126وتار

کۆنگرەی یەکێتی

10/2/2023 4:21:00 PM
د. مەجید ساڵح

بەهەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەرێم و ناوچەکە و خودی یەکێتی، کۆنگرەکەی یەکێتی سەرکەوتوو بوو! خاڵی هەرە دیاری کۆنگرە ئەوە بوو باڤل بوو بە یەکەمی بێ رکابەر نەک لە  ناو حزبەکەی، بەڵکو لە سنوری دەسەڵاتی سەربازی و ئیداری یەکێتیش. باڤڵ بەرچاو رونترین سیاسی ئێستای ناو یەکێتییە، دەزانێ هەڵبژاردن و دیموکراسی و دەنگی خەڵک روکەشن، نەک هەر لە هەرێم، بەڵکو لە عێراقیش، ئەوەی مەسەلەکان یەکلایی دەکاتەوە، ژمارەی هێزە چەکدارەکانە و پایتەختەکانی دەوروبەرە.بەدەر لەوە هەرکەسێک بیر بکاتەوە تووشی واهیمە بووە. هەر بۆیە دوای یەکخستن و کۆنترۆڵکردنی هێزە چەکدارەکانی یەکێتی و ئەو یاخی بوونانەی لە ناو دەزگای زانیاری و دژە تیرۆردا کۆنگرەی بەست و دوو ئەگەری خستە بەردەم ناڕازییەکانی ناو یەکێتی، یان ملدان بۆ دەسەڵاتەکانی، یان ئەوەتە بچنە دەرەوە و چیتان لە دەست دێت بیکەن. ئەو دڵنیایە لەوەی بزوتنەوەی گۆڕانی بەرهەڵستکاری جارانی یەکێتی لە سایەی ئەم سەرکردانەی ئێستایدا هەرگیز نابێتەوە بەو هێزەی جاران، ئەوەش دەزانی حزبە ئیسلامییەکان نە لە رابردودا و نە لە داهاتودا ناتوانن بگەنە ئاستێکی مەترسیدار... ئەمێنێتەوە شاسوار، لای پاڤل شاسوار هێشتا کارتێکی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی، وەک چۆن لە رابردوودا پەتی بۆ شل کرد بۆ لاوازکردنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە ئێستاشدا شەڕی بە وەکالەتی پێدەکات لە دژی پارتی و شەخسی مەسرور بارزانی، میدیای بەرخۆر  و سێبەری شاسوار شەو و رۆژی خستوەتە سەریەک بۆ خستنەرووی کەموکری و ناشیریننیەکانی حکومەت، کە لە روانگەی باڤڵەوە سەرەڕای ئەوەی براکەی جێگری سەرۆکی حکومەتە، بەڵام قسەکردن پێی تەنیا بەشەکەی پارتی دەگرێتەوە..شاسوار مەترسی نەبوە و نابێ لەسەر یەکێتی...

 

بە دڵنیاییەوە، پاڤڵ هەوڵ دەدا  دەسکەوتەکانی سەرکەوتنی لە کۆنگرەکە لە سەر ئاستی هەرێمەکە و عێراق و ناوخۆی کوردستان بچنێتەوە. ئێستا بۆ ئێران و تورکیا و عێراق دەرکەوت باڤڵ بێ هیچ رکابەرێک جڵەوی یەکێتی لە دەستدایە، کە دەڵێم یەکێتی مەبەستم هێزەکانی یەکێتییە بە پلەی یەک کە لەسەر ساحەکە ئەوانن بڕیار دەدەن، بۆیە دوای کۆنگرە ترافیکی هاتنی دیپلۆماتکاران لە دەباشان قەرەباڵغ دەبێ. 

 

بەهێزبوونی باڤڵ لە ناو حزبەکەی و حساب بۆکردنی لەسەر ئاستی ناوچەکە، قورسایی یەکێتی لە دانوسانەکانی لەگەڵ پارتیدا بەهێز دەکات، و چیتر پارتی بە حەجمی پێش کۆنگرە ناتوانی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بۆیە بە ئەگەری زۆر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ناچارە نەرم ونیانتر رەفتاری لەگەڵ بکات، بچێتە ژێر بەشی زۆری خواستەکانی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن