پێنج وەسێتەکەی نەوشیروان مستەفا بۆ کورد
5/19/2019 11:52:00 AM
د. مەجید ساڵح
دوای راپەڕینی ١٩٩١، نەوشیروان مستەفا تاکە خەونی ئەوە بوو ئەو ئەزموونەی کوردستانی عێراق “ئەگەر بۆ هەفتەیەکیشبێ، با بۆ دنیای ئیسپات بکات کە دەتوانێ حکومڕانی خۆمان بکەین، ئەگەر وازمان لێبێنن خۆمان دەتوانین حکومرانی خۆمان بکەین”. لەو پێناوەدا هەوڵی زۆریدا سەرەتا لە گەڵ هاوسەنگەرەکانی شاخدا، دواتر کە زۆرزۆر نائومێدبوو لەوان هانای بردە لای ئیسلامییەکان و داوای هاوکاری لێکردن و بە مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیزی وت: “من بۆ خۆم لە بەر دەمی ئێوەدا ئیعتراف ئەکەم کە رەنگە لە زۆریان خوێنەوارتر بم چونکە من بێجگە لەوەی جامیعەی بەغام خوێندووە، چوار ساڵیش لە ڤییەنا دەرسم خوێندووە. لە زمانیشا کوردی ئەزانم، عەرەبی ئەزانم، فارسی ئەزانم، ئەڵمانی زۆر باش ئەزانم، ئینگلیزیش ئەزانم کەچی هێشتا خۆم بە شایستەی ئەوە نازانم دانیشم لە شوێنکا، وەک سلێمانی من محافزی سلێمانی بم”
پاشان بۆ چاکردنی دۆخی خراپی ئیداری دوای راپەڕین بۆ پەنای بۆ ئەکادیمیسیەنەکانی شار برد، ئەوانیش هەریەکەو بە بیانوویەک شانی خۆیان لەسەر بەرپرسیاریەتیەکە دزیەوە، شەڕی ناوخۆی ١٩٩٤ دەستیپێکرد و هەموو پرۆژە ئیسلاحییەکانی نەوشیروان مستەفای پەکخست.
دوای رووخانی رژێمی بەعس ساڵی ٢٠٠٣، بەهۆی تێوەگلانی هێزە سیاسییەکانی عێراق بە جەنگی تایفیی و هەروەها بە هۆی ناکۆکییە ئیقلیمییەکان و بەدیاریکراوی ململانێی ئێران و عەربی سعودیەوە، هەلومەرجێکی گونجاو بۆ هێزە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق رەخسا بۆ ئەوەی لە حکومەتی بەغدا پۆستی سەرۆک کۆمار و چەندین وەزارەتی گرنگ وەرگرن، ١٧٪ی بودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکرا. بەڵام سەرکردایەتی سیاسی هەرێم لەجیاتی پێداگری لەسەر مافی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی، جەنگیی و فەرهەنگیی بۆ کورد، بەرژەوەندییە حزبیی و بنەماڵەییەکانیان کرد بە ئەولەویتی خۆیان، لە هەلومەرجێکی وادا نەوشیروان مستەفا لە رێگەی نووسین و چاوپێکەوتن و دیدارەکانییەوە پێنج ئەولەویەتی بۆ قۆناغی دوای روخانی رژێم دیاری کرد و داوای لە سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد بیکەن بە ستراتیژ و بەرنامەی کاری خۆیان، بەڵام ئەوان وەک جاری پێشوو، بە بیانووی جیاجیا خۆیان لێ دزیەوە. لەپێناوی تێگەیاندنیان لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆمپانیای وشەی دروستکردو بە دروشمی “رەخنە بەزمانی گوڵ” هەوڵێکی میدیایی زۆردا، دیسانەوە گوێیان نەگرت، ساڵی ٢٠٠٩ بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراندو ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی پەرلەمانی دروستکردو ئەو ئەولەویەتانەی کرد بە پاکێجی ئیسلاحی و گوشارێکی زۆری کرد، بەڵام دیسانەوە دەسەڵات خۆی لێ دزیەوە، لە ٢٠١٣ چووە ناو حکومەتەوەو ویستی بەهەر نرخێک بووە جێبەجێ بکرێن، بەڵام وەڵامی ئەوان داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی بوو، پێش کۆچی دوایی بە ساڵێک، بە دوای رێگەی دیکەدا دەگەڕا بۆ ئەوەی ئەوەی ئەو ئەولەیەتانە جێبەجێ بکرێن و هیچ نەبێ حوکمڕانیەکی جێگەی متمانەی خەڵک دروست بکرێ، بەڵام لە ١٩/٥/٢٠١٧ کۆچی دوایی کردووە کاری جێبەجێکردنی ئەو پێنج ئەولەویەتەی بۆ هەڵگرانی بیروباوەڕەکەی وەک وەسیەتێک لە نووسینێکدا بەجێهێشت؛ وا لەخوارەوە دەیانخەینەڕوو:
ئەولەویەتی سیاسی
سەرەکیترین ئەولەویەتی سیاسی بەلای نەوشیروان مستەفاوە بۆ ئەو قۆناغە “گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان” بوو، نەوشیروان مستەفا پێیوابوو دوای روخانی رژێم “كورد له عیراق، له پاش چهندین ساڵ خهبات و چاوهڕوانی ههلێكی مێژویی بۆ ههڵكهوت، بۆ ئهوهی ههندێ له خواسته سهرهكییهكانی، به تایبهتی دیاریكردنی سنووری كوردستان، بچهسپێنێ”، بەڵام بڕیاربەدەستانی کورد لەجیاتی ئەوە “چارهنوسی ههمو ئهو ناوچانهیان حهواڵهی سهرژمێرێکی دیاری نهکراو و، ریفراندۆمێکی “ئهنجام نهزانراو” کرد”. ئەو رای وابوو “هیچ گهلێ بۆ سهندنهوهی پارچهیهک له نیشتمانهکهی ڕاپرسی قبول ناکا”، بەڵام “سهركردایهتی كورد، “بههۆی ململانێ ی حزبیی ناوخۆیانهوه، بۆ رازیكردنی ئەمریکا، ئهم ههلهی له دهس دا”.
بۆیە لە نووسینێکدا بە کورت و پوختی نووسیویەتی: “یەکێک لە ئەولەویەتە سیاسییەکانی کاری سەرکردایەتی ئێستای کورد دەبێ گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکانبێ”.
لە دوای راپەڕینەوە خولیای سەرەکی نەوشیروان مستەفا دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی و ئیداری خزمەتگوزار و شەفاف بووە لە کوردستان، دوای روخانی سەدام لە نووسینێکدا دەڵێ: “دەبوایە دوای روخانی رژیمی بهعس و هاتنی ئهمریکا بۆ عیراق، دیمۆکراتیزەکردنی هەرێمی کوردستان و بە چەسپاندنی فرەیی سیاسی، سەربەخۆکردنی دەسەڵاتەکانی داوەری و تەشریعی و تەنفیزی بکرێت بە ئەولەویەتی سەرکردایەتی کورد”.
ئەولەویەتی ئابووری
رەخنەی دیکەی نەوشیروان مستەفا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشووری کوردستان کەمتەرخەمییان بوو لە دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری پتەو. ئەو پێی وابوو کوردستانێکی بەهێز پێویستی بە ئابوورییەکی بەهێز هەیە و ئەو بودجە زەبەلاحەی کە لە عێراقەوە دێت بۆ کوردستان گەر بەشێوەیەکی دڵسۆزانە و زانستیانە خەرج بکرێت دەکرێ کوردستانێکی خۆشگوزەرانی پێ دامەزرێنرێت. بۆیە لە رەخنەکانی بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد نووسیویەتی: “ئەبوایە دامەزراندن و پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری لە ئەولەویەتیاندا بوایە، بە تایبەتی کە سەدی حەڤدەی بودجەی گشتی عیراق بۆ هەرێم تەرخان کرا”.
ئەولەویەتی کۆمەڵایەتی
یەکێکی دیکە لە پرۆژەکانی نەوشیروان مستەفا دیزاینکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی بوو لە دوای کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە، ئەو پێیوابوو رژێمی سەدام لە ماوەی دەسەڵاتیدا بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو شیرازەی کۆمەڵگای کوردی تێکداوە. بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی کۆمەڵگای کوردی پێویست بە بەرنامەیەکی زانستی دەکاتو دەبێ ئەولەویەتێکی دیکەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بریتی بێت لە: “نزیککردنەوەی ئاستی گوزەرانی چینە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی و کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان شار و لادێ، نێوان هەژار و دەوڵەمەن، نێوان زەرەرمەندی ئەنفال و شۆڕش و هاووڵاتییانی ئاسایی”.
ئەولەویەتی فەرهەنگیی
دوای راپەڕینی ١٩٩١ نەوشیروان مستەفا هەوڵێکی بێوچانی دەدا بۆ بنیاتنانەوەی دامودەزگا ئەکادیمیەکانی کوردستان و سڕینەوەی ئاسەواری تەبعیسکردنی کایەی فەرهەنگیو کولتووری لە کوردستان، دامەزراندنەوەی زانکۆی سلێمانیو کردنەوەی ناوەندی گرنگیدان بە ئەرشیف و دیکۆمێنتە مێژووییەکانی کردبوو بە خەمی رووناکبیرانی هاوڕێی. بەڵام ئەم بەرنامەی ئەو دەیویست بۆ بەرزکردنەوەی کایەی فەرهەنگی، بە لاسایی کردنەوەی رژێمی بەعس لەلایەن حزبەکانی دەسەڵاتەوە بەرگێکی حزبییان بەبەردا کرد. بۆیە لەوبەرنامەیەی بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد داینابوو رەخنەی لێ گرتوون و رووبەڕوو پێی وتوون: “ئەبوایە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆ و پەیمانگاکان و دامەزراندنی ناوەندی نیشتمانی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر” بکرێت بە ئەولەوێتێکی سەرەکی.
ئەولەویەتی جەنگیی
نەوشیروان مستەفا، بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی دوورودرێژی ئیمارەتەکانی کوردستان و هێزە سیاسییەکان، چی ئەو دەمەی لە شاخ بوو، چی لە دوای راپەڕین و چی لەدوای روخانی سەدام، پێی وابوو هەمیشە بوونی دوو هێز یان زیاتری چەکدار، جگە لە یەکترکوشتن هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە بۆیە لەدیدارەکەی ساڵی ١٩٩١ راست و رەوان بە مامۆستا ع.عەبدولعەزیز دەڵێ: “من پێم باشە ئێوە، بە راستی زۆر زۆر تاکید لەسەر ئەوە بکەن کە حزبەکان ئیجبار بکەن پێشمەرگە یەک بخەن، هێزی پێشمەرگە تەوحید بێ، وە بکرێ بە جەیشێ بۆ هەمو کورد، دیفاعی لە حدودی کورستان پێ بکرێ”. ئەودەم کەس گوێی لێنەگرت، شەڕی ناوخۆ دروست بوو، کوردستان بوو بە مەیدانی رمبازی هێزە ئیقلیمییەکان و هێزە سیاسییە چەکدارەکانیش بوون بە بازیچەی دەستیان.
دوای روخانی سەدام، ئەم مەترسیەی نەوشیروان بۆ یەکنەخستنی هێزە چەکدارەکان لە چەندین پرۆژەدا درا بە بەرپرسە باڵاکانی کورد، بەڵام لەمەشدا چەندین بیانوویان بۆ یەکنەخستنی هێنایەوە، ئەو دواتر بە حەسرەتەوە دەنووسێ: “ئەبوایە گۆڕینی هێزی پێشمەرگە بوایە لە هێزێکی حزبی هەژارەوە بۆ هێزێکی نیزامی عەسری لە روی عەقیدەی عەسکەری و چەک و رێکخستن و پێکهاتەوە”
لە دوایین هەڵسەنگاندنی کاک نەوشیروان بۆ گوێنەدانی سەرکردایەتی سیاسی کورد بەو ئەولەویەتانەی کە ئەو بۆی دیاری کردوون نووسیویەتی: “بەڵام سەرکردایەتی هەردو حزب کەمترین بایەخیان بەم ئەولەویاتانە دا، بەڵکو ئەولەویەتی ئەوان بو بە ستراتیجی خۆ قایمکردن و، بۆ ئەو مەبەستەش تەرخانکردنی هەمو ئیمکانیات و توانای تازەپەیدا بوی ئابووری، بازرگانی، سیاسی، دیپلۆماسی، قانونی، جەنگی لە سەر ئاستی هەرێم و عیراق و لە سەر ئاستی ئیقلیمی و ناودەوڵەتی بۆ قایمکردنی دەسەڵاتی حزبی خۆیان و، چەسپاندنی حوکمڕانی هەتاهەتایی خۆیان”.
نەوشیروان مستەفا کۆچی دواییکرد و دوای خۆی لە رێگەی ئەم نووسینەوە، وەسێتە پێج خاڵیەکەی کە جێبەجێکردنی ئەو ئەولەیەتانەیە بۆ هاوبیرەکانی بەجێهێشتووە، باشترین وەفا بۆی بەدیهێنانی ئەو ئەولەویەتانەیە، لەسەرووی هەمووشیانە گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی کوردستانە.