ببێتە بەشێک لە پرۆسەی گەشەسەندنی ئاسایی کۆمەڵگە، بەداخەوە، وەک هەر پلانێکی دیکەی دەوڵەت، پڕۆسەی بەدامەزراوەیکردن لە کاتی جەنگ و قەیراندا نابێتە مەسەلەیەکی پێشینە، دەوڵەت ناپەرژێتە سەر ئەو پرۆسەیە، لەبەرئەوەی جەنگ پانتایی رێکخستنەوەی ژیان مۆنۆپۆل دەکات.

بۆ ئێمە، ئەمە خەونێکی گەورەیە، کەی پشو بدەین تا کار لەسەر ئەو گەشەسەندنە سیاسییە بکەین؟ کەی ململانێ لۆکەڵییەکانمان تێدەپەرێنین تا نەخشەرێگایەکی نیشتمانی بێتە کایەوە؟ کەی مەودای جێبەجێکردنی یاساکان فراوان دەبێت؟ کەی کار لەسەر گەشەپێدانی دەزگا سیاسیەکانی ناو پارتی سیاسی دەکەین کە سەرچاوەی بەدامەزراوەیکردنی جومگەکانی دیکەی کۆمەڵگەیە؟

ئەگەر دامەزراوەیبون خەونێک بێت لە ئاییندەوە، ئەوا دەبێت پراگماتیکانە بیربکەینەوە و ئاگادار و وریا بین چی بە میللەتی خۆمان دەسپێرین تا سەرکەوتوانە بە ئەنجامی بگەیەنێت و کە تەواوی کرد ئینجا ئەرکی دیکە لە ئەستۆ بگرێت. بەرێزەوە دەڵێم، رەنگە کەسانێ لە ئەوروپا و ئەمەریکا گەڕابنەوە  کوردستان بۆ فراوانکردنی تەوەرەکانی ژیانی ئێرە بە گشتی، بەڵام توشی نامۆیی و شکست بوبن، ئەمەش لەبەرئەوە نییە کە توانایان نییە، بەڵکو دەبێت کاری زیاتر لەسەر ئەو هۆشمەندییە دەستەجەمعییە سیاسییە بکرێت بە ئومێدی هاتنەکایەی گۆرانکارییەکی هێور، دور لە هەڵتەکاندنەوەی کۆمەڵگە. گواستنەوە لە خەونی ئەکادیمی تاکە کەسەوە بۆ پرۆژەی کۆمەڵگە پێویستی بە هاریکاری دەستەجەمعی هەیە.

لە بۆنەیەکی دیکەدا باسم لەوە راستییەی دونیای سیاسەتی خۆمان کردوە کە ئەوە هەڵەکانی پارتە سیاسییەکانە دەبێتە بەشێک لە بەرپرسیاریەتی حکومەت بۆ راستکردنەوەیان، پارتی سیاسی پێگەی بڕیاری سیاسییە نەوەک حکومەت، ئەوە پارتی سیاسییە دەبێت لیستی بندیوار بژار بکات، نەوەک حکومەت،  بندیوارەکان وەلائیان بۆ پارتەکانیانە، چارەسەری کێشەی ئەوان لە ئەستۆی پارتەکانیاندایە، نەوەک حکومەت، ئەوەی رویداوە، سەرچاوەکانی حکومەت بۆ پارتی سیاسی بەکارهاتوە. تەنیا چارەسەریش ئێستا جیاکردنەوەی ئەرکی ئەم دو دەزگایەیە. پێداوچونەوەیەکی ریشەیی بەم مەسەلەیەدا پێویستە وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی دور مەودا. پێشنیار دەکەم بۆ ئەوەی حکومەت لە بەرنامەکانیدا سەربکەوێت دەبێت خۆی لە ئەرکەکانی پارتی سیاسی جیا بکاتەوە، هەم خۆی دەپارێزیت و هەم پارتی سیاسییش نابێتە مۆزەخانە!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن