100وتار

کوردستان و فەڵەستین!

10/8/2023 4:40:00 PM
د. مەجید ساڵح


جاری یەکەم نییە کە فەڵەستینیەکان گورزێک لە ئێسرائیلیەکان دەوەشێنن، لە کوردستان خەڵکەکە دەبن بە دوو بەشەوە، لایەنگر و دژ، پاڵنەری هەردوو  لاش ئایدۆلۆژیا و ئاینە.. چەپ و عەلمانییەکان لە دژی دین پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن، روونە ئیسلامییەکانیش پاڵنەری دین وایان لێ دەکات لایەنگری لە فەڵەستینیەکان بکەن...

لە دۆخی وادا، لای فەڵەستینیەکان و هەموو میللەتێکی ئازاد، وەرگرتنی هەڵوێست لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە نەک هەست و سۆز و ئایدۆلۆژیا و دین... بە واتایەکی دیکە من پشتیوانی ئیسرائیل بم یان فەڵەستین، چیم دەست دەکەوێ و چی لە دەست دەدەم...

فەڵەستینیەکان هەمیشە وا دەکەن تا سەدام بوو بە قائیدی ئومەی عەرەبی و ئیسلامیان دەزانی، ئیستا خامنەئی بە وەلی ئەمری موسڵمانان دەزانن و ئەردۆغانیش بە خەلیفەی ئیسلام. ئیسرائیلییەکان لەوەدا کەس شان لە شانیان نادا... تا توانیان کۆمەکی شۆڕشی ئەیلولیان کرد بۆ ئەوەی عێراق نەیپەرژێتە شەڕ لە گەڵیان، کە ئیشیان پێی نەما بە گورگانەخواردیاندا و لە هەرەسی شۆڕش و ئەنفالەکان و هەڵەبجە و کۆڕەو نقەیان لێ نەهات، برا موسڵمانە فەڵەستیینەکان چاویان لە ئاست ئەو هەموو تاوانانەی عێراق نوقا و بێ دەنگ بوون...... ئیسرائیلییەکان بۆ رازیکردنی تورکەکان عەبدوڵا ئۆج ئالان (ئاپۆیان) لە کینیا تەسلیمی بلند ئەجەوید کرد، هەموو میدیای دنیا لە دەستی ئەوانە، کەچی بە فەرمی بۆ یەکجاریش بۆ نەڕەنجانی دڵی ئەردۆغان دانی خێر بە کێشەی کورددا نانێن..

دنیا وایە،  بەرژەوەنی نەتەوە لەسەروی ئایدۆلۆژیا و دین و  ئینتمای سیاسییەوەیە... تەنانەت سوڵتانەکەی ئەنقەرە دوو هەفتەیە وەک گورگی دڕندە بەربوەتە گیانی باشور و رۆژئاوای کوردستان، کەچی تەنانەت یەک موسڵمانی دنیا نوزەی لێوە نایەت.. خودی ئەردۆخان جاران لەکاتی گرژی فەڵەستین و ئیسرائیلیەکاندا دژی ئیسرائیل هەڵی دەتیزاند و هەڕەشەو گوڕەشەی دەکرد کەچی ئەمجارە باسی ئارام کردنەوەی دۆخەکە و پێکەوە ژیان دەکات، بۆ چونکە لەگەڵ ئیسرائیل خەریکی سەفقەی بازرگانی و هەناردەکردنی غازن بۆ ئۆروپا...

کەواتە، با ئێمەش وەک ئەو عالمە با لە چاویلکەی سود و قازانجی کوردەوە دنیا بینی خۆمان بونیاد بنێن، نەک ئایدۆلۆژیا باوەڕ و مەزهەب.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن