820وتار

مەلیکەکەی ئەوان و
مەلیکەکەی خۆمان

1/20/2019 3:38:00 PM
د. مەجید ساڵح

(1)
مەلیک فەیسەڵ، كە کرا بە شای عێراق، بنەماڵەکەی خۆی لە گرتنەدەستی پۆستەکانی حکومەت دوورخستەوە، لە رێگەی دامەزراندنی مەجلیسی نواب و مەجلیسی ئەعیانەوە، زۆربەی بنەماڵە خانەدانەکان و سەرۆک خێڵ و هۆزەکانی عیراقی بەشداری پێکردو حکومەتیشی سپارد بە منەوەرو تەکنۆکراتەکان و ئەفسەرەکانیشی لە سوپاو پاسەوان و پۆلیسدا جێکردەوە. بە هەموو توانایەکیەوە کاری دەکرد بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی تەکنۆکرات و خزمەتگوزار.. مەملەکەتەکەی بنەماڵی هاشمی ٣٧ ساڵ درێژەی کێشا.. دواتر بە هەندێ فاکتەری دەرەکی و ناوخۆیی و بەزۆری عەسکەر، بنەماڵەکەیان ریشەکێش کرا. کەچی ئێستا عێراقییەکان خۆزگە بە باوباپیرانیان دەخوازن، کە لەو سەردەمەدا ژیاون.. مەلیک فەیسەڵ رۆیشت، بەڵام لەدوای خۆی وڵاتێکی بەجێ هێشت ناوی عێراقە، دوای خۆی چۆن بەڕێوەدەبرێ ئەوە خەتای ئەو نییە...


(2)
بەڵام مەلیکەکەی خۆمان، هەموو خزم و کەسوکارەکەی بوون بە وەزیر و کاربەدەست، مامێک مەسئولی دەزگای شەرع و مامێکی دیکە وەزیری ناوخۆ، لەو هەموو جەنەراڵ و ئەفسەرانەی کە لە سوپای عوسمانیدا هاتبوونەوە خزمەتی کوردستان بکەن، برا کرا بە قۆماندانی عەسکەرو سوپاسالار.. نەیتوانی خێڵەکانی چوارچێوەی دەسەڵاتدارێتیەکەی لە هیچ کام لەو سێ حکومەتەی کە لەنێوان ١٩١٨-١٩٢٣ دروستی کردن بەشداری پێ بکات، جگە لەوە گوێی لەو دەنگانە نەگرت کە لەناو منەوەرەکاندا بەرز دەبوونەوە بۆ دانانی بناغەیەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کولتووری هاوچەرخ، بەپێچەوانەوە بە بیانووی عەرەق خواردنەوە هەموویان راونران. بەهۆی پشتگوێ خستن و ئیحتوا نەکردنی خێڵەکانەوە، زۆربەیان ئامادە نەبوون بچنە ناو چوارچێوەی دەسەڵاتەکەیەوە؛ یان لانی کەم ملکەچی فەرمانەکانی نەبوون. ئەمەو چەند فاکتەرێکی دیکە، زەمینەی دروستکردنی مەملەکەتی کوردستانی لەبار برد. 


(3)
دوای نزیکەی سەد ساڵ، وا دیسانەوە هەلێکی دیکەی لەبار بۆ کوردی جنوبی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، بەڵام ئەمجارە حزب جێگەی خێڵەکانی گرتووەتەوە، کابینە دێت و کابینە دەڕوا، پەرلەمان دادەمەزرێت و دادەخرێت و بێ دەسەڵات دەکرێ.. بەڵام هێشتا ئەزموونمان لە مێژوو وەرنەگرتووە. تا خزمان وەستابن کەس ناکرێت بە بەرپرس، لەو هەموو وزەو توانا بەرفراوانەی کە لە کوردەواریدا هەیە کەڵک وەرناگیرێت و لە دوورەوە زرتەی چاوی دێت و تا حەبی حزبی دەسەڵات نەخوات، پۆست و پلە بەچاوی خۆی نابینێ. لەجیاتی دروستکردنی سوپایەکی بەهێزی یەکگرتوو، هێشتا حزبەکانمان شانازی دەکەن بەوەی هێزیان هەیە، مادام هێزیان هەبێ کەواتە حزبەکەی تر ناتوانێ دەست بۆ ئەندامەکانی ببات؛ مادام هێزی هەیە نە سەرۆکی هەرێم و نە سەرۆکی حکومەت لە (دەڤەرەکەی) ئەوان قایمقامێکیان پێ ناگۆڕێ.. مادام هێزی هەیە یەک کورسیش بێنێ وەک ئەوە وایە سەد کورسی هەبێ.. دەزگای شەرع و قانوون، بە شانازییەوە لە ڤیستیڤاڵی کەمپینی حزب بەشداری دەکات.. زانکۆکان رەنگی حزبەکانیان گرتووە.. 


دەوڵەتداری عەقڵی دەوێ.. ئێمەش دوو وانەمان لەبەردەمدایە مەلیکەکەی خۆمان و مەلیکەکەی عێراق.. کامیان هەڵدەبژێرین ئەوە کەتووەتە سەر خۆمان. دوایی نابێ گلەیی لەکەس بکەین.. هەرچێکمان بەسەر هات خۆمان بەرپرسین..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن