884وتار

لە تۆقاندنەوە بۆ کردنەوەی پشتێنەکان

3/3/2020 10:25:00 AM
د. مەجید ساڵح



(1)
پسپۆرانی بواری (بەڕێوەبردنی قەیران)، هەموو قەیرانەکان جا سروشتی بێت یان ئابوری یاخود تەندروستی و سیاسی....دەکەن بە پێنج قۆناغەوە کە بریتین لە:
١. چاوەڕوانی؛
٢. راگەیاندنی مەترسی؛
٣. رزگاربون؛
٤. ئاسایی کردنەوە؛
٥. بونیاد نانەوە.
بەپێی ئەم مۆدێلە، پرۆسەی بەڕێوەبردنی قەیران بە پێشبینیکردن دەست پێدەکات و بە سەرلەنوێ بونیاد نانەوەی ئەوەی زیانی لێکەوتوە کۆتایی دێت.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس لە زۆربەی وڵاتاندا، شتێکی چاوەڕوان کراوە بوو کە ئەم ڤایرۆسە ئەمڕۆ بێ یان سبەی خۆی دەگەیەنێتە هەرێمی کوردستان. بۆیە کارئاسانی کرد بۆ داموودەزگاکانی حکومەت تاوەکو بکەونە خۆیان و دۆخەکە بە مەترسیدان لە قەڵەم بدەن و بکەونە ئامادەباشی. بەپێی ئەم مۆدێلەی بەڕێوەبردنی قویران بێت ئێستا ئێمە لە قۆناغی دووەمداین و سێ قۆناغی دیکەمان لەبەردەمدایە. حکومەت چۆن مامەڵە لە گەڵ ئەو سێ قۆناغەدا دەکات؟ نامەوێ پێشبینی بکەم، ئەوەبەجێ دێڵم بۆ دوای تێپەڕبوونی قەیرانەکە. بەپێی پسپۆریەکەم کە راگەیاندنە، هەوڵدەدەم هەڵسەنگاندنێکی خێرا بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنی میدیاکانی کوردستان لەگەڵ قۆناغی یەکەم و دووەم بکەم.
(2)
بەو پێیەی زۆربەی میدیاکانی کوردستان لە وەرگرتنی هەواڵ و زانیاریدا پشت بە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانی هەواڵ دەبەستن، بۆیە لەهەندێ حاڵەتی کەمدا نەبێ، ئەگینا زۆربەی ئەو زانیارییانەی کە لەسەر کۆرۆنا ڤایرۆسبە خەڵکی ئێمە دەگەیشت و زۆربەشیان (هەواڵە تۆقێنەرەکان) بوون لە دەستی دووەوە بوو، بۆیە لە پرۆسەی وەرگێڕان و ئامادەکردنی زانیارییەکاندا هەندێکی لێ دەپچرا و هەندێکی دیکەشی بە شێواوی دەگەیشتە لای خەڵک، بە گەڕانەوە  و شیکردنەوەی ناوەڕۆک بۆ ئەو هەواڵ و زانیارییە ناکوک و دژبەیەکانەی کە میدیای کوردی لەکاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەدا بڵاویان دەکردەوە بۆت روون دەبێتەوە کە ئەو کەناڵانە چ فەوازیەکی زانیارییان لە لای خەڵک دروست کردوە چ سەرلێشێوان و سڵەژانێکی دەروونیان بەرپاکردوە. تەنانەت هەندێ کەناڵ ئەم دۆخەیان بە هەل زانی و بۆ زۆرکردنی بینەر و بیسەر و خوێنەر و هەژموون پەیداکردن لە دڵی خەڵکی ساف و ساویلکەدا، کەسانی دەجال و پۆخڵەواتیاندەهێنا قسەلەسەر ئەم قەیرانە تەندروستیە جیهانییە بکات کە زانایان تا ئەمڕۆش لە ناسینەوەیدا دۆش داماون.ئەو دەجالانە خواردنەوەی میز و پیساییان بە چارەسەر دەزانی،باری دەروونی خەڵکیان بۆ ئەوە رادەهێنا تەسلیمی ئەمری واقع ببن و مردنێک قەرزارن وگەر بەم ڤایرۆسەش مردن ترستان نەبێ، چونکە ئێوە بە پێچەوانەی کافرەکان بەهەشت چاوەڕوانتان دەکات. هەربەڕاستی لە(قۆناغی چاوەڕوانی)دا بەشیکی زۆری میدیاکانی هەرێم لە گۆمی لێڵدا مەلەیان کرد و خەڵکیان تاڕادەی تۆقاندن برد و گەمەیان بە ئەقڵی خەڵک دەکرد.
بە هەمان شێوە لە قۆناغی (راگەیاندنی مەترسی) و ئیعلان کردنی حکومەت بەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێمدا بارگەی داکوتاوە، بەشی زۆری میدیاکان بە تایبەتی ئەوانەی لە دەسەڵاتەوە نزیکن، ١٨٠ پلە بایاندایەوە و کەوتنە هێورکردنەوەی دۆخەکە، لە هەواڵ و چاوپێکەوتنەکاندا، لەسەر یەک ئەو زانیارییانەیان بڵاودەکردەوە کە دۆخەکە هێندەش مەترسیدار نییە و ڤایرۆسەکە ئەوەندەش کوشندە نییە؛ ئەمەش رێک پێچەوانەی بۆچوونەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئەزمونی ئەو وڵاتانەیە کە لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا دەستوپەنجە نەرم دەکەن و پێیان وایە زۆرمەترسیدارە گەر رووبەڕووی نەبینەوە.
لە کاتی روودانی هەر قەیرانێکدا کاری راگەیاندن نە تۆقاندنی خەڵکە بەو رادەیەی کە دەستوپێی خۆیان ون بکەن و تەسلیمی مردن ببن، نە سادەکردنەوە  و هێورکردنەوەی دۆخەکەشە بەرادیەیەک پشتێنی لێ بکەنەوە و بێخەم لێی دانشن.. ئەرکی ئەوان گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و رێنمایی راست و دروست و لەسەرچاوەی باوەڕ پێکراو و شارەزایە، نەک لە کڵاوچی و دەجال..
هەموو قەیرانێک سەرەتا و گەیشتن بە لوتکە و کۆتایی هەیە، ئەم قەیرانەش هەروایە، زوو کۆتایی هاتنی دەکەوێتە دەستی هەوڵەکانی حکومەت و پەیڕوکردنی رێنماییەکان لە لایەن خەڵکەوە. بەڵام گەر راگەیاندنەکان هەروەها نازانستیانە و بە ئارەزووی خۆیان و بە پێی میزاجی حزبەکانی پشتیان مامەڵە لە گەڵ سێ قۆناغەکەی دیکەدا بکەن، بە دڵنیایەوە لە شێواندنی باری دەروونی خەڵک و درێژکردنەوەی ماوەی قەیرانەکەدا رۆڵی گەورە دەبینن.
* ماستەر لە بەڕێوەبردن و ژینگەی کاری میدیایی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن