1120وتار

دەسەڵاتی سادی و کۆمەڵگای ماسۆشی

5/27/2020 11:38:00 AM
د. مەجید ساڵح

ئەمیل سیوران فیلسوفی رومانی:
"نائومێد بوونی خەڵک بەگشتی هۆکاری سەرەکی لەناوچوونی نەتەوەکانە، هەر نەتەوەیەک توشی ببێ، بۆ هەتا هەتایە ناتوانی جارێکی دیکەلەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە.
(1)
چەمکەکانی "سادیزم" و "ماسۆشیزم" لەسەرەتادا وەک دوو زاراوەی بۆ پێناسەکردنی رەفتاری سێکسی تاکەکان دەرکەوتن و زانایانی دەرووناسی بۆیان دەرکەوت مرۆڤەکان لە کاتی سێکسداحەزیان لە ئازارە، "سادیەکان" چێژ لە ئازار و ئەزیەت و تەنانەت کوشتنی بەرامبەرەکەیان وەردەگرن و "ماسۆشیەکانیش" پێیان خۆشە بەرامبەرەکەیان ئەوپەڕی توندوتیژی و ئازاریان بدات و بە ئیهانەکردنیان دەگەنە حاڵەتی "Orgasm".
بناغەی زاراوەی سادیزم دەگەرێتەوە بۆ رۆمانوس و ئەفسەری فەرەنسی "ماركيز دو ساد" کە لەسەدەی هەژدەیەمدا ژیاوە و چەندین جار بەهۆی رەفتارە توندوتیژەکانی لە کاتی سێکس کردندا زیندانی کراوە، لە رۆمانەکانیشدا بانگەشە بۆ توندوتیژی دەکات لە کاتی سێکس کردندا.
بەڵام ماسۆشیزم دەگەرێتەوە بۆ ناوی رۆمانوسی نەمساوی "ليبولد زاخر ماسوش"کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا ژیاوە. هەردوو زاراوەکەش لە لایەن زانای دەرونناس "ریچارد فون كرافت إيبنج" داهێنراون
(2)
بەڵام لە ئێستادا بەکارهێنانی ئەو دوو چەمکە تەنیا لە مەسەلەی سێکسدا قەتیس ناکرێن و لە زۆر بواری دیکەی وەک رەفتاری توندوتیژی خاوەن هێز و دەسەڵاتەکان بۆ ئیهانە کردن و سەرکرزکردنی نەیارەکانیان، یان حەزی تاکەکان بۆ خۆمەزڵووم پیشاندان و تەنانەت چێژ وەرگرتن لەوەی نەیارەکانی ئیهانە و سەرکرز و ئازاری بدەن، بەکاردێن.
لەوەش زیاتر لە ئێستادا ئەو دوو زاراوەیە بۆ دەرخستنی رەفتاری حکومەتەکان بەرامبەر کۆمەڵگانیان وکۆمەڵگاکان بەرامبەر حکومەتەکانیان بەکاردێت و دەکرێ هەندێ کۆمەڵگا بە "کۆمەڵگای سادی" و هەندێکی دیکەش بە "کۆمەڵگای ماسۆشی" ناوببرێن.
(3)
مێژوو پێمان ئەڵێ هەندێ ماوی کەمی لێدەرچێ، ئەگینا کۆمەڵگای ئێمە هەزاران ساڵە لەژێرداگیرکەریدا ژیاوە، بەشی زۆری ئەو داگیرکەرانەش هەموو شێوازەکانی سادیزمیان بەرامبەر بە کورد بەکارهێناوە، ئەوەش کەسایەتییەکی نێگەتیڤ و ملکەچی لەلای تاکی کورددا دروست کردوە؛ هەستی خۆ بەکەم زانین و نەمانی متمانە بەخۆکردنی لە ناخی کۆمەڵگاکەماندابەرادەیەک چاندوە چێز لە ئازار وەردەگرێ.
لەرووی دەروونییەوە بەشێکی زۆری کۆمەڵگای ئێمە تا رادەی کۆیلایەتی پێی خۆشە خزمەتی داگیرکەرەکەی بکات و هەر فەرمانێک لەلایەن ئەوەوە پێی بکرێت بێ بیرکردنەوە جێبەجێی دەکات.
لە دوای راپەڕینەوە "سادیەت"ی داگیرکەران جێگەی خۆی بۆ سادیەتی فەرمانڕەوایی حیزبە کوردستانییەکان چۆڵ کرد، رەفتاری دەسەڵاتی خۆیی لە هەندێ رووەوە گۆڕا، بەڵام مەسەلەی ئازاردانی کۆمەڵگا و بەرپاکردنی گۆمی خوێن لە شەڕی ناوخۆی چوار ساڵەدا گەیشتە ترۆپک. کۆمەڵگاش لە رێگەی دابەش بوونی بەسەر حیزبەکاندا،  و بوون بە سوتەمەنی ئاگری ئەو شەڕە درێژەی بە رەفتارە ماسۆشیەکەی خۆیدا.
لە دوای شەڕی شێوازی سادیزمی دەسەڵات و ماسۆشیزمی کۆمەڵگای ئێمە گۆڕانی بەسەردا هاتووە. هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە نێوان خۆیاندا پارەو دەسەڵاتیان برابەش کرد،لە رێگەی میدیا و سۆسیال میدیاکانیانەوە سادیەتیان بەرامبەر کۆمەڵگا لە شەڕی کوشت و بڕەوە گۆڕی بۆ شەڕی نائومێد کردن و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و ژێر پێخستنی یاسا....
کۆمەڵگاش ماسۆشیزمی خۆی گۆڕی بۆ ئەوەی بەشەوقەوە گوێ لە خستنەڕووی مەسەلە نێگەتیڤ و نائومێدکەرەکن بگرێ، بەڕادەیەک لە ئێستادا کۆمەڵگای ئێمە تا زیاتر باسی کێشەوگرفت و خراپی دۆخەکە و پیشاندانی رەشبینی بۆ بکەیت، زیاتر جێگەی پەسەندیت، تا زیاتر تۆی نائومێدی و رەشبینی بەگوێدا بدەی زیاتر بە ئازا و زانا و چاونەترست دادەنێت، تەنانەت ئەگەر باسی تروسکایەک لە ئومێد و خۆشبینی بۆ بکەیت، یەکسەر تۆمەتی ئەوەت بۆ هەڵدەبەستن کە تۆ لەبەرامبەر ئەوەدا پارەت وەرگرتووە.. جێگەی داخە کۆمەڵگای ئێمە بگاتە ئەو رادەیەی چێز لە رەشبینی و نائومێدی و خۆئازاردان ببینێ و لەسەری رابێت.
پرسیارەکە ئەوەیە تاکەی ئەمە بەردەوام دەبێ؟ لەوەش گرنگتر ئایا ئێمە نەگەیشتوینەتە ئەو مەترسیەی کەئەمیل سیوران باسی دەکات؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن