824وتار

کۆتایی سەردەمی جوتیارە دیکتاتۆرە کە

1/3/2020 10:11:00 PM
د. مەجید ساڵح

لوشیوس کوینکتیوس سنسیناتوس (519 - 430 پ.ز) فەرماندەیەکی سەربازی 'کۆماری رۆمانی' بوو، لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا خۆی خانەنشین کرد و چوو لە گوندێک دەستی کرد بە جوتیاری. کاتێک جەنگ لە نێوان رۆما و 'گەلی  ئیكوی ئوتانی' هەڵگیرسا، ئەنجومەنی پیرانی رۆما وەفدێکی لە خەڵک راسپارد بچن بۆ کێڵگەکەی و داوای لێ بکەن ببێتە دیکتاتۆر و وڵاتەکەیان لەو مەترسیە رزگار کات کە هەڕەشە لە بوونیان دەکات.


لوشیوس کوینکتیوس سنسیناتوس پێی وتن کە ئەو دەستبەرداری سیاسەت بووە و دەبێ لە پێشدا زەویەکەی بکێڵێت، بەڵام خەڵکەکە وازیان لێ نەهێنا و ناچاریان کرد چەک و تفاقی جەنگی هەڵگرێت و لە گەڵیان بەرەو رۆما بەڕێ بکەوێ، تاکە مەرجی بۆ بوون بە دیکتاتۆر ئەوە بوو کە دوای جەنگ بگەڕێتەوە بۆ کێڵگەکەی. فەرماندەیی سوپای گرتە ئەستۆ و لە ساڵی 458 پ.ز سەرکەوتنی بەدەست هێنا و رۆژێک دوای سەرکەوتنەکە گەڕایەوە بۆ کێڵگەکەی. کاتێک تەمەنی گەیشتە 80 ساڵان جارێکی دیکە گەلی رۆمان داوایان لێ کردەوە بگەڕێتەوە بۆ رزگار کردنی رۆما لەو یاخی بوونەی کە سەری هەڵدابوو، دوای سەرکەوتن، سەرەڕای داوی خەڵک بۆ مانەوە لە دەسەڵات، بەڵام دیسانەوە گەڕایەوە بۆ سەر کارەکەی خۆی، بەم جۆرە سنسیناتوس بوو بە رەمزێک بۆ هاوڵاتی نمونەیی رۆمانی.


لەو کاتەوە تا ئێستا هەڵوێستەکەی 'سنسیناتوس' بووتە ئیلهام بۆ چەندین فەرماندە و سیاسەتمەدار و لە لوتکەی دەسەڵاتدا وازیان لە پۆستەکانیان هێناوە. لەوانە جورج واشنتون لە ئەمریکا و نلسۆن ماندیلا لە ئەفریقای باشور. تەنانەی لە ئەمریکا کۆمەڵەیەک بە ناوی 'سینسیناتی' ، و شارۆچکەیەک لە نیویورک و شارێک لە ویلایەتی ئۆهایو بە ناوی 'سینسیناتوس' دروستکراوە.
ئەنتۆنی نگری و مایكل هاردت کە دوو فەیلەسۆفی چەپن، لە هەردوو کتێبی 'ئیمپراتۆر' و 'جەماوەر'دا پێیان وایە چیتر هەلومەرجی ئیمپریالیزم کە ئەوان بە سەردەمی 'ئیمپراتۆر' ناوی دەبەن، کۆتاییان بە سەردەمی 'سنسیناتوس'ەکان هێناوە و هەرکەسێک دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکە شەڕ دەکاتە بیانوو بۆ مانەوەی لە دەسەڵات بۆ هەتاهەتایە..ئەوان پێیان وایە ئیتر سەردەم سەردەمی ئیمپراتۆرەکانە و جیاوازی ئەم ئیمپۆراتۆرانە لە گەڵ ئیمپراتۆرەکانی کۆن لەوەدایە لە جیاتی داگیر کردنی وڵاتان، دەیانکەن بە سنورێکی بێ سەروەری و بە رێگەی دیکەوە بەڕێوەیان دەبەن..


کە کتێبەکانی 'ئیمپراتۆر' و 'جەماوەر' دەخوێنیتەوە، دیمەنەکە بە گەورەیی دەبینیت و سەرقاڵ نابی بە دیمەنە بچووک و لابەلاکان..


(پەیکەرەکە هی لوشیوس کوینکتیوس سنسیناتوس لە ویلایەتی ئۆهایوی ئەمریکا)

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن