789وتار

ئایا سیاسەت بێحورمەتییە؟!

3/14/2021 10:54:00 AM
د. مەجید ساڵح


وتەیەکی باو هەیە دەڵێ "سیاسەت باوک و دایکی نییە"،  زۆرجار ئەو وتەیە لەلایەن ئەوکەسانەوە دەوترێتەوە کە بەجۆرێک لە جۆرەکان مەیلیان بەلای سیاسەتدا ناچێ.

ئەوانە پێیان وایە سیاسەت بریتیە لە فێڵ و تەلەکە و کڵاو لەسەرنانی خەڵک، بۆیە تا لەسیاسەتەوە دور بیت، ژیان خۆشتر و ئارامترە.

 بەڕای ئەوانە ئامانجی سیاسەت بریتیە لە خۆسەپاندنی هەندێک بەسەر ئەوانی دیکەدا، بۆ گەیشتن بەوەش دەبێ درۆ بکەن، خیانەت و جنایەت بکەن و لە خوو و رەوشتی مرۆڤایەتی داشۆرێن، بۆ ئەوەی لەوانە بەدور بیت، باشترین شت ئەوەیە خۆت لە سیاسەت بەدوور بگری.. نمونەی ئەم جۆرە سیاسەتمەدارە بێحورمەتانەی کە بەدرۆ دەچنە سەر کورسی دەسەڵات لە هەموو کۆمەڵگاکاندا هەن و لە کوردستانی خۆشماندا چەند ساڵێکە ئاوەکەی رژاوەو و زۆرکەس ئێستا پێ تیا دەخشێنن.

بەڕای هەندێکی دیکە گوزارەی "سیاسەت باوک و دایکی نییە" مانای دیکەی هەیە. یانی سیاسەت کاری هەموو کەسێک نییە و شارەزایی دەوێ و دەبێ بزانی لە پشتی پەردەوە چی دەگوزەرێ..

بەرای ئەمانە سیاسەت یانی ژیان، شتێک نییە لەدەوەوەی ژیانی رۆژانە، سیاسەت یانی دابەشکردنەوەی بیستن و بینین و وتنەکان و کردەوەکان.

بۆیە دەبێ لەسیاسەت تێبگەین و لێی را نەکەین، دەبێ و بزانین گوێ لە کێ بگرین و چی بڵێین و چی بکەین، لە شتە شاراوەکانی پشت دیوار و پەردەکان حاڵی بین.. سیاسەت یانی خۆت ببیتە قسەکەر.

سیاسەت بریتیە لە رامان لە بابەتە ناسیاسیەکان، چونکە ئەوەش خۆی لە خۆیدا بابەتێکی سیاسیی شاراوەیە.

پرسیارەکە ئەوەیە ئەوەی بەسەرماندا دێت لە نەهامەتی و  کارەسات، کێ بەرپرسە لێی.. ؟!  بکرە سیاسییەکان، یان ئەو کۆمەڵگایەی ئەوان سیاسەتی تێدا دەکەن؟

لەو کۆمەلگایانەی کە خەڵکەکەی زۆر لەسیاسەت ورد نابنەوە، سیاسەتمەداری بێحورمەت و خۆسەپێن و درۆزن و تەڵەکەباز بەسەیاندا زاڵ دەبێ...

لەو کۆمەلگایانەش کە قۆناغێکیان بڕیوە و بەدەستور و یاسا سنوریان بۆ سیاسییەکانیان داناوە، جێگەی سیاسی بێحورمەت نابێتەوە.. لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا دیتمان چۆن ئەمریکاییەکان (ترامپ)یان هەڵدایە دەرەوە و فەرەنسیەکان (سارکۆزی)یان بردە بەردەم دادگا...

کەچی لای خۆمان، سیاسییە بێحورمەتەکان تا دێت گەرای دیکە دادەنێن  و بەهۆی بێخەمی کۆمەلگاکەشەوە وا دانە دانەیان دەتروکێن...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن