محاسبەی نیابەت لە نێوان زەکیبەگ و نائیبەکانی ئێستادا
9/4/2021 11:39:00 AM
د. مەجید ساڵح
محمدئەمین زەکیبەگ، جگە لەوەی مێژوونووسێکی بەناوبانگ بوو، ساڵانی 1925 تا 1929 دووجار بۆتە وەزیر لە کابینەکانی حکوومەتی عێراقدا؛ جارێک وەزیری ئاوەدانکردنەوە و جارێکیش وەزیری پەروەردە. لە چەندین خولی پەرلەمانیشدا نوێنەری خەڵکی سلێمانی بووە تاکوو ساڵی 1937... لە هەر دوو ئەرکەکەیدا بە هەموو توانایەوە خزمەتی کوردستان و شاری سلێمانیی کردووە و هیچ جارێکیش منەتی بەسەر خەڵکدا نەکردووە و داواشی نەکردووە سلێمانی بخرێتە سەر بەغدا، بەڵکوو هەمیشە داوای کردووە سلێمانی و کەرکووک و هەولێر بکرێنە ئیدارەیەک بۆ کوردستان و دهۆکیش، کە ئەو کات سەر بە مووسڵ بوو، بکرێتە پارێزگا و بخرێتە سەر ئەو ئیدارە سەربەخۆیە...
دوای تەواو بوونی ئەرکەکانی لە حکوومەت و پەرلەمان، لە دوو نامیلکەی "محاسبەی نیابەت" و "دوو تەقالای بێسوود"دا هەموو کار و چالاکییەکانی خۆی چی وەک وەزیر و چی وەک پەرلەمانتار خستۆتەڕوو و بێباکانە داوای کردووە محاسەبەی بکەن گەر کەموکووڕییەکی هەبووە...
ئەو کۆچیدوایی کرد و چی لە دەست هات بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەکەی کردی و ئێستاش ناوی هەر بە زیندوویی ماوەتەوەم و گەشەدارە...
لەگەڵ محەمەدئەمین زەکیبەگدا چەندین کەسی دیکە بوون بە وەزیر و پەرلەمانتار، بەڵام هەندێکیان لێدەرچێ ئەگینا ئەوانی دیکە پۆستەکانیان بۆ پڕکردنی گیرفانەکانیان بوو، نەک بۆ خزمەتی وڵاتەکەیان...
لە دوای ڕووخانی سەددامیش دەیان کەس بە نوێنەرایەتیی کورد بوون بە سەرکۆمار و وەزیر و پەرلەمانتار و مودیرعام و... بەڵام چەند کەسێکی کەمیان نەبێ ئەگینا زۆربەیان جگە لە پڕکردنی گیرفانەکانیان هیچ خێرێکیان بۆ کورد و کوردستانەکەیان نەبووە...
بۆیە کاتی موحاسەبەیە، بۆ ئەوەی ئەمانەی ئێستا دەچن با وەک محەمەدئەمین زەکیبەگ بن، نەک وەک ئەوانەی تەنها لە لاپەڕە رەشەکانی مێژوودا ناویان تۆمار دەکرێ...
هیوادارم هەموو کوردێک ئەو دوو نامیلکەیەی زەکیبەگ بخوێنێتەوە... بەتایبەت کاندیدەکانی ئەم هەڵبژاردنە...