لە موجامەلەی شەیتانەوە بۆ لێپرسینەوەی ..کێ دەستی کێی گرتووە؟
4/5/2019 10:16:00 AM
د. مەجید ساڵح
(1)
لە دوای هەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٣، کاک نەوشیروان نەجەمەدین کەریمی بانگ کرد و پێی وت بەوبرادەرانەتان بڵێ ئێمە ٢٤ کورسی هەیە و ئێوە ١٨ کورسی، لای خۆمانەوە ئامادەین لە گەڵ یەکێتیدا هاوپەیمانیەک لە پەرلەمان دروست بکەین و هەردوو لامان ببینە گەورەترین فراکسیۆن و ئەو کاتە خۆمان مافی دروست کردنی حکومەتمان هەیە، با سەرۆک وەزیرانیش لە یەکێتی بێت.. هەڤاڵێکی مەکەتەبی سیاسی جگەلەوەی لە مەکتەبی سیاسی زۆر دژی ئەم بۆچوونە بووە، لە رۆژنامەی الشرق الاوسط رایگەیاند (ئێمە لە پشتەوە خەنجەر لە پارتی نادەین)، بەم کارەی ئەو هەوڵەی لەبار برا بۆ دەرهێنانی حکومەت لە دەستی پارتی بەشێوەیەکی یاسایی.
دوابەدوای ئەوەش کاک نەوشیروان سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی کرد و هەمان پێشنیاری خستەبەردەمی هەردوو هاوپەیمانەکەی سەرەمی ئۆپۆزیسۆن، وپێی وتن کە (٢٤) گۆڕان (١٠) و (٦) کۆمەڵ دەتوانین ببینە هاوپیەمانیەکی ٤٠ کورسی و ئەو کاتە بەشێوەیەکی یاسایی ئێمە رادەسپێدرێن بۆ پێکهێنانی حکومەت؛ بەڵام برایانی کۆمەڵ و یەکگرتووش بە بیانووی ئەوەی پارتی کێشەیان بۆ دروست دەکات ئەو پیشنیارەیان رەت کردەوە.
تەنانەت کاک نەوشیروان پێی وتبوون ئەمەی ئێوە لە مەبدەئی شەیتان پەرەستەکان دەچێ، بەبیانووی ئەوەی رەحمان بە رەحمە و ئازاریان نادا، موجامەلەی شەیتان دەکەن و قسەی پێ ناڵێن..
(2)
لە دوای رێکەوتنە ئاشکراکەی گۆڕان وپارتی، لە میدیاکانی یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتووەوە کادیر و پەرلەمانتارەکانی ئەو لایەنانە بەبەردەوامی پەلاماری بزوتنەوەی گۆڕان دەدەن.. نامەوێ بچمە وردەکاری ناوەڕۆکی پەلامارەکانەوە، چونکە ئەوە زەمەن دەری دەخات کێ راستگۆیە لە گەڵ پرەنسیپ و باوەڕەکانی و کێ موجامەلەی سیاسی پێدەکات و لەچاوتروکانێکدا دەستبەرداریان دەبێ..
- بە نسیبەت یەکێتی یەوە، لە رۆژی هەڕەشەکە و گەڕانەوەیان بۆ ناو پەرلەمان ئیتر پرەنسیپی (لە پێناوی بەرژەوەندیدا بێ دەنگ دەبم)یان هەڵبژارد..
- کۆمەڵی ئیسلامی خۆشیان نەیانشاردوەتەو بۆ چوونە ناو حکومەت لە ئاو (شل)ترن و چاوەڕوانی وەڵامی پارتین، بەڵام سەرەڕای ئیلحاحی زۆری گۆڕان بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە ناو حکومەتەوە، پارتی تا ئێستا رازی نییە. کەواتە بەرازی بوونی پارتی، ئایەتی (يُبَدِّلُ اللَّهُ سَيِّئَاتِهِمْ حَسَنَاتٍ) جێگەی رەخنەکانیان لە گۆڕان دەگرێتەوە..
- یەکگرتووش، کە هەرلەسەرەتاوە ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵبژرادوە، بۆ راستکردنەوەی هەڵەو کەموکوڕییەکانی ناوخۆیان و راکێشانی هەست و سۆزی جەماوەرە لەدەستچووەکەیان هێندەی پەلاماری بزوتنەوەی گۆڕان دەدا، نیو هێندەی رووی قسەی لە پارتی نییە. یەکگرتوویەک کە لە کاتی کۆبوونەوە یەکلاکەرەوەکەی خوێندەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، پێنج پەرلەمانتاریان بە زەقی دژایەتیان کرد و کۆبوونەوەکەیان لەبار برد ئێستا بۆ شینی یاسایەک دەکات کە گۆڕان بە تەنها توانیویەتی لە رێکەوتن نامەیەکی رووندا یەکێک لە داخوازییە هاوبەشەکانی هەرچوارلایەنەکە بەسەر پارتیدا بسەپێنێ کە پرەنسیپی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمە لە ناو پەرلەمان..
(3)
بزوتنەوەی گۆڕان، توانی کۆمەڵێک پرەنسیپی ئیسڵاحی بکاتە کارنامەی حکومەتی داهاتووی هەرێم.. و لە گەڵ پارتی کات و رێوشوێنیان بۆ جێبەجێکردنیان دانااوە، لە ماوەی ساڵێکدا گەر هاتوو حکومەت جێبەجێی کردن، خێر عەلالخێر، کە پارتی نەچووە ژێر باریەوە و خۆی لێ دزیەوە، گۆڕان نانی بەتەنورەوە نەسوتاوە، هەر بە پێی رێکەوتننامەکە گۆڕان دەتوانێ بکشیتەوە و خەباتی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژێرێ..
گرنگترین شتێک کە گۆڕان لەو رێکەوتنەی لە گەڵ پارتی کردویەتی، ئەوەیە بە تەنیا توانی سەرۆکی هەرێم لە ئاسمانەوە بێنێتەوە ناو پەرلەمان و بیخاتە بەر رەحمەتی چاودێری پەرلەمانتارانەوە، دەبا لەمەولا ئەو حزبانەی دژی گۆڕان قسەیان دەکرد، مەجامەلەی نەکەن و ئازایانە و ئازادانە بتوانن لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لە گەڵدا بکەن و کەس دەستیانی نەگرتووە..