154وتار

دەربارەی شیکاریی سیاسی

8/7/2024 2:27:00 PM
سەردار عەزیز

هیچ هێندەی شیکاری سیاسی ئاڵۆز و سەخت نیە، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا. ئەمە هەتا بێت زیاتر ئاڵۆز دەبێت. بەڵام بە پێچەوانەوە هەتا بێت خەڵک زیاتر دەم لە شیکاری سیاسی دەدەن چونکە بە هەڵە وەها دەزانن کە دەزانن، چونکە هەتا زانیاریت کەمتر بێت، دڵنیاییت لە زانیارییەکانت زۆرترە.

بۆ ئەوەی شیکاری سیاسی بکەیت، دەبێت داتات هەبێت. بەڵام پێش داتا پێویستت بە تۆڕی پەیوەندی فراوان و فرە چەشنە. بەڵام لە هەمانکاتدا لە دونیای سیاسەتدا، سەرچاوەی داتا و تۆڕی پەیوەندی بە گشتی مەبەستدار و زۆرجار ژەهراویین. بۆیە داتا دەبێت، وەک چۆن لە ژمێریاریدا پرۆسەی ئۆدیتینگ هەیە، لە داتای سیاسیشدا دەبێت بەهەمانشێوە بێت. بەمانای ئەوەی سەرچاوەی دژ یان بەرامبەر چی دەڵێت، چۆن دەیڵێت، چۆن کاریگەری دەکاتە سەر ئەوەی تر. 

هەندێک خەسڵەت هەیە لە داتادا دەبێت بزانرێیت. یەکەم، سەرچاوەکان، نەک بە ئاگا، بەڵکو بەبێ ئاگاش، لە قاڵبدراون و لە قاڵبدەرن. بەو مانایە زۆرجار بەبێ ئاگا شتێک بەجۆرێک دەبینن چونکە لە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک دۆگمای سیاسی و باوەڕیی و ئایدەلۆجیدان. ئەگەر نەتوانیت قاڵبەکانی سەرچاوەکان ببینیت، ئەوا هەمیشە بەهەڵەدا دەچیت.

دەبێت بزانیت کەس خێرت پێنکات یان وەک ئینگلیز دەڵێت، نانی نیوەڕی بەلاش بونی نیە. 

لە هەمانکاتدا جگە لە سەرچاوە: ڕەفتار و کارەکان خوێندنەوەیان سەختە. بۆ نمونە:

 ئەوەی ئیسرائیل دەیکات لەم ڕۆژانەدا دەکرێت بە پێشاندانی بەهێزیی و لاوازیش بخوێندرێتەوە. ئیسرائیل زۆر گومڕابوو پێش حەوتی ئۆکتۆبەر. لە حەوتی ئۆکتۆبەردا توشی پەشۆکانێکی گەورە بوو. ئێستا دەیەوێت بەهێزییەکەی بگەڕێنێتەوە. بۆیە دەکرێت وەها بخوێندرێتەوە کە بەهێزیی نمایش دەکات چونکە خاوەنی  توانای هێزە، هەروەها بەهێزیی نمایش دەکات چونکە هەست دەکات لە دەستی داوە. کەواتە ئەوەی دەیکات لە هەمانکاتدا نیشانەی بونی هێز و لاوازییە. 

خەسڵەتێکی تری شیکاریی سیاسی ئەوەیە کە هەرگیز ناتوانین هەموو ڕەهەندەکانی ڕوداو و بڕیارەکان بزانین. دەکرێت پاڵنەرێکی بچوک هۆکاری ڕوداوی گەورەبێت، بەڵام گەورەیی ڕوداوەکە ئەو بچوکییە پەراوێزدەخات. بۆ نمونە لە ناوچەی خۆمان زۆرجار هۆکارێکی دەرونی زۆر بچوک ڕەفتاری کەسەکان لە قاڵب دەدەت، بەڵام ئەگەر زۆر نزیک نەبیت لەو کەسانەوە ناتوانیت دەرکی پێبکەیت، بۆیە هەمیشە بە نهێنی دەمێنتەوە. 

بۆ نمونە بەریتانیا فیزەی نەدا بە عەبدولکریم قاسم ئەویش بڕیاری دا کودەتا بکات. 

شیکاریی سیاسی هەتا بێت پێویستتر و سەختر دەبێت چونکە دونیا فرە ئەکتەر و ئاڵۆزتر دەبێت. زۆرجار ڕودەدات کە دوو لایەنی دوژمن ڕێک دەکەون کە زۆر بەشی هۆکار و ئامرازەکان بسڕننەوە. بۆ نمونە ئێران و ئیسرائیل هەردوو هاوڕان کە شێواز و بکەرەکانی کوشتنی هەنییە ئاشکرا نەکەن، بەبێ ئەوەی ڕێکەوتنیان هەبێت لە سەری. 

زۆر زۆر شتی تریش. 

هەندێ فاکتەر هەن فاکتەری بنەڕەتی یان ڕەگیین، ڕوت کۆس.

لە دونیای کوردیدا زۆر شت باوە، بۆ نمونە بەرپرسێک کەمێک دەزانێت بە ڕۆژنامەنوسێکی خۆی دەڵێت و ئەویش بڵاوی دەکاتەوە. ئەمە نە زانیارییە نە سەرچاوە، بەڵکو بڵندگۆییەتیە. لە دونیا ئەمڕۆدا هەتا بێت توانای جیاکاری لە نێوان پڕوپاگەندە و زانیارییدا کاڵتر دەبێتەوە.

بەڵام ئەگەر پەیوەندی فراوانت هەبێت، داتای زۆرت هەبێت، ئەگەر ئاشنا نەبیت بە میتۆدەکانی ڕاڤەی سیاسی و هەروەها پاشخانی مێژویی ڕوداوەکان ئەوا ناتوانیت تێبگەیت، بەڵکو دەبیت بە نێچیریی ڕوداوەکان. لە ڕوی فەلسەفییەوە دیاریکردنی ئەوەی کە چ ڕوداوێک بەردەوامیی و دوبارەیە، چ روداوێک پچڕانە بۆ سەرەتایەکی نوێ، ئەوا پێویستت بە ئاگاییەکی قوڵی فەلسەفەی پۆستمۆدێرنە. 

بۆیە خوێنەری من هەمیشە پێویستیان بەوەیە کە بڕێکی زۆر خوێ بە شتەکاندا بکەن، پێش ئەوەی بیخۆن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن