634وتار

کۆرۆنا چۆن دەمانگۆڕێت؟

5/3/2020 12:27:00 PM
سەردار عەزیز

لێرەدا تەنها باسی ئەو گفتوگۆیانە دەکەم کە لە ئاستی دونیادا هەیە لەم بارەوە. ئەوەی کوردستان بۆ ئێوەی خوێنەر بەجێدەهێڵم. گفتوگۆیەکی چڕ لە ئاستی دونیادا لە ئارادایە دەربارەی ئەوەی کە ئایا ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە و بڵاوبونەوەی پەتا لە دونیادا، چۆن کۆمەڵگای مۆرڤایەتی دەگۆڕیت؟ گفتوگۆکان بە گشتی لە چەند ئاستێکدا چڕ بونەتەوە:

یەکەم: دونیا ئاسایی دەبێتەوە. بەو مانایە دونیا دەگەڕێتەوە باری پێش هاتنی پەتاکە. ئەم دیدە، هەندێک پێی گەشبینن و هەندێکی تر زۆر پێی نیگەرانن. گەشبینەکان وەها دەبینن کە دونیای پێش کۆرۆنا دونیایەکی باش بوو، ڕەشبینەکان وەها دەبینن کە دونیای پێش کۆرۆنا دونیایەکی زۆر پڕ لە قەیران بوو، لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ژینگە و حوکمداری و دادپەروەرییدا، بۆیە گەڕانەوەی بۆ تراژیدیایە. ئەوانەی ترسیان لە گەڕانەوە هەیە بۆ دۆخی پێشووتر، قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ بە نمونە دەهێننەوە کە چۆن هەوڵدرا سیستەمی ئابوری و دارایی، کە سیستەمێک خراپ بوو، بگەڕێنرێتەوە بۆ دۆخی جارانی. چەپەکانی دونیا کە بە هاتنی ئۆباما دڵخۆش بون، لەم ڕوداوەدا زۆر لێی نیگەرانن. لێبرال و نیولیبرالەکان بە تایبەتی، سوپاسگوزاریین.
دووەم تێز ئەوەیە کە لە مێژوی نوێی مرۆڤایەتیدا هەرکاتێک پەتایەک یان ڕوداوێکی جیهانی هاتبێت، لە پاش خۆی دەزگا و ئاگایی باشی بەرهەمهێناوە. بۆ نمونە هەڵامەتی ئیسپانی بوە هۆکاری ئەوەی کە سیستەمی تەندروستی لە دونیادا بێتە ئاراوە. جەنگی جیهانی دووەم بوە هۆکاری ئەوەی کە سوشیال وێڵفێر و بیمەی کۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە. ئەم ڕوداوەش بە هەمان شێوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە گۆڕانکاری بهێنێتە ئاراوە.
سێیەم، ڕەنگە ئەم ڕوداوە گۆرانکاری بهێنێتە ئاراوە، بەڵام گۆرانکاری خراپ دەهێنێت لە بڕی باش. ئەوانەی سەر بەم قوتابخانەیەن بە گشتی گومانکارەکان لە دەوڵەت. ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت دۆخێکە هەتا ئەوپەڕی فۆکۆیانەیە بە تایبەت لە پەیوەست بە بایو پۆلەتیک. ئەگەر لە میتۆدی فۆکۆ بنواڕێت، بە تایبەتی لە ڕوانگەی جینالۆجیا و ئارکەلۆژیاوە، دەبینیت هەمیشە شتێک، دیاردەیەک، دەزگایەک، ئاگاییەک، چەمکێک، لە سەرەتادا بە ئامانجێکی تایبەت هاتوەتە ئاراوە، بەڵام پاشان بەردەوامی پێدراوە بەڵام لە بواری تردا. هەڵگرانی ئەم دیدە زۆر دەترسن لەو دەسەڵاتەی کە دەوڵەت بە دەستی هێناوە لە چاودێریکردنی خەڵك و بە دەستهێنانی زانیاری و بەکاربردنی ئامێرە تەکنەلۆجییەکان لەو بوارەدا. لەم ڕوەوە وەها دەبینن کە دەوڵەت دەستبەرداری ئەم دەستکەوتانە نابێت و بۆ ئامانجی تری دژە دیموکراسی و مافەکان بەکاری دەهێنێت. دەکرێت بوترێت لە ئاستی تیوریدا ئەگامبین پێشڕەوەی ئەم تیزە ئەکات.
چوارهەم، هەر پەیوەست بە خاڵی سێیەمەوە، گفتوگۆیەکی چڕ هەیە لە دونیادا کە ئایا ململانێی دەوڵەت نەتەوە و جیهانگیریی لە پاش کۆرۆنا چی لێدێت؟ ئایا جیهانگیریی بەهێز دەبێت یان دەوڵەت نەتەوە؟؟ هەردوو لا ئارگومێنتی زۆریان هەیە. بۆ نمونە کۆرۆنا سەلماندی کە چیدی کەس بە دابڕاوی توشی هیچ شتێک نابێت، بۆیە دەبێت هەمومان پێکەوە هاوکاری یەکتربین بەبێ جیاوازی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دیاردە جیهانییەکان. دەمێکە ژیژاک بانگەشەی ئەوە دەکات کە دیاردە جیهانییەکان پێویستی بە هێزی جیهانییە. بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەوانیتر ئەم دۆخە تەواو بە پێچەوانەوە دەبینن. لای ناسیونالیستەکان کۆرۆنا دەرخەری ئەوەبوو کە ناتوانرێت هاریکاریی جیهانی و مرۆیی بێتە ئاراوە. بەڵکو پەتاکە جارێکی تر سەلماندی کە دەبێت دەوڵەت دەسەڵاتە تەقلیدیەکانی بگەڕێنێتەوە و سنورەکان قوت بکرێنەوە و دەوڵەت خەمی خەڵکانی خۆی بخوات لە بەردەم مەترسییەکانی جیهاندا.
ئایا کۆرۆنا لە ئاستی کوردیدا چ جۆرە گفتوگۆیەکی بەرهەمهێناوە؟؟


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن