40وتار

جــــــه‌نگنـــــــــــــــامــــــــە (٢)

10/15/2023 2:34:00 PM
گۆران مه‌ریوانی




یافای كۆن، شه‌ممه‌، 14 ئۆكتۆبه‌ر 2023

ســـــــــــپیده‌
له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ ده‌ڕوانم پایزه‌. تاك و ته‌را نه‌بێ، ده‌نا شه‌قام چۆڵه‌. خامۆش. پێناچێ خوێنگه‌یه‌ك له‌ ده‌وروبه‌رمان جۆگه‌ی به‌ستبێ. به‌ ئاسمانه‌وه‌ فڕۆكه‌ی جه‌نگ. زه‌مین خامۆش. شار ڕه‌نگی خه‌زانی پۆشیوه‌. له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ ده‌ڕوانم هیچ نابینم. ده‌شێ خوێن گرتبینی. چوون ته‌نێ خوێن ده‌بینین. پێش خوێن ڕق. قین. بێپایان. له‌ هه‌ردوو به‌ر.
خودایێ تۆ كه‌ به‌نی-ئاده‌م و به‌نی-ئیسڕائیلت ئافراند دڵیشیانت تژیكرد له‌ قین؟ قینێك بێبن؟ قینێك كه‌ من لێیان ده‌ڕوانم كۆتایی نابینم! جگه‌ له‌ ڕه‌شایی دۆزه‌خسا.
ئه‌مانه‌ مه‌خلوقه‌كانی تۆن؟ چما له‌ قیندا گه‌وزاون؟

خودایێ تۆ به‌م قینه‌وه‌ ئه‌م مرۆڤانه‌، ئه‌م وڵاته‌ چۆن خۆشبه‌خت ده‌كه‌یت؟
ئه‌م مرۆڤانه‌، به‌نی-ئیسلام و به‌نی-ئیسڕائیل به‌م قینه‌وه‌ چۆن بێنه‌ حزورت؟
به‌م هه‌موو چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌، به‌م گشت تۆپ و فڕۆكه‌یه‌وه‌، به‌م حه‌مكه‌ درۆن و ڕاكێته‌وه‌ ...... ته‌نێ خه‌نجه‌ر و شیر و تیروه‌وه‌ .... ئاخر چۆن چۆنی ...... به‌م هه‌موو خوێنه‌وه‌ .......

ئه‌من سه‌ر له‌ مرۆڤ ده‌رناكه‌م!
كێ بوو گۆتی؛ مرۆڤ گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌یه‌ له‌ دونیادا؟ ها؟ ماركس!
ده‌ زینده‌گی مندا ئه‌ز مرۆڤم وه‌ك كاولكارترین، خوێناویترین و پڕ به‌ڵاترین مه‌خلوق بینیوه‌. ئه‌و كاولكاره‌. ئه‌مان وێرانكارن. 
ئه‌م به‌نیئاده‌مه‌ بۆ ئه‌م قینه‌ تاریكه‌ی له‌ دڵدا بێ؟
بۆ چاوی، دیدی به‌ كوشتن نه‌بێ به‌رایی نایێ؟
چارده‌ ساڵێ به‌ شۆرت و تۆپه‌وه‌ (پارچه‌ قوماشه‌كی مه‌حكه‌م سینگی كیژان داده‌پۆشێ) گڕی تێبه‌رده‌ده‌ن و وه‌ك هیندیه‌ لاتینیه‌كان كه‌ له‌ فیملی هۆلیودا دیومه‌، به‌ده‌وری سپی-و-سۆڵێكدا سه‌ما ده‌كه‌ن، هه‌لهه‌له‌ لێده‌ده‌ن، ئه‌و به‌نیئاده‌مانی دیش ڤیدیۆ ده‌گرن و هه‌ڵده‌په‌ڕن و ..... به‌ نێوی تۆوه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن!
خودایێ! ئه‌رێ ئه‌تۆش كه‌یفت به‌م دۆزه‌خه‌ دێ؟
ئه‌م ئاگره‌ی كه‌ ئێمه‌ بۆ یه‌كتری گه‌رم ده‌كه‌ین و به‌ نه‌زمی موسیكی جه‌نگ بۆی هه‌ڵده‌په‌ڕین!
ئه‌وڕۆكه‌ كوشتن بۆته‌ مۆده‌.
هه‌موو حه‌زده‌كه‌ین به‌شدار بین.
هه‌موو پێمان خۆشه‌ وه‌ك دوا مۆده‌ی عه‌تری (باكرا-ت- ڕۆژ) و (كلایڤ كڕیستیا-ن-) له‌ خۆمانی بده‌ین.
هه‌موو به‌ ئاواتین بۆنی خوێنمان، جه‌نگمان لێبێ.

بوقی خۆشاردنه‌وه‌ لێده‌دا و ئه‌من ته‌واوی دانیشتوانی ته‌لار هه‌ڵدێین به‌ره‌ و حه‌شارگه‌. به‌ پێی ڕێنماییه‌كان تا تۆپه‌كه‌ ده‌گاته‌ لامان، زه‌مین، بواری نه‌وەت چركه‌مان هه‌یه‌. ئه‌من پڕ به‌ منداڵێكدا ده‌كه‌م و ........
تووووووووووو ..... نه‌وەت چركه‌ ......

یافای كۆن، شه‌ممه‌، 14 ئۆكتۆبه‌ر 2023 

* جه‌نگنامه‌، یاده‌وه‌ریه‌كانی ڕۆژانی جه‌نگه‌ من له‌ یافاوه‌ ده‌ینووسمه‌وه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن