رۆژئاوای کوردستان لە نێوان هەڕەشەو دەرفەتەکاندا
12/13/2024 11:22:00 AM
د. مەجید ساڵح
ئایندەی کوردەکانی
رۆژئاوا لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی ناوخۆیی
و دەرەکییەوە، گرنگترینیان بریتین لە:
1. لێکتێگەیشتنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان: لە
رابردوودا کورد لە سوریا زۆر پشتی بە پاڵپشتە نێودەوڵەتییەکان دەبەست، بەتایبەتی لەلایەن
ئەمریکاوە. بۆیە داهاتووشیان پەیوەست دەبێت بە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان زلهێزەکان
(وەک ڕووسیا و ئەمریکا) و زلهێزە ناوچەییەکانی دیکە (تورکیە و ئێران). لەم سۆنگەیەوە
هەر رێکەوتن و ڕێکخستنەوەیەکی سیاسی نوێ لە نێوان ئەوە زلهێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیانە
بۆ دیزاینکردنەوەی سوریا (ئۆتۆنۆمی بێ یان مافەکانیان لە چوارچێوەی سیستەمێکی ناوەندی
یان فیدراڵی) چارەنوسی ئەوان دیاری دەکات.
2. دۆخی ناوخۆی سوریا: ئەگەر هێزە سیاسییە سورییەکان بتوانن سیستەمێکی سیاسی
دیموکراسی بنیات بنێن، ڕەنگە کورد بتوانێت دانوستان بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسی و ڕۆشنبیری و ئیدارییەکانی
فراوانترەکان بکات. بەڵام ئەگەر ململانێکان بەردەوام بن یان هێزە سورییەکان دژی
خواستەکانی کورد بوەستنەوە، ڕەنگە ناوچەکانی
ژێر دەستی کورد ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورەتر ببنەوە.
3. پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا:
لە رابردوودا پەیوەندی نێوان کورد و لایرنە عەرەبییەکان بە هۆی جیاوازی دیدگا سیاسییەکان بەردەوام لە گرژی و ئاڵۆزی
و بگرە شەڕ ودەرگیریدا بووە، بۆیە ڕەنگە هەوڵەکانی فەرەنسا و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە
لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو لایەن لە داهاتوودا ڕێگا بۆ هاوکاری زیاتر بکاتەوە.
4. هەڵوێستی تورکیا:
تورک بەردەوام کوردۆفۆبیای هەیە ئێستاش ترسی هەیە لە دامەزراندنی قەوارەیەکی
سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆی کوردی لەسەر سنوورەکانی. بۆیە ئەنقەرە وەک یاریزانێکی
سەرەکی دەمێنێتەوە لە دیاریکردنی ئایندەی کوردەکانی سوریا، جا چ لە ڕێگەی فشاری سەربازییەوە
بێت یان لە ڕێگەی دانوستانەوە.
5. ڕۆڵی حزبە کوردییەکان:
• ڕەنگە "ئیدارەی خۆبەڕێوەبردن" کە
پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و هاوپەیمانەکانی بەڕێوەی دەبەن، بەردەوام بن لە
داوای دانپێدانانی فەرمی، بەڵام دووبەرەکی ناوخۆیی نێوان لایەنە کوردییەکان (وەک ڕکابەریی
نێوان پەیەدە و ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد) ڕەنگە پێگەی دانوستانکارییان لاواز بکات.
سیناریۆ ئەگەرییەکان:
1- سیستمی فیدراڵی: ئەگەر لایەنە سوریاییەکان بگەنە
یەکلاییکردنەوەی هەمەلایەنە، ڕەنگە کورد ئۆتۆنۆمی هاوشێوەی مۆدێلی باشور بەدەستبهێنێت.
2. لامەرکەزی ئیداری سنووردار: لە غیابی کۆدەنگی نێودەوڵەتیدا،
دەکرێت کورد ناچار بکرێت بە بێ دانپێدانانی فەرمی، دەسەڵاتی لامەرکەزی قبوڵ بکات.
3- ململانێی بەردەوام: ئەگەر ناکۆکی و ململانێ بەردەوام
بێت لەوانەیە ناوچەکانیان ببنە گۆڕەپانی ململانێی هەمیشەیی نێوان لایەنە جیاوازەکان.
ئایندەی کوردەکانی
سوریا پەیوەستە بە توانای دانوستان لەگەڵ هێزەکانی تری سوریا و دۆزینەوەی فۆرمولێک
کە مافەکانیان بپارێزێت بەبێ ئەوەی بەریەککەوتن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تورکیا و کۆمەڵی
نێودەوڵەتی. دروستکردنی هاوپەیمانی بەهێز لە ناوخۆ و دەرەوە هۆکارێکی چارەنووسساز
دەبێت بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان.