جــــــه‌نگنـــــــــــــــامــــــــه* (1)
10/13/2023 3:36:00 PM
گۆران مه‌ریوانی
گۆران مه‌ریوانی
یافای كۆن ، 12-10-2023
كۆ-یادگه‌ی جڤات
12 ئۆكتۆبه‌ر 2023 ،
له كۆ-یادگه‌ی كۆمه‌ڵدا، هه‌ر وه‌ك له كۆ-یادگه‌ی تاكی گشت میلله‌تێكدا كۆمه‌ڵێ
یاده‌وه‌ری، شاد و تراژیدیا هه‌یه. له‌م حه‌شارگه‌یه‌وه كه منی ئا ئێستێ تێدام
هه‌شسه‌د مه‌تر دووره بۆ یافای كۆن. ئه‌من ڕۆژانه به كه‌ناری ده‌ریای نێوه‌ڕاستدا
تا یافا به ڕاكردن ده‌ڕۆم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه. تاتیلان پشووه. له سپیده‌ی 7 ئۆكتۆبه‌ر-شه‌ممه‌وه
بۆنی خوێن دێ. باڵنده‌كانی ڕۆخی په‌نجه‌ره‌ی نووستن بێده‌نگیان لێكردوه. پاساریه‌كانی
نێو دار بیه‌كه‌ی قه‌د ماڵیش.
بیری مینای (باڵنده) خۆشچریكه ده‌كه‌م.
پێشتر سپیده ئاسمانیان پڕ ده‌كرد له جریوه و گۆرانی. دڵی منیش له شادی.
كێ هێند به‌خت یاری ده‌بێ تا له بان خۆڵی ژێر پای هه‌ر سێ په‌یامبه‌ره‌كه نشینگه‌یه‌كی
هه‌بێ، دڵی له ڕق و كینه، له دوژنمنایه‌تی و تۆڵه، خاڵی بێ!
ئاسمان به‌رده‌وام جمه‌ی دێ له فڕۆكه‌ی
جه‌نگ، تۆپ له جێی باران. 50-60 كم خوار دامێنی ماڵی من خوێنگه‌یه. خوێنگه‌ی ڕق
و كین. بیرده‌كه‌مه‌وه، باشه من بۆم هه‌یه پڕ به چاقۆیه‌كدا بكه‌م و بچم به‌شی
خۆم به‌رم؟ كه‌نیزه‌یه‌ك؟ سه‌بایه‌یه‌ك، غوڵامێ و موڵكی یه‌مینێ بێته به‌شم ..... یان به چه‌ند دۆلارێ یه‌كیان به دڵی خۆم
بسه‌نم؟ یه‌ك له پێنج به‌ش بۆ منی تاك و ماباقی بۆ ڕابه‌ران؟
حــــــه‌شــــــــارگـــــــه
حه‌شارگه‌ی مه چوار منداڵ، چوار ژن و سێ پیاوین. گه‌ر ئاسمان كش و مات بێ،
گه‌ر بارانی مه‌رگ نه‌بارێ ده‌كرێ به پلیكانه‌كاندا هه‌ڵزنم و ده‌ست درێژكه‌م بۆ
ئه‌و ده‌ریایه‌ی هه‌ر سێ په‌یامبه‌ره‌كه، ده‌شێ خۆیان تێدا شتبێ، به ڕۆحیان پیرۆزیان
كردبێ، مشتم له سوێراو پڕكه‌م.
تۆپ له جێی باران ده‌بارێ.
فڕۆكه له‌جێی باڵنده ده‌فڕێ.
له بان عه‌رد تۆفانی نوح نییه. تۆفانی مه‌رگ هه‌ڵده‌ستێ.
زارۆك له قه‌فه‌س ده‌نرێ. ژن و كیژ په‌ت له مل ده‌كرێ. پیر وه‌به‌ر لووله‌ی
تفه‌نگه‌وه ده‌درێ.
تۆفانی ڕق و كینه هه‌ڵده‌ستێ، لێ گه‌وره‌تر، مه‌زنتر، تاریكتر له كونوكه‌له‌به‌ری
كه‌شتییه داربه‌نده‌كه‌ی نوح. هچ ڕۆحله‌به‌رێ سه‌واری كه‌شتی ناكرێ. ئه‌م كه‌شتییه
حه‌زی به چاره‌ی ڕۆحله‌به‌ر نییه. مه‌رگی لێده‌رچێ. كه‌سێ پا نانێته نێو كه‌شتی
رق و كین. سێبه‌ری گیانكێشان نه‌بێ.
كوشتن ئه‌وڕۆ ئاسانترین شتێكه. ژیان ماڵئاوایی لێكردوین و مه‌رگ ماڵه و
ماڵ ده‌گه‌ڕێ. ده‌ڵێیت كۆنه‌فرۆشه: ماڵێ گیانی بێ، ڕۆحی بێ، منداڵ و ژن، كیژ و كوڕ،
پیاوی بێ ........ چی پیرۆزی هه‌یه ...... بۆ كوشتن.
مـــــــــــــــن
له تاك-یادگه‌ی مندا ئێستێ وێنه-تراژیده‌ییه‌كانی شه‌سته‌كان دیار ده‌كه‌ون،
فلاشباك! حه‌ره‌س قه‌ومییه به‌عسیه‌كان، چه‌كدار، ئاماده بۆ كوشتن و بڕین. نه‌ك پاراستنی مرۆڤ. ڕقی
ئه‌ز له‌وێوه سه‌ریهه‌ڵدا. من ڕۆژانێ بوو پڕ له ڕق بووم. ڕقی ته‌نك نا. ڕقی ئه‌ستوور.
ڕۆژانێ بوو من ... ده دڵمدا، ده رۆحێمدا .... جێی عه‌شق نه‌بوو ..... ته‌نێ مردن.
كـــــــۆ-یـــــادگـــــه‌ی جڤـــــــــــات
له كۆ-یادگه‌ی جڤاتی یه‌هودا، یان جوودا، فلاشباكی جه‌نگی دوو، هۆلۆكۆست دیار
ده‌كه‌ون. پرسیار، ڕێبده‌ن به خۆیان چاقۆ له ملیان نرێ، سه‌گ له دامێنی شه‌رمی
ڕووتیان، منداڵیان له قه‌فه‌ز نرێ، ژنیان به ڕووتی سه‌واری ماشین و كه‌ر بكرێ
و ..... تفباران بكرێن؟ ڕێبده‌ن له مرۆڤایه‌تی داماڵڕێن و ببنه ئاژه‌ڵی
گڵاو؟ ........ ئاژه‌ڵی خاوه‌ن مه‌چه‌ك بۆ كاری سوخره ..... ئاژه‌ڵی دامێن- و شه‌رمدار
بۆ نێو نوێنی ڕابه‌ران، یان ڕووت بۆ به‌رده‌می موشته‌ریان؟
ڕێبده‌ن به خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه 1930-1945؟ چیان پێكرا؟ چۆن له دووكه‌ڵكێشه‌وه
به نه‌مانی ده‌هاتنه ده‌رێ؟ ته‌واوی دونیاش لێیانی ده‌ڕوانی؟ لێ كه‌سێ نێویانی
نه‌هانی؟ ڕێبده‌ن سه‌ریان ببڕن وه‌ك مه، وه‌ك شه‌نگالێ .... وه‌ك مه‌یدانی كڕین و
فرۆشتنێ له ڕه‌قه ....... بۆ سه‌روسه‌ودای زارۆك و كیژێ؟ بڵۆنده‌كان (سپی و
سوور) گرانتر؟ ڕه‌نگداره‌كان هه‌رزانتر ..... جار ناجاریش ده نێو خۆیاندا ئاڵوگۆڕیكه‌ن
.... به دیاری پێشكه‌شی دۆست و ناسیاویكه‌ن .....
رێبده‌ن یان نه‌ده‌ن، خودی پرسیاره‌كه‌یه!
ژیان هه‌ڵبژارده‌یه. تۆ، من، هه‌ر كه‌سێ یه‌كیان هه‌ڵده‌بژێرێ، به‌و مه‌رجه‌ی
هه‌لومه‌رج له‌باربێ. ده‌نا ........ ئه‌وه قیسمه‌ت و نسیبته. ئاوها نووسراوه.
ناگۆڕدرێ. ئه‌وه پێگه‌ی تۆیه و منه و ئه‌مان و ئه‌وانه. من شه‌سته‌كان زارۆكێكی
گچكه‌م به‌ده‌م شه‌قی حه‌ره‌س قه‌ومیه‌وه، تۆیش له‌ژێر پۆستاڵ و چا‌قۆیان ......
ئه‌ویش كارخانه‌ی سووتانی جوو به ده‌ستكردی ڕۆشنبیر و پڕۆفیسۆران. ئه‌میشیان وڵاتیان
هه‌رزانفرۆشكرێ و ....... خودا له‌و بانه‌وه ئاگاداری هه‌موومان بێ ... ده‌بێ ئه‌وه
قیسمه‌ت و نه‌سیب بێ؟
وه‌لێ ژیان هه‌ڵبژارده‌یه. ڕێبده‌ن یان نه‌ده‌ین خودی پرسیاره‌كه‌یه.
جــــه‌نــــــگنـــــــامـــــــــه
باڵنده‌كان بێده‌نگن. ناجریوێنن. مینا ناچیركێنێ. كۆتره شینكه‌كان نه كه‌س
نانیان ده‌داتێ، نه ده‌گمێنن. داربیه‌كه‌ی قه‌د ماڵمان چه‌ماوه‌ته‌وه وه‌ك دیلێكی
جه‌نگ ...... شه‌رمێ ده‌كا سه‌ربڵند بكا و له چه‌كداره‌كان بڕوانێ.
تۆپه‌كان ده‌جریوێنن. فڕۆكه‌كان ده‌گمێنن. چه‌كه مۆدێرنه‌كان گۆرانی ده‌بێژن.
درۆنیش ......... په‌یتا په‌یتا كه‌مان ده‌ژه‌نن ....... له‌ملاوئه‌ولای ئێمه‌شه‌وه
لاشه ده‌كه‌وێ. ئه‌ز گه‌ر بوێرم به پلیكانه‌كاندا
هه‌ڵزنم و ......... دوو سه‌د مه‌ترێ ده‌ست درێژكه‌م ... مشتم پڕ ده‌كه‌م له خوێن.
له خوێنی گه‌رمی هه‌ردوولا. له خوێنی گه‌رمی هه‌ر سێ لا، له خوێنی گه‌رمی ده‌ریای
خوناوه‌ی نێوه‌ڕاست. كه‌مێ دوورتر له خوێنی ده‌ریای سوور. له خوێنی من و تۆ و ئه‌و و ئه‌وانه‌ی له شێوه‌ی خودی (خۆی) ئافرێندراین
.............. به زێباترین شێوه و ڕه‌خسێنراین. ئه‌وه ئێمه‌ین ده‌كوژرێین. ئێمه‌ی
مرۆڤ. دیندارانی سیاسی ده‌نێو ناچن. ئێمه‌ین. ئه‌و زارۆكانه‌ن كه دیلانی كوڕم وه‌بیر
دێننه‌وه. ئه‌و كیژانه‌ن كه منداڵی
براگه‌وره‌كه‌م وه‌بیرده‌خه‌نه‌وه. ئێمه‌ین نامێنین.
خودی پرسیاره‌كه، بمێنین یان نه‌مێنین!
زه‌مـــــــــــه‌ن
زه‌مه‌ن ده‌ڕوا و زارۆكه‌كان سه‌بریان ده‌ڕوا .... مێروله‌ی دوودڵی و گومان
له‌وه‌ی ترسێ به‌ڕێوه‌یه، له‌وه‌ی ئێستێ چی ده‌گوزه‌رێ، له‌وه‌ی ناكرێ بچنه ده‌رێ،
ده‌داته گیانیان .... پاش كه‌مێك وه‌ك سیل ده‌گوێزرێته‌وه ڕۆحی مه‌ش. ئێمه جوان
ده‌یشارینه‌وه. ده‌یكه‌ینه ژێر پێستی ئه‌ستورمانه‌وه. ئه‌وان پاكن. نازانن بیشارنه‌وه.
فریشته‌ن. بیری دیلانی كۆڕم ده‌خه‌نه‌وه. كه وه‌ك باڵنده‌یه‌كی جوان له جامولكه‌یه‌كدا
ده‌مشووشت. بیری كچه‌كانی كاكم، ده‌مێ ئه‌ویان برد و كوشتیان. ئیدی كه‌سیان بابی خۆیان
نه‌دیه‌وه. گچكه‌كه‌یان هه‌رگیز. هه‌رگیز نه‌یدی. بۆیێ ئێستێش ناكرێ بێته خه‌ونی.
ئه‌وان پاكن نازانن بیشارنه‌وه. ئێمه گه‌وره‌ین. پڕین له درۆ. پڕین له سیاسه‌ت.
جوان ده‌یشارینه‌وه. ته‌نێ كوشتار ناشارینه‌وه. بارانی تۆپ ده‌بارێ. ئاسمان ده‌ڵێیت
جه‌ژنه. جه‌ژنی نه‌مان.
له كـــۆ-یــــادگـــــه‌ی كـــــــوردا
ده‌مێ داعش شه‌نگالی زه‌وت كرد، كه ژن، كیژ و مندالیان برد، كه پیره‌مێرد
و داپیرانیان سه‌ربڕی، ئیسلامی سیاسی گۆتیان، ناكرێ بێژین داعش عه‌بدی خودا نین،
چوون نوێژ ده‌كه‌ن، به‌ڕۆژوو ده‌بن، زه‌كات و سه‌رفیته‌ر ده‌ده‌ن. چوون ، یانی له
ژێر لێوه‌وه، ئه‌وی ژێر چاقۆ ده‌خرێ، عه‌بدی خودا نییه، خودا نه‌هی لێكردوه.
كافرن. پیسن. بۆگه‌نن. خۆیان ناشۆن. خوێناوی ده‌ریای نێوه‌ڕاست كه من ده‌كرێ له
بان پلیكانه‌كانه‌وه مشتمی لێپڕكه‌م ..... به‌ر گیانیان نه‌كه‌وتووه. پاكیان
ناكاته‌وه. چاقۆ له ملیان نێن. بیان بڕنه‌وه. لێ بێ شایه‌تمان سه‌ریان له جه‌سته‌یان
جودا مه‌كه‌نه‌وه. گوناهه.
ئیدی كوشتن و سووتانی مرۆڤ له‌و ده‌مه‌وه كرا به جه‌ژن. كامێرا ده‌یگواسته‌وه
و به چه‌ند زمانێ ده‌یانگێڕاوه.
ئیسلامی سیاسی چه‌پڵه‌ی لێده‌دا. سه‌ركه‌وتن بوو. به‌سه‌ر ئه‌هلی كیتابی پێشتر.
به مه‌رجێ هه‌ر سێكیان كیتابن. كیتابی یه‌ك ئیلاهن. یه‌ك خودا نووسینییه‌وه. یه‌ك
نوور پیرۆزی كردون. یه‌ك زار به ده‌می فریشه‌كاندا ناردونیه‌تنه‌وه.
ده كۆ-یادگه‌ی جڤاتی مه‌دا داعش ئه‌نفالی وه‌بیرهێناینه‌وه. داعش هه‌ڵه‌بجه
و بۆگه‌ناوی گازی كیمیاوی یادخستینه‌وه. لێ ئێمه هیچ وانه‌یه‌ك نه له ئه‌نفال،
نه له گازی ژاراوی و هه‌ڵه‌بجه و .......... فێربووین. فێریش نابین.
ئێمه به‌رده‌وام بووین له‌زه‌مكردن و تێكشانی یه‌كدی. ئێمه زیاتر په‌ڕته‌وازه
بووین. ئێمه زیاتر نه‌وتمان ده‌رهێنا. زیاتر فرۆشتمان. لێ زیاتر تاریكبووین. زیاتر
هه‌ژار بووین. ئێمه باشتر ده‌كڕێین و ده‌فرۆشرێیین. چاتر سه‌روسه‌ودامان ده بازاڕی
سیاسه‌تدا پێوه ده‌كرێ. تا نه‌وتمان زیاتر بێ، تا پاره‌دارتر بین، هه‌رزانترین.
