434وتار

پیــــــــاوی تــــــانكه‌كــــــــه یــــــان یـــــاخییــــه تــــــــاكه‌كــــــه‌

6/6/2021 11:20:00 AM
گۆران مه‌ریوانی

            


تاك و كۆگه‌ل
       كراسێكی سپی و پانتۆڵێكی تاریك‌، ده‌گۆترێ 19 به‌هاره‌، سه‌ره‌تا دوو عه‌لاگه‌‌ به‌ ده‌سته‌وه‌. دوایی یه‌كیان ده‌بینرێ. به‌رامبه‌ر تانكێ به‌و لاغرییه‌وه‌ ته‌نێ وێستاوه‌. به‌ڵام تانكه‌كه‌ ته‌نێ نییه‌، 17 تانكی مۆدێلی 59 زه‌به‌لاحی له‌ پشته‌وه‌یه‌. دوای ئه‌وانیش له‌شكری سوری پارتی كۆمۆنیستی چین (پ.ك)، كه‌ ئێستێ نێویان گۆڕیوه‌ بۆ سوپای ئازادی گه‌لی كۆماری سۆسیالیستی چین. هه‌موو ڤیدیۆكه‌ 2-3 خوله‌ك ده‌بێ یان نابێ. كه‌ تانكه‌كه‌ به‌ملا یان ئه‌ولایدا وه‌رده‌گه‌ڕێ، ئه‌میش ده‌گه‌ڵیدا ده‌بزوێ، پێشی لێده‌گرێ. تانك ناچار ماشینی خامۆش ده‌كا، به‌ دواییدا 17 تانك خامۆش ده‌بن. له‌شكرگه‌لی سوور ده‌وێستن. ئه‌و سه‌رده‌كه‌وێ بۆ تانكه‌كه‌، به‌ شوێن شۆفێر و سه‌رنشینیاندا ده‌گه‌ڕێ. وێده‌چێ خواستێكی هه‌بێ. پاسكیلسوارێ دێ و چه‌ند قسان ده‌كه‌ن، ده‌ڕوا. پاشان دوو جلشین له‌به‌ر. هه‌ر یه‌ك ده‌چنه‌ ژێر باڵێكی.
 له‌و رۆژه‌وه‌، 5 جونی 1989، قه‌ده‌ری نازانرێ. ته‌واوی دونیا مه‌راقی ئه‌و‌یانه‌. من له‌ پێش هه‌موویان. لێ ئه‌و .... یان عه‌رد قووتیداوه‌‌، یان ئاسمان هه‌ڵیلوشیوه‌، یانه‌ ....... له‌ راڕه‌وكانی پارتی كۆمۆنیست و سوپای سوری ئازادی گه‌لانی چین ڕا ..... بێ سه‌روشوێن قه‌ده‌ری پیاوی تانكه‌كه‌ ماوه‌. دونیای بۆ هه‌میشه به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵكردوه‌. ره‌ندایه‌تی نووسیه‌وه‌. ئاڵای هۆشمه‌ندی تاكی به‌ 19 به‌هاره‌وه‌ له‌هه‌مبه‌ر ملله‌قاندنی ملیۆنان ساڵی كۆگه‌ل ڕا هه‌ڵكرد.

ئه‌م یاخییه‌ تاكه‌ كێییه‌؟ 32 ساڵه‌ مه‌راقی منه‌. كه‌مشه‌وان هه‌یه‌ له‌ نوێنی وه‌ده‌رنه‌كه‌وم و خه‌وم نه‌ڕه‌وێنێ، ده‌ نێو گۆڤار، رۆژنامه‌، فیلم و پڕۆگرامی رادیۆ و ....تاد دونیادا به‌ شوێن خۆیدا نه‌مگه‌ڕێنێ. 19 به‌هار چۆن دونیایه‌كی پیری ملیۆنان ساڵی كۆگه‌ل ده‌شڵه‌قێنێ؟   

به‌هــــــــــــــاری 1989
  ‌خوێندكاران ده‌ڕژێنه‌ نێو مه‌یدانی تیانه‌نمێن-په‌كین(گه‌وره‌ترین مه‌یدانی جیهان). داوای كۆتایی هێنان به‌ به‌رتیلخۆریی، خزمخزمێنه‌ له‌ داموده‌زگای وڵات و پارتی كۆمۆنیستی ده‌سه‌ڵاتداردا، رووتاندنه‌وه‌ی وڵات و میلله‌ت، ریفۆڕمی دیموكراتی، ئازادی ئاخاوتن، چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ و..... ده‌كه‌ن. لێ ده‌خوازن به‌ كۆمه‌كی پارتی كۆمۆنیست و ده‌وڵه‌تی سوور بێ. به‌ هیچ جۆرێ دژایه‌تیان ناكه‌ن. چوون سه‌رۆكوه‌زیران، زهاو زینگ 1919-2005، داوای هه‌ما‌ن ریفۆڕمخوازی ده‌كا. زینگ 19 مای دێته‌ هه‌مان مه‌یدان، به‌ مایكرۆفۆن به‌ گریانه‌وه‌ روویان تێده‌كا، بمبه‌خشن... تكا ده‌كه‌م مانگرتنی نانخواردن راگرن، بڕۆنه‌وه‌ ماڵێ، كار له‌ كار ترازوه‌، تازه‌ دره‌نگه‌! ده‌زانێ (پ.ك) چ بڕیارێكیان داوه‌. پیلانی كوشتارگه‌ل داڕێژدراوه‌ . 20 مای به‌ فرمانی (پ.ك) ده‌ستبه‌سه‌ری نێو ماڵی خۆی ده‌كه‌ن.

ئیدی له‌وه‌ودوا هه‌ر لووله‌ی تفه‌نگ و نێزه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ و سینگی نه‌وجه‌وانان، ئه‌وه‌شی ده‌گیرێ دادگای خێرا و ملی بۆ په‌تی قه‌ناران. 2000-3000 ده‌خه‌مڵێندرێ. ژماره‌ی دروست نازاندرێ.


هـه‌نــــــدێ ده‌نگـــــی مێـــدیــــا
سیتوارت فڕانكلین، 1956، فۆتۆگراف:
''ئه‌ز له‌ باڵكۆنی ئوتێله‌كه‌مه‌وه‌ وێستابووم، ده‌نگه‌ ده‌نگێ په‌یدا بوو. كامێراكه‌م و لینسێكی دووربه‌ندم هێنا، چه‌ندان وێنه‌م گرت. پاشان بێ ئه‌وه‌ی فیلمه‌كه‌ بشۆردمه‌وه‌، چووم بۆ بیمارستان و ده‌ره‌وه‌ بۆ فۆتۆگرتن. ئه‌گه‌ر ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌، سه‌رباز و ئاسایش ئوتێل به‌ شوێن‌ فیلم وفۆتۆدا ده‌گه‌ڕێن. ئه‌ز فیلمه‌كه‌م ده‌ پاكه‌تێ چادا ده‌شارمه‌وه‌ و له‌وێكانێ ده‌یده‌مه‌ ده‌ست كیژێكی نه‌وجه‌وانی فه‌ڕه‌نسی كه‌ ره‌گه‌ڵ كۆمپانیه‌كی تێڤێدا به‌ پراتیك هاتبووه‌ چین. مه‌ردانه‌ بۆم ده‌گه‌یه‌نێ.

 لای وانــــــــــگ
 لای وانگ، خانمێكی خوێندكاره‌، ئه‌وده‌م‌ ماڵیان له‌ په‌كین كه‌ناری مه‌یدانه‌كه‌یه‌، رۆژانه‌ به‌ پاسیكل ده‌چێته‌ زانكۆ، شایه‌تحاڵی ته‌واوی رووداوه‌كه‌یه‌  ..... قه‌ده‌ری هه‌ڵهاتنی دوای چه‌ند ساڵان ده‌یگه‌یه‌نێته‌ شاره‌كه‌ی من، یۆتۆبۆری-سوید، پاشان نۆرینگه‌یه‌كی پزیشكی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و به‌ هه‌ردووك چاوی تفه‌نگ و نێزه‌ی پارت و ده‌وڵه‌ت ده‌ سینگی خوێناوی ئاوه‌ڵانی نه‌وجه‌وانانیدا ده‌بینێ: ''ده‌زانی بۆ چه‌ند مانگێ دڕنده‌ی سووری ماشینی پارت و ده‌وڵه‌ت چنگی خوێناوی برده‌وه‌ ژێر پێستی خۆی، زه‌نده‌قی چووبوو. یه‌كه‌م سات له‌ تێڤێكانیانه‌وه‌ گۆتیان، ئه‌و غه‌داره‌ خۆفرۆشه‌ ده‌بینن،ها! ئێمه‌ گه‌ر به‌زه‌مان پێدانه‌یه‌ته‌وه‌ و ئینساندۆست نه‌بین، راسته‌وخۆ ده‌یكه‌ینه‌ قیمه‌ی پێچكه‌كانی تانكی له‌شكری سوور! ئه‌گه‌ر‌ ئاوڕده‌ده‌نه‌وه‌، دونیا پڕبووه‌ له‌ فۆتۆی ئه‌و، ناچار ده‌ستوبرد كوژانیانه‌وه‌، چی ته‌كنیك هه‌یه‌ ده‌ كاریان خست، ئێستا و ئه‌وساش جاره‌كی تر باسیان نه‌كرد، قه‌ده‌ری ئه‌و تاریككرا، كه‌سێ نازانێ مرد یان نه‌مرد، وه‌لێ گه‌ر له‌ من ده‌پرسی، ده‌ زینده‌گیدا نه‌ماوه‌، بۆ ئه‌به‌د ئۆغری كرد.''


بـــاربـــــارا واڵتـــــــــــه‌رس،1929-......
جارێ دیداری جیانگ زێمین، 1929-..، سكرتێری گشتی (پ.ك) چین ده‌كا، ده‌ ناكاو ڕا بابه‌ته‌كه‌ ده‌گوڕێ، قه‌ده‌ری پیاوی تانكه‌كه‌ پێده‌زانی؟ له‌ڕێی وه‌رگێڕه‌وه‌، ئه‌و هه‌رگیز نه‌گیراوه‌، ئه‌من نازانم له‌ كوێنده‌رێییه‌، به‌ڵام هه‌رگیز بڕوا ناكه‌م كوژدرابێ. یانی زینده‌یه‌؟ ئه‌وجاره‌ زێمین راسته‌خۆ به‌ ئینگلیزی، هه‌رگیز نه‌كوژراوه‌!‌


یــــــاخییـــه‌ تــــــــاكه‌كــــــه‌
هه‌میشه‌ خه‌می منه‌. كێ بوو؟ زوڵمی لێكرا؟ به‌ شوێن خۆشه‌ویستێكیدا ده‌گه‌ڕا؟ ده‌یوست دونیایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ دروستبكا؟ به‌ عه‌لاگه‌یه‌ك خواردنی ماڵه‌وه‌ ده‌یه‌وێ دونیا ئاشتیانه‌ بگوڕێ؟ ئاشتیخوازانه‌،‌ به‌وه‌ی سوپای سووری گه‌ل هی ئه‌ویشه‌! باو-و-باپیری خۆی قوربانی ماو تێسی دۆنگ كردبێ؟ یان ئه‌میش وه‌ك شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشووی مه‌، له‌ زمانی حسین عارف-ـه‌وه‌، عه‌وداڵی چاڵی جه‌رگی پیرێژنه‌كه‌ی دایكی بێ؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن