139وتار

له‌مه‌ڕ كــــــــورد و ده‌وڵـــــــــــه‌تداری

4/29/2023 4:41:00 PM
گۆران مه‌ریوانی





دێبـــاچـــــــــه‌
مه‌رجی به‌ ده‌وڵه‌ت بوون مۆنۆپۆڵی به‌كارهێنانی توندوتیژی و هێزه له‌لایه‌ن ته‌نیا خودی ده‌وڵه‌ته‌وه‌. ‌ئه‌ویش به‌ پێی ده‌ستور و یاسا؛ ئه‌مانه‌ش كار و پیشه‌ی ته‌كنۆكراته‌، پسپۆڕانه‌. به‌ واتایه‌كی تر، هیچ كه‌س، گروپ و ده‌سته‌ و تاقمێ، پارت و حیزبێ ناكرێ هێزیان، (چه‌كدار و میلێشیا) له‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزی ده‌وڵه‌ت دا، هه‌بێ. بۆیه‌ كاری ده‌ستپێكی ده‌وڵه‌تی سێڤیل یه‌كخستنی جڤاته‌ له‌ هێزێكی یه‌كگرتوودا: سوپا، پۆلیس، ئاسایش، داد له‌ سایه‌ی ده‌ستوردا. ته‌نیا ده‌وڵه‌ت ئیداره‌ی ئه‌م هێزانه‌ و خستنه‌كاری توندوتیژیان له‌ڕێی ده‌ستور و یاساوه‌ ده‌كا.

تێــــكدانـــــی ده‌وڵـــــه‌ت
هه‌ر ده‌وڵه‌تێك چه‌ندان هێز و گروپی جیاواز و چه‌كداری گرته‌خۆ یانی ده‌وڵه‌ت نییه‌، له‌ كارخستنی ده‌وڵه‌ت-سالاری تێیدا حه‌تمیه‌. له‌م بۆچوونه‌دا هیچ چه‌ندوچوونێك نییه‌. فره‌هێزداری، فره‌چه‌كداری، فره‌میلیشیاداری نیشانه‌ی شكانی مۆنۆپۆڵی قوه‌ت و هه‌ژمونی ده‌وڵه‌ته. له‌وێشه‌وه‌ به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی ده‌ستور و یاسایه‌. ئاژاوه‌یه‌. بێسه‌روبه‌ریه‌. هه‌ر ده‌ڤه‌ره‌، شار و شارۆچكه‌یه‌ك حوكمی خۆی ده‌كا، لێره‌شه‌وه‌ ڕیشه‌كانی ده‌وڵه‌ت كه‌ ده‌ستور و یاسایه‌ له‌به‌رچاو ناگیرێن. پێشێل ده‌كرێن. بگره‌ له‌توپه‌تكردنی ده‌وڵه‌ت و هه‌مژومنێتی ده‌نێو ئه‌م پارت و لایه‌نه‌ چه‌كدارانه‌‌ دا. چوون گروپی چه‌كدار به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تی سێڤیل، هاوڵاتیانی و دانیشتوانی ناپارێزن، ته‌نیا خۆیان. ده‌وڵه‌ت نه‌ بۆته‌ نوێنه‌ری گشت سڤیل و هاوڵاتیه‌ك، به‌ڵكو هه‌ر گروپه‌ نوێنه‌ری خۆیه‌تی و له‌وێشه‌وه‌ ده‌یه‌وێت مۆنۆپۆڵی ده‌وڵه‌ت بخاته‌ ژێر هه‌ژمونی خۆیه‌وه‌. ئه‌مه‌ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت ڕۆنان نییه‌. ئه‌مه‌ سیاسه‌تی ئاژاوه‌یه‌. سیاسه‌تی سووككردنی هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ته‌.

‌ مێـــــژوو: (1). بزوتنه‌وه‌ی فه‌لستین
بۆ بزوتنه‌وه‌ی فه‌له‌ستینی نه‌یتوانیوه‌ هه‌رگیز سیاسه‌تێكی به‌ زه‌بری هه‌بێ؟ چوون له‌ چه‌ندان گروپی كه‌رت و په‌رتی چه‌كدار پێكهاتوون، هه‌ر یه‌كێكیان خه‌ونی گرتنی سه‌نته‌ری بۆ خودی خۆی هه‌یه‌ پێش چاره‌ دۆزینه‌وه‌ بۆ كێشه‌كه‌یان. بیرۆكه‌ی سوپای گشتی هه‌میشه‌ نائاماده‌ بووه‌. نه‌یارانیان زوو ده‌ركیان به‌و كێشه‌یه‌ كه‌ خاڵی لاوازیانه‌ كردوه‌. 

(2). سه‌پته‌مبه‌ری ڕه‌ش 1970   ‌
      كه‌ بزوتنه‌وه‌ی (الفتح)ـی فه‌له‌ستینی خۆی له‌ ئوردون چه‌كدار كرد، پادشا حوسه‌ین ئه‌و كاره‌ی به‌‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر هه‌ژمونی ده‌وڵه‌تی خۆی بینی. داوای لێكردن چه‌ك دانێن. نه‌یانكرد. به‌ سوپا وڵات به‌ده‌ری كردن. چه‌په‌كان هاتنه‌ ده‌نگ و پادشایان به‌ خۆفرۆش تاوانبار كرد! به‌ڵام ئه‌و ده‌یزانی چ ده‌كا. ئه‌و ده‌وڵه‌ت بژارده‌ی یه‌كه‌می بوو نه‌ك ئاژاوه‌. الفتح چوونه‌ لوبنان. ئه‌وێ ده‌وڵه‌تێكی نایه‌كگرتووی بێهه‌ژمون بوو، له‌توپه‌ت بوو. له‌ دروست بوونیه‌وه‌ هێزێكی یه‌كگرتووی مۆنۆپۆڵكراوی ژێر ده‌سه‌ڵاتی-ده‌وڵه‌تی خۆی نه‌بووه‌. لوبنان تا ئێستاش سه‌قامگیری به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. چه‌ندان هێزی چه‌كداری تێدان. الفتح كه‌ په‌نایان بۆ تونس برد، مه‌رجی سه‌ره‌كی داڵده‌دانیان دانانی چه‌ك بوو.

(3). ده‌وڵــــــه‌تـــــــــداری
ئیسڕائیل 1948، له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ خواستیان دانانی ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرنه‌ بووه‌. بۆیه‌ زوو گروپه‌ تیڕۆڕیستیه‌كانیان، (ئارگۆ)-و بزوتنه‌وه‌ی مێلیشیای، (هاگانه)‌ـیان، به‌ زه‌بری هێز ناچاری چه‌ك دانان كرد، له‌ سوپایه‌كی گشتی یه‌كگرتووی تۆكمه‌ی وڵاتدا تووانیانه‌وه‌. وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی نوێییه‌، 75 ساڵ{هه‌رێم 32!}، ده‌وری به‌ نه‌یارانی دراوه‌، لێ زوو خوێندنه‌وه‌ی بۆ به‌ ناته‌بایی نه‌یارانی كردوه‌.
     چۆن له‌م ساڵانه‌ی دواییدا الفتحی لاواز و بێهێز كرد؟ ناڕاسته‌خۆ چاوی له‌ ئاستی خۆ-چه‌كداركردنی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی كرد تا مۆنۆپۆڵی سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن الفتحـه‌وه‌ نه‌مێنێ. له‌وێشه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت په‌كی بكه‌وێ و پشتی تا ئه‌ژنۆی بچه‌مێته‌وه‌.

(4). كــــــــــــورد
 شای ئێران، 1961-1975، بۆ كوردی به‌رامبه‌ر عێراق به‌كارهێنا؟ تا ئارامی  ده‌وڵه‌تی به‌عس تێكدا. نه‌ك مافی میلله‌تی كورد ڕه‌هاكا. بۆ حزب البعث، 1975، سازشی بۆ ئێران كرد؟ تا كۆنتڕۆڵی بۆ ده‌وڵه‌ت و به‌كارهێناننی قودره‌تی بگه‌ڕێته‌وه‌. بۆ ئه‌و هه‌موو ده‌سته‌ و تاقمه‌ چه‌كداره‌ ئێستا له‌ عێراق دا هه‌ن، تا سوپای سه‌رانسه‌ری وڵات سووك و ڕسوا بێ، بێ حیكمه‌ت بێته‌ پێشچاو. بڕواننه‌ سودان، خه‌ڵكی له‌ برسدا ده‌مرێ، لێ دوو ده‌سته‌ی چه‌كدار یه‌كتر ده‌كوژن گوایێ (ده‌وڵه‌تی سێڤیلی مۆدێرنه‌) به‌ شه‌ڕی نێوخۆ نه‌بێ نایه‌ته‌ گۆڕێ، وه‌ك هه‌ندێ (پسپۆڕ) ده‌بێژێ!

ئــــــاكــامێـــــــــك
بته‌وێ ئاژاوه‌ و پشێوی له‌ وڵاتێكدا بنێیته‌وه‌، هه‌ژمونی ده‌وڵه‌ت مه‌هێڵه‌، باشترین مێتود دروستكردنی هێز و گروپی چه‌كداره‌، جا له‌ژێر هه‌ر ناوێكدا بێت. ئه‌مڕۆش كه‌ قۆناخی دووه‌می جه‌نگی سارده‌، كۆمه‌كی ده‌وڵه‌تێك بۆ پشێوی نانه‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌تێكی تردا له‌ ڕێی چه‌كداركردنی ده‌سته‌یه‌ك، وه‌ك هه‌میشه‌، له‌ گۆڕێدایه.‌‌ ده‌وڵه‌تان هه‌ن هه‌ر‌ زوو پشتیوانی لایه‌ك ده‌كه‌ن دژی لایه‌كی تر، به‌مه‌رجێ نیازی هێزی چه‌كدارت هه‌بێ، ئیدی سه‌قامگیری ده‌وڵه‌ت ڕۆده‌چێ، پشێوی و ئاژاوه‌ دێته‌ گۆڕێ‌.

خه‌ونـــــی میللـــه‌تێـــــــــك
گه‌ر خه‌ونی میلله‌تێك قه‌واره‌ بێ، یان ڕاشكاوانه‌ تر و بێترس ده‌وڵه‌ت بێ، ئه‌وه‌ ته‌نیا یه‌ك ڕێگه‌چاره‌ هه‌یه‌، ده‌وڵه‌تی سیڤیل به‌ هه‌ژمونی خۆیه‌وه،‌ یانی به‌ مۆنۆپۆڵی هێزه‌وه‌ له‌ سایه‌ی یه‌ك سوپا، یه‌ك هێزی پۆلیسی یه‌كگرتوو یان گشتی، یه‌ك ده‌زگای سه‌رانسه‌ری زانیاری و ئاسایش و داد ...... هه‌ر هه‌موویان له‌ سایه‌ی یه‌ك ده‌ستور و یاسادا. لێره‌وه‌ سه‌قامگیریی ئه‌وجا دادسالاری و په‌ره‌پێدانی وڵات له‌ ڕووی زانست، ئابوری، ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌دا و ..... پاشان خۆشگوزه‌رانی ده‌كرێ بێته‌ دی.
ده‌وڵه‌تداری زانسته‌. ئه‌و زانسته‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی یه‌كگرتوو له‌ سایه‌ی هه‌ژمونێكی دیموكراتدا دێنێته‌ كایه‌وه‌.
هێز و چه‌كی ده‌ست ئه‌م یان ئه‌و گروپ دوژمنی خوێنه‌خۆره‌ی زانسته‌، له‌وێشه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی سیڤیل و مۆدێرنه‌یه‌. ئه‌ویش بێ ئاینده‌یه‌، بێ چاره‌نووسه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن