924وتار

خێڵی سیاسی و حزبی خێڵەکی

4/30/2019 11:42:00 AM
د. مەجید ساڵح

مەجید ساڵح
(1)
دامەزرێنەرانی پارتی لە ساڵی ١٩٤٦ تێکەڵێک بوون لە خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگ بوو بەدەستهێنانی مافەکانی کورد بوو نەک خێڵ و ناوچەکانیان.کاتێک مستەفا بارزانی بێ سێ و دوو وەک سەرۆکی پارتەکە قەبوڵکرا، کەس نەیوت ئەمە بادینیە یان بارزانییە.. لە مەندەلییەوە تا دەگاتە سلێمانی و کەرکوک و هەولێر لاریان نەبووە لەوەی بادینییەک سەرۆکیان بێت.. لە مفەوەزاتی ساڵی ١٩٧٠ کاتێک سەدام لە بارزانی پرسیوە کام لەهجەی کوردی بکرێتە زمانی فەرمی ناوچەی حوکمی زاتی، زانیویەتی نیازی دروستکردنی دووبەرەکییە لە ناوکورددا،  بێ بیرکردنەوە و گەڕانەوە بۆ مەکتەبی سیاسی وتویەتی سۆرانی.


سەدام بۆ لێکترازانی کۆمەڵگای کوردی، لە هەشتاکاندا  بەسەدان سەرۆک خێڵی پڕچەک کرد و گیانی ناوچەگەری و خێڵەکی تێدا زیندوو کردەوە و دەیان فەوجی خەفیفە و سەقیلەی بۆ دروست کردن و نفوزی کۆمەڵایەتی و ئابوری بۆ دروست کردن.


بەڵام لە راپەڕیندا هەموو رێسەکەی بویەوە خوری و  کوردستان وەک جەستەیەکی یەکگرتوو لە دژی رژێمەکەی راپەڕین و کەم ناوچەی کوردستان هەبوو کە رزگار نەکرابێ یان راپەڕینی تێدا روونەدابێ.. راپەڕین کۆتایی بە نفوزی سەرۆک خێڵەکان هێنا.


هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی لەو سەردەمەدا خەڵک کوردانە بیری کردوەتەوە نەک خێڵانە و ناوچەگەریانە
(2)
لەدوای راپەڕین، شەڕی ناوخۆ و یەکتر کوشتن، حزبەکانی ناچار کرد بۆ درێژەپێدانی شەڕەکانیان، پەنا بۆ شەیتان بەرن.. دوای بە کوشتدانی سەدان تێکۆشەر و پێشمەرگەی سەردەمی شاخ، پەنایان بۆ خێڵەکان برد، سەرۆک خێڵەکانیش کە لەسەردەمی سەدامدا لە نازو نیعمەتدا دەژیان، بەهەلیان زانی و بۆ گەڕانەوەی ئەو رۆژگارە،  دەیان مەرجیان ببەسەر حزبەکان سەپاند و لەاکتەوە تا ئێستا پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییان لە ناو حزبەکاندا گەر زیاتر نەبێ لە تێکۆشەرانی سەردەمی شاخ کەمتر نییە.


ئێستا حزبەکەی مستەفا بارزانی، لە  ناوچەی بادینان زاراوەی بادینی و رێنوسی بادینی کردوە بە زاراوەی فەرمی ناوچەکە.. خێڵەکان بە ئارەزووی خۆیان پەرلەمانتار دەنێرن بۆ پەرلەمان و خەڵک لە پۆستی گەورە و بچوک دادەمەزرێنن.


ئێستا هەموو بەرپرسانی حزبە سۆسیال دیموکراتەکە، لەسەرۆک کۆمارەکەی عێراقیەوە بگرە تا جێگرە ئازاکەی  و فەرماندە جەربەزەکانی سەردەمی شاخ و تێکۆشەرە خۆراگرەکانی شار بەرزە پێ لەبەردەم سەرۆک خێڵدا دەوەستن و دەست بەسینە فەرمانەکانیان بۆ جێبەجێ دەکەن.


ئێستا خێڵ هەر بەوەوە نەوەستاوە قەڵەمڕەوی عەشیرەتەکەی دیاری بکات و لەسەر پەنجە حزبەکان هەڵ دەسوڕینن.. ئێستا حزب بوەتە خێڵ و خێڵ بوەتە حزب.


(3)
گەڕانەوەیەکی گەورە هەیە، بۆ سەردەمی سەردەمی سەدام و رژێمەکەی.


زیندووکردنەوەی خێڵ لەدەستی حزبەکان دەرچووە و ئێستا هاوکێشەکە لە دەستی وڵاتانی ئیقلیمیدایە، ئەوان کوردستانێکی خێڵەکیان دەوێ، بۆ ئەوەی لەسەر بەرمیلێک لەباروت بژی و هەرکاتێک بیانەوێ بیتەقیێنەوە.


دەترسم لەمەولا خێڵەکان داوی دروستکردنی  فەوج و لیوای تایبەت بە خۆیان بکەن، حزبەکانیش بۆ پاراستنی پێگەیان لە ناو خێڵەکاندا تۆپ و دەبابەیان بدەنێ.. دەترسم لەمەولا شەڕی خێڵ جێگەی شەڕی حزب بگرێتەوە.


دەترسم سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لە جەنگی خێڵەکاندا لە پشتی سەرۆک خێڵەکانەوە وەستابن و فەرمانەکانیان جێبەجێ بکەن.


کۆمەڵگای ئێمە لە ئێستادا وەک میزی حوشتر بۆ دواوە دەگەڕێتەوەر.. کێ ئەم گەڕانەوە دەوەستێنێ..؟


لەو دیو تونیێلەکەوە تروسکایی نابینم...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن