428وتار

عێراق و سیاسەت لەسەردەمی کەرە دێزەکاندا

11/7/2021 4:24:00 PM
د. مەجید ساڵح

هێرشەکەی شەوی رابردوو کۆتایی سەردەمێک و سەرەتای سەردەمێکی نوێیە لە ململانێی نێوان وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی لەسەر عێراق.

ئیتر (مام جەلال)ێک نییە لەکوێ بپچرێت گرێی بداتەوە، بەپێچەوانەوە تێکڕایی هێزە سیاسییە ناکۆکەکانی عێراق بەلەسە بوون و چی لە توانایاندا هەیە بۆ تێكشکاندنی یەکتر بەکاری دەهێنن و سیاسەتی کەرە دێزە (مردنی خۆیان و زەرەری ساحێبەکەی) بەکار دێنن.. کە لەلای عەرەب (علیە وعلی اعدائي) دەگەیەنێت..

وەک ئاشکرایە هەڵبژاردنی پەرلەمان بە خەسارەت بۆ هێزە نزیکەکانی ئێران کۆتایی هات و براوەکانیش کە لەسەر ئەمریکاو سعودیە و تورکیا ماڵن، سورن لەسەر ئەنجامەکانی و لە کەری شەیتان نایەنەخوارەوە، ئەمەش تێکشکانێکی گەورەیە بۆ ئەو هێزانەی لەسەر ئێران ماڵن، بۆیە گوێیان بە هیچ دەرئەنجامێک نەدا و سواری سەری خۆیان بوون و بەو فڕۆکانە پەلاماری سەری مارەکەیاندا کە شاراوە نییە دروستکراوی ئێرانن.

هێرشبەرەکان هیچ دوو دڵ نەبوون لەوەی پەلامارەکەیان سەرکەوتوو دەبێت و یارییەکە دەگەڕیتەوە بۆ پێش هەڵبژاردنەکە، بەڵام تویتەکەی کازمی کە وتی زیندوم و هەوڵی تیرۆرکردنم  فەشەلی هێناوە، ریسەکەی لە هێرش بەرەکان و پشتیوانەکانیان کردەوە بە خوری، نەک یارییەکەی نەگەڕندەوە بۆ مرەبەعی یەکەم، بەڵکو تۆپەکەیان خستە بەرپێی کازمی و بەرەی ئێرانی خستە بەرگری و ئێستا لەبەردەم دوو ئەگەردان یان دەبێ دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە قەبوڵ بکەن یان دەبێ تەسعیدی هەڵوێستەکەیان بکەن و دۆ و دۆشاو تێکەڵ بکەن.

 لە ئەگەری یەکەمدا پێگەیان لە ئایندەی عێراقدا تا رادەیەکی زۆر لاواز دەبێت و دەبنە پاشکۆی سەدرییەکان، لە ئەگەری دووەمیشدا پێ ناچێ بتوانن بەبێ پشتیوانی ئێران دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن، ئێرانیش ناچێتە شەڕێکەوە کە خۆی تەوقیتەکەی دیاری نەکات، بە تایبەت لەم دۆخەدا کە لەوتوێژدایە لەگەڵ رۆژئاواییەکان بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەری و کۆتایی هێنان بە دۆسیەی ئەتۆمیەکەی.

بەهەرحاڵ لەدوای نەمانی پیاوە گەورەکان، سیاسەت لە عێراق بوەتە گەمەی منداڵان و چاوەڕێی هەموو شتێکی خراپ دەکرێ جگە لە شتی باش.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن