772وتار

ئێمە یەکەمین یان ئەوان؟!

12/29/2019 1:06:00 PM
د. مەجید ساڵح


بە پێی هەندێ لێکۆڵینەوە ئەوە دەرکەوتووە (رووسەکان) میللەتێکن زۆرترین جیاوازی فکری و ناکۆکی بیروڕایان هەیە.. رۆشنیرانی ئێرانیش پێیان وایە جگە لە (ئێرانییەکان) هیچ میللەتێک دیکە حەدی ئەوەی نییە دوای رووسەکان لە ناکۆکیدا پلەی دووەم بەدەست بهێنێت.

بەڵام کە سەیرێکی ئێستا و رابردوووی کۆمەڵگای کوردی دەکەیت بۆدەردەکەوێ ئەو لێکۆڵەرانە غەدرێکی گەورەیان لە کورد کردوە کە پلەی یەکەمیان پێ نەبەخشیووە.

بە بۆچوونی من (کورد) لە نوخبەی رۆشنبیرییەوە بگرە تا دەگاتە سیاسەتمەدار، ئەکادمییەکان، پەرلەمانتار و هونەرمەندان... ؛ لە دۆزینەوە و زەقکردنی خاڵی ناکۆکی و رازاندنەوە و جوانکردنی ئەو ناکۆکیانە بەجۆرێکی سەرنج راکێش هونەرنمایی دەکات و خەڵکی سادەش باوەڕییان پێ دەکەن. ناکۆکی ئەوان هەرگیز ناگاتە لەبەر یەک هەڵوەشانەوەی شیرازەی کۆمەڵایەتی و گیانی هاووڵاتی بونیان لەلا لاواز ناکات، بەڵام ئەمەی ئێمە بە پێچەوانەوە سنوری ناناسێ و تا رادەی سفرکردەنەوەی یەکتر و نەتەوە و نیشتمانیش دەچین.... لێرە هەندێ کەس نان و مەعاشیان لەسەر ئەوەیە تۆی ناکۆکی بچێنن.

ئەمە دەردێکی ئەمڕۆیی نییە، حسێن نازم سەرنووسەری ئومێدی ئیستیقلال بەر لە ١٠٠ ساڵ نووسیویەتی "بۆ فەلاکەت و موصیبەتی یەکتری چاوەڕێی فرسەتین". هۆکار زۆرن بۆ ئەوەی واین، بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کێشە ئەزەلییە غروری لە رادەبەری نوخەی ئێمەیە، پێی وایە لەسەروی هەمووانەوەیە و هەر ئەو راستە، بەڵام لە حەقیقەتدا زۆربەیان لە ئیشی خۆیاندا ماهیر و شارەزا نیین،  لە بناغەدا کەسایەتیەکی تێک شکاو و لاوازە.. هەر لەبەر ئەمەیە هەرگیز ئامادەی دیالۆگ نین و کە دیالۆکیش دەست پێ دەکەین لە خاڵە ناکۆکەکانەوە ئیۆساساتی یەکتری دەوروژێنین و لە کۆتایدا بە هیچ لیی دەردەچین.

 لە کۆتاییدا دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی حسێن نازم و دەڵێن: "وەرن بۆ خاتری خودا با لەم ئەخلاقی جانەوەریە واز بهێنین، رەحم بە ئەحواڵی یەکتری بکەین بە ناحەق هەر بە خاتری ئارەزوو، مەملەکەتەکەمان خراپ، مەملەکەتەکەمان مەحوو نەکەینەوە، ئیتر بەسە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن