ســــــیـاســـــــــهت چییـــــــــه؟ 27 بلیـــــار قــــــــــــهردارین
5/28/2020 6:06:00 PM
گۆران مه‌ریوانی
1975-1979: نووسه‌رێك به نێوی قــــهزاز
له‌و ساڵانه‌دا كتێبێكی قه‌واره گه‌وره ده‌رچوو، به‌رگ زه‌رد، ئه‌ستوور وه‌ك رۆمانه‌كانی ئێستێ، چاپته‌رێكی: ``سیاسه‌ت چییه؟`` بوو. ته‌نێ نێوی خانهوادهگیم نووسه‌رم وه‌بیر ماوه، قه‌زاز. ده وه‌ڵامی ناونیشانی پرسیاره‌كه‌ی خۆیدا (قه‌زاز) ده‌نووسێ:{سیاسه‌ت فێڵ و كه‌ڵه‌كه، درۆ و ده‌له‌سه‌یه، له‌ملا گوتارێ، له‌ولا گفتێ با په‌یوه‌ندیان به یه‌كیشه‌وه نه‌بێ، دۆش دامه‌مێنه، شه‌رمێ مه‌كه، چی به ده‌متدا، له ناڕاستی و راستی دێ، بڵێ، كێ به ته‌نگه‌وه دێ! سیاسه‌ت قسه‌ی باقوبریقه، وه‌لێ مه‌رجێكی گرینگی پێویسته، زمانت لووسبێ، وشه‌دان ده زارتدا بێ، ده‌مت ته‌ته‌ڵه نه‌كا و وه‌ك رووبار خوڕه‌ی بێ، قسه‌زان بیت، ئیدی مه‌ترسه، مه‌پرسه و بڕێسه. سیاسه‌ت رێساندنی رهنگیلهی بێبنه‌مایه، بێبه‌هایه. ئامانجیش ته‌نێ ده‌سه‌ڵاتی ره‌هایه``. ئهودم ئێمه تازه ده سیاسه‌ت ڕا پێمان ده‌گرت و به نهێنی و ئاشكرا چی چاپبكرابا ده‌مانخوێنده‌وه. پێناسه‌ی سیاسه‌ت له‌كن (قه‌زاز) بۆ مه دیارده‌یه‌كی سه‌یر بوو. وه‌لێ تا تاریفی سیاسه‌ته‌كه‌ی ده چاوی خه‌ڵكیدا به دروست سه‌یربكرێ، مه‌رجی به‌هره‌ی زمان لووسی، هونه‌ری فشه هه‌ڵبه‌ستن، ئه‌وجا خاڵی ده گشت ئامانج و ئه‌نجامێك، لهكنمان سه‌یرتربوو!
هـــه‌ردوو فــوئــــــاد دێنــــه وه‌ڵام
فوئاد قه‌ره‌داخی و فوئادی مجید میسری هاتنه وه‌ڵام. ده مێدیاكانی ئهویدهمی، ده دیدێكی ماویستانهوه نووسیان:{دووجۆر سیاسه‌ت هه‌ن. یه‌كه‌میان گۆتاری رهنگیلهی بێ-سه‌روبه‌ر و بێ-ئاكام، به زمانی لووس و به‌تام، دووه‌میان گۆتاری راست و دروست، خستنه رووی هه‌قیقه‌ت و ده‌رئه‌نجام. یه‌كه‌میان هی ئایدۆلۆژی ده‌سه‌ڵاتداران و چینی بۆرژهوان، دووه‌میشیان ئایدۆلۆژی چینی چه‌وساوه‌و ره‌نجده‌ران. ئه‌ویان بۆ رووتاندنهوهو داماڵینی وڵات ده خێر و به‌ره‌كه‌ت، ئه‌ویدیان بۆ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك و میلله‌ت}.
دوای نیــــــــو ســهده: ســــــیاســـــهت چییـــه؟
نه‌وه‌ی من كوژران، زیندانی‌كران، بێ-سه‌روشوێنكران، كه‌مئه‌ندامبوون، هه‌ڵهاتن، دونیایان ته‌یكرد، خوێندیان، پیشه‌دار بوون، ئه‌زموونیان په‌یداكرد، پاش نیو-سه‌ده دیده‌نی وڵاتیانكرد، لێ سیاسه‌ت هه‌ر ئه‌و باسنامهیه بوو كه (قه‌زاز) پێناسه‌ی كردبوو! به جیاوازیه‌ك، ئه‌ویش دوو قوتابخانه و دیده جیاوازه‌كه‌ی ئه‌و عه‌یام، ئێستێ هه‌ر هه‌موویان خاوه‌نی یه‌ك گۆتاری هاوبه‌شن، گۆتاری قهزازیان! بێ بوونی به‌رپرسیارێتی، ئێك ئامانجیشیان هه‌یه، ده‌سه‌ڵات به‌رنه‌دان به ئامان و زه‌مان. به‌دبه‌ختیه‌كی تریشی هاتۆته بان، شۆڕبوونه‌وه‌ی ناسنامه‌ی سیاسه‌تی قهزازیزم بۆ ناخ و ده‌روونی خه‌ڵكی، به گوزارشتێك كه ناسنامه‌ی سیاسه‌تی (قه‌زاز) له بارێكی سایكۆلۆژی تاكه‌وه بۆته دۆخێكی سایكۆلۆژی گشت. ئێستێ هه‌موو ده‌ڵێن، فڵانی به‌ڕاستی سیاسهتهوانی نایابه! بۆ؟ بۆ قسه دانامێنێ و جوان ده‌په‌یڤێ، چیت بووێ، راناوه‌ستێ، بۆت لێوه ده‌دوێ!
ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌بردن له‌كن مه
هه‌ندێك گۆتیان، ``كوردستان ده‌یكه‌ینه وڵاتانی كه‌نداو``. هه‌ندێكی تر، ``هێنده هه‌ژارین گه‌ر مردین سوپاسگوزاری شاره‌وانین به خاكمان بسپێرێ``. چی پارتی چكۆڵهشه وه‌ك كۆمۆنیست و ....تاد شاگردن ده خانه‌ی قهزازیان. هه‌ندێك ده‌ڵێن `` 27 بلیار قهردارین``، ئه‌ویتریان، ``نه‌خێر به ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌م بێ، پوولێ قه‌ردار نین``. نماینده‌ی خه‌ڵكیش، نه‌خێر به‌ڕێوه‌به‌رانی وڵات 7 ملیۆن دۆلاریان ده هه‌گبه‌دایه، تهحدادهكهم ده‌یسه‌لمێنم. زاراوه‌ی (تهحدادهكهم-)ـتان دهبیرنهچێ، وشه‌یه‌كی ئه‌فسووناویه له‌كن سیاسه‌ته‌وانانی كورد!
ئه‌ركی به‌ڕێوه‌به‌رانی وڵات چییه؟ لێپرسینه‌وه و ئه‌نجومه‌نی دیسپلین؟ پاڕله‌مان، لێدانی زه‌نگی ئاگاداری له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وردبینیه‌وه پێش ریسك په‌یدابوون و نابووت بوون؟ ......تاد. دۆخی وڵات ده دیرۆكی فیلمێك ده‌چێ كه سیاناریۆكهیان ده كتێبی (قه‌زاز)-ـی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه بۆ ئاماده‌كردبێ! نه قه‌ردار دیاره نه قهرددهر، نه هۆ-ده‌رنجام ئاشكرایه، نه لێپرسینه‌وه-گفتوگۆی له‌پای چی، نه ئه‌ركی سپێردراو-ئهمهكپاكی، نه خه‌مخۆر-نه‌بێ-خه‌م ده ژێر چاودێریدایه، نه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری دیاره نه هه‌ست-و-نه‌ستی به‌رپرسێتی كه‌سه‌كی له‌كن به‌ڕێوه‌به‌ران ده‌بینرێ ....تاد. وڵاتێ ده ئاژاوه‌یه‌كی كارگێڕی و سیاسی بێ سهروبهردایه بێ هیچ پریسنسیپێكی هاندان و سزادانێك. بێ-هیچ لێكۆڵینه‌وه و به دواداچوونێك.
سیاسه‌ت وه‌ك زانست
سیاسه‌ت نه گفت و قسه‌ی لووسه، نه ته‌نێ خه‌می هه‌ژارانه. تاریفی سیاسه‌ت به ته‌نێ وشه‌یه‌ك، به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته به به‌رپرسیارێتیه‌ك كه سزا و هاندان ده خۆده‌گرێ. سزا: گه‌ر ئهمهكپاكیت نه‌نواند له‌لایه‌ن ده‌زگای وردینیهوه، دیسپلینه‌وه و دواجار دادوه‌ریه‌وه. هاندان: میلله‌ت ده‌نگی خۆیت پێده‌داته‌وه. وڵاتیش كه كۆمه‌ڵێك داموده‌زگایه، ده‌بێ به شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌ببردرێ كه متمانه ده‌نێوان ده‌سه‌ڵاتداران-به‌ڕێوه‌به‌ران و میلله‌ت-دانیشتوواندا بێنێته گۆڕێ. نه‌بوونی متمانه گوزارشته له نه‌بوونی باش و پاك به‌ڕێوه‌بردن. متمانه چۆن په‌یدا ده‌كرێ؟ سیسته‌مێك كاروئیش بۆ دانیشتووانی په‌یدا بكا كه بتوانن به مووچه‌كه‌ی ئازادانه و بێخه‌م بژین، سیسته‌می خوێندن، ته‌ندروستی، دادوه‌ری به‌هیچ جۆرێك نابێت ببێته بازاڕی پاره په‌یداكردن. هه‌لی كار، خوێندن و ته‌ندروستی بۆ منداڵی كه‌مده‌رامه‌ت و فرهدهرامهت وه‌ك یه‌ك بن. ده‌رفه‌ت بۆ دانیشتووان یه‌كسانه، به‌ڵام بێگومان هیمه‌ت و كۆشش ناكرێ یه‌كسان بێ. بۆیێ هه‌ڵ و ته‌قه‌لای تاك ده‌بێته بناخه‌ی تاك. تاكێك كه ده‌رفه‌تێك، هه‌لێك له ده‌ستده‌دات ده‌بێ جڤاك، یانی ده‌سه‌ڵات، سه‌رله‌نوێ ده‌رفه‌ت و هه‌لی تازه‌ی بۆ بڕه‌خسێنێ. میلله‌ت ده تاك پێكهاتووه‌و تاكیش جودان. ده‌سه‌ڵات نابێته باوانی تاك، نابێته باوانی هه‌ژاران، ده‌سه‌ڵات ده‌بێته هۆكاری هه‌لڕه‌خساندن، ده‌رفه‌ت په‌یداكردن، كۆمه‌ك و پشتیوان، چ مادی یان زه‌ینی تا ده‌چیته سه‌ر پای خۆت. ناكرێ ده‌سه‌ڵات داموده‌زگاكانی بكاته گاڵتهخانهی ده‌نگ، مه‌زاتخانه‌ی ره‌نگ، سوحبهتخانهی پاشمله باسكردن. داموده‌زگای دیموكراسی كۆمه‌ڵێ به‌ڵێن و گفتی قه‌زازی نین، ناوه‌رۆك خاڵی و به‌رگ قه‌شه‌نگ به مووچه‌ی چه‌ور و مۆنیكای جوانه‌وه. بازبازێن نییه بۆ پاره له‌مبه‌ر و له‌وبه‌ر. به‌ڵكو هه‌وڵ و كۆششی رژدی میلله‌تێكه بۆ رۆشنی ئایندهی.
رێـــــــــگاچـــــــــــاره
فه‌لسه‌فه‌ی قهزازیزم كه ئێستێ ته‌واوی چه‌پ، راست و میانڕه و، دین و نادینی پیادهیدهكهن ده‌بێته كۆتایی پێ بێ. كۆتاییشی ته‌نێ به میلله‌تی هۆشیار ده‌كرێ. میلله‌تێ عه‌وداڵی هه‌مان فه‌لسه‌فه نه‌بێ. میلله‌تێ داوای سیسته‌می ده‌رفه‌تی كارڕهخساندن، خوێندنی گشتی، ته‌ندروستی گشتی .... بكا. میلله‌تێ فێری هونه‌ری خه‌بات و دانوستاندن بێ. شیر و تیر له‌یه‌ك نهسووێ، میلله‌تێ فێری هونه‌ری سیاسه‌ت و دانوستاندن بێ، میلله‌تێ به زار و ئه‌قڵی بێته دوان، به كورتی میلله‌تێ نه‌بێته به‌شێك له كۆڵه‌كه‌كانی خانه‌ی قهزازیان.
2020-05-28، هیندوستان