(چاودێرانی سیاسی)
2/8/2019 9:34:00 PM
د. مەجید ساڵح
لە نێو ئێمەی كورددا زاراوەیەك پەیدا بووە بە ناوی (چاودێرانی سیاسی)، وەك زەرورەت كەناڵەكانی راگەیاندن بۆ شرۆڤەكردن و لێكدانەوەی هەواڵ و رووداوە سیاسییەكان، بەبەردەوامی كۆمەڵیك خەڵك بەناوی چاودێری سیاسییەوە بانگ دەكەن..
بەبۆچونی من زاراوەی (چاودێرانی سیاسی) هەڵەیە و باشتروایە (شرۆڤەكاری سیاسی- محلل سیاسی) بەكاربهێنرێ، ئەركی ئەم شرۆڤەكارانە ئەوەیە بە پێی پسپۆری خۆیان و دوای كۆكردنەوەی كۆمەڵیك زانیاری ورد و راست لەسەرچاوەی جۆراوجۆر و باوەڕپێكراوەوە، شیكردنەوە یان شرۆڤەی دروست یان نزیك لە حەقیقەت بۆ رووداوە سیاسیەكان بكەن.
شرۆڤەكاری سیاسی دەبێ هەڵگری كۆمەڵیك سیفات بێ:
- رۆشنبیر و خاوەن مەعریفە بێ:
- پسپۆر بێ لەو بابەتەی قسەی لەسەر دەكات
- ورد بین بێ لەو زانیاری و پێشبینیانەی دەیكات
- دووربینی
- دابڕاو بێ لە هەستوسۆز
- توانای قەناعەت پێهێنانی هەبێ..
بەداخەوە، زۆرجار كەناڵەكانی راگەیاندن لە كوردستان، بەمەبست بێ یان بێ مەبەست كەسانێك دەهێنن بۆ شرۆڤەكردنی رووداوە سیاسییەكان، زانیارییەكانیان هەمان ئەو زانیاریانەن كە لە شەقامدا لەلای خەڵك هەیە و شیكردنەوەكانیشیان ئەو شیكردنەوانە تێ ناپەڕێنی كە هاووڵاتییەكی سادە دەیكات.
لە غیابی شرۆڤەكاری سیاسی راستەقینە و مەوزوعیدا، كە دەچییە بازاڕ و ناو خەڵك فوزایەكی مەعلوماتی و سەرلێشێوانێكی سیاسی گەورە دەبینی و هاووڵاتیان لەو تەپ و تۆزەی (چاودێرانی سیاسی) لە میدیاكانەوە دروستی دەكەن بەرچاویان روون نییە رێگەیان لێ وونبووە.