تاریكترین. هه‌ژارترین. با كۆمه‌ڵێ به ناو مێژووكاری ته‌زویریشمان هه‌بێ هاوشێوه‌ی
شفته و كوبه‌ی ته‌زویری نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو كه كاریان به پاڵه‌وان- و
قاره‌مانكردنی مه‌یه، لێ ته‌نێ له‌سه‌ر كاخه‌ز و له شێوه كاخه‌زه‌كه‌یدا. ئێمه‌ش باش ده‌زانین سه‌رله‌به‌ری درۆیه، لێ ڕه‌واجی
ده‌ده‌ینێ. چوون خۆمان بێ ڕه‌واجین. بێ مێژووین. له‌یه‌ك دابڕواین. بۆ دراوێ، بۆ
پایه‌یه‌ك، ڕۆژانه ڕه‌نگده‌گۆڕین و ده‌بینه ڕه‌نگباز. ڕه‌نگبازی له‌كن مه هونه‌ره.
شكۆیه. ڕێی پایه و پۆسته. هه‌یبه‌تی ترس و تۆقه. ئێمه فێری ته‌بایی نابین.
زه‌مه‌ن ده‌ڕوات و منداڵان دوودڵتر ده‌بن. ده‌ست به كراسی گه‌وره‌كانه‌وه
ده‌گرن. زه‌مه‌ن ده‌ڕوا و فڕۆكه‌كان ده‌جریوێنن. تۆپه‌كان ده‌گمێنن. چه‌كه ئۆتۆماتیكه‌كان
هه‌ڵده‌په‌ڕن ...... درۆن .... پیانۆ ده‌ژه‌نن.
ئێمه‌ش گشتمان ده‌مرین. هه‌ندێ بۆ گۆڕستان. بڕێ بۆ هه‌تایه، له خودی خۆیدا
ده‌نێژرێ.
كۆترێكیش شك نابه‌ین له‌م كه‌شتییه داربه‌نده نوحیانه‌دا وه ئاسمانی نێین
تا پارچه زه‌مینێكی وشكانی پڕ ئاشتیمان بۆ بدۆزێته‌وه. ئێمه چاوه‌ڕێین كێ دێت و
ده‌رگای پۆڵاینی حه‌شارگه له یه‌ك ده‌ترازێنێ. ڕۆمانه‌یه‌كی تێده‌خزێنێ. یان شایه‌تمانێ
دێنێ و چاقۆ له ملمان ده‌نێ. زارۆك و ژن و كچه‌كانیش به دیاری ده‌برێ .........
بــــریــــــــــــا
بریا فڕۆكه‌كان
له جریوه ده‌كه‌وتن. تۆپه‌كان له گمه. چه‌كاكان له ژه‌نین. بریا سه‌دای ئه‌م
كۆڕاڵی كۆنسێرته به ته‌واوی ده‌كه‌وت. بریا ئه‌ز به‌و پێپلیكانه‌دا هه‌ڵده‌زنام.
ده‌ستم دووسه‌د مه‌ترێ درێژ ده‌كرد. پڕم ده‌كرد له‌و خاكه‌ی هه‌ر سێ په‌یامبه‌ران
وه‌بانی دا ڕیشتوون. پڕم ده‌كرد له‌و خوناوه‌ی هه‌ر سێكیان به میراتی بۆ مه‌یان
به جێهێشت.
خوێناوی ده‌ریای سوور و ناوه‌ڕاست.
ئه‌وجا تێر ڕوخساری خۆم و زارۆكانی نێو ئه‌م حه‌شارگایه‌م پێده‌شت.
بریا ئه‌م كوشتاره ئۆقره‌ی ده‌گرت.
بریا كۆتره‌كان ده‌گمانه‌وه. مینای جوان ده‌هاته‌وه. پاساریه‌كان ده‌نێو
بیه‌كه‌ی قه‌د ماڵمان ده‌جریوانه‌وه. باڵنده‌كان شه‌ڕیان به‌یه‌ك ده‌فرۆشت تا ده‌زگیرانێكی
دڵشكاو ماچكه‌نه‌وه.
بریا من ئۆقره‌م ده‌گرت.
بریا كه‌سێ ده حه‌شارگه‌كه‌مان و له ده‌رێ نه‌ده‌مرد.
گۆران مه‌ریوانی، یافای كۆن، 12-10-2023
* چه‌نگنامه، یاده‌وه‌ریه‌كانی ڕۆژانی جه‌نگه من له یافاوه ده‌ینووسمه‌وه.