شۆڕش واتە هەڵچوون و یاخی بوونی خەڵک لە رژێمێک بۆ گۆڕینی دۆخی باوی خراپ بۆ دۆخێکی باشتر . بەڵام کودەتا بریتیە لەوەی کەمینەیەکی سەربازی هەڵدەکوتنە سەر بارەگای سەرەکی حکومەت و دەسەڵاتدارەکان لەکار لادەبەن و خۆیان دەچنە جیگەیان. جیاوازی شۆڕش و کودەتا ئەوەیە لە شۆڕشدا خەڵک رۆڵ دەگێڕێت بەڵام لە کودەتادا خەڵک هیچ رۆڵێکیان نییە.. 63 ساڵ پێش ئێستا عەبدولکەریم قاسم و کۆمەڵێک ئەفسەری دیکە لە کودەتایەکی سەربازیدا هەڵیان کوتایە سەر کۆشکی شاهانە و خاوخێزانی بنەماڵەی فەیسەڵ و کاربەدەستانی حکومەتیان قەتڵ و عام کرد و رژێمی مەلیکییان گۆڕی بە کۆماری... هەرچەندە جەماوەر لەم کودەتایەدا هیچ رۆلێکیان نەبوو، بەڵام هەر ئەو رۆژە خەڵک رژانە سەر شەقامەکان و جگە لە پشتیوانی کردنی کودەتاچییەکان، ماڵی شا و کاربەدەستانیان فەرهود کرد... دەسەڵات و لەقەبەکانی عەبدولکەریم لە مەلیکەکانی پێشوو زۆرتر بوو، ئیتر خەڵک لە ئەرز بۆی نەدەگەڕان لەئاسمان و لەناو مانگدا دەیانبینی... چوار ساڵ دوای ئەوە، کۆمەڵێک ئەفسەری دیکە فیلمەکەیان دووبارە کردەوە ئەو ئاوەی عەبدولکەریم رشتبووی و مالی مەلیکی قەتڵ و عام کرد، بەسەرخۆیاندا هێنایەوە و دیسانەوە خەڵک چەپڵەیان بۆ ئینقلاپچییە تازەکان لێدایەوە، ساڵی نەبرد دیسانەوە ئینقلابێکی دیکە و چەپڵەریزانی خەڵک.. ئینجا دانەیەکی تر... تا گەیشتە 2003 ئەمریکا هات بەلادانی سەدام و ئینقلابچییەکانی 1968 دۆ ودۆشاوی تێکەڵ کرد و هەزاران مەلیک لەم مەملەکەتەدا هەڵتۆقین... لە ساڵی 1958ەوە عێراق لەشەڕێکەوە بۆ شەڕێکی دیکە لە فەرهود و تاڵان کردنی وڵات لەلایەن گروپێکەوە بۆ گروپێکی دیکە، 63 ساڵەئەم وڵاتە ئیسراحەتی بەخۆوە نەدییوە.... ئایا دۆخی عێراقیەکان لە دوای مەلیکی و دامەزرانی کۆماری باشتر بوو؟! ئیتر خۆتان بڕیار بدەن، 14 تەموز شۆڕشە یان ئینقلاب؟!
سۆشیال میدیا