خۆدزینەوە لە داستانە گەورەکە
4/12/2022 1:04:00 PM
د. مەجید ساڵح
زۆرجار کە بیر لەو وتەیەکی
ئەحمەد داود ئۆغلۆی سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا دەکەمەوە کە دەڵێ: (کۆمەڵگای
کوردی هاوشێوەی ئەفغانییەکان دابەشبونێکی مایکرۆ - نەژادییان تێدایە، رەگەزەکانی
ململانێی گروپە سیاسییەکانی کورد کە دەرهاویشتەی کولتوری خێڵن، بەردەوام لە بازنەیەکی
بۆشی یەکتر لاوازکردندا دەژین.. ئەوکاتەی ئەم گروپانە لەو حەقیقەتە تێ ناگەن، سەرکەوتنە
کاتییەکانی خۆیان وەک بەلگەیەک بۆ سەرکەوتنی تەواوەتی لێکدەدەنەوە....)، دەگەمە ئەو
باوەڕەی کە داگیرکەرانی کوردستان باش لە سایکۆلۆژییەتی ئێمە تێگەیشتوون بۆیە وا هەمیشە
بەسەرماندا زاڵ دەبن و بەژێردەستەیی دەمانهێڵنەوە و بەگژ یەکماندا دەدەن.
شەڕی کۆڕێ، کە ئێستا بوەتە بنێشتە خۆشەی دەمی کادیرەکانی یەکێتی و پارتی و
خەریکە لەسەر ئەوەی کێ کردی، شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی دیکە هەڵدەگیرسێنن، بە پێی وتەکەی
داود ئۆغلۆ بێت ئەو شەڕە هیچ نییە جگە لە سەرکەوتنێکی کاتی و بچوک لە ناوچەیەکی بێ
ئەهمیەت، لە زەمەنی شکستێکی گەورەی مێژوویی (شکستی راپەڕین و کۆڕەو) کە کەس خۆی
ناکاتە خاوەنی...
گریمان ئەو شەڕە وەرچەرخانێکی
مێژوویی گەورەی لە کۆمەڵگای کوردیدا دروست کرد و ئەو شەڕە نەبوایە حکومەتی هەرێم
دانەدەمەزرا، با وای دانێن لەو شەڕەدا تەنیا پارتییەکان بەشدار بوون، یان بەس یەکێتیەکان
داستانەکەیان تۆمار کردوە...
!!
ئایا ئەوانەی کە خۆیان
بە خاوەنی ئەو داستان و سەرکەوتنە دەزانن، ئێستا ئاگایان لە دۆخی بژێوی خەڵک و ئەو
لێکترازانە کۆمەڵایەتیە گەورەیەی هەیە کە کۆمەڵگاکەمانی گرتوەتەوە و کاری گەیاندوەتە
ئەوەی خەڵک خۆزگە بە سەدام بخوازێت و حەز بەوە بکات بەغدا کۆنترۆڵی داهات و سیادەی
هەرێم بکات!؟
ئەوانەی کەڕەنای شەڕی
ناوخۆیی و دووبەرەکی لێدەدەن دەبێ بزانن ئێستا خەڵک هیچ داستانێکی رابردووی بەلاوە
گرنگ نییە، جگە لەوەی حکومەتێک بێت سێ ئەرکی سەرەکی بۆ جێبەجێ بکات:
١. دابینکردنی بژێویەکانی ژیان وخۆشگوزەرانی.
٢.پاراستنی لە هەڕەشەی دەرەکی..
٣. دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری ناوخۆیی..
داستانی راستەقینە و گەورە بەلای خەڵکەوە ئەوانەیە
و لەگەڵ نەهێشتنی گەندەڵی... کێ شاندەداتە ژێر ئەو بارە ئەوە قارەمانە و کێش خۆی لێ
دەدزێتەوە ئەوە بەر نەفرەتی مێژوو دەکەوێت...