831وتار

لە پەراوێزی یاریدەدەرەکانی سەرۆکی حکومەت دا

10/2/2019 6:25:00 PM
د. مەجید ساڵح

(1)
هەر لەسەرەتای وتوێژەکانی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وەک باڵاترین مەرجەعی بڕیاردان بەومەرجە رازی بوو کە پرۆژەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کارنامەی حکومەتدا جێ بکرێتەوە، نەک هەر ئەوە لە رێکەوتنەکەدا مەرجی مانەوەی گۆڕان لەناو کابینەکەدا بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی کارنامەی چاکسازییەکان و باشکردنی گوزەرانی خەڵک. لە رێکەوتنەکەشدا سەقفێکی زەمەنی شەش مانگی دانراوە بۆ هەڵسەنگاندنی رادەی جێبەجێکردنی کارنامەکە، خۆ گەر هاتو حکومەت لانی زۆری کارنامەکەی جێبەجێ نەکرد، ئەوا مۆڵەتێکی شەش مانگی دیکەش دەدرێتەوە بە حکومەت و خۆ گەر وەعدو بەڵینەکان هەر لە جێگەی خۆیدا مایەوەو جگە لە دروشم هیچی دیکە نەبووە گۆڕان لە کابینەکە پاشەکشە دەکات.
رێکخەری گشتی گۆڕان جەختیکردەوە ئەگەر لەوکاتەدا چاکسازیی جێبەجێنەکرا “ئەوکاتە ئێمە قسەی خۆمان دەبێت”.
لە کۆبونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردووی هەولێریش عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر ئەو رێکەوتنە کردەوەو رایگەیاند: “بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و ئەو بەرنامە چاکسازییە لەسەری رێکەوتوین دەرفەتی تەواو دەدەینە حکومەت، ئەگەر لەوکاتەدا چاکسازیی جێبەجێنەکراو چاکسازی راستەقینە ئەنجامنەدرا، ئەوکاتە ئێمە قسەی خۆمان دەبێت و هەڵوێستی گۆڕان بۆ رایگشتی رون دەکەینەوە”.
(2)
ئاماژەکان پێمان دەڵێن، پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەندێ هەنگاو هەڵدەنێن کە بە زیانی گەورە بۆ سەر رێکەوتنەکەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دەشکێتەوە. زيادكردنى کۆمەڵێک یاریدەدەر بۆ سەرۆکی حکومەت، مەبەستەکە هەرچییەک بێت لەناو گۆڕان و دەنگدەرانی گۆڕاندا بە کارێکی ئیستفزازیی لە قەڵەم دەدرێت و نەک هەر پەسەند نییە، بەڵکو دروستکردنی کەلێنە بۆ ئەو متمانەیەی کە بزوتنەوەکە بەو قەول و بەڵێنانەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بزوتنەوەکەی دابوو.
(3)
هێشتا لەسەرەتای رێگەین، حکومەتی هەرێم بە رێکوپێکی سەرقاڵی دانانی کارو بەرنامەیە، وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو کابینەی حکومەت بە رۆحیەتی یەک تیم لەگەڵ هاوڕێکانی دیکەیانداو بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت کار بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەیان دەکەن، بزووتنەوەی گۆڕانیش لەسەر زاری رێکخەرەکەیەوە رایگەیاندوە: “بەشداریی کردنی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازییەو بۆ ئەو مەبەستەش پاڵپشتی تەواوی حکومەت دەکەین”، بەڵام دانانی ئەم جۆرە کەسانە لەو پلەوپۆستانە و بەبێ راوێژکردن لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ساردی دەخاتە نێوان لایەنە سەرەکییەکانی ئەندام لە کابینەکە. پارتی دیموکراتی کوردستان دەیتوانی لەنێو سەدان کادیری بە ئەزمون و خاوەن تێکۆشانی خۆیدا خەڵکانێک هەڵبژێرێ کابینەکەی پێ بەهێز بکات، نەک کەسانێک برینە سارێژ بووەکان بکولێنێتەوە.
ئەمە ئەگەر پەیامە بۆ گۆڕان، ئەوا بۆ گۆڕان زۆر ئاسانە، رێگە یەکساڵیەکەی کورتتر بکاتەوەو پەیامی بەرامبەری هەبێ...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن