219وتار

ڕاده‌ستكــــــــردنــــه‌وه‌ی تیـــڕۆڕیســــــــــــت

11/24/2022 10:11:00 PM
گۆران مه‌ریوانی

ســــــــه‌ره‌تا
''له‌ په‌یوه‌ند به‌ حه‌ماس، ناتوانین به‌ ڕووی داخوازیه‌كانتانه‌وه‌ بچین. ئێمه‌ حه‌ماس وه‌ك ڕێكخراوێكی تیڕۆڕیستی نابینین.''، مه‌ولود چاوه‌شوه‌شئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌ مێوانه‌كه‌ی، بێنی گانتێز، وه‌زیری به‌رگری ئیسڕائیلی گۆت، ده‌مێ ئه‌وی دواییان سه‌ردانی ئانكه‌ره‌-توركیای له‌ 19 ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا كرد؛ به‌ پێی ئاژانسی مێدیای سۆزێنی توركی.
 
تیــڕۆڕیســت بیت یـــان نــه‌بیت، خـــودی كێشـــه‌كه
لای كه‌س شاراوه‌ نییه‌ كه‌ فره‌گه‌لێ له‌ ئه‌ندامانی حه‌ماس و بنئۆرگانه‌كانی له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌ڵهاتوون و توركیایان؛ به‌ ڕه‌زامه‌ندی ئاشكرای خودی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ خۆی، كردۆته‌ مۆڵگه‌ی حه‌شارگه‌ی خۆیان. ئه‌م ده‌ربازبووانه‌ به‌ پێی یاسا له‌ وڵاتی خۆیان فرمانی گرتنیان بۆ ده‌رچووه‌ به‌ گومانی تیڕۆڕ. له‌كن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسڕائیل به‌ گومانی تیڕۆڕیست بۆ دادگا داواكراون. به‌ڵام توركیا له‌م په‌یوه‌نده‌ده‌دا بۆچوونێكی تری هه‌یه‌؛ ئه‌ویش، ئه‌ندامانی حه‌ماس له‌كن وان وابه‌سته‌ی تیڕۆڕكاری نین.
''چوون توركیا بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ خانه‌ی تیڕۆڕكارییدا ڕیزبه‌ند ناكات، بۆیێ هیچ پاساوێكی دادبینی له‌وباره‌یه‌وه‌ نابینرێته‌وه‌ تا ئه‌و له‌ داد-هه‌ڵهاتووانه‌ ڕاده‌ست بكرێنه‌وه‌،'' ؛ هه‌ر وه‌ك چۆن عمر ئۆێسكیزیلیج، پسپۆڕی بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و شڕۆڤه‌كاری ئاسایش له‌ مه‌ڵبه‌ندی كاره‌كه‌ی خۆی، ئانكه‌ره‌-توركیا، لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كات. ئۆێسكیزیلیچ درێژه‌ به‌ شرۆڤه‌كارییه‌كه‌ی خۆی ده‌دات  بۆ ده‌زگای (مێدیا لاین)، ''توركیا به‌ ئومێده‌ له‌ پڕۆسه‌ی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فیله‌ستینیه‌كان نێواندگیری بكات، كارێكی ئا له‌وجۆره‌ش، به‌ گوزارشتێكی تر، ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ده‌ربازبووی حه‌ماس ، ده‌كرێ له‌وباره‌وه‌ هه‌رچی هه‌وڵه‌ له‌ بارببات و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كۆسپ دروست بكات.''
 
پــــه‌یـــــــوه‌ندی دیپلـــــــــــــۆماســـی
به‌سته‌ڵه‌كی دیپلۆماتكاری نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌، 2008 دێته‌ گۆڕێ. گرژییه‌كان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی (كاست لیـــد)ـه‌وه‌ په‌یدا ده‌بێ و 2010 له‌ په‌یوه‌ند به‌ (پاپۆڕی كۆمه‌ك بۆ غه‌زه‌) ده‌گاته‌ ترۆپك و نادۆستایه‌تی نێوانیانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
 
نـــــــۆڕمـــاڵكـــــردنــه‌وه‌
پێشتر له‌ هۆڵی كۆبوونه‌ی گشتی یوئێن، هه‌ر ئه‌مساڵ، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسڕائیل، یایر له‌پید، سه‌ركۆمار ئاردۆگانی به‌سه‌ركرده‌وه‌. به‌ مه‌ش ده‌ستپێكێكی نوێ له‌ دۆستایه‌تی سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌.
نۆڕماڵدنی په‌یوه‌ندیه‌كان ده‌مێ دێته‌ گۆڕێ كه‌ توركیا له‌ قه‌یرانێكی ئابوری دژواردایه‌؛ هه‌ڵایسانی ئابوری و دراوی وڵات خۆی داوه‌ له %80، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا وڵات به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێكی نوێ ده‌ڕوات، هاوینی 2023. هاوكات ڕه‌وشی ئاردۆگان و پارته‌كه‌ی، ئاپه‌كه‌، تا بێت به‌ره‌و خراپی ده‌چێت، %17 ده‌نگ دێنن؛ دوائاماری بڵاوكراوه‌. وڵاتیان خستۆته‌ ناكۆكییه‌وه‌ له‌ته‌ك ده‌رودراوسێ و جیهان، به‌‌ هه‌ردوو زلهێزه‌كه‌شه‌وه‌‌. ئۆردوگان 21 نۆڤه‌مبه‌ر له‌ گۆتارێكیدا گۆتی، ''ئینشاڵا؛ تاقی تیڕۆڕیستان ناهێڵین.''
توركیای ئاردۆگان عه‌وداڵی چه‌ند داخوازیه‌كن، له‌ پێشیانه‌وه‌، ده‌یانه‌وێ جیهان به‌ پێوه‌ری ئه‌وان سیاسه‌ت بكات، چه‌كیشیان بێ قه‌یدوشه‌رت پێ-بفرۆشرێت، ڕه‌خنه‌ش له‌ گۆڕێدا نه‌بێت، به‌ڵام پێش گشتیان، بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاكاونتی خۆی و ده‌سته‌ودائیره‌كه‌یه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا. ده‌ستی ئاردۆگان كه‌شفه‌، به‌ڵام گوێ و زمانی به‌رژه‌وه‌ندی ئاوروپا و زلهێزه‌كان، بێ هه‌ڵبواردنی هیچ ڕه‌نگێكی سیاسی، گران و ڵاڵه‌.
 
پێــــــــــــوه‌رێـــــك بــۆ تیـــڕۆڕكــــاری
كێ ڕاست- یان ناڕاستبێژه‌؟ كێشه‌ له‌ په‌یوه‌ند به‌ یاسا و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تیاكانه‌وه‌ له‌ گۆڕێدا نییه‌. كێشه‌، كێ ئه‌م یاساگه‌لانه‌ لێكده‌داته‌وه‌، له‌وێدایه‌.
به‌ درێژایی مێژوو لێكدانه‌وه‌ی یاسا و ڕێسا هه‌میشه‌ ته‌با بووه‌ به‌ ''هه‌ناسه‌ سه‌رده‌م''؛ به‌ واتایه‌كی دی، به‌ به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزان و ده‌سه‌ڵاتداران. 1979موجاهیدین جه‌نگاوه‌رانی ئازادی و هاوپه‌یمانی ڕۆژئاوا و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان بوون. تا ئاستێك كه‌ ''ڕامبۆ''فیلمێكی ئه‌كشنی ده‌رباره‌ی ئازادیخوازانی موجاهید نمایشكرد و تێییدا، هه‌ر هیچ نه‌بێ له‌بان په‌رده‌ی سپی، چی داگیركار هه‌بوو ده‌نێوی برد. ئه‌ودواكه‌شی مێژووه‌؛ چلۆن ئه‌م ئازادیخوازانه‌ بوونه‌، ''له‌ نێو كوون و حه‌شارگه‌كانیاندا دووكه‌ڵ-به‌ده‌ریان ده‌كه‌ین، تاقیان ناهێڵین،'' 11 سه‌پته‌مبه‌ری 2011؛ گۆتاری سه‌ركۆماری ئه‌وده‌می وڵاته‌ یه‌كگرتووكان.
ئه‌وجا ئه‌و (لایه‌نه‌) له‌ په‌یوه‌ند به‌ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌وه‌،‌ له‌ كوێ ڕا وێستاونه‌ته‌وه‌. حه‌ماسێ كه‌ له‌ داد هه‌ڵهاتوون، وابه‌سته‌ی توركیان، كه‌ وڵاتێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵنه‌بوێراوی ناتۆیه‌، وه‌لێ كورد له‌ باشترین حاڵه‌تدا به‌ گوزارشت، گه‌ر ئیجازه‌م بده‌ن، به‌ جوویه‌كی سه‌رده‌می پێش جه‌نگی گه‌وره‌ی دووه‌مین ده‌چێ؛ چاترینیان، به‌ مردویی خاستره‌، به‌ قه‌ولی نازیانی ئه‌وده‌م. له‌ دیدی توركیاشه‌وه‌ كورد هه‌ر ئه‌وه‌ی قابیله‌.
ئه‌وه‌ جیاوازیه‌كه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ند كێ تیڕۆڕكاره‌ و كێ نییه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن