درزی نێوان رۆشنبیر و کۆمەڵگاکەی لە روانەگەی (دکتۆر مەریوان قانع)ەوە
12/12/2022 9:48:00 AM
د. مەجید ساڵح
رەنگە زیادەڕەوی نەبێ گەر بنووسم لە نێو رۆشنبیرە
کوردەکانی ئەم سەردەمەدا کەس هێندەی دکتۆر مەریوان وریا قانع باسی رۆشنبیر و رۆڵی
لە کۆمەڵگای ئێمەدا نەکردبێ و نەیخستبێتە بەر رەخنە و سەرنجەوە. بەڵام ئەو رەخنە و
باسانەی ئەو و خەڵکانی دیکەش نەیانتوانیوە جوغزێکی بەرتەسکی رۆشنبیران و هەندێک لە
خوێنەرە چالاک و دیارەکان تێپەڕێنێت و لەسەر ئاستی ناوەندە ئەکادیمی و زانستی و میدیاییەکاندا نەبوونە جێگەی
پرسیار، ئەم گوێ نەدانەش کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە و لە ئێستاشدا سەرەتاکانی
دەرکەوتوون.
لە گەرمەی شەڕی نێوان توندڕەوە ئیسلامییەکان و حکومەتی
جەزائیر دەیان رۆشنبیری عەلمانی جەزائیری لەلایەن توندڕەوەکانەوە تیرۆر کران،
بەڵام ئەو تیرۆرانە ئەوەندە لەلایەن فەرەنسییەکانەوە ئیدانە و پرۆتستۆ کرا ئەوەندە
لە لایەن جەزائیرییەکانەوە گوێپ پێنەدرا و کاریگەری نەبوو لەسەر رای گشتی وڵاتەکەیان
و ئەو گوێنەدانەش هێندەی دیکە تیرۆریستەکانی هاندا بۆ بەردەوام بوون لە
کردەوەکانیان. ئەم دیاردەیە سەرنجی زانای کۆمەڵناسی جەزائیری "هواری
عادی" مامۆستا لە زانکۆی لیۆنی فەرەنسی راکێشا و وتارێکی بە ناونیشانی
"جەزائیر و وێنەیەکی دوو رووانەی رۆشنبیران"ی نووسی. لە وتارەکەدا هواری
رۆشنبیرانی جەزائیری بۆ دوو جۆر دابەشکردوە.
یەکەمیان: ئەو رۆشنبیرە فرانکۆفۆنیانەن کە خۆیان لەگەڵ
کەڵچەری داگیرکەری فەرەنسیدا گونجاندوە و پێیان وایە کەڵچەرێکی رۆشنگەریی ئۆروپییە
و وای وێنا ناکات کە کەڵچەرێکی فەرەنسایی داگیرکەرە، ئەم رۆشنیرانە هەرچەندە لەگەڵ
ئەوەدا بوون کە جەزائیر دەبێ سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت و لە کۆلۆنالیزمی فەرەنسی
رزگاری ببێ، بەڵام تا کۆتایی وازیان لە پرۆژەی مۆدیرنە و سکۆلاریزمی خۆیان نەهێنا
و رەخنەی توندیان لە بەهاکانی کۆمەڵگای خۆیان دەگرد. بەڕای هواری ئەم رۆشنبیرانە
لەلایەن کۆمەڵگای جەزائیرییەوە پشتیوانی پێویستیان لێ نەدەکرا، چونکە
جەزائیرییەکان رقی زۆریان لە کۆلۆنالیزمی فەرەنسی و هەموو سیمبول و کەڵچەرێک
دەبووەوە کە بۆنی فەرەنسی لێوە دەهات. لە سەردەمی شۆڕشی جەزائیردا بەڕێوەردن و
رێکخستنی شۆڕش بەدەستی ئەم جۆرە رۆشنبیرانەوە بوو، بەڵام سەرکردایەتیان بە
بەدەستەوە نەبوو.
دووەمیان: رۆشنبیران، بەڕای هواری رۆشنبیرە عروبییە
تەقلیدییەکان بوون کە خۆیان لە زانایان و
پیاوانی ئاینی ئیسلامیدا دەبینیوە و باوەڕی تەواویان بە داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و
ئاینییەکان هەبوو و لە رێگەی شوناس و ئاینەوە دژایەتی کۆلۆنالیزمی فەرەنسیان
دەکرد. ئەمانە پلەوپایەی سەرکردایەتی شۆڕشی جەزائیریان لەدەستدا بوو.
لەدوای شۆڕشی جەزائیر، رۆشنبیرە فرانکۆفۆنییەکان بەهۆی
شارەزاییانەوە ئەرکی بەڕێوەبردن و ئابوریی وڵاتیان لە ئەستۆ گرت، بەڵام رۆشنبیرە
تەقلییدیە عروبی و ئیسلامییەکان ئەرکی پەروەردە و راگەیاندن و کولتوورییەکانیان پێسپێدرا
و پێداگریان لە سوابتی نیشتمانی کە بەڕای ئەوان "زمانی عەرەبی و ئاینی ئیسلام
بوو" دەکردەوە. ئەم پێکەوە ژیانە هاوبەشەی هەردوو جۆرە رۆشنبیرەکە تاوەکو
هەرەسی سیستمی ئابوری سۆسیالیزم لە نەوەدەکانی سەدەی رابردودا بەردەوقام بوو.
رۆشبیرە فرانکۆفۆنییەکان لەوماوەی لە دەسەڵاتدا بوون نەیانتوانی
پرۆژەکەیان بۆ مۆدیرنەکردن و بەرقەرارکردنی سکۆلاریزم لە جەزائیر سەربخەن،
هۆکارێکی ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ رۆڵی رەخنەگرانە و رێگرانەی رۆشنبیرە عروبییە
تەقلیدییەکان کە باوەڕیان بە داب و نەریتە
کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان هەبوو، بەمەش درزێکی گەورە لە نێوان هەردوو جۆرە
رۆشنبیرەکەی جەزائیردا دروست بوو. هۆکارێکی دیکەی فراوان بوونی ئەو درزە بەرای
هواری بێهەڵوێستی رۆشنیرە سیکۆلارە و مۆدێرنەخوازەکان بوو لەوەی رەخنەیان لە سوپا
نەگرت کاتێک دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢ی هەڵوەشاندەوە کە تێدا
ئیسلامییەکان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. جگە لەوە ئەم رۆشنبیرانە بەتەواوەتی لە دژی
ئیسلامییەکان وەستانەوە و لە هەمان
کاتیشدا نەچوونە پاڵ سوپاوە بەمەش جگە لەوەی لە کۆمەڵگاکەیان دابڕان، بوون بە
بەرداش لە نێوان سوپا و ئیسلامییەکان، بەمجۆرە رۆژانە وەک کەروێشک سەر دەبڕان و
کەس دەنگی لێوە نەدەهات جگە لە خێزانەکانیان و هەندێ لە فەرەنساییەکان نەبێ.
ئەو نمونەیەی جەزائیر وێنەیەکی نزیک لەو حاڵەتەمان
پیشاندەدا کە لە کوردستانی باشوردا دەگوزەرێ؛ و وەک لە سەرەتاوە باسم کرد زۆرجار
مەریوان وریا قانع لە مەترسییەکانی ئاگادارمان دەکاتەوە و بەڵام رووبەڕووی
بێدەنگیەکی زۆر مەترسیدار دەبێتەوە.
لە حاڵەتی کوردستاندا لەسەردەمی شۆڕش، رۆشنبیرانی
کوردستان دابەش ببوون بۆ دوو جۆر، جۆرێک کە لە شاخ بوون و بەچەک و بە
ئایدۆلۆژیایەکی چەپ و ئیسلامی هەندێ جار توندڕەو و هەندێجار میانەڕەوو لەبەرامبەر
داگیرکەری کوردستان و رژێمی بەعس کوردایەتییان دەکرد، ئەمانە دەیانووسیت دوای
رووخانی بەعس دەسەڵاتێکی خۆماڵی لەسەر ئەساسی ئایدۆلۆژییەکەیان دامەزرێنن چەپەکان
بە خەیاڵی وڵاتێکی سۆسیالیستی و ئیسلامییەکانیش بە خەونی دامەزراندنی خەلافەتێکی
ئیسلامی. جۆری دووەمی رۆشنبیرەکانیش ئەوانە بوون کە لەشارەکاندا دەژیان و هەڵگری
هەمان بیرکردنەوەی ئەوان بوون، بەڵام کەرەستەی خەباتکردنیان نووسین و کاری رێکخستن
بوو. لە راستیدا جۆری دووەم کۆپیەکی مەدەنیانەی هەمان بۆچوونی رۆشنبیرانی شاخ
بوون.
دوای راپەڕین، کە هاوکات بوو لەگەڵ هەرەسی بلۆکی
رۆژهەڵاتی کۆمەنیستی و باڵا دەستی تالیبان لە ئەفغانستان، ئەم دوو جۆرە لە رۆشنبیر
تێکەڵی یەکتر بوون، بەجۆرێک دوو ئاراستەی زۆر لێک جیا دروست بوو، ئاراستەی
کوردایەتی بەڵام سەرگەردان و بێ ئایدۆلۆژیا و ئاراستەی ئیسلامی سیاسی کە
ئەفغانستان ببووە نمونەی باڵای چاولێکردنیان بۆ دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی.
هەر زۆر زوو شێوازی دەسەڵات و شەڕی ناوخۆ و دروستبوونی
چەند کانتۆنێک لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە پەردەی لەسەر ئەو واقعە هەڵماڵی کە
هیچ کام لەم ئاراستانە ناتوانن دەسەڵاتێکی وا دروست بکەن کە خەڵک تێدا بحەوێتەوە
بەمجۆرە هەردوولایان تا رادەیەکی زۆر مصداقیەتی خۆیان لەناو خەڵک دەستدا و ئەم
وتەیەی مەریوان بەسەریاندا جێبەجێ دەبێ کە دەڵێ "ئەمانە کەسانێکن هەموو پێگەکانی
دەسەڵاتیان لە بەردەستایە، لەشکر و هێزی چەکداریان هەیە، پارەو سەرمایەیان هەیە، پەیوەندی
هەمەجۆریان بە دونیای دەرەوە دروست کردووە، بەڵام هیچ بەهایەکی مەدەنی و ئەخلاقی تەندروست
و هیچ فەرهەنگێکی بەرپرسیارێتی و هیچ ڕستێک لە یاسا ئاراستەیان ناکات، ئەمانە زیاتر
"غەریزەی دەسەڵات "و" شەهوەتی حوکمڕانی" کارەکانیان پێ ئەنجام
دەدات، لە مێژە شتێک بە ناوی "قازانجی گشتی"، یان "ئیرادەی گشتی"
یان "موڵکی گشتی" لە قاموسی سیاسی و ئەخلاقیی ئەم نوخبەیەدا نەماوەتەوە
و نییە، هیچ هەستێکی سیاسی و ئەخلاقیشیان بەرامبەر بە ئایندەی ئەو میلەت و کۆمەڵگایە
نییە کە حوکمڕانی دەکەن..."
ئەم شیوازەی حوکمڕانی کە مەریوان ناسی دەکات رێگر بوو
لەوەی لە کوردستاندا ئەو جۆرە لە رۆشنبیرە سکۆلارە کە لە خەڵک نزیک بێت نەشونما
بکات، بەم جۆرە لە ئێستادا دەرگا بەڕووی دوو جۆر لە رۆشنبیر کراوەتەوە:
یەکەم: رۆشنبیرێکی ئیسلامی سەلەفی کە لە مزگەوتەکانەوە
سەریان هەڵداوە و نا ئاشنان بە هەموو جۆرەکانی بیرکردنەوە لە دەرەوەی چوارچێوە
فکرییەکانی خۆیان مەیریوان وا وەسفی نمونە باڵاکەیان دەکات "خۆی بە نوێنەری
خودا یان پەروەردگار دەزانێت و ئەوەی دەیڵێت و دەیکات، وەک درێژکراوەی ئیرادەی پەروەردگار
و نوێنەرایتیکردنی ئەو ئیرادەیە، دەیکات. ئەو بەناوی خوداوە قسەدەکات بۆ ھێرشبردنە
سەر ئەو کەسانەی عەقڵ و ئەخلاقیی سنوورداریی ئەو بە ”ناڕاست“ دەزانن."
دووەم: رۆشنبیرێکی دابڕاو لە کۆمەڵگا. مەریوان لەوەسفی
ئەمانەشدا دەڵێ "ڕۆشنبیران وەک زۆرینەیەکی بێدەنگ لە وڵاتەکەدا ئامادە بن، یان
بەشی زۆریان خەریکی شیعر و ئەدەبیات بن و ئەوەش وەک تاکە ئەرکی ڕۆشنبیر ببینن... هەڵاتن لە کێشەکانی ئەم کۆمەڵگایە کێشەیەکی ئەخلاقی گەورە دروست دەکات، کە
نیشانەی پرسیار لەسەر ڕۆشنبیربوونی ڕۆشنبیران دادەنێت، دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە هیچ
کۆمەڵگایەک بە تەنها بە شیعر و ئەدەبیات ناژیت... "
بەردەوام بوون لەسەر ئەم دۆخە دەرگای بە جەزائیر بوونی
کوردستانمان لەبەردەمدا واڵا دەکات، چونکە ئێمە لەبەردەم دەسەڵاتێکی بێ گوێ و
کۆمەڵگا و روشنبیرێکی لا ئوبالی و رۆشنبیرێکی ئیسلامی سەلەفی تەکفیریدان کە خەتی
بوتڵان بەسەر هەموو کەسێکدا دەهێنێت و مەبەستیەتی سەرلەنوێ بەوجۆرەی کە دەیەوێ
دیزانی کۆمەڵگا بکاتەوە.