111وتار

٣+١ و پیلانەکانیان

8/9/2023 11:57:00 AM
د. مەجید ساڵح

 

دۆخی سیاسی کوردستان بە شێوەیەک خراپە تەنانەت سوریا کە لە گیانەڵاندایە و کۆنترۆڵی بەسەر نیوەی وڵاتەکەیدا نەماوە، بەشدارە لەو گەلەکۆمەکییەی عێراق و دراوسێکانی لە دژی کورد... هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن وڵاتانی دەرودراوسێی عێراق ناکۆکییەکانیان وەلا ناوە و  کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکانیان بە شێوەیەکی نهێنی بۆ سنوردارکردنەوەی پێگەی کورد لە ناوچەکە دەستپێکردوەتەوە، بە یەک جیاوازی ئەمجارە دەسەڵاتدارانی بەغداش نەک بەشدارن، بەڵکو ئەرکی جێبەجێکردنی پیلانەکانیان پێ سپێدراوە. بە جۆرێک دەکرێت ئەو کۆبوونەوە نهێنیانە ناوبنێن (٣+١) واتە عێراق و سێ دراوسێکەی کە دژی کوردن. مەسەلەی قەدەغەکردنی نەوت و نەناردنی موچە سەرەتاییە و هەنگاوی زۆر مەترسیدارتریش بەرێگەوەیە.

ئەم دۆخە لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیداری وا کە لە شەڕی ناوخۆشدا بەو رادەیە لێکنەترازابوون.

لەلایەکی ترەوە کۆمەڵێک میدیای حزبی و بە ناو سەربەخۆ، لە رێگەی دیدار و چاوپێکەوتن و گێڕانەوەی مێژوو لەگەڵ خەڵکانی نابەرپرس و نەزان بە سیاسەت و مێژوو، بەنزین بەسەر ئاگری ناکۆکییەکاندا دەکەن و کۆمەڵگای کوردی بەرەو لێکترازان و نائومێدی زیاتر دەبەن و زەمینەی پیلانەکانی (٣+١) لە دژی خەڵکی کوردستان و دەسکەتەکانی زیاتر خۆش دەکەن.

خاڵی هەرە مەترسیداری ئەم دۆخە ئەوەیە نەوەی دووەمی سیاسەتمەدارەکانی یەکێتی و پارتی کە ئێستا کۆنترۆڵی حیزبەکانیان خۆیان کردوە، بێ باکن لەوەی کوردستان بەرەو هەڵدێر دەچێت و سەرکردەکانی پێشخۆیان کە ئەزمونێکیان هەبوو لە ململانێی ئیقلیمی، پەراوێز و بێ دەنگ کردوە...
کاک مەسعودیش کە لەگەڵ رەوانشادان مام جەلال و کاک نەوشیروان لە بەغدا و وڵاتانی دەوروبە حساب بۆ قسەکانی دەکرا، لەو هەموو دۆخەی بەسەر کوردستاندا دێت بێ دەنگە و هیچ دەستپێشخەریەکی نییە بۆ یەکخستنەوەی گوتار و ماڵی کورد...
ئەم دۆخە دەقاودەق لە دۆخی پێش هەرەسی ئیمارەتەکانی کوردستان و شۆڕشەکانی دەچێ ... بەرپرسیاری یەکەمیش نەوەی دووەمی بنەماڵە سیاسییەکانی کوردستانە، کە دانیان لە یەکتر چیڕکردوە و ئاگایان لەوە نییە کە تێکچێ لەوانیش تێکدەچێ...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن