72وتار

پەرشوبڵاوی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان:

8/24/2024 11:32:00 AM
د. مەجید ساڵح

کاریگەری لەسەر مانەوەی حزبە تەقلیدییەکان لە دەسەڵات؟


یەکێک لەو تاکتیکانەی حکومەتەکان یان حزبە دەسەڵاتدارەکان، بەکاردەهێنن بۆ لاوازکردن کردنی ئۆپۆزسیۆن و هێشتنەوەی دۆخەکە وەکو خۆی، تاکتیکی پارچەپارچە کردن یان دابەشکردنی ئۆپۆزسیۆنە بۆ کۆمەڵێ هێزی بچوک و لاواز. بەپێی ئەم تاکتیکە حزبە دەسەڵاتدارەکان لە رێگەی دروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی ناوخۆیی بۆ حزبە نەیارەکانیان و کڕینی هەندێ لە سەرکردەکانیان  هاندانیان بۆ جیابوونەوە و چاندنی خەڵکانی خۆیان و زەق کردنەوەی جیاوازی ئایدۆلۆژییەکان، هەڵدەستن بە پەرشوبڵاو کردنی نەیارەکانیان.
لە دوای ٢٠٠٩ەوە حزبەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان پەنایان بردوەتە بەر ئەم تاکتیکە، تا دێت کاریگەرییەکانی بە ڕوونی دەبینرێت، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکاندا. هەرچەندە لە هەرێمدا چەندین لایەنی سیاسی ئۆپۆزسیۆن هەن، بەڵام بەهۆی ئەم تاکتیکەوە لە نێوانیان خۆیاندا پارچەپارچەبوون ئەمەش وایکردوە پارتە تەقلیدییەکانی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرەڕای کێشەو گرفتەکانیان، لە دەسەڵاتدا بمێننەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، وا دەردەکەوێت کە ئەمجارەش ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان هێشتا نەیتوانیوە ڕیزەکانی خۆی یەکبخات یان پرۆژەی بەدیلێکی بەهێز و یەکگرتوو بۆ دەنگدەران بخاتەڕوو. بەڵکو پارچەپارچەبوونی حزب و گروپ و دەستە ئۆپۆزسیۆنەکان و کێبڕکێان لەگەڵ یەکتر، وای لێکردون لەبەرامبەر حزبە تەقلیدییەکان لاواز دەرکەون. ئەم پارچەپارچەبوونە دەرفەتێک دەداتە لایەنە دەسەڵاتدارەکان پێگەی خۆیان لە هەڵبژاردنەکاندا بەهێز بکەن و هەژموونی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا بهێڵنەوە.
هۆکارەکانی پارچەپارچەبوون و کاریگەرییەکانی
دەکرێت چەند هۆکارێک بۆ پارچەپارچەبوونی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێن:
١. جیاوازی ئایدیۆلۆژی و سیاسی: زۆرێک لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دیدگای جیاوازیان هەیە سەبارەت بە ئایندەی هەرێم و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا. ئەم ناکۆکییانە ڕێگرن لە بنیاتنانی بەرەیەکی یەکگرتوو.
٢. فشارە دەرەکی و ناوخۆییەکان: هەندێک لایەن لەژێر هەژموونی وڵاتانی ئیقلیمی و هەندێکی دیکەیان لەگەڵ وڵاتە زلهێزە نێودەوڵەتییەکاندان و بێ ئەوان ناتوانن سەربەخۆیانە بڕیار بدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ناتەبایی لە هەڵوێست و نەوێران لە پەیمان بەستن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
٣. ڕکابەریی سەخسی و بەرژەوەندی تاکەکەسی: هەندێ لە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن بەدوای بەرژەوەندی شەخسی خۆیانەوەن، ئەوەش بووەتە هۆی لەتکردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و لێبوونەوەی رەوت و کوتلەی بچوک بچوک.
کاریگەری پەرشوبڵاوی لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو
ناتەبایی و پەرشوبڵاوی ئێستای ناو ڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆن، یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی رۆڵیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا. لەبری ئەوەی ئەم لایەنانە یەکبگرن و هێزێکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن پێکبهێنن، کە بتوانێت بەدیلێکی واقیعی و کاریگەر بۆ دەنگدەران بخاتەڕوو، کەچی تادێت کە کێبڕکێ و ململانێی نێوان ئەو لایەنانەی خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن تەرح دەکەن قوڵتر و چڕتر دەبێتەوە.
مانەوەی حزبە تەقلیدیەکان لە دەسەڵاتدا، ئەو پرسیارە دەوروژێنێت کە ئایا دۆخی ئێستای هەرێم لە دوای هەڵبژاردنی داهاتوو وەکو خۆی دەمێنێتەوە، و ئایا لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە بەدی بهێنرێت؟ لەم هەلومەرجەدا پێدەچێت هاوڵاتی کورد خۆی لەبەردەم هەڵبژاردنێکی سەختدا ببینێتەوە. لە نێوان قبوڵکردنی دۆخی ئێستا یان مەترسی پاڵپشتیکردن لە ئۆپۆزسیۆنێکی ناتەبا و پەرشوبڵاو.
چی پێویستە بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا؟
بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان، پێویستە ئۆپۆزسیۆنی کورد کار بۆ ئەوە بکات:
١. ڕیزەکانی خۆی یەکبخات: پێویستە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لانیکەم لەسەر هەندێک بابەتی بنەڕەتی یەکبگرن و دیدێکی هاوبەش بۆ گۆڕانکاری بخەنەڕوو.
٢. پتەوکردنی متمانە لە نێوان دەنگدەران: پێویستە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کار بۆ دروستکردنی پردی متمانە لەگەڵ خەڵک بکات و بەرنامەی ڕوون و قەناعەتبەخش بخاتە بەردەم دەنگدەران.
٣. بوونی سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو و بەهێز: پێویستە ئۆپۆزسیۆن سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو بخاتەڕوو کە توانای دانوستان و خستنەڕووی بەدیلی ڕاستەقینەی هەبێت بۆ دۆخی ئێستا.
لە کۆتاییدا، "تاکتیکی پارچەپارچەکردنی ئۆپۆزسیۆن" وەک فاکتەرێکی کاریگەر لە سیاسەتی کوردی ئەمڕۆدا دەمێنێتەوە، هەروەها تیشک دەخاتە سەر پێویستی بە سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە ستراتیژییەکانی ئێستا بۆ بەدیهێنانی گۆڕانی ڕاستەقینە لە داهاتوودا.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن