2133وتار

دەوڵەت لای ئیبن خەلدوون: 1406 - 1332

7/4/2020 5:57:00 PM
د. مەجید ساڵح

عەبدولڕەحمان ئیبن خەلدوون مێژوونوس و دامەزرێنەری تیۆری کۆمەڵناسییە و لە تونس لە دایک بووە و لەباکور ئەفریقا چەندین پلەو پایەی وەرگرتووە، لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا دادوەر بووە لە میسر.
ئەو هەوڵە فکریانەی ئیبن خەلدون لە کتێبی "المقدمة"دا ئەنجامیداون، بەیەکەم هەوڵی مەنەهجیانە دادەنرێت لە مێژووی فیکری ئیسلامیدا بۆ تێگەیشتن لە کلتور و سیاسەت و کۆمەڵناسی وئاین؛ هەر لە رێگەی شیکردنەوەکانی ئیبن خەلدون بۆ ئەو بابەتانەی سەرەوە، پەی دەبەین بە بۆچوونەکانی ئەو سەبارەت بەو یاسایانەی کە لە رێگەیەوە دەوڵەت بەڕێوە دەبرێت.
ئیبن خەلدون وا پێناسەی دەوڵەت دەکات: "دەوڵەت بونەوەرێکی زیندووە، سروشتێکی تایبەتی هەیە. لە هەمان کاتدا دامەزراوەیەکی مرۆیی سروشتی و پێویستە. هاوکات یەکەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و هیچ شارستانیەتێک بەبێ دەوڵەت سەر هەڵنادات".
ئین خەلدون پێی وایە مرۆڤ پێویستی بە خۆراک و جلوبەرگ و شوێنی نیشتەجێ و پاراستن هەیە، ئەو پێویستیانە وای لێدەکات بە کۆمەڵ بژی، مرۆڤ بەتەنها ناتوانێت خۆراکی خۆی دابین بکات، چونکە کاری زۆری دەوێت و خۆی بەتەنها ناتوانێت بیکات؛ بۆیە لە گەڵ هاوڕێکانیدا هاوکاری یەکتر دەکەن، هەروەها مرۆڤەکان ناتوانن خۆیان لە هەڕەشەی مرۆڤەکانی دیکە بپارێزێن، بۆیە خۆیان لە ژێر چەتری کەسێکدا رێکدەخەن و دەوڵەتی بۆ دروست دەکەن.
پرسیاری سەرەکی لای ئین خەلدون ئەوە بووە: دەسەڵات چۆن خۆی دەسەپێنێت، بە توندوتیژی و زەبروزەنگ یان پەنا بردن بۆ عەقڵ و حیکمەت، ئایا پێداویستیەکانی رەعیەت تەنها لە سایەی فەرمانڕەوایەکی دادپەروەردا دێتەدی؟
وەڵامی ئیبن خەلدون بۆ ئەم پرسیارە ئەوەبووە: پەنابردنی سوڵتان بۆ توندوتیژی و زەبر، یان فرت و فێڵکردن لە رەعیەت، وادەکات دەوڵەتێکی گەندەڵ بێتە سەرکار. ئیبن خەلدون پێی وایە سوڵتان دەبێ میانەڕەوی بەکاربهێنێت لە نێوان هێز و ژیری، تۆقاندن و هاندان، باشکردنی بارودۆخ لە رێگەی هۆشیارکردنەوە و باشکردنی رەفتار، بۆیە داوا دەکات فەرمانڕەوا لە هەڵوسکەوتەکانیدا میانەڕەو بێت.
خەلدون دەڵێ: خەڵک لەبەر جوانی و زانایی پەنا بۆ سوڵتان نابەن، بەڵکو لەبەر ئەوەی پێویستیان پێیەتی، وەک چۆن سوڵتان پێوسیتی بەوانە. سوڵتانی حەق لای ئیبن خەلدون ئەو سوڵتانەیە کە لە پاڵ باش ئیدارەدانی مەمەلەکەتەکەی، کەسێکی بەبەزەییە.
خەلدون پێی وایە هەموو دەوڵەتێک بە سێ قۆناغ و چوار نەوەی بنەماڵەیی تێدەپەڕێت: قۆناغەکانیش بریتین لە قۆناغی دروستکردن کە تێدا فەرماڕەوا رێ بۆ بەرقەرارکردنی دەسەڵاتەکانی خۆش دەکات تا دەگاتە ئەوەی دەبێتە تاکە فەرمانڕەوا، قۆناغی گەشەکردن خۆی لە خێڵەکەی دوردەخاتەوە، قۆناغی هەرەسهێنان پشت بە بەکرێگیراو دەبەستێ بۆ پاراستنی، بەڵام بەکرێگیراوەکان دەیڕوخێنن.
ئیبن خەلدون باوەڕی تەواوەی بە دەوڵەتی خزمەتکار هەبووە. نەک ستەمکار.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